سڵاوی ئەو و وتاری من

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 29-01-2018 - 2940 جار خوێندراوەتەوە

لە مێژ بوو بەم حاڵەوە نەمبینیبوو...دڵتەنگی وتوورەییەکی لە ڕادەبەدەری پێوەدیاربوو...دیاربوو چەند ڕۆژێک نا، ماوەیەک بوو تووشی ئەم حاڵەتە ناخۆش و شپڕزەییە ببوو.

جورئەتم دایە بەرخۆم و بە بزەو باوەشی کراوەو ڕوویەکی گەشەوە چوم بۆ لای و پرسیاری ھۆکاری دڵتەنگیەکەم لێکرد. سەرەتا نەیویست ھیچ شتێک لای من بدرکێنێ بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەند ساتێک و دڵدانەوەی، ئەوەی مەبەستی بوو، بۆی ھێنامە سەرزمان.

ئەیوت ماوەی بیست ساڵە خەریکی نووسینم لەم ماڵپەڕ و ئەم ڕۆژنامەیە و فلانە پێگەی مەجازی و ئینتێرنێتی، ھەمووشی بە فەرمی و نافەرمی و بە خۆرایی و وەک دەڵێن ( فی سبیل اللە)....نووسینەکانم تەنانەت پانتای تۆری کۆمەڵایەتی فێیس بووکیشی گرتۆتەوەو ئەوێشم کەم تا زۆر ئاشنای بۆن وبەرامەی نووسینەکانم کردووە. کەچی لەو لەشکەرە دۆست و ھەڤاڵ و ھاوڕێیەی دوێنێ و ئەمڕۆم، تەنیا بیست تا بۆ بیست و پێنج کەسێک نووسینەکانم ( لایک) ئەکەن. 

بەڵام کورە نابەرپرسێکی نازپەروەردەکراوی بە شیرو پسکیت گەورە کراوی، دژە سەرماو گەرما ودژە گوللەی فەرماندەی بن دیواری بارەگای نازو نیعمەت، بە پۆست کردنی تەنیا یەک وشە ( سڵاو)، سبحان اللە بیست و پێنج ھەزار لایکی بە خۆرایی و بێ فیلتەر و بێ سیستەمی پاشەکەوت بۆ دەبارێ !!!!!

ئەیوت سەرم سووڕ ماوە لەم خەڵکە و نازانم ئاستی  ھۆشیاری کۆمەڵایەتی و رووناکبیریان بۆ چ دەڤەرێک و ھەرێمێک باری کردووە و ئەمە چ جۆرە کۆمەڵگایەکە خوایە ؟؟؟

وتم خۆت دڵگران مەکە کۆمەڵگاکەمان لەسەر کۆمەڵێک تێگەیشتن و کولتوری سەقەت و تەقلیدی و ھەڕەمەکی و بەرژەوەندچێتی دامەزراوەو بە ئێمە مانان ناگۆڕێت... بەداخەوە زۆرینەی خەڵکی ئێمە دڵیان لەگەڵ ئەوەدایە کێ خاوەنی دەسەڵاتی ڕەھا و پارەو سامانی بێ شوومارە  و کورد بە گشتی نەتەوەیەکی خوێنەرو خۆلیای کتێب و نووسین و  ڕۆژنامە خوێندنەوە و خۆ ڕوشنبیر کردن نیە!!!


نەخۆشخانەی لە دایک بوونی قەیران

وتی باشە ئەی بە مە چی ئەڵێی،  حاڵی خەڵک زۆر پەریشان و ژیان و گوزەرانیشیان گەلەک ناھەموار و بێ دەرەتانە، کەچی ئەڵێن بڕیار دراوە نەخۆشخانەیەکی مۆدێڕن و ھاوچەرخ لە ڕووی خۆشگوزەرانی و دابین کردنی ئامرازەکانی تایبەت بە کوتانی نەخۆشیە گوستراوەکانی دۆخی ( قەیران)، لە سەر ڕووبەری زەویەکی پەنجا ھەزار مەتردووجا، لە دەرەوەی شار ( لە ناوەوەی شار زەوی نەماوە!!)  بونیاد بنرێت و تێچووی پڕۆژەکەش جارێ دیار نیە لە کوێوە تەرتیب دەکرێ و لە لێژنەی سەرپەرشتیار و ئەندامانی بۆرد و بینە و بەردەش ھەر مەپرسە.
 
قەرزەکەی باوکم

وتی کاکە لەمەش بگەڕێ، کاتێک باوکی پێشمەرگەی ھەموو شۆڕشەکانم کۆچی دوایی کرد، بەخوا شەش حەوت وەرەقە ( مەبەست دۆلار) قەرزاری یەکێک لە خزمە نزیکەکانمان بوو....مەلای مزگەوتیش توورە ببوو ئەیوت بە گوێرەی دەقە ئایینیەکان نابێ مردوو بنێژرێت تا قەرزەکەی نەدرێتەوە....دوای گەڕان وسوڕان و سۆراغ کردن لەم پیاوچاک و ئەم پیاو پاک و ماقوڵ و ناماقوڵ، سەرەنجام توانیمان بەر لە زەرد بوونی کفنی باوکمان ( پێشمەرگەی ڕاستەقینەی ھەموو شوڕشەکان)، بڕە پارەکە جارێکی تر لە موسوڵمانێکی بە ویژدان قەرز بکەینەوەو بیگێڕینەوە بۆ خاوەن قەرزە کۆنەکەوە....خاوەن قەرزیش خۆی گران کردبوو، ئەیوت ئەم سەرەم بەم جەستەیەمە وە نابێ و من قەرزی باوکتان جارێ وەرناگرمەوە و باوکی ئێوە ھەموو تەمەنی خۆی بۆ ئازادی نیشتیمان و سەربڵندی گەلەوە بەخشیوەو کورد و کوردستان و ئێمەمانان قەرزارباری خەبات و ماندووبوونی پەنجا ساڵی ئەوین و ......


وتم کاکە گیان پارەکەت وەرگرەوەو گێچەڵی مامۆستای مزگەوتیشمان لەکۆڵ کەوە، تۆ باسی چی ئەکەی؟؟؟ خەبات و ماندووبوون و ئاوارەیی و قارەمانێتی و پاڵەوانێتی و دڵسۆزی و پاکی و شاخ و نازانم چی و چی کوا مۆدیلی ماوە، مێشکمان پڕە لەو قسە باق و بریقەدارانە... دیار بوو بەم قسانە تۆزێک سوکنایی دڵی ھاتەوەو پارەکەی لێمان وەرگرت و ئێمەش بەرەو گۆڕستانی قەراغ شار لەگەڵ ھاوسەنگەرانی باوکم کەوتینە رێ.


لەوێ ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی چین و توێژە جۆراوجۆرە کانی کۆمەڵگەی مەدەنی و عەشایەری و لایەنە سیاسی و ناسیاسی و بازاری و کاسبکاران و مامۆستایان و خەڵکی دەڤەرەکە ئامادەی مەراسیمی ناشتنی باوکم بوون و مەراسیمەکە زۆری نەخایاند و زوو کۆتایی پێ ھات، دیار بوو ھەندێ لە خاوەن شکۆکانی ئەمڕۆو ھاوسەنگەرانی دوێنێ، بە ھۆی سەرقاڵ بوونیانەوە بە ( کاروباری ڕۆژانە) و ...... خوا خوایان بوو مەراسیمەکە زوو کۆتایی پێ بێت و ئەمانیش بگەڕێنەوە سەر دەوامی ئاسایی و رۆژانەی خۆیانەوە...کەم من ئەم حاڵەتەم زۆر پێ ناشرین و نەگونجاوو ناشایست بوو و بە تۆزێک بۆڵە بۆڵەوە یەکێک لەبن گوێچکەم چرپاندی و وتی، کاکە ئەمانە زانیویانە لە علوەی شار پەتاتە و ھەنگوێنی خۆماڵی ناو شاخ ھەرزان بووەو پەلەیانە بچن بۆ ئەوێ...چونکە ئەڵێن ئەم خواردنانە بۆ ئازاری فەقەرات و تەندروستی زۆر بە سوود و باشە، بۆیە با کۆتایی بە مەراسیمەکە بێنین... ناچار وتم باشە.


من گوێم بۆ قسەکانی شل کردبوو و ئەویش بێ وەستان و زۆر بەگەرمیەوە درێژەی پێ ئەدا و ئەکرووزایەوە:


.....دوای چەند ڕۆژێک خاوەندارانی شکۆو گەورەیی و دەسەڵات بەڵێنیان پێداین شوورەیەکی بچووک لە چەشنی دیوارێک لە دەور ئارامگای باوکمان درووست بکەن،  بۆ پاراستنی لە فڕێدانی زبڵ و خاشاک و  بوتڵە مەشرووبی ئۆکراینی و ڤۆدکای ڕووسی و پاکەتە جگەرەی ئەمریکی.  


کەچی ئەوە زیاترلە دوانزە ساڵیش بەسەر بەڵێنەکەدا تێپەڕی و نەک شوورە و دیوار و مۆنۆمێنت، بگرە پەرژینێکی لەرزۆکی بچووک و کورت و شڕو شەپڕێویشیان درووست نەکرد!!! وادیارە ھۆکارەکەی بۆ کەمتر خەمی لایەنی پەیوەندیدار و نەبوونی بودجەی پێویست و پێک نەھاتنی لێژنەو بروکراسیەت و نەبوونی  پارەی بەردەست دەگەڕێتەوە!!!


 لەمەش زیاتر ئێستاکە درووست کردنی دیوار ( نەک دیواری نێوان بەرپرسان و جەماوەری داماو)، بە یەکێک لە ھەوڵ و کردارەکانی تێکدانی شەفافیەت و ئارامی و ئاسایش و لەبار بردنی پڕۆسە و پاکیج و نەخشە ڕێگاکانی ( چاکسازی و پاکسازی) و لەھەمووشی گرینگتر بەھەدەردانی سامانی گشتی لەقەڵەم دەدرێت ودەچێتە خانەی ناپاکی لە نیشتیمان و دەرفەت دان بە بندیوارەکانی ناوشار و گواستنەوەیان بۆ ئەم بەر بن دیوارو بارگرانی لەسەر بودجەوە.

برادەرەکەم بەردەام بوو:


...بەرلە کۆچی دوایی باوکمان، بەرێوەبەری گشتی ھەرسێ کۆمپانیای ناسراووو خێرداری، خوا نەیبڕێ ( وەرخەر پاشا) و( سوخرەکێش) و ( نۆک و فاسۆڵیا)، دوو جار لە میانەی دوو دیداری تایبەت و چاوپێکەوتندا پێشنیازێکی زۆر سەرنج ڕاکێش و ستراتیژی و خەیاڵی و لە ھەمووشی گرینگتر (ئاییندە مسۆگەرکەریان) ی ئەزەلیان خستە بەردەم باوکمانەوە. 


پێشنیازەکە خۆی لەوەدا دەبینیەوە:


بەھۆی خەبات وماندوو بوون و ھەوڵ و کۆششی بێوچان و نەبڕاوەی پەنجا ساڵ تێکۆشانەوە، باوکمان سەرپشک کرا لەوەی بەشێک لە پشکەکانی یەکێک لە کۆپانیاکان ھەڵبژێرێ، تا دواتر لە مەراسیمێکی دووقۆڵی و دور لە چاوی کامێرادا بیکەن بە ناویەوەو مانگانە و ساڵانە داھاتێکی خەیاڵی و ڕۆمانسی و  دوور لە چاوەڕوانیەکان بخرێتە سەر ھەژمارەکانی سەر حیسابی بانکیەوە لە بانکەکانی ئەم لا یا ئەولاو باوکی ڕەحمەتیمان و مناڵە خێر لە خۆ نەدیوو گیرفان بەتاڵەکانی، چیتر چاویان لە معاش و موچە و دەرماڵە و خێر و سەدەقە وھاوکاری ئەم و ئەوو عەریزەنووسین بۆلای سکرتێرە بەڕێزو شکۆمەندە پایەدارەکان نەبیت و ئەویش وەک ھاوڕێکانی ڕۆژانی خەباتی نەپساوە، لە نازو نیعمەتی نەبڕاوەدا بژی و بۆ بەسەر بردنی کاتەکانی پشووی نەورۆز و جەژنەکانی ڕەمەزان و قوربان و سەری ساڵ و خۆ شاردنەوە لە قرچەی گەرمای ھاوینی سووتێنەرەوە،  سەردانی باشوری سودان و ئەفغانستان بکات و ئەوەندە گیرۆدەی ئاوو ھەوای ژەھراوی و ژینگەی خەتەرناکی وڵات و بێ ئاوو کارەبایی و خزمەتگوزاری گشتیەوە نەبێت.


دەیگوت باوکم بەم پێشنیازانە ڕازی نەبووەو وتوویەتی با شەوان دووچاری عەزابی ویژدان نەبم و خەوم نەزرێ. لە جیاتی ئەمە دوو بژاردەی خستبووە بەردەمیانەوە.  داوای کردبوو یا یەکێک لە سەنتەرە زەبەلاحە خێردەرو خێردارە بازرگانیەکانی ( شوێنەکەی گرینگ نیە) بە ناوەوە بکەن یا لە دەستەی بۆردی بەڕێوەبەرایەتی بیکەنە ئەندام!!!......ئەیوت زۆر بە داخەوە باوکی ڕەحمەتیم ئەمیشی چوو، ئەویشی چوو:-(

دیاربوو کاکم زۆر پەست و توورە و تۆراو سەخڵەت ببوو لە دەست زەمەنی سپڵە و چەرخی چەپگەرد:


وتی: پۆلیسێکی ھاتوچۆی یەکێک لە ترافیک لایتەکانی ناو شار ئەمجارە زۆر بە جدی ھەڕەشەی لە قەڵە ڕەشەکەی سەر ستوونی کارەبای ترافیک لایتەوە کردووەو پێی وتووە ئەمجارەیان لەکاتی تێپەڕینی کەژاوەی ئوتۆمبێلەکانی خاوەن شکۆ ( خوا بیپارێزێ) دەست بکەی بە قیڕەقیڕ و گلەیی و گازندە و بۆڵە بۆڵی بێ لانەیی و بێ ماڵی و بێ موچەییەوە، خوا عالیمە بە کارەبای فوول یا بەردەقانی لەسەر ئەم ستوونەی کارەبا ئەتخەمە خوارەوەو ھەپڕوون بە ھەپڕوونت ئەکەم.....
قەڵەڕەشەکەش لێیداوە لە قاقای پێکەنین و وتووویەتی:


ھھھھھھھھھە.....کوری چاک...داماوی لەمن بەدبەخت تری گیرفان بەتاڵ... تو خۆت ئەوە شەش مانگە لەبەر ڕووناکی مۆمەوە لە ماڵەوە ڕیش ئەتاشی و بۆ چوونە حەمامیش چرای تەلەفۆنەکەت دائەگیرسێنی و موچەکەشت زیاتر لە دوو ساڵە تووشی ڤایروسی ھەڵامەت و پاشاگەردانی و ئیفلیجی و پەک کەوتەیی بووە و بەشی نیوەی مانگیش ناکات و  ھیچ لە ئاییدەی خۆت و پیشەکەت و شارو وڵاتت نازانی و ساڵێک زیاترە لە دڵەوە پێنەکەنیوی...کەی کارەبای ( فوول) ھاتەوە قسەیەک لەسەر ( کارەبای فوول) ەوە دەکەین و ڕیکەوتنێکی ستراتیژی دوو قۆڵیش ئیمزا دەکەین، تا مەبادا نان بڕاوو دەربەدەرم نەکەی و منیش رێگای دەریاو ھەندەران نەگرمە بەر، چوونکە بیستوومە لە وڵاتی ( بێ خەمستان) لەک لەکەکان لەو پەڕی رەفاھیەتا ئەژین و کەسیش ناتوانی بە ھۆی یاساسەروەریەوە ھەڕەشەیان لێ بکات.     

دوای تەواو بوونی کاکی دڵتەنگی برادەرم لە دەردەدڵە زۆرو زەوەندەکانی و گوێ شل کردن بۆی، منیش تەواو بێ تاقەت بووم و مالئاواییم لێی کرد و لەگەڵ خۆم وڕێنەم دەکرد و بەڵێنم دا، تا من مابم، جارێکی تر ئەم جۆرە پرسیارانە لە ھیچ بەنی ئادەمێک نەکەمەوە!!.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP