هاوپەیمانیی نیشتمان مەکەنە ئەمبولانس

دانا هەڵەبجەیی - 8-02-2018 - 2708 جار خوێندراوەتەوە

گەورەترین هەڵەی ستراتیژی هاوپەیمانیی نیشتمان ئەوەیە،  هاوپەیمانی لەگەڵ یەکیتی و پارتی پێکبهێنن.

عەرەبەکان بە سونە و شیعەوە، هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێکی هاومەزهەبی خۆیان پێک ئەهێنن، لەسەر بنەمای هاوبەشی ئامانج و کارنامەی سیاسییاندا، نەک هەر لەبەر ئەوەی عەرب یا خود هاو مەزهەب بن.

ئەزمونێکی چەند ساڵەی کاری هاوبەش، لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ یەکیتی و پارتی، ئەوەی سەلماندووە کە:

یەکەم: هەمیشە پارتی هاوبەشی سیاسیەتی هاوبەش نەبووە ، مل ئەستوری خۆی سەپاندووە و خۆی بە گەورە زانییوە نەک برا.

دووەم: لیستەکانی دەرەوەی پارتی، تاکانە کاریگەری و کاری خۆیان بە باشی کردووە.
سێیەم: ئەگەر کورد بە دوو هاوپەیمانی بەشدار بێت، ئەمە ئاستەم و پێشگیر نابێت کە لە دۆسییە نەتەوەییەکاندا هاودەنگ نەبن.

چوارەم: وە لە هەمووی گرنگتر، تا ئێستاس جگە لە حیزبی شیوعی، هیچ قەوارەیەک لەگەڵ پارتی و یەکێتی لە کۆمسێۆنی هەڵبژاردنەکان، ناوی تۆمار نەکردووە، بە یەکگرتوشەوە کە تا ئێساش لە حکومەتەکەی هەرێم لەگەڵیدایە.

پێنجەم: پارتی و یەکێتی، لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە، چ لە کەرکوک و چ لە ناوچە کوردستانییەکانی تر، ئەو پارتیەی موسڵ و یەکێتییەی کەرکوک نین و نەمان، کە زۆرینەیان هەبوو. 
تا دوێنش بوو، پارتی بە فەرمی ڕایانگەیاندبوو کە بەشداری لە کەرکوک ناکەن، چونکە باش خۆیان و قەبارەی خۆیاناین بۆ دەرکەوتووە، کە ئێستا پارتییەکانی کەرکوک، میوانن لە هەولێر. 

وە کۆمسێۆن لە موسڵ هەڵبژاردن ناکات، تا دۆخی موسڵ ئارام و ئاوەدان ئەبێتەوە.

ئەویش ئەزانرێت، کە ئاوارەکانی موسڵ ، لە ژێر قەلەمڕەوی پارتیدان، و بواری ساختەکاری زۆر ئەبێت بە قازانجی پارتی، هەر بۆیە دوایانخست، بۆ 3 ساڵی دیکە. کەواتە پارتی نە لە موسڵ و نە لە کەرکوک بەشدار نابێت، ئیتر خۆ قورساییەکی ئەوتۆشی نییە لە دیالە و سەلاحەدین، ئیتر هاوپەیمانی لەگەلیدا مانای چییە ؟.

پاشان، دوای ئەو هەموو یەکتر بەخائین لەقەڵمدانە و ئەو هەموو ئابڕووچونە سیاسی و سەربازی و ئاسایشەییەی، ئەم دووانە، لە دوای 16/10/2017، بە چی ڕوویەکەوە ڕیکلام لەو ناوچانە بکەن و چ دروشم و ڕیکلامێکی هەڵبژاردن بەرز ئەکەنەوە؟.

کە ئێستاش خەڵکی ئاوارەی کەرکوک و دوز نەگەڕاونەتەوە!.
بۆ نمونە یەکیتی و پارتی چ پەیمانێک هەیە و ماوە بیدەن بە ناوچەکانی 140، کە جێبەجێی کەن؟؟؟.
کەواتە، خۆیان لە ناوچەکە نەماون و دەسەڵاتیان نەماوە، نە وەک سومعەی سیاسی و نە وەک فاکتیش. هەر بۆێە ئەگەڕێن بە شوێن، سەرپۆشێکدا ڕووی خۆیانی پی داپۆشن.

یەکەم: لەبەر ئەوەی دڵنیان کە دەنگ ناهێنن.

دووەم: بۆ داپۆشینی خۆیان، لەناو هاوپەیمانیی نیشتماندا.

سێیەم: توشکردن و تێوەگلانی هاوپەیمانیی نیشتمان، لەو کارەسات و دۆڕانەی کە توشی گەلەکەمانیان کرد.

چوارەم: بۆ ئەوەی هیچ دەرفەتێک نەهێڵین بۆ دەنگدەر، کە سپی و ڕەش دیاری بکات، وە بە ناچاری دەنگ بەو هاوپەیمانییە بدەن، کە ئەمان باڵادەست و ملئەستورن تێیدا.

ئەوە زۆر کاردانەوەی نێگەتیفی ئەبێت بۆ ئەوانەی کە بێ ئومێدبوون لەم دوو حیزبە، کە ئەگەری زۆری هەیە کە هەر بەشداری نەکەن لە هەڵبژاردندا، کە ئەمەش لە کۆتایدا زیانەکە هەر بە کورد ئەگات.

تاکە ئومێد بۆ کورد و تەنانەت عەرەب و تورکمان و کریستیانەکان، کە ئەمان لە ماوەی دەسەڵاتیاندا بێ ئومیدی کردوون، ، هاوپەیمانیی نیشتمانە، وەک ئەڵتەرناتیفێک و شانسێکی نوێ، کە ئەتوانن وەک ڕزگاروانێک و تۆڵەیەک، پشتی پی ببەستن و شەرمەزارییانی پێ بسڕنەوە.

هیچ پاساوێک بۆ هاوپەیمانی نییە لەگەڵ ئەم جووتە، جگە لە گەمەیەکی فێڵاویانە نەبیت، ئەوەی باسی هاودەنگی کورد ئەکات لە بەغدا، ئەا زۆر بە ئاسایی ئەتوانن بە دوو هاوپەیمانیشەوە، لە بەغدا هاودەنگ بن.
 ئەگەر هاوپەیمانیی نیشتمان، ئەیەوێت وەک فریادڕەسێک و ئەمبولانسێک فریای ئەو جووتە بکەوێت، ئەوا نیوەی دەنگەکانی خۆشیان، لە کیس ئەچیت.

باشترین زەمان و زەمینە هەڵکەوتووە بۆ گۆڕینی سیستەمی دەسەڵات، ئەم هەڵوێستە ئەبیتە ڕەنگدانەوەی بۆ هەڵبژاردنەکانی کوردستان، ئەگەر لە 140 لەگەڵ ئەواندا بن، ئیتر خەڵکی کوردستانیش ئاوبێنە و دەست بشۆیەکتان لێ ئەکات.

وە چاوەڕیی یەکگرتوو بن کە لە دوا خولەکی یارییەکە، ئەگەر لە کاتی بەسەرچووشدا بێت، فریای پارتی ئەکەوێت، لەبەر ئەوە چاوەڕیی ئەویش تراویلکەیە*.
*تراویلکە: سەراب

 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP