مەحرەم و نامەحرەم

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 15-02-2018 - 3080 جار خوێندراوەتەوە


ئەڵین حیزبەکان بۆیە لێک نزیک نابنەوە، چونکە حاڵەتەکە مەغزا و ناوەرۆکێکی تەوا شەرعی وەرگرتووەو  وتراوە، ئەو ( نزیک بوونەوەیە) ھەرچەندە ڕەنگە لە بەرژەوەندی گشتیدا بیت، بەڵام لە ڕووی شەرعەوە ڕێگە پێدراو نیە و بۆتە بابەتی  " مەحرەم و نامەحرەم"  و کەس ناوێرێ تخونی کەوێ ! اللە و یعلم....

٢
نووسەری بێ دەست نوێژ
نووسەری بێ دەستنوێژ، دەروێشی فانتازیا و دیلی بیرۆکە و موریدی خەیاڵاتی ناخی خوی و باری ناسەقامگیری سایکۆلۆژیای خۆیەتی و پەیڕەوی لە ھیچ قوتابخانەیەکی فیکری و ڕێبازێکی فەلسەفی دیاریکراوەوە ناکات.
نووسەری بێ دەستنوێژ سەر بە ھیچ کام لە ئایدیۆلۆژیا کۆن و سواوو تازەکان نیە...نە پۆپۆلیستە نە تیوریست و ستراتیژیستە...نە ئەدیبێکی قەڵەم بە برشتە نە خاوەنی دیدگاو تێڕامانێکی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و چاودێرێکی بە ئینساف و خاوەن ویژدانە...نە خاوەنی پڕۆژەیە نە بیرۆکەیەکی ناسیۆنالیستی و نەتەوەیی لایە و نە خەمی بەھێز کردنی بونیادی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سەرخستنی پڕۆژەی دەوڵەتسازیە. 
کارو پیشەی نانەوەی فیتنە و ئاژاوەو دووبەرەکی و لێک ترازاندن و نانەوەی پشێوی کۆمەڵایەتی و ئاڵۆزیە و خەمی ئەو خەمی گشتی نیە، خەمی گیرفان و دواڕۆژ و بەرژەوەندیە کەسێتیەکانی خۆیتی و ھەمیشە لەکەمیندایە دیاردەو حاڵەتە چەوتیەکان زەقتر و ئالۆزیەکان ئاڵۆزتر و نالۆژیکیەکان لۆژیکیتر بخاتە بەردیدی گشتیەوە. 

نووسەری بێ دەستنوێژ ڕابردوو و ئێستا و داھاتوو لێک ئەبەستێتەوەو ھەردەم سەرقاڵی پڕۆژەی ئێستاتیکای خەیاڵی نەخۆشی خۆیەتی و ڕادیکاڵانە بیر ئەکاتەوەو جارێک سەربەم بەرەیەیە، جارێک سەربەم لایە...نووسەری بێ دەستنوێژ سەربە ھیچ ئایینێکی دیاریکراو نیە، دەم دەمیە و ئەتوانێ لە درێژایی یەک ھەفتە دەیان جار پارادایمی نووسینی بگۆڕێ و بە گرتنە بەری گوتارێکی لەرزۆکی بێ ناوەرۆک لەمڕۆدا، دیسکۆرسەکانی ڕابردووی لە کون فەیەکونێک و چاوترووکاندنێکدا بسرێتەوەو بیانخاتە لاوە و پابەندی ھیچ بنەمایەک و پڕەنسیپێکی جێگیرو مەبدەئێکی دیاریکراوو نیە.

٣
پرسەی ھەژاران
ھەژارێک مرد، بە خێزان و ماڵ و منداڵ و مەلای مزگەوت و چەند دۆستێک و برادەرێک و ھاوسێ و دراوسێ و خزمەکانیەوە دەبوونە سی کەس.
یەکێک ئەیوت: فەقیری داماوو چەند ساڵیش پێشمەرگایەتی کرد، چەند جار ڕووبەڕووی مەرگ بووەوەو سەختی و ناخۆشی و تاڵی و سێری زۆری بینی...باش بوو ئیسراحەتی کرد و ئەم جیھانەی بە جێ ھێشت...بەڵام...بەڵام...خۆ قەرزەکانی نەداوە !!!!
لەولاوە دەوڵەمەندێک کۆچی دوایی کرد، لە گۆڕستان شوێنی سەیارە وەستان نەمابوو...کاسبکار و جیرانەکانی ئەمبەر و ھاوسێو دراوسێی ئەوبەر و یەکێتی زانایان و سەندیکای وەبەرھێنەران و خوا پێداوان و خزم و دۆست و برادەری دوورو نزیک لە ھەموو لایەکەوە ڕژانە سەر قەبران و بۆ ساتێکیش لە تاریف و مەدح و پیاھەڵدانی کۆچ کردوو نەکەوتن..ھێشتا نەنێژابوو ناردیانە بەھەشت...ئەیانوت، بەڕاستی حەیفی کرد..ھێشتا زوو بوو ( تەمەنی  کۆچ کردوو خۆی لە ھەشتا ئەدا)...باشە بۆ وا کتوپڕ مرد....ئەرێ خۆ پێشینەی نەخۆشی نەبوو....ماشااللە لە گەنجێکی بیست ساڵان بە تاقەت تر و بە تواناتر و چست و چالاک و بە ورەتر بوو...حەیف بۆ ئەو جوانەمەرگە!!!! بەڕاستی زۆر زوو بوو....!!!!
٤
پێشمەرگەی کرێچی
بە ھۆی دوا کەوتنی کڕێی خانووە قورینە داڕزاوەکەی، خاوەن موڵک بە پێشمەرگەیەکی کۆڵنەدەری دڵسۆز و خۆراگر و داعش بەزێنی وتووە:
ناتوانی کرێ بدەی، بە زووترین کات بۆم چۆڵی کە.. ڕاستە من بازرگانم و دوانزە خانووی ترم بە کرێ داوەو بێ پارە نیم، بەڵام بڕۆ شەری تیروریستانی داعشت بۆ کێ کردووە، با ئەوان شوێنی حەوانەت بۆ دابین بکەن...شەڕی داعشت خۆ بۆ من نەکردووە...!!!!

کە لە گێڕانەوەکە  تەواو بوو، بیرم کردەوە ئەم خاوەن موڵکە بەنی ئادەمە یا گیانلەبەرێکی دڕندەی ئاژەڵ سیفەتی بێ ویژدان و بێ مۆڕاڵە !!!!!
کوا ھاوسۆزی ؟
کوا دڵسۆزی؟
 پیاوەتی و کەڕامەتی مرۆڤایەتی چیان بەسەرھات؟ 
کوا گیانی ھاوکاری و دان بەخۆدا گرتن و خۆڕاگری؟
کوا برایەتی؟
باشە خۆ ئاخیر زەمان نیە ؟ یا ھەوەو من ھەستی پێ ناکەم!!!
  بەڵام خۆ ھەر گلەییش ھەر لەم ئاژەڵ سیفەتە نامرۆڤە ناکرێ...ئەویش ئاگادارە پێشمەرگەی بەشمەینەتی ماڵوێرانی بێ دەرەتان و ھەژاری نەدار و قەردار، چۆن لە لایەن بەرپرسە جوانکیلە و دەست بە خەنە و سۆپەرمەنانی سەر شاشە و ھۆڵەکانی کۆربوونەوە...ببورن کۆبوونەوەی بێ مانا مامەڵەی لە تەکدا دەکرێ و بە ھەفتا ڕۆژ جارێک موچەیەکی پاشەکەوتکراوی پێ ئەدەن.
 بۆیە ئەویش وا بە و پەڕی بێ شەرمی و بێ نەرمی و بە بێ منەتی و بە بەرچاوی ھاوسێکانیەوە سوکایەتی بە پێشمەرگە و ماڵ و خێزان و کەرامەتیەوە دەکات و باکی بە ھیچ نیە و لە کەس ناترسێ و ناپرسێ و پلەی ئەخلاق و ویژدانی خەوتووی تا دوا پلەکانی ژێری ژێرەوە دابەزیوەتە خوارەوە و وەک بیزنێس مەنێکی گەنی و لە پێناوی دەسکەوتێکی خەنیدا، ھەموو بەھایەکی ئینسانی دەخاتە ژێر پێیەوە.

بەڕاستی زەمەن گۆڕاوە؟ یا ئێمەمانان گۆڕاوین بۆ ئاستێکی زۆر خراپتر لەوەی باب و باپیرانمان بیریان لێ دکردەوە...ئێستا دەزانم ئێمە گشت تایبەتمەندی بە دەوڵەت بوونمان تێدایە...تەنیا کارەباکەمان کێشەی ھەیە...بۆ ئەوەیتر خوا کەریمە !!!
   

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP