بەپەلە

کردار شەرتە نەک گوفتار

حەسەن بارام - 13-02-2018 - 2816 جار خوێندراوەتەوە


بەسەرنجدان لەپرۆگرام وبەرنامە وئەدەبیات ومیدیا وگوتاری سەرجەم پارت وڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان ، یەک دونیا ئامانج وخواست وپێشنیار وپرۆژەی جوان وناوازە بەدی دەکرێن ، کەھەموویان گوزارشتن لە باشترکردنی ژیان وپێشکەشکردنی خۆشگوزەرانی وبەختەوەری وئاسودەیی بۆ ھاوڵاتیانی ئەم ھەرێمە ، بەتایبەتیش ھێزە سەرەکی ودەسەڵاتدارەکانی کوردستان لە بیست وشەش ساڵی ڕابوردوودا ھێندە دروشم وبەڵێن وگوفتاری بێ بەرھەم وبێ ئەنجامی پڕ لە فەنتازیایان ئاراستەی خەڵکی کوردستان کردووە ، تاڕادەیەک ھاوڵاتیان وەڕەس وبێزاربونە لە دروشم وقسەی زل وبێ ناوەڕۆکی دور لە کردار.

کەواتا ھیچ کام لەھێزە سیاسییەکان وبەپلەی یەکەمیش ئەوانەی کە چەندین ساڵە لەدەسەڵاتن ، خاوەنی زۆرترین پەیام وگوفتار وبەرنامەی زۆر وبۆرن ، ئەی کەواتا بۆچی خەڵکی وڵاتەکەی ئێمە بەدەست کەمی ئاو وکارەبا وخزمەتگوزاری وڕوبعە موچەیی وکەمی پیداویستییەکانی ژیانەوە دەناڵێنن؟!

ھەموو ئەو ڕاستیانە پێمان دەڵێن دەسەڵاتدارانی ئەم ھەرێمە لەماوەی حوکمڕانی خۆیاندا  خاوەنی زۆرترین گوفتار وکەمترین کردار بونە ۰۰بۆیە ئەم ھەرێمە بەبەردەوام لە پاشەکشە وقەیرانی ھەمە چەشندایە.

لێرەوە ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی ودادپەروەری دێتە مەیدان بۆ گۆڕینی ئەو ھاوکێشەیە ، بەئامانجی کەمکردنەوەی گوفتار وزیادکردنی کردار ، چونکە دەبێت ھاوپەیمانی بەپێچەوانەی زۆربەی ھێزەکانی ترەوە ، کردار بکاتە  واقع وقۆناغی گوفتار تێپەڕێنێت ، بۆ ئەوەی بەربەم پاشەکشە وقەیرانانە بگرێت وھیوایەک بۆ خەڵکی کوردستان بگەڕێنێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP