چەرخی چەپگەرد

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 9-02-2018 - 1115 جار خوێندراوەتەوە

ھەر لەبەر خۆیەوە ئەیوت:
لە تاریکی شەوی ژینا ئەنێم ھەنگاوی کوێرانە
نیە دەستێ دەرم بێنێ لە ناو ئەم گۆڕە وێرانە

ئای لە دەست چە رخی چە پگە رد....... ڕۆیشت، خوایان لەگەڵ بێت، بەڕاستی کۆمەڵیک کەسایەتی باش وچاونەترس و خاکی و لە خوا ترس و سەر ڕاست و ڕاستگۆو بێ پێچ و پەنا بوون...ئۆغرتان بەخێر و ماڵئاوا....تازە قەت ناگەڕێنەوە و لە درست چوون...یادیان بەخێر...سەردەمێکی خۆش بوو...پڕ لە ھیوا، پرلە ریز و تژی حورمە ت.

وتم کێ؟


وتی، خیڕو بێر، شێر و تێر، ڕێز و حورمەت، دڵسۆزی، ڕاستگۆیی، بەھابەرزەکانی کۆمەڵایەتی، ھاوسۆزی، ڕێز و وەفا و نمەکداری، ئەمەکداری و پشتیوانی، پشتگیری و لە ھەموو شی گرتینگتر دەستپاکی و ترس لە خوا و ڕۆژی لێپێچانەوە و کەشفی حیساباتی شاراوەو ئاشکراو پەنھانی....
وتم بۆ کوێ ڕۆیشتن؟ کە ئەمانە ڕۆیشتن کێ شوێنیانی گرتەوە و ئومورات و تەدبیرات و خیارات وڕایی کردنی کاروبار و کارگێڕی و ئیدارەو بەڕێوەبردن و یەکسانی و دادگەری چیان بەرسەرھات؟

وتی:
بەروە جیھانی ئەبەدی ... بەرەو ماڵئاوایی ...بە رە و نە مان...لەداخی لەشکەرە بێ چاووڕوە ھەلپەرەست و بەرژوەندخوازەکە، لە شەرمی خۆیان و بۆ پاراستنی شکۆیان، بۆلە دەست نەدانی ڕەسەنایەتیان و پاراستنی کەسایەتیان،  بۆ نەگۆرینەوەی کەرامەتیان بە ماڵی دوونیا... کۆچیان کرد...باریان کرد و ڕۆیشتن و بنە و بارەگایان تێکناو وەغەریان کرد.

لە شوێنی ئەمان، مامە حەمەیی، خاڵە حەمەیی ، ماستاوگرتنەوە،  ماستاوساردکردنەوە، پیا ھەڵدان، تێھەڵدان، فڕێدان، نافەرمان و  مەدح وسەنای بێ سنوور، ھەلپەرەستی و بێ شەرمی، بەرژوەندیخوازی، گەندەڵی، ماڵ پەرەستیی و شاردنەوەی ڕاستیەکان و داپۆشینی چەوتیەکان، بێ ویژدانی و سنگ دەرپەڕاندن و خۆ بە پاڵەوان کردن، پاوان کردن، تاپۆکردن، لەکارخستن وداخستن، نەسازان و ترازان و بینە بەردەو ببە و پەراوێزخستن و وەلا نان و بێدادی شوێنیانی گرتەوە!!!


رێکەوتنی ستراتیژی عەیار بیست و چوار


دوای ئەوەی چەندین جار بە ھۆی چەند ھەڵەیەکی تێکنیکی و فیزیکی و حیساباتی ھەڵەو ھەڵە شەییەوە، شەڕو پێکدادان و تێک بەردان لە گەڕەکی بێ پردان،  لە نێوانیاندا ڕوویدا و کۆمبارسی ھەردوولاو بە کوتەک و مست و پێلاقەی ١٢٠ ملیم و میلانۆی دوورھاوێژەوە بەربووونە گیانی یەکترەوە،  ھەنووکە ھەردوو لا گەیشتوونەتە سازان و ڕێکەوتنێکی دوو قۆڵی نایابی ستراتیژی و پارەتژی  و گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و بێ موبالاتی و ئابوریان بە چاودێری مەلاو موختارو فەقێکانی گوند و چەند لایەنێکی دەرەکی و مەرەکیو  پیاوماقولانی گوند نشین و خاک نشین و تێ کوشین و تێکۆشین و ئامادە بوونی کۆمەڵێک لە پیاو ماقوڵ و ناماقوڵانی سەروەت و سامانی ئەملا و ئەولا، ئیمزا کردووە و سەرەنجام کۆتاییان بە کێشە کەڵەکە بووەکانی نێوانیان ھێناوە. کڕۆکی کێشەکەش لە سەر داھاتی ئاوی سازگاری گوندەکەی دەرەوەی بازنەی حوکمڕانی ھەرێمی فەنتەلۆس بووە.

شایانی باسکردنە، ھەتا ئەو بیرە نەدۆزرابۆوە، ھەردوولای پێک ناکۆک و خاوەن کێشەی ئاوداری مانگی ئازار، و تەنانەت گورگ و گورگ، گورگ و مەڕ و مەڕو بزن و کارو بەرخۆڵەکانی لادێش، لە ئاوی سازگاری کانیاوی پاک و و بێ گەردو زوڵاڵی گوندەکە ئاویان دەخواردەوە ( بەڵام تێر ئاو نەدەبوون) و بە خێر وسەدەقەش بە دۆلکە و مەسینە و سۆندەوە بەشێکیان ئەدا بەم لاو ئەولا و کێشەیەکی ئەوتۆیان لە نێواندا نەبوو...ھەشیانبا، لە ساباتی ماڵی موختارو شێخی گوند بە دەم چای و  قاوە خوارنەوەوە و ڕانە قەل بادانەوە، بە گوێرەی ھەلومەرجی کاتی و زاتی و ساتی و لەسەر ھەمان میکانیزمە دانسقەکەی جارانەوە، بێ سێ و دوو، چارەسەرێکی ڕیشەییان بۆ ئەدۆزیەوە و بەرەوماڵەوە ئەگەڕانەوە.

سەرەتا ناکۆکیەکان لەوەوە دەستی پێکرد، لایەنێکی کێشەکەبە نیاز بووە بە دزیەوە و دوور لە چاوی خەڵکی داماوو سادە وساویلکە و کامێرای شاراوەی ویژدان و سەربان و کۆڵان و ئاسمان و گشت پڕەنسیپێکی ئەخلاقی و ئاسمانی و ریسمانی و عورفی کۆمەڵایەتی و ڕێکەوتنە ژێربە ژێرەکانی ژوورە تاریکەکان و یاساکانی مەدەنیەوە، ئاوی بیرەکە بە ناوەندێکی توێژینەوەی پزیشکی بیانیەوە بفرۆشێ و خۆی تاک و تەنیا  لە خێرو بێر و فەرەکەی سوودمەند بێت و بەشی ئەمانیتر نەدات و خۆی کردبوو بە کەڵەگای لادێ.

دیاربوو زانرابوو ئاوی بیرەکە، بە یەکێک لەو ئاوە شازو نایابانە دادەنرێت، ماددەی دژە نەخۆشیە کوشندەکانی نەفامی و نەزانی و جەھل و نادانی و ھەژاری ونەداری و وێرانبوونی کایەی ڕۆشنبیری و ئابوری و ئیداری لە خۆ گرتووەو ھەڵگری مادەی ئانتی بایەتوکیشە و بۆ تەندرووستی جەستە و ڕوح و ڕەوان و دڵ و گورچیلەو سیەکان و ڕاست کردنەوەی باری لاری دەروونی و رێگری کردن لە تووش بوون بە ڤایرۆسی گەندەڵی و شێرپەنجەی فرت و فێڵ  و لە خشتەبردن و چەواشەکاریەوە، یەکاو یەکە.

دوای ئاشکرا کردنی گەڵاڵەکردنی ئەم لێک تێگەیشتنە پڕ لە بەرژەوەندیە ژیاری وخێرو بێرەوە، لە لایەن دەستەبژێری تازەپێگەیشتوان، لایەنەکان داوایان لە گوند نشینانی داماوو لێ قەوماوو تینوو و بێ دەرەتان بە گشتی و چینی ھەژارانی ماڵوێران بە تایبەتی کرد، بۆ مانەوەی ئەمان لە گوند و تەمەن درێژیان و لە بێژنگدانی بەرژەوەندیە گشتی و تایبەتیەکان و ھەڵاوێرد کردنیان لە بەرژەوەندیە حزبیە، کەسیە، تەسکیە، تەزکیەکان، و دوور لە ڕەچاوکردنی ئینتیمای حزب و عێل و خێل و قەبیلە و قیبلە نومای بەرژەوەندیە بێ کۆتاییەکانی شەخسی و نەفسی و بە تایبەتی لە دۆخی تینوێتی و سەرھەڵدانی دۆخە تەنگەتاویەکان و ھەژاریدا، ھیمەتێ بکەن و ڕووەو دەرەوەی شار بە پێ بڕۆن و بەو پەڕی ئیخڵاس و دڵپاکی و ڕوح پاکی و دڵێکی پڕ لە ئیمان و تەوازوع و خشووع و ترس و بێ دڵەڕاوکێوە،  نوێژە بارانە بکەن و لە خوای گەورە ودلۆڤانەوە، بە نزاو گریان و فیغان و کرووزانەوە بپاڕێنەوە، لە تەمەنی ئەمان کەم کاتەوە بیخاتە سەر تەمەنی ئەوان!!!

لەشکەرێک سکرتێری جۆکەرو دانسقە
فیسارە ھاوڕێی چڵکن و بێ ماڵ و حاڵ و ھەژارو بێ ئەسڵ و فەسڵ و نەسەبم، کەوا تا دوێنێ بە قەد گۆڕێکی دوو بەسێ ، زەوی و زاری لە گۆڕستانی لاتەریکی ئاواییدا نەبوو و ڕۆژانە یەکترمان لە کافەتریایەکدا بەسەر ئەکردەوە و ھەزاران دەردەدڵی خۆی بۆ باس کردووم،  ئەوە شەش مانگە دەرفەتی بینیی منی نیە!!
 باش لە بیرمە ئەم برادەرە بە قودرەتی قادر و دوعای مادەر ( دایک) و خێرو خێرات و نزاو پاڕانەوەکانی نیوە  شەوی  حەج و عومرەی پورو نەنکیەوە، بوو بە خاوەنی ئەم ھەموو دامودەزگا زەبەلاحەوە، ئەگینا بەخوای گەورە قەسەم ئەم پیاوی ئەو پۆستە نیە، بەڵام چار چیە، پێشێنیان وتوویانە: شوێنی شیاو بۆ خەڵکی نەشیاو، و خەڵکی شیاویش بۆ شوێنی نەشیاو!!!
 
خۆ ناحەقیشی ناگرم، چونکە چواردانە بەڕێوەبەری جوامێری نووسینگە، مدیر مەکتەبێکی لووت بەرزو خاوەن تەندەرو لە خۆ ڕازی و بلیمەت) و یەک فەوج سکرتێری (  جۆکەرو فشەکەر و فێل کەرو درۆ کەر و ئابروبەرو لە خشتەبەرو خۆ بە ھەموو شت زان و  دوو سەد پاسەوانی درع و بەڵای گێڕەوەی ئازاو کارزان و لێزان و فێڵ زان وتارزان و چەلەنگ و شێرکوژ و قارەمان، دەورەیان داوەو فەقیرەی جگە لە خەڵکی ھاوشان و ھاوپلە و ھاودیدو ھاو پایە و ھاوسەرمایە و ھاوسۆزو بازرگانی قەبە و نزیکی خۆی، کەسیتر نابینێ   و بە داخەوە ئەڵێن چاوی بینینی کەسە دڵسۆزە ھەژارەکانی نەماوە و گەر بشیان بینێ، ئەوە بە داخ و پەژارەیەکی گرانەوە، ھەفتەیەک لە ناو جێگا ئەکەوێ و ھەڵامەتێکی تووند بەرۆکی بەرنادات و فڕۆکە خانەکانیش مخابن جارێ داخروان و ناتوانێ بۆ چارەسەری سووکە ھەڵامەتەکی سەردانی دەرەوەی بازنە بکات!!!

وتم:
ساڵ لە سورانێ بەلەزن
سواری کحێلی خۆشبەزن
 
تا کاتت لەبەر دەستا ماوە، قۆڵی لێ ھەڵماڵە و تۆزێ پەلە بکە...ئاسۆ ڕووناکە و تۆش ناوێی خوای لێ بێنە و لەو لێلی و دۆخە تەمو مژاوی و ناھەموارە دەرکەوە و بڕۆ ناو بیزنسی بەھاکانە وە...دڵنیا بە لێی پاشگەز نابیەوە.
وتی:
جارێ بیری لێ ئەکەمەوە.... پەلەم لێ مەکە ..خۆ ھێشتاچەند ساڵێکم بەبەرەوە ماوەو نەکەوتوومەتە دۆخی پیری و پەکەوتەییەوە...


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP