توركیا بێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتیەكان

لوقمان مسته‌فا ساڵح - 7-02-2018 - 1237 جار خوێندراوەتەوە

بەزاندنی خاكی رۆژئاوای كوردستان و هێرش بۆ سەرهەرێمەكانی دێرك وعەفرین لكێنراو بە دەوڵەتی سوریاوە، لەلایەن سوپای دەوڵەتی توركەوە،وێڕای ئەوەی پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتیەكانە‌،لە هەمان كاتیشدا شەرمەزاریەكی گەورەیە بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی مافی مرۆڤی جیهانی،بۆ بێدەنگ بوونیان لە ئاست ئەو هەموو تاوانە نامرۆڤانەیەی بەرانبەر بە گەلێكی مەزڵوم دەكرێت،كە لەسەر زێدو باووباپیرانی خۆیان لەلایەن دەوڵەتی فاشی توركەوە كوشت وبڕدەكرێن. پێشێلكردنی خاكی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن ئەرتەشی توركەوە لەگەڵ ئەوەی دەبێت بەزمانێكی توند شەرمەزار بكرێت،دەبێت بەپەلەش داوای وەستاندی بكرێت،چونكە ئەم هێرشە بە هەموو پێوەدانگە سیاسی و یاسا نێودەوڵەتیەكان بە پێشێلكردن و داگیركردنی خاكی سوریا دادەنرێت. بۆیە نابێت بەهیچ شێوەیەك لێی قەبوڵبكرێت، كە تاهەنوكەش خاوەن سەروەری خۆیەتی و لە هەمان كاتدا ئەم ته ‌حەدایە وەكو هەڕه ‌شەیەكە لە پەیوەندیە مێژوویەكانی نێوان گەلانی ناوچەكە بە گشتی و گەلانی توركیا و سوریا بە تایبەتی.  

بۆیە هێرشەكەی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بە پێشێلكردنی  یاسای نیودەوڵەتی لەقەڵەم دەدرێت، چونكە ئەو یاسایەی كە  لە ساڵی   1991 ەوە  بووە هۆكاری سەرەكی دروست بوونی هاوپەیمانیەتی لە نێوان زیاتر لە 36 وڵاتانی رۆژئاو او رۆژهەڵات لە دژی داگیركردن و بەزاندنی سەروەری دەوڵەتی كوەیت لە لایەن رژێمی بەعسی لەناوچوو. بەو پێوەرە سیاسی ویاساییە دەبێت توركیا بەداگیر كەر ئاژمار بكرێت لە پێشێلكردنی سەروەری خاكی سوریا، لەبەر ئەوەی حكومەتی توركیا بە پێی یاسا نێودەوڵەتیەكان  تەنها بۆی هەیە سنوری خۆی بپارێزێ، بۆی نیە سنوری ووڵاتێكیتر ببەزێنێ،توركیا 910 كیلۆمەتر لەگەڵ سوریا سنوری هاوبەشیان هەیە،بۆیە ئەگەر سیاسەتی دووفاقی نەبێت  ئەوا بە پێی ئەو یاسایە هەرداگیر كاریەك دەبێت هەمان چارەنووسی ڕژێمەكەی صدامی گۆڕبەگۆڕی ببێت. 

 

بە شار ئەسد و بەرپرسانی ووڵاتەكەی لە بەرانبەر ئەم دەست درێژیەی توركیا هیچ هەڵوێستێكی كردارەكیان نەبووە، تەنها وەك هەر ووڵاتێكی بێ لایەن ئیدانەیان كردووە.!

 ئەم هەڵوێستە پڕشەرمەزاریەی  بەرپرسانی دەوڵەتی سوریا ئەوە دەگەیەنێت كە هەرێمەكانی دێرك وعەفرین بە بەشێك لە خاكی ووڵاتەكەیان نازانن،بۆیە دەوڵەتی تورك بە ئاشكرا دەستی داوە بە پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتیەكان،بەڵام وەك دەبینرێت نە بەرپرسانی سوری بە كردارەكی هیچیان نەكردووە، هەروەها ووڵاتانی دوونیاش چاوی خۆیان لە ئاست تاوانێكی ئاوا گەورە دەنوقێنن و بە داخەوە لە بەر بەرژەوەندی تەسكی خۆیان زلهێزەكانیش هیچ شتێك ناكەن و بێدەنگن!. ئەوەی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان دەیكات بە ئاشكرا داگیر كردنی ڕۆژئاوای كوردستانی لكێنراو بە سوریاوەیە و بۆ دژایەتی كوردە، وە پێشێلكردنی سەروەری وڵاتێك و نەتەوەیەكە كە نابێت كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی لێی قەبوڵبكات. لەشكركێشی توركیا بۆ رۆژئاوای كوردستان نیشانەی عەقڵیەتی بەرتەسك و  نامرۆڤایەتی دەوڵەتی توركیا و هەموو داگیركەرانی كوردستانە كە ماوەی زیاتر لە ١٠٠ ساڵە لە داگیركاری و لە كوشتار و ئیهانەكردنی كورد و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی كورد و داگیركردنی خاكی كوردستان و تاوانكاری ئەنجامدەدەن، بەڵام بە خۆڕاگری و فیداكاری كورد هەموو ئەم هەوڵانەی داگیركەران شكستیان هێناوە.ئەم دەست درێژیكردنە بۆ سەرخاكی كوردستان تایبەت (كانتۆنی عەفرین)  ،لە گەڵ ئەوەی پێچەوانەی بنەماكانی مافی مرۆڤە لەهەمان كاتدا پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتیەكانیشە.ڕای گشتی جیهانیشی خستۆتە ژێر پرسیارەوە.

لەبەر ئەوەی ڕۆژئاوای  كوردستان تا ئێستاشی لەگەڵدابێت لە ڕووی یاسایی یەوە سەر بە دەوڵەتی سوریایە، كەواتە دەبێت دەوڵەتی سوریا بە ئەركی خۆی هەستێت و لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی و نوێنەرەكەی لە نەتەوە یەكگرتوەكان ناڕەزایەتی خۆی بگەیەنێتە ناوەندی بڕیار لە ئەنجومەنی ئاسایش.بەڵام ئەگەر بەم ئەركە هەڵنەستا وبێ دەنگ بوو كە سەروەری ووڵاتەكەی پێشێلی دەكرێت، ئەوە لە ئایندەدا كە ڕۆلەكانی عەفرین سەركەوتن بەسەر دەوڵەتی توركیا و ووڵاتەكەیان پاراست كەواتە بۆیان هەیە خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی ئایندەی خۆیان بدەن وسوریاش دەبێت بەو( دیفاكتۆی )ە ئەمری واقعە ڕازی بێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP