لەفاف و شەفاف

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 1-02-2018 - 3920 جار خوێندراوەتەوە

بە ڕێکەوت بینیم...لە کافە تریایەک بە دیار ئای فۆنەکەیەوە دانیشتبوو و دیار بوو چووبووە بیرێکی زۆر قووڵ و لە شتێک ورد بوو بووەوە.
لێی چوومە پێشەوە و سڵاوم لێێ کرد و دوای خۆ ناساندن، ڕووخسەتی دانیشتنم لێی وەرگرت و دوای چەند ساتێک لەگەڵی کەوتمە گفتوگۆوە.
من: دەمێکە لێرەی؟
ئەو: بەڵێ
من: دیارە بیر لە شتێكی گرینگ یا بیرۆکەیەکی گەورە دەکەیەوە، چوونکە سەرنجم دا ڕۆچوویتە نێو خەیاڵێکی قووڵەوە؟
ئەو: بەڵێ بیرم لە هاوکێشەیەکی گرینگ دەکردەوە.
من: هاوکێشەی گرینگ؟
ئەو: بۆ کورد تا کو ئێستا وێڕای ئەم هەموو ماڵوێرانی و خەبات و نەهامەتی و کاولکاریەی بەسەریدا هاتووە نەبووە بە خاوەن دەوڵەت و قەوارەی سیاسی خۆیەوە.
من: گەیشتیە دەرەنجامێکی دڵخۆشکەرەوە؟
ئەو: نەخێر
من: بیرت لە چیتر ئەکردەوە؟
ئەو: بیرم لە شەفاف و لەفافیش ئەکردەوە..یادیان بەخێر.
من: کێن ئەمانەی ناوت هێنان؟
ئەو: دوو هاوڕێی خۆشەویستی سەردەمی مناڵیم بوون. هەردووکیان لە کۆمپانیایەکی درووست کردنی شیروماست پەنیر وکەرە ی خۆماڵی ئیشیان ئەکرد..شەفاف حەزی لە ڕاستگۆیی و سەرڕاستی بوو، بەڵام لەفاف ڕاستیەکانی ئەشاردەوە و دایئەپۆشین و بەدرۆکانی سەری لە خۆی وکۆمپانیا شێواندبوو. دواتر لەفاف لەسەر دزی وگزی و درۆو دەلەسە و بە ڵێنی درۆو گەندەڵیەوە دەرکرا و ئێستا چۆتە نێو بزنسی نەوت و تەندەراتی حزبی و جیمەنتۆ و دەرمان و شیش و ئاسن و ئاوو کارەباو بیناسازی و بانک و هۆتێل وکۆکاکۆلاو بیبسی و فانتا و ئای خواردنەوەو تەلەفۆن و قیرو نەوت و غازو هەواو ئۆکسیجن و دوکەڵ و ڕێگاوبان و بلۆک و پەلەوەر و گۆشت و مەعجونی تەماتە و سبوغی قژ و مکیاج و نینۆک  و شووشەو داروبەرد و گێچ و بینە بەردە و ژیان و گوزەرانی لەو پەڕی باشیدایە و کەوتۆتە نێو نازو نیعمەتی نەبڕاوەوە.
 شەفافی ڕاستگۆش بە هۆی ڕاستگۆیی و پابەند بوون بە شەفافیەتیەوە هەر لە فەرمانگەکەی خۆیدا دوو ڕێگایان خستە بەردەمی. یا خانەنشینی یا چایخانەی فەرمانگە. ئەو یەکەمیانی هەڵبژارد، و ئەوە ساڵێکە وەک خێروسەدەقە دوو دانە نیوە موچەی ناقابلی وەرگرتووەو قەرزدار و شەرمەزاری دارووبەرد و ئاسمان و ڕیسمانە.
من: تەمەنت چەندە؟
ئەو: نەمرم، پاییزی داهاتوو ئەبم بە پەنجا.
من: ئاستی خوێندەواریت؟
ئەو: ئەزانم ناوی خۆم بنووسم و دەستی ڕاست و چەپم لە یەکتر جیا ئەکەمەوە.
من: چەند زمان ئەزانی؟
ئەو: کوردی بە هەردوو شێوەزاری بادینی و سۆرانی، فارسی و ئینگلیزی و دانمارکی..عەرەبیش تێ ئەگەم.
من: ماشااللە..باشە ئەو زمانە بیانیانە لە زانکۆ و خولی فێر بوونی زمانەوانیەوە فێر بووی؟
ئەو: نەخێر، خولی چی...!!! لە ئاوارەییدا.
ئەو: بەڵی کەمناڵ بووم بە هۆی کوردایەتی و خەبات و دڵسۆزی و گیانفیدایی و تێکۆشانی باوکمەوە لەگەڵ ماڵەوە ئاوارەی وڵاتێكی جیران بووین. بیست و هەشت ساڵێکیشە لە هەندەران ئەژیم.
من: کەواتە تۆ  هەمو تەمەنت لە ئاوارەییدا بەسەردا بردووە و بە دڵنیاییەوە ئەبێ بزانی ( حوسێنیە) چیە؟
ئەو: بەڵی ئەزانم.....کاتێک ئاوارە بووین لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا، پاشماوەی دەسەڵاتدارانی سیستەمی قاجار و پاشایەتی لە گۆڕ نراو، ئێمەیان بۆ شوێنێکی دوورە دەست، دوور خستەوە و لە نێو حوسینیەیەکدا نیشتەجێیان کردین بۆ شەش مانگی ڕێک...حوجرەو حەوشە کەی گۆڕستان بوو بە ماڵمان و ئێمە لەو پەڕی هەژاریدا لەگەڵ مردووەکانیاندا شەش مانگی ڕەبەق ژیاین و ژیانێکی تا بڵێی ناخۆش و پڕ لە کۆلەمەرگیمان بەڕێ کردو پانزە ساڵەکەی تریش ژیانمان پڕ بوو لە تراژێدیاو نەبوونی و فشاری دەروونی.
من: چەند ساڵ لەم وڵاتە مانەوە؟
ئەو: عەرزم بە حزووری بەڕێزتان پانزە ساڵێک ماینەوە و بەردەوامیش لە ژێر چاودێری پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکاندا ژیانمان ئەگوزەراند، تا کو خوا نەخواستە بیری کوردایەتی و خەبات لە نێو مێشک و دەماغماندا چەکەرە نەکات و نەبینە مایەی دەردەسەری و کێشەی نەتەوایەتی بۆ ئەم وڵاتە نگبەتە.
من:  دیارە قسەت زۆرە بەڵام پێم بڵێ پیتی (خ ) چی ئەخاتەوە بیرو زاکیرەت؟
ئەو: خیانەت و خۆفرۆشی و خائین.
من: کوری باش ئەم دوو وشەیە لە کوێ فێر بووی؟
ئەو: شوکر لە بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستانەوە فێر بووم.
من:  شوکر !!! چۆن؟
ئەو: لە ناو بزاڤی ئازادیخوازی و کایەی سیاسی و ڕزگاریخوازیدا هەمیشە کەسانێک هەبوونە لە پێناو پارە وپوڵ و دەسەڵات و کوێخایەتی کردن بەسەر یەکترەوە،  ئاستەنگیان لەبەردەم بەرەو پێشەوە چوونی دۆزی ڕەوای کورد داناوەو خیانەتیان لە خۆیان و نیشتیمان و هەر هەمووی کردووە، بە بێ ئەوەی کەس لێپێچانەوەیان لەگەڵ بکات و بیانخاتە بەردەم بەرپرسیارەتی کاروکردارە چەوت و دوور لە مۆڕاڵ و مەبدەئەوە.
من: کێ بوونە ئەمانە، ئەتوانی ناو هەڵبدەی؟
ئەو: هههههههههه....وازمان لێ بێنە بێ قەزابی، ئەتەوێ سەرە ڕای کۆڵێک کێشەمەوە، تووشی بەڵایەکم بکەی؟
من: ئەی وشەی ( ن) ؟
ئەو:  جائەمە چین... ئەوە خۆ  هەر زۆر زۆر ئاسانە....نەوت، نگبەت، نیقمەت، نیعمەت، نانبڕین، ناتەبایی، نەمانی بەرپرسیارەتی، نمەک بە حەرامی، نەنک، نامەردی، ناڕەحەتی، نابینایی، نەرمیل ( لەسەر وەزن و قافیەی بەرمیل)، نەرمین، نەشمیل، نۆک، نۆکاو، نانکەر، ناندەر و تانکەر، پانکەر !!!.
من: مەبەستت چیە؟ خۆ  ئەو دوو وشەیەی کۆتایی ( ن) ی تێدا نەبوو!!!
ئەو: هیچ وەڵا هەر خۆشیت. .. من بێ مەبەستم. ئەمانیش سەربە عائیلەی ( ن) ونن.
من؟ ئەی وشەی ( ک)؟
ئەو:  عەرزت کەم...کۆمەڵانی خەڵک..کۆمپانیا....کەرکوک... کوانێ، کۆکا کۆلا.
هەرد ئەوەندە؟
ئەو: جا تۆ ئەمەت پێ کەمە؟ کاکە گیان کورد سەری خۆی و چەندین شۆڕشی لەسەر ئەم کەرکوکە داناوە...ئەڵێی لە گوێی گوێرەکەی تازە لە دایک بوودا نووستووی!!!
من: ئەزانی یەکریزی چیە؟
ئەو: کە مناڵ بووین بەیانیان مامۆستا بە یەک سافیرە لە حەوشەی قوتابخانە بە ڕیز ئەیوەستاندین.
من: ئەی ئێستا؟
ئەو: ئێستاکە بە هۆی سیاسەتبازی و ناتەبایی و کۆنە قین و پارەپەرەستی و دوونیا پەرەستی و  هاوتەریب نەبوونی بەرژەوەندیەکانەوە یەک ڕیز نین و لێک زیزن.
 کورد لە ئەسڵدا چوار پارچە نین، سەدان پارچەیەو ناتەبایی و خۆخۆری و ترازان و یەکتر سڕینەوە بۆتە مۆرک و سیمای نەتەوایەتیمان و لە کۆڵمان نابێتەوە و بۆتە بەڵای گیانمان.
من: ئەتوانی پێم بڵێی وشەی ( پاشەکەوت) لە چیەوە هاتووە؟
ئەو: ئای داخی گرانم... لە موچەوە هاتووە قوربان و بەو مانایە دێت، پارە یا سەرمایە یا موچەکەت لە لایەن خەڵکانی لەخۆت بۆ خۆت دڵسۆزترو ئەمینتر، پاش ئەخرێ بۆ  ئەو دوونیا تا بتوانی لەوێ تۆ گوڵەبەرٶژەو تەماتە و خیاری خۆماڵی و کاڵەکی پێ بکڕی.
من: ههههههههه
من: زۆر باشە...پێم ناڵێی کاتێک بیری کوردایەتی لە نێو دڵ و دەماغ و روح و گورچیلەو سیپەلاک و جگەر و هەناوو گیانی یەکێک چەکەرە ئەکات، چی ڕوو ئەدات و چ گۆڕانێک بەسەر کۆی گشتی کایەی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەم کەسەو و خاووخێزانیەوە دادێت؟
ئەو: هههههه چۆن نازانم! ئەوە نەزانم، کەواتە لە هیچ نازانم.... ئەم برادەرە ی تووشی ئەم حاڵەتە ئەبێ، لە ژیانیدا خۆشی و کامەرانی و بەختەوەری و نازداری و  ژیانی کۆمەڵایەتی و ئاسایی بە چاوی خۆی نابینێ و بە هەژاری و نەداری و بێ کاری و ئاوارەیی و ئازارداری و قەرزداری و کۆلە مەرگی و دەست کورتی و ئاڵۆزی ئەژی و بە هەژاری و قەرزداری و بێ مرادی ئەمرێ و هەژاری و نەداریش بۆ نگبەتی بە میراتی هەمیشەیی بۆ ماڵ و منداڵەکانی بە جێ دێڵێ و بەرهەمی ڕەنج وماندوو بوونەکەشی..........بەرهەمی ڕەنج و ماندوو بوونەکەشی........  ( هەی بە نەعلەت بێ شەیتان) ....تو خوا وازم لێ بێنە هاوڕێ، توا خوا قسەم پێ مەکە، با قسە نەکەم.
من: دیارە زۆر زانی و زۆر لە ( شتەکان ) ورد ئەبیەوە و لای خۆی وردبینی و لێکدانەوەی بۆ ئەکەی!!!
ئەو: بەڵێ ( برادەرانیش) پێیان وتووم. لە خوا بەزیادبێ، وێڕای نەهامەتیەکانی ژیان، هێشتا تووشی نەخۆشی عەقڵی و پاشەکشە و نشوست و ئێکسپایەری ئاوەزەوە نەهاتووم و ئەزانم دونیابە دەور خۆی و خۆرەوە ئە خولێتەوە و ئەم خولانەویەوە نایگەیێنێت بە هیچ کوێ.
من: توخوا؟ یا خوا هەر بێوەی بی.
ئەو: بەڵی، بۆیەش کەوتوومەتە ئەم دۆخەوە، پێیان وتم زۆر بیر بکەیەوەو لە ( شتەکان ؟؟؟) ورد ببیەوە، بەرەو مەرگەساتی ئەبەدی ئەڕۆی و دواتر فلیمی هیندیشت پێ دەردێنن!!!
من: کێ پێی وتی؟
ئەو: تو سەری خۆت و بابت وازم لێ بێنە برا گیان، کۆشێک مناڵی وردو بێ نازو موحتاجم هەس...تۆ بەم هەموو پرسیارانەتەوە ئاخیرەکەی تووشی کێشەگەلی جۆراوجۆرم ئەکەی. من حەزم لە گێچەڵ نیە، بەڵام تۆ خەریکە تووشم ئەکەی.
من: ئەزانی ئەمانە چین یا کێن؟: 
مازاراتی، لامبۆرگینی، بوگاتی، بێنتلی، فێراری، ئەستۆن مارتین، تۆم فۆرد، لویس ڤیتۆن، کیتۆن،  بێریۆنی، پەتیک فیلیپ، ریچارد میل، ڕۆلێکس، هۆبلۆت، ڤێرساچێ، گووجی، ڕەنج ڕۆڤەر، بی ام، تاهۆ؟
ئەو: هەڵە نەبم یاریزانی تۆپی پێی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا یا ئەفریقیا بوون لە سەردەمی نێڵسۆن ماندێلادا.
من: ههههههههه زانیاریەکانت هەڵەیە هاوڕێ...ئەمانەی ناوم بۆت هەڵدا مارکەی گرانبەهای جلوبەرگ و سعاتی دەست و ئۆتومبێلی نایابن. هەیە نرخەکەی ئەڕوا بۆ دوو ملیۆن و شەش ملیۆن دۆلار... بۆ نازانی؟
ئەو:  بە قوربان نە مبووە، لە کوێ بزانم!!! پێم وتی من سەرتاپای ژیانم لە ئاوارەیی ئەم وڵات و ئەو وڵات بەسەر بردووە و سەرمایەی کڕینی ئەو شتانەم نەبووە.. من ملیۆن و ملیارد لێک دەرناکەم، چ بگات بەم شتانە! بەخوا ئێستا لە ماڵی دوونیا تەنیا پایسکلێکم هەیە... ئەوە ئەڵێی چی!!!
من: ئەی ئەمە چیە....بۆنی هەیە و بۆن نیە، ڕەشە و قاوە نیە، ئاو نیەو لەبن ئەرزە و ناخورێتەوە، لە جیاتی بوتڵ بە بەرمیل و تانکەر و مەسینەش سەودای پێ ئەکرێ و هەر ڕۆژەوە نرخێکی بۆ دائەنێن..بۆ هەندێ کەس مایەی نیعمەتە و بۆ هەندێ کەسیش سەرچاوەی نیقمەت؟
ئەو: ئەمە...ئەمە....دۆی ئێرانی یا قاوەی عەرەبی یا شوکولاتی بەلژیکی نیە!!!
من: هههههه... ئەویشت نەزانی... ( نەوتە) حەیاتە کەیە بە ساقە ی خۆت و زانیاریەکان و ئاوارەیی و زۆرزانیتەوە بم.
من: دوا پرسیار...مام هەژاری موکریانی ئەناسی؟
ئەو: بۆ پرسیاری ناوی ئەم کەڵە پیاوە ئەکەی؟ خزمایەتیت لەگەڵدا هەیە؟
من: نەخێر خزمم نیە... چونکە زۆر سەرسامم پێوەی و پێم سەیرە کەس بیری ناکاتەوە ویادەوەریەکانی ناگێڕێتەوە.
ئەو:  ئەوەی مام هەژار نەناسێ، دیارە هیچ دەربارەی کۆماری کوردستان لە مهاباد و  جیهانی ئەدەب و نووسین و شیعر و نووسینەوەی فەرهەنگی کوردی و هونەری باڵای وەرگێڕانی کوردی وعەرەبی نازانێ و زۆر دەبەنگ و نەزان و نەفامە.
من: دوا وشەت؟
ئەو: تۆ ڕۆژنامە نووسی یا ئەفسەری لێکۆڵینەوەی دەزگایەکی هەواڵگری تۆقێنەری سەربە میری؟
من: بەندە ڕاپۆرت نووسم قوربان.
ئەو:  چی.!!! بۆ خاتری خوا.......جا بە بێ ویژدانی لەسەر من ئەنووسی و دواتر بەگرتنم ئەدەی و شاباش و دەست خۆشانە و ئیمتیازاتی پێ وەرئەگری؟
من: نا برای من، نا، ئارام بگرە، مەترسە، من ڕاپۆرت نووسی کەناڵێکی تەلەفزیۆنی و دامەزراوەیەکی میدیای ئەهلی یەکەمی بێ ڕکابەرم ( کە جارێ بە هۆی قەیرانی دارایی و کادری پێشکەوتوو و پێ کەوتوو و شارەزاوە، نیمانە و خەریکی دامەزراندنین).
ئەو: سەرکەوتوو بی و نمونەت زیاد بێت.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP