مەترسی دواکەوتنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم

لوقمان مسته‌فا ساڵح - 18-02-2018 - 1472 جار خوێندراوەتەوە

لە ھەموو ئەو کۆمەڵگایانەی کە لەسەر سیستەمێکی درووست دام و دەزگاکانی بە دامەزراوەیی نەکراون، خاوەنی یاساو رێسایەکی پتەوو تەندرووست و نیشتمانی نین،ھەمیشە ھەڵبژاردن بە ئیفلیجی لەدایک دەبێت،بە مانا دروستەکەی نە بەرێوە دەچێت و نە ئەنجامێکی باشیشی لێ چاوەڕوان دەکرێت، ھەمیشە لەم کۆمەڵگایانەدا قۆناغی بەر لە ھەڵبژاردن  قۆناغێکی ناجێگیرو نا ئارامە، لەگەڵ خۆیدا جۆرێک لە دڵەڕاوکێ و بێ متمانەیی دێنێت و دامودەزگاکان جۆرێک لەئاڵۆزی و نارێکی و خراپ بەرێوەبردن بەخۆوە دەبینن، تا ئاستێک لە ھەندێکیاندا مەترسی شەڕو پێکدادان دەکرێت و دوور نیە لە جیاتی دەستاودەستکردنی دەسەڵات وبەرێوەبردنی پرۆسەیەکی دێموکراسی بەکارھێنانی ھێزو سەرکوتکردن و دیکتاتۆریەتی لێ بکەوێتەوە، زۆربەی وڵاتانی رۆژھەڵات لەم جۆرەن و بێشک کۆمەڵگای کوردیش بەشێک دابڕاونیەلەم کلتورە ...سەقەتە.

ئەزموونی ئەو وڵاتانەی کە لەسەر بنەمای دێمۆکراسی بنیات نراون و بە پێچەوانەوە ھەڵبژاردنەکانیان لە وادەی خۆیاندا بەڕێوەدەچن ھەمیشە پێشەنگن لە ڕێزگرتن لە بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ و دەستاودەستکردنی دەسەلات،ھەروەھا خۆیان بە جێبەجێکاری گەڵاڵەکردنی فکر و ھزری ھەڵبژاردنەکان دەزانن کە لە لایەن دامەزراوە جیھانییەکانەوە پوختە کراوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە ھەڵبژاردنێکی (ئازاد، تەندروست و دادپەروەرانە) کە زامنی کۆمەڵگایەکی شارستانی ھاوسەنگ بە مافی ڕەوای مرۆڤەکان پێوەری  بنە ماسەرەکیەکانی دیموکراسیەتە،دوا کەوتنی کاتی ھەڵبژاردن لە ووڵاتانی پێشکەوتو دیموکراسی بوونی نیە مەگەر کارەساتێکی سرووشتی و ھێزی لەڕادەبەدەر (قوە قاھرە)ببێتە ڕێگر لەبەردەم نەکردنی ھەڵبژاردنەکاندا،بەڵام مەخابن ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان دواکەوتنی بووەتە نەریت،بەھۆی کێشمەکێشی لایەنە سیاسیەکان لەلایەک و سیاسەتی سازش کردن بە تایبەتی دوای شکستی ١٦ ئۆکتۆبەر بەرانبەر بەغدا لەلایەکیترەوە، بەوەش شەرعیەتی یاسا و پەڕلەمان تەنانەت حکومڕانیەکەشیان نەک تەنھا کەوتۆتە ژیر پرسیارەوە بەڵکو متمانەی لای ھاوڵاتیەکانیشی لەدەستداوە.

لە ھەموو دونیادا وادەی ھەڵبژاردن  لە سەر بنەمای  ڕێککەوتنە کە ھەڵبژاردنەکان بە پێی ساڵ و ڕۆژ وتەنانەت کاتەکەش بە پێی یاسا بەڕێوە دەچێت ،پاشان ھاووڵاتیان ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن و نوێنەری متمانە پێکراوی خۆیان ھەڵدەبژێرن ودەسەڵاتەکان دەستاودەست پێدەکرێن،تەنھا لە ھەرێمەکەی  ئێمە نەبێت بە درێژایی حوکمڕانیەکەی ھیچ ھەڵبژاردنێک لە کاتی خۆیدا نەکراوە و بووە بەنەریت ئەبێ ھەردوا بکەوێت،ھەروەھا تائێستا دیار نیە کەی کاتی ھەردوو ھەڵبژاردنی پەڕلەمان و سەرۆکی ھەرێمە.!.. ئەوەش بەھۆی  زیاتر گرنگی دان بە ھەھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ،عێراقی بوونیان بەلاوە گرنگترە، ھەرێمی کوردستانیان  لە بارودۆخێکی ناجێگیرو ناھەمواردا چەقاندووە.ھەر بۆیە بە فەرمی ھیچ جوڵەو ھەوڵێک نابینین لەلایەن وحیزبەکان ودەسەڵاتەوە بۆ ئامادەکاری دانانی وادەیەکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی ھەردووھەڵبژاردنە نادیارەکەی ھەرێم. لەھەر وڵاتێک کە ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان کە دەگاتە بنبەست بەتایبەتی لەسەر پرسە سیاسییەکان و پێکھێنانی کابینەی حکومەت، ئەوا پەنا بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەبەن گەرچی ھەندێک جار چەند مانگێکە ھەڵبژاردن ئەنجامدراوە.

بەپێچەوانەی ئەوانەوە لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ساڵە لایەنە سیاسییەکان ناکۆکن و پەرلەمانیش وەک پێویست نیە، بەڵام لایەنە سیاسییەکان نەک داوای ھەڵبژاردنی پێشوەخت ناکەن، بگرە ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجامنادەن و دوایدەخەن. بێگوومان مەترسیەکانی دواکەوتنی ھەڵبژاردنەکان زیانی ئەبێ بۆ پرۆسەی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات، لسنی کەم ئەبێتە ھۆی بێبەشکردنی خەڵکی کوردستان لەمافی دەنگدان و ھەڵبژاردن و خۆپاڵاوتن، زیانە گەورەکەشی ئەوەیە، کە لەو کاتەدا بۆشایی درووست دەبێت و پێشێلکاری یاسایی روودەدات و شەرعیەتی یاسا و پەڕلەمان و خودی حوکڕانیەکەش ئەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.!...................بەشێک لەچاودێرانی سیاسی باروو دۆخەکە ئاماژە بۆ ئەوەشدەکەن مەترسی دواخستنی  ھەڵبژاردنەکانی  پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی دەبێتە ھۆی لەدەستدانی متمانە لەناو خۆی ووڵاتدا لەلایەن ھاوڵاتیەکانیەوە بەھۆی دواکەوتنەکەیەوە ، ھێندەی ئەوەش زیان بە ناوبانگی ھەرێمی کوردستان دەگەینێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP