گەوجایەتی لە تێریدا

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 11-02-2018 - 2465 جار خوێندراوەتەوە


بیرمە جارێکیان  بۆنەی یادی جگەر خوێنی شاعیر رێکخرا ، لام وایە پارەی فیستیڤاڵەکە لە ٤٠٠ ملیۆن دینار تێپەڕی ، خۆی یادکردنەوەی شاعیران ونوسەران کارێکی دروست و باشە ، بەڵام باشتر ئەوەیە تا لە ژیاندا بن نەھێڵی لە برسا و لە بەر نەداری بمرن ، بۆ ئەوەش لە بری ماسیان بۆ بگری فێری ماسیگرتنیان بکەی باشترە ، گۆرانی شاعیر لە ناڵەی بێکاردا ناڵێ پارەم دەوێ ، دەڵێت فرمانم دەوێت " واتە کار " لە سەرو بەندی یادکردنەوەی جگەر خوێندا ئێمە یادی شێخ مارف بەرزنجی کەرکوکمان کردەوە، رۆژنامەنووسێک بۆ ئەوەی بزانێ ئێمە چەندمان لە حکومەت وەرگرتووە بۆ ئەو یادە داوای لێکردم پێی بڵێم بیرمە ژمارەیەکی خەیاڵیم وت  ، چونکە ئەو پێی وابوو ئێمەش وەکی ئەوەی جگەر خوێنمان کردووە ، باش بوو برادەرێک پێی وتبوو بابە کڵاویان لە سەر ناوی ، ئەوەی شێخ مارف لە سەر ئەرکی شێخ سامانی کوڕی کراوەو قڕانێکی حکومەتی تێنەچووە ، نەک ئەوە تەنانەت پیاوانی حکومەتیش لە سەر یادەکە نانیان خواردووەو وتاریشیان ھەبووە .

ئەم یادە دیمی لۆڤاتۆی خانمە گۆرانی بێژی بیر خستمەوە ، کە سەرۆکی حکومەت لە سەرەتای سەرھەڵدانی قەیرانەکەدا داوەتی ھەولێری کردبو تا بڵێ " خۆتان رووت کەنەوە " دیمی کەس بیری نەماوە بەڵام قەیران و نەھامەتی بەردەوامە ، چیرۆکەکەی مستەفا لوتفی مەنفەلوتیتان بیرە سەبارەت ژانە سکی تێرو برسێتیەکە ، لە رێگای چونیدا بۆ ماڵی دۆستێکی خانەدانی ھەژارێک دەبینێ لە برسان دەتلێتەوە ، ئەو پارەی نانی دەداتێ ، لێ کە دەچێتە ماڵی دۆستەکەی ئەویش ئێوارە زۆری خواردووەو بای کردوە ، کەواتە گەوجایەتیەکی مرۆکرد ھەیە .

لۆڤاتۆ جوان و قشتەو لە شارە گەورەکانی دنیا ئاھەنگ دەگێڕێ و ئێمەش گازی دەکەین ، لێ ھونەرمەندی خۆشمان لە نەداریدا سەر دەنێتەوە ، گەوجایەتی لە تێریدا دەسەڵات و تەنانەت تاکە کەسیش بەرەو ھەڵدێرو ملشکان دەبات ، گەوجایەتی لە برسێتیدشدا ھەیە ، ئەوەش چیرۆکێکی سەیرم بیر دەخاتەوە محەمەد تۆفیق باسی چونێکی خدێوی ئیسماعیل پاشا دەکات بۆ پاریس ، لەوێ میوانی باسی کەسێکی بۆ دەکەن   کە کۆشکێکی زۆر سەرنج راکێشی دەبێت ، خدێوی سەرسامی کۆشکەکە دەبێت ودەچێت بیبینێت  لە ناو کۆشکەکەشدا کیژۆڵەیەکی زۆر قشت ھەیە ، خدێوی بە خاوەن کۆشکەکە دەڵێت ئەم کۆشکەم پێنافرۆشی ، ئەویش دەیەوێ پارەیەکی زۆر بڵێت و لەو بیانووە رزگاری بێت ، داوای پێنج ملیۆن جونەی دەکات خدێوی دەستبەجێ رازی دەبێت و کۆنوسی کڕین و فرۆشتن دەنووسن ، بۆ ناوی کڕیارەکە خدێوی دەڵێ ناوی ئەو خاتوونە بنووسن ، جا خۆش ئەوەیە لە سەردەمی فیرعەونەکانەوە تا  ئێستا خەڵک لە میسر لە برساو لە بەر نەداری سەردەنێنەوە ، وەک رەمەزان ئەحمەد عەمارەکەی برادەری من کە لە ھەشتاکاندا بۆ بارکردنی بلۆک لە ئەسکەندەریەوە گەیشتبووە کەرکوک .

 داخوا چەندین چیرۆکی سەیرو سەمەرەمان ھەیە ، من جارێکیان وتم کاتێ دوو نوسەر یان رۆشنبیر دەچنە سەردانی بەرپرسێک ئەگەر لە بری دەمانچە کە بە دیاری دەیانداتێ ، قەڵەمیان بداتێ دەبێ پارەی دەمانچەیەک چەند قەڵەمی سۆفت بکات ، واز لە پارکەرو پاندان بێنن.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP