کوردو سوارەی حەمیدی !

دانا مەنمی - 11-02-2018 - 2943 جار خوێندراوەتەوە


لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەگەر کوردێک بە دیدێکی نەتەوەییانە بیربکاتەوەو بدوێ و بنوسێ ،زۆربە زەحمەت لە نیشتیمانەکەی خۆیدا جێگەی دەبێتەوەو جگە لەوەی لە تۆری کۆمەلایەتی فیسبوکیش جنیوباران و ھەزارو یەک درۆو تۆمەت و بوختانی سیاسی بۆدەھۆنرێتەوە، من پێم وایە کێ زیاتر سوکایەتی بە کورد بکات ،کورد زیاتر دووی دەکەوێت ، یەکێتی سۆڤیەت ھەمیشە ھاوکاری داگیرکەرانی کوردی کردووە ، کەچی دەیان ساڵ ھەر لە دورەوە بێ ئەوەی ئاگاشیان لێ بێت ،سەڵاواتمان لە دیداریان دەدا ، زۆرینەی ئەوانەی لەڕابردوو کە فایلدارو جاسوس و بەکرێگیراوی بەعسیزم بوون ، ئێستا بێمنەتانە ڕێنمایی خەلک دەکەن بۆ کوردایەتی ! ئەوە دیاردەیەکی ئاسایی نییە ، بەڵکو ئەوە سۆپەر خیانەتە ،کورد خەسڵەتی کۆیلەی زەلیلی تێدایە ، پێویستە بەو نەخۆشیەی خۆی بزانێت ،تا چارەسەری بکات .

ھەڵکەوتەی پرسی کورد وەک کێشەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی کە خاکەکەی دابەشکراوە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا و کوردایەتیش وەکو بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازی لە پرۆسێسی دورودرێژو نەبوونی دەسەڵاتێکی کوردی بە مانای قەڵەمرەوی ژێردەستەیدا شکاوەتەوە جگە لەوەی بە کۆمەڵێک فاکتی ناوچەیی و جیھانی گەمارۆدراوە ،دەست نیشانکردنی چوارچێوەو بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی کورد و داکۆکی و پارێزگاریکردن لێیان ھەقیقەتی بەھاو نرخ و ڕاستییەکان لای ھەر ھێزو رێبازێک دیاری دەکات .

سەرەتا ڕووی ڕەخنەمان لەو ھێزانەیە کە دەیانەوێت بە ناوی خوداو قورئانەوە ئاستەنگ بۆ کوردایەتی دروست بکەن و ڕێز لە بەھا نەتەوەییەکانی کورد نەگرن و ئەجێندای دەرەکییان خستۆتە بنباخەڵیان و ەکو قورئانێکی سیاسی پراکتیزەی دەکەن ، ئەوانەی چاویلکەی فەلسەفی و فکریان لە چاو کردووە و کێشەی نەتەوایەتیان لێ بزر بووە بۆتاوێکیش بیت چاویلەکەکانتان دانێن و واقیعەکە وەک ھەیە ببینن ، ببینن کە کورد لە چ قەیرانێکی فکری کوشندەدایە ، لە کوردایەتی گەرێن بزانن لە چ قەیرانێکی مرۆڤایەتیداین ،بەدرێژای مێژوو کورد نەخاوەنی خۆی بووە نەخاوەنی مێژوی خۆی و خاوەنی چارەنووسی خۆیشی نەبووە ، خۆدەبینن بۆ ھەڵھێنانی ھەر مەتەڵێکی مێژووی خۆمان و پەنا بۆ دەرەوەی خۆمان دەبەین ،ھەرکە نھێنیەکیان بۆ درکاندین با درۆ بێت ، کەچی ئێمە خەنی دەبین ، میلەتێک دوژمن بیخاتە سەر ڕێگا ، ئەو ڕێگایە قەت ناگاتە ئامانج و ئاسودە نابێت .

کورد ئەگەر ژینگەش پیس بکات بەکەرەستەی دروستکراوی وڵاتێکی تر پیسی دەکات و خۆئەگەر کەرەستەی دروستکراوی وڵاتی ترمان نەبێت ، ھیچ کاریگەرییەکمان لەسەر سیستەمی ژیان و دەسەڵاتی سیاسی نابێت ، بون و نەبونمان دەبێتە نیشانەی پرسیارو تێرامان جیاوازییەکی نابێت ، ھەر ھێندەی گیاندارە کێوییەکان راوچی و قەساب و بکوژی خۆمان لە خۆمان دوردەخەینەوە یان لە دەستیان ڕادەکەین ، دەلێن : (مرۆڤی عاقڵ لە یەک شوێندا دوجار پێوەی نادرێ ). کورد نەک دوجار بگرە ھەزار جار لە یەک شوێندا پێوەی دراوەو وازیش ناھێنێت ،گفتوگۆی کورد لەگەڵ بەغداد لەوە دەرچووە دانوستاندنی دووڵایەنی سیاسی بێت کە ڕوبارێک خوێن لە نێوانیاندایە و بووەتە پیشەیەکی بەردەوام  بۆ بەرپرسانی کورد ، ئاخر سەد ساڵە گفتوگۆ دەکرێت و ھیچ ئەنجامێکی نییە بەردەوامبوون لەسەر ئەو پیشەیە ،ئەگەر بەڵگەی بازرگانیکردنیش نەبێت ، بەڵگەی سەرنەکەوتنیەتی و بەدرێژای مێژوو ھیچ ھێزێکی عێراقی نەیتوانیوە کورد ڕام بکات ، کەچی سیاسەتمەدارو سەرکردەکانی خۆمان  واخەریکە کورد ڕام دەکەن بۆ بەغداد!

سەدان سالە کورد سوارەی حەمیدی و بەکرێگیراو و جاسوسی فڵان و فیساربووینە و شۆرش مان بۆ خەڵکی تر کرد نەک خۆمان، کۆماری کوردستان کێکەکەی سۆڤیەت خواردی و شۆرشی (شێخ مەحمودی حەفید)یش بەرھەمەکەی بۆ تورک بوو ، شۆرشی ئەیلولیش ڕێکەوتنی جەزائیری بۆ ئێران لێکەوتەوە ، شۆڕشەکانی دوای ئەوانیش دەسەڵاتیان لە عەرەبی سوننە سەندەوەو لەسەر سینیەکی زێر پێشکەشی عەرەبی شیعەیان کرد ، (قاسم ) کوردی لاواز کردو بەعس ڕوخاندی ، بەعس لە ١٩٦٣ کوردی لاواز کردو عارفیەکان خواردیان ،عارفیەکان کوردیان لاواز کردو دیسانەوە بەعس خواردی ، بەعسیەکانمان ڕوخاند شیعەبەرھەمەکەیان خوارد ، چیتر ھەستدەکەم شۆرش خوێن و ماڵوێرانیەکەی بۆ خۆمان بووەو دەستکەوتەکەیشی بۆ دۆژمن !

من بە شێوەیەکی ئەدەبی شیکاریم بۆ زەلیلی کورد کردووە ، چاک دەزانم سەربەخۆی کوردستان ئاسان نییە ، زۆر باش تێدەگەم تێکدانی چوار دەوڵەت و دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ کورد کارێکی لە زەحمەت زەحمەترە ،بەڵام کاتێک دەرفەت دێتە پێشەوە بۆچی نەقۆزرێتەوە ؟! کاتێک لە سوپای دوژمن و بەعسیزم لە ساڵی ٢٠٠٣ تەفروتونا بوو ، لەبری ئەوەی داواکاری و خواستە ڕەواکانی کورد بسەپێنین و ئەو واقیعە نەفرەتیە بگۆڕین ،بۆچی بە دەستی خۆمان بۆ گیانی خۆمان ئەم سوپا شۆڤێنیزمە بنیات بنێینەوە ؟! کە عێراق لەت و پەت بوو بۆچی وەکو پینەچی پارچەکانی پێکەوە گرێ بدەینەوە ؟! خوای کورد دەرفەت بۆ کورد ئەرەخسێنیت ،کەچی کورد یەک شاپی تێ ھەڵدەدات و بەسەر خاوەنیدا دەداتەوە .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP