هاوپەیمانی و جەدەلی عەلمانی و ئیسلامی

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 21-02-2018 - 2108 جار خوێندراوەتەوە

عمر علی محمد

لە رۆژانی رابردوودا جەدەلێك دروست بوو لەسەر ئەوەی كە ئەندامێكی ئەنجوومەنی راپەڕاندنی هاوپەیمانێتی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری باسی لە جێبەجێكردنی شەریعەتی ئیسلامی كردبوو، لە بەرامبەریشدا ئەندامێكی تری ئەنجوومەنی گشتی وتبووی شەریعەتی ئیسلامی لەهەر كۆمەڵگایەكدا بێت ژەهرە.


لە راستیدا دامەزراندنی هاوپەیمانێتی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بۆ چارەسەری ئەو ئیشكالیەتە دروست بووە كە ئێستا لە كۆمەڵگای كوردیدا هەیە، چونكە بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو لەڕووی سیاسیەوە دوو ئاڕاستەی جیاواز لە كاری سیاسیی لە كوردستاندا دەبینین، ئاڕاستەیەكیان كە خۆیان بە نوێنەری چەپ و عەلمانیەكان دەزانن (كە ئەمەیان زۆرینەبوون)، لەلایەكی تریشەوە هەندێك پارتی ئیسلامی لە دوای راپەڕینەوە كە دروست بوون بە ئاڕاستەیەكی پێچەوانەی عەلمانیەكانەوە بوون كە دژ بە تێزە نادینیەكانی ئەوان دەوەستنەوەو زۆرجاریش عەلمانیەت بەبێ‌ باوەڕی و نادینی لە قەڵەم دەدەن ،لە بەرامبەردا عەلمانیەكانیش ئیسلامیەكانیان بە كۆنەپەرست و دواكەوتوو توندڕەو نامەدەنی و تارمایی شەریعەت لەقەڵەم داوە.


هاوپەیمانی كە لە ئێستادا دروست بووەو چوارچێوەیەكی ئایدیۆلۆژی نیە بۆ كاری سیاسیی، دەیەوێت ببێتە كایەیەك بۆ كۆكردنەوەی هەموو بیروڕا جیاوازەكان بە دینی و نادینی و لەم رێگەیەشەوە دەیەوێت كۆتایی بە ئەو دابەشكاریە سیاسیی و ئایدیۆلۆژیە بهێنێت و جیاوازیەكان بكاتە مایەی گەشەپێدان و لەیەكتر تێگەیشتن و یەكتر قبوڵا كردن، واتە نایەوێت جیاوازیەكان بسڕێتەوە بەڵام كەسە جیاوازەكان رێز لە بیروڕای یەكتر بگرن و وەڵامی ئامادەكراویان نەبێت بۆ كێشە فیكریەكان، بەڵكو راستی لە هەر لایەكەوە بێت ئەوە قبوڵا بكرێت.


ئەو ئەزموونەی هاوپەیمانی و ئەندامانی باڵا دەبێت تێی بگەن ،ئەوەیە كە ئەم قەوارە سیاسیە بۆ ئەوە نەهاتووە ئایدیۆلۆژیای سیاسی هیچ لایەك فەرز بكات و جارێكی تر فاشیەتێكی نوێ‌ بەرهەم بهێنێتەوە، بەڵكو دەبێت ئەم قەوارە سیاسیە وەڵام دانەوە بێت بە داواكانی هاوڵاتیانی كوردستان لە ئێستاو بەدەمەوەچوون بۆ چارەسەری قەیرانەكان و تێكۆشان لە پێناو خۆشگوزەرانی تاك و پاراستنی سەروەری نیشتمانی و نەتەوەیی و دواجاریش بۆ چارەسەری كێشە چارەنوسسازەكان بگەڕێنەوە بۆ وەرگرتنی ڕای هاوڵاتیان.


ئەو گرفتانەی كە ئێستا هاوڵاتیانی كوردستان بە دەستیەوە دەناڵێنن بریتیە لە گەندەڵیەكی بەرفراوان و لاوازی دامەزراوە دیموكراسیەكان وەك پەرلەمان و سەربەخۆ نەبوونی دادگاكان و نەبوونی پرۆژەكانی گەشەپێدان و دیارنەمانی ملیارەها دۆلار لەلایەن گروپی مافیا ئاساو نەبوونی مووچە و خزمەتگوزاری و لەڕوی نیشتمانیشەوە چەندەها سەركردە و گروپی جۆربەجۆر هەیە بەبێ‌ سڵەمینەوەو ترس ئامادەن خیانەتی گەورەی نیشتمانی ئەنجام بدەن.


لەبەرئەوە لە ئێستادا پێش ئەوەی باس لە جێبەجێكردنی شەریعەت یان سەپاندنی تێزێكی عەلمانی بكرێت دەبێت بەدەم چارەسەری ئەم گرفتە هەنوكەییانەوەبن واتە لە جیاتی ئەوەی ئەندامانی خۆیان سەرقاڵی بۆچوونە ئایدیۆلۆژیەكان بكەن، با عەقڵیەتی سیاسیان بەو جۆرە ئاڕاستە بكەن كە قەوارە سیاسیەكە بۆی دیاری كردوون واتە لە جیاتی ئەوەی جارێكی تر بكەونەوە بازنەی مشتومڕە بێ‌ ماناكان، با بەشێوەی پڕۆژەی ئابوری سیاسیی كۆمەڵایەتی بچن بەدەم چارەسەری كێشەی گەل و هاوڵاتیانەوە.
واتە ئەوانەی كە ئیسلامین بە ئاڕاستەی (پۆست ئیسلامی) كار بكەن و ئەوانەشی كە عەلمانین بە ئاڕاستەی (پۆست سیكولایزم)بیربكەنەوە.


چونكە بزوتنەوە سیاسیە (پۆست ئیسلامیزم)ەكان، نەوەی دووەمی ئیسلامیەكانن كە لە ئێستادا باسی جێبەجێكردنی شەریعەت و شوناسی ئیسلامی ناكەن، بەڵكو رۆحی مەقاسیدی  شەریعەت دەگوازنەوە بۆ ناو پرۆژە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەكان و بە عەقڵیەتی گەشەپێدانی مرۆیی بەشوێن چاەسەری قەیرانەكاندا دەگەڕێن و بۆ ئەم مەبەستەش سود لە سەرچاوەكانی شەیعەت و دەرەوەی شەریعەتیش دەبینن لەپێناو چاكسازی و گەشەپێدانی كۆمەڵگاو ئەمەش بە كارێكی مەدەنی سیاسی هاوچەرخ لەقەڵەم دەدەن، لەبەرئەوە ئەو كەسانەی لەناو ئەم قەوارە سیاسیەدا كار دەكەن دەبێت بەم ئاڕاستەیە هەنگاو بنێن و بۆ ئەم مەبەستەش سود لە عەقڵێكی دەستە جەمعی فراوان لە سیاسی و ئەكادیمی و رۆشنبیران وەردەبگیرێت ،جا ئەوانە سەربە هەرلایەنێك بن و هەڵگری هەر ئایدیۆلۆژیایەك بن.


هەروەها ئەوانەش كە بیركردنەوەی عەلمانیان هەیە، نابێت بە ئەو باكگراوندە فیكریە عەلمانیەوە كار بكەن كە پێشتر لەناو پارتەكانی تر هەیانبووە یان لە رێگەی خولەكانی پەیمانگا سیاسیەكانەوە پێیان دراوە، چونكە ئەم ئەزموونی هاوپیەمانیە تەواو جیاوازەو دەبێت بە عەقڵیەتێكی نوێوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، واتە نابێت بەهەمان عەقڵیەتی پێشوو سەیری دین و شەریعەت و ئیسلامی بكەن كە پێشتر پێیان وتراوە، بەڵكو دەبێت بە دیدێكی نوێوە شتەكان ببینن و شكستی عەلمانیەكانی ناوچەكەش لە حزب و دەسەڵات لەبەرچاو بگرن و ئەو هێزە بەناو عەلمانیانەش ببینێت كە چ جۆرە كارەساتێكیان بە سەر كوردوستاندا هێنا . 


لەبەرئەوە لەم قۆناغە نوێیەدا دەبێت فۆڕمی عەلمانی بوون بە دیدی (پۆست سیكولاریزم) مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت كە لێرەدا عەلمانیەت ئایدیۆلۆژیا لە خۆی دادەڕنێت و بە عەقڵیەتی دوژمنكارانەوە بەرەو روی هیچ هێزێك نابێتەوەو تەنانەت هەماهەنگیەكی باش لەگەڵا ئایندا دروست دەكات بۆ چارەسەری قەیرانەكان ،هابرماس بە ئەندازیاری ئەم بۆچوونە نوێیە دادەنرێت و بە ئاشكرا باس لە شكستی عەلمانیەتی تەقلیدی دەكات بە تایبەتیش بۆچوونەكانی لە سەر ئاین.


لەبەرئەوە ئەم هاوپەیمانیە پێویستی بە كاراكتەری سیاسیی نوێ‌ هەیە، كە هەڵگری فیكر و هۆشیاری سیاسیی نوێ‌ بێت، لەڕووی رۆشنبیریەوە كەسانی تێگەیشتووبن و ئاگایان لە پێشكەوتنەكانی بواری سیاسیی بێت لەسەر ئاستی جیهان و وڵاتە پێشكەوتووەكان، بۆئەوەی بتوانن بە فۆڕمێكی نوێوە بێنە ناو گۆڕەپانی كوردستان و ببێتە ئەو قەوارە سیاسیەی كە هەموو كەسە جیاوازەكان لەڕووی فیكری و سیاسیی و ئایدیۆلۆژی و ئەكادیمی و پیشەیی و ...هتد لەخۆ بگرێت و ببێتە هیوایەكیش بۆ هەموو گەلی كوردستان بە هەموو چین و توێژەكانیەوە بۆ رزگاربوون لە ئەو قەیرانانەی كە ئێستا بە دەستیانەوە دەناڵێنێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP