بەپەلە

بۆچی دەبێ مامۆستایان بایکۆت بشکێنن؟

موئمین یاسین زەڵمی - 3-03-2018 - 4950 جار خوێندراوەتەوە

بەڵێ بۆ گەرموگوڕی پەروەردە ...
 نا بۆ ساردوسڕی گیرفانی مامۆستا


ماوەی چەند ساڵێکە قەیرانی دارایی بەرۆکی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانی گرتووە و تادێت زیاتر تەنگ بە ژیان هەڵدەچنێت، لەو سەروبەندەشدا ژمارەیەک لە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە پەنایان بردەبەر ناڕەزایی مەدەنی و خۆپیشاندان و مانگرتن و بایکۆت، بەڵام ئەوەی کە رێکخراوتر و فراوانتر ماوەتەوە بایکۆت و ناڕەزایی مامۆستایانی قەدرگران و ماندونەناسە کە لەبەر خراپی بارودۆخی ژیانیان ناچارن دەرگای ماڵی دووەمی خۆیان بە ڕووی منداڵان و کەسوکاری خۆیاندا دابخەن.

بیهێننە بەرچاوی خۆتان، مامۆستایەکی بەڕێز کرێی پاسی هاتوچۆی قوتابخانەکەی لە گیرفاندا نیە، چەند مانگ تێدەپەڕێت توانای کڕینی کراسێکی ۳ هەزار دیناری نیە، توانای تێرکردنی سکی منداڵەکانی نیە، سفرەی سارد و ماڵی سارد و ژیانی سارد، عەجەبا چاوەڕێن مامۆستایانی پۆل و وانەکانیان گەرم بن.

لێرە و لەوێ سەرکردە سیاسییە تێرەکان، حزبە سیاسییە قۆرخکارەکان بەیاننامە دەردەکەن و دەڵێن "دەبێ مامۆستایان بایکۆت بشکێنن"، بە کام پێوەری ژیان، بە کام خوێندنەوەی واقیع، بە کام چاویلکەی بینینی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان؟

فەرموون لە بری ئەوەی داوای شکاندنی بایکۆتی مامۆستایان بکەن، بەرەی ناڕەزاییان لەگەڵ فراوان بکەن و مافە سەرەتاییەکان ژیان بۆ مامۆستایان و چین و توێژەکانیتری کۆمەڵگە دەستەبەر بکەن. 

 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP