هەرێم بەرەو پاشەكشەی دیموكراسی

هیوا سەید سەلیم - 17-11-2016 - 2083 جار خوێندراوەتەوە

هیوا سەید سەلیم


ئەگەر بێین بەپێوەرە زانستیەكەی سیستەمی حوكمڕانی هەرێمی كورستان شەنوكەوبكەین، دەگەینە ئەو باوەڕەی كە ئەوەی لەچەند ساڵی ڕابردووش لەكوردستان كاری پێكراوە دیموكراسی ڕاستەقینە نەبوو، بەڵام بەهەموو كەموكورتیەكانی و سەرجەم ئەو تێبینیانەی لەسەری هەبوو بەبەراورد بەدۆخی پێش ڕاپەرین ئاسمان و ڕێسمانی فەرق بوو، كەسیشمان ئەو مافە بەخۆمان نادەین ئەو بەراوردكارییە بكەین.

بەڵام ئەوەی جێگای پرسیاری جدی هەموو لایەكمان لەو چارەگە سەدەیەی حوكمی خۆماڵی كوردی لەباشووری كوردستان دەكرا پایەكانی دیموكراسی لەكوردستان باشتر دابڕێژین یان نا؟ ئایا ژینگەی سیاسی كوردستان بۆ سیستمێكی دیموكراسی ئامادەبوو؟ ئەگەر ئامادەنەبوو ئاستەنگەكان چی بوون، ئەگەر ئامادەبووەو كارمان لەسەر كردووە بۆچی تووشی پاشەكەش بووینەوە؟

ئەگەر پێناسەی دیموكراسی بەشێوازە هەر تەقلیدیەكەی وەرگرین، دیموكراسی بە مانایی (دەسەڵاتی گەل بۆ گەل دێت) دەی هەر ئەو پێناسەیە بەسە كە بڵێین لە هەرێمی كوردستان شتێك نەماوە بەناوی دیموكراسی، چونكە ئەو دەسەڵاتە ئێستاو لەڕابردووش هی گەل نیەو نەبووە، بگرە دەسەڵاتی حزبە، ئەگەر دەشڵێن خۆ حزبیش نوێنەرایەتی چین و توێژەكانی گەل دەكات بۆ ئەمەش وەڵامی خۆمان هەیە،

 لەڕابردوودا راستە لەكوردستان هەڵبژاردن كراوە، كەهەڵبژاردن و دەستاودەستی دەسەڵات سیمای دیاری سیستمی دیموكراسین، زۆریشمان بەو دیاردە دیموكراسی نازی و پێشمان وابوو هەرێمی كوردستان مێرگی دیموكراسیەتەو دەبێت خەڵكی تر چاو لەئەزموونەكەی بكات، ئەمەیان لەكاتێك راست دەبوو كە لەتێكڕای ئەو ئەزموونە هیچ كێماسیەك رووینەدابایە كە روویدا، لەسەر خودی هەڵبژاردنەكان و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەزارو یەك تێبینی هەیە، لەوەی تا ئەمڕۆشی لەگەڵ دابێت كارێك نەكراوە كەزامنی هەڵبژاردنێكی بێ كێماسی و پاك بكات، هەر لەدرووستكردنی كۆمسیۆنی تەواو بێلایەن بگرە، تا رەخساندنی هەلی یەكسان بۆ هەموو كەس و لایەنێك كە بە ئازادی دەنگ بدات و پروپاگەندە بۆ خۆی بكات .

لێرەدا زۆر مەبەستمان نیە هەڵبژاردنەكانی كوردستان هەلبسەنگێنین، چونكە لەكاتی خۆی زۆرترین قسەی لەبارەیەوە كراوە ، ئەوەی كە ئامانجامانە بیڵێین ئەوەیە لەوەی هەشمان بوو رۆژ بەرۆژ بەرەو دواوە دەگەڕێینەوە، ئەویش دیارە كەهۆكارەكەی چییە.

لەهەرێمی كوردستان ململانێی ناشەریفانەی حزبی و دەسبردن بۆ شێوازی نا دیموكراسیانە بۆ شكاندنی یەكتری و رەتكردنەوەو قبوڵنەكردنی یەكتر، سیمای دیاری ئەو ملامانێیەن كە زۆر بە نەرێنی لەسەر ئەزموونە سیاسیەكە كەوتۆتەوە، كە نەك هەر ئەزموونەكەی لەكەدار كردووە بگرە كەس ناتوانێت پێمان بلێت لەكوردستان دیموكراسی لەپاشەكشە نییە.
مخابن ئەو پاشەكشەیە كە وەك باسمان كرد زادەی ململانێیەكی تەواو ناتەندروستی حزبی نێوان لایەنەكانە،  كەشێكی سیاسیی وای لێكەوتۆتەوە كە نە تەنها دیموكراسیەت لەپاشەكشەیە بگرە خەریكە ئازادییەكان تەواو بەرتەسك دەكرێنەوەو واش بڕوات مەترسی گەورەتری وەك دوو ئیدارەیی و دابەشبوونی كوردستانی لێدەكەوێتەوە.

لەدوو ساڵی رابردوو ئامارەكانی سەندیكاو ریكخراوەكانی چاودێری میدیا لەهەرێمی كوردستان ئەوەمان پێدەڵێن كە زۆرترین رۆژنامەنووس لەو ماوەیە سووكایەتی پێكراوەو دەستگیركراوەو كامێراو كەرستەكانی دەستی بەسەر داگیراوە، لەسەر ئاستی جەماوەریش چالاكی چین و توێژەكان كۆتوبەندیان بۆ دروست كراوە، هەر ئەو دوو نموونەیە بەس بوو كە بڵێین لەهەرێمی كوردستان دیموكراسیەت لە پاشەكشەیە ، چ جای ئەوەی هەر لەو دوو ساڵە پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان و بڕینی قووتی خەڵكمان بینی.

لەكۆتایدا دەڵێین كاتی ئەوە هاتووە كە هەموو رەگەزو كارەكتەرەكانی سیستەمی دیموكراسی كەخۆی لەگەل‌و حزب‌و رێكخراوی سڤیل و میدیاو چالاكوانان دەبینەیتەوە بكەونە خۆ بۆ ئەوەی لەوە زیاتر ئازادی‌و دیموكراسیەت لەهەرێمی كوردستان كەبەرهەمی خوێن‌و قوربانی گەلێكی خێرلەخۆنەدیوە نەكەوێتە مەترسیەوه‌.



ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP