بۆچی ماڵی جەلالی سام ئاغا ؟!

بەهرۆز جەعفەر - 15-02-2018 - 6637 جار خوێندراوەتەوە


ئەگەر سەسری مێژوو بکەیت کێشە ناوخۆییەکانی کورد لە بابەتی زۆر سادەو ساکارەوە سەریانھەڵداوە، لەسەردەمی میرایەتی بابانەکاندا (٥) برا ھەبوون (٣٧) ساڵ براکوژییان کردووە، لەسەر چەند گردو تەپۆڵکەیەک ئەمیان چووە تورکە عوسمانییەکانی ھێناوە و ئەویان چووە فارسەکانی ھێناوە!. "باقر یاسین" لە "کتێبی کەسێتی تاکی عێراقی " باس لەسەردەمی شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتیش ئەکا، ئەڵێ شەش پێشمەرگەی (لایەنێک) یان بریندار ئەبن، سەیارەیەک چەکداری لایەنەکەی تری تیایەو لەبری ڕێزگرتن و چارەسەرکردنیان، کەچی یەکێک لەچەکدارەکان دائەبەزێت ھەموویان ئەکوژێت و، مورتاحانە سەرئەکەوێتەوە، وەک ئەوەی کارێکی ئاسایی ئەنجام دابێت!.

بەڕێز کاک "مەسعود بارزانی" دێت بۆ سولەیمانی بۆ سەردانی جەنابی مام جەلال بەھۆی نەخۆشیەکەیەوە، کاک نەوشیروان چاوەڕێ ئەکات بارزانی سەدانێکی ئەویش بکات و "چا" یەک بخۆنەوە، ناچێت و ئەڕواتەوە بۆ سەری ڕەش، ئیتر بەدوایدا کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم و ئیفلیج بونی پەرلەمان و چەندین کێشەی دارایی دیکە ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان ئەبێتەوە.

ئەستێڵی مێژوو پڕە لەچارەسەرکردنی گرفتی قووڵ کە وا باوە ڕێککەوتننامەو دانیشتن و لوتکەکان لە کەناراوە دڵفڕێن و ھاوینەھەوارەکان دا ئەکرێن، شەڕی چەند ساڵەی ناوخۆی کوردستان و براکوژیی لەم دەڤەرەو، دواجار ڕێککەوتنی ئاشتی بەھۆی وەزیری پێشووی ئەمریکا "ئۆلبرایت" ەوە، دەری ئەخات کێشەکانی کورد لە ناوخۆیدا و لە شوێنی خۆیدا ئەبێت چارەسەر بکرێت، بەتایبەت لە پەیوەند بەو ھەموو فرە ئاڕایی و بێسەروبەرەییەی کە لە ناوچەکەدا دروست بووە.

لەم ڕوانگەیەوە، ئێمەومانان کە دۆست و نزیکی کاک "جەلالی سام ئاغا"ین، چەندین جار داوامان کردووە، کە ڕۆڵێکی ھەبێت لەپێکھاتنەوەی لایەنەکان، لە (٥ ی شوباتی ٢٠١٨) ھەرسێ لایەنی (ھاوپەیمانی بۆدیموکراسی و دادپەروەری بە سەرکردایەتی بەڕێز دکتۆر بەرھەم ساڵەح) و (بزوتنەوەی گۆڕان بەسەرکردایەتی بەڕێز عومەری سەید عەلی) و (کۆمەڵی ئیسلامی بەسەرکردایەتی بەڕێز عەلی باپیر) لەماڵی کەسایەتی سەربەخۆ و ناوداری کورد "جەلالی عومەری سام ئاغا" کۆبونەوە بۆ ئەوەی پێکەوە یەک ڕاو یەک دەنگ بن جا بێگومان لە پێناو چاکەی گشتی دا.
قسەکە ئەوەیە، ئەم لایەنانە ھەریەکەیان خاوەنی چەندین ژووری کۆبونەوەو ھۆڵی باش باشن، لەشارا چەندین باڵەخانەو ھوتێلی گونجاو ھەیە، بۆچی لەماڵی جەلالی سام ئاغا دائەنیشن؟. بێگومان لەبەر دوو ھۆکاری سەرەکی:

یەکەمیان: جەلالی سام ئاغاو ماڵەکەی شوێن و پێگەی ھیچ لایەنێک نییەو، سەربەخۆن و، دەخالەتی سیاسیی لەبەرژەوەندی ئەم و ئەو ناکەن، پەکەکەو دیموکرات و کۆمەڵە دێنە ماڵی ئەو، ھاوپەیمانی و پارتی و یەکێتی و ئیسلامی گۆڕان سەردانی ماڵی ئەو ئەکەن، چونکە ناوبانگی ئەو بە پیاوە داوەر و سپیەکەی کوردوستان دەمێکە ھەیە.

دووەم: لەبەرئەوەی کاک جەلالی سام ئاغا داوای لێکراوە ڕۆڵی نێوبژیوانیەک ببینێت، چ لە لایەن لایەنەکان، چ بە ھەوڵ و فشاری کەسایەتی میدیایی و سەربەخۆ، ئێمەومانان وەک ڕۆژنامەوان و توێژەری بێلایەن دەمێکە وەک نزیکێکی کاک جەلالی سام ئاغا فشار ئەکەین بۆ ئەمەو ئەو فیکرەو داوایەمان ھەبووە، چونکە ئەم پێکەوە بوونە بەقازانجی فەزای ئاڵۆزی کوردوستانە بەگشتی، وە بە قازانجی ھەموو لایەنەکانە.

جا ئیتر دەستەڵاتی سیاسیی یان حزبێکی دیاریکراو، یان ھەندێک میدیای سێبەر و کەسانێک پێیان وابێت  کە ئەم دانیشتن و ڕێککەتنە دژی لایەکەو بۆ مەرامێکە، ئەسەح پێچەوانەکەی ڕاستە، تەنھا ئەوەیە جەلالی سام ئاغا دەستێکی ئەمینەو نیو سەدە ئەزمونی کاری ئیداری ھەیەو، ئەو پاشگری "ئاغا" یەش بەناوەکەیەوە "ئاغا"ی ئاغاو دەرەبەگایەتی نییە، ئەم ئاغا یە ئاغای شەفافیەت و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران و ئاشتەوایی و بەخشین بووە، ماڵ و موڵکی خۆی و باوباپیری بەخشیوە، خانووی خۆی داوە بە حکومەت، خوێندنگەی گەورە لەم قەیرانەدا لەسەر تێچووی خۆی و خانەوادەکەی دروست ئەکات، کارەکانی وەکە ئاو و دۆ بۆ کوردو کوردستان دیارن.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP