بەپەلە

فریای کەرکوک بکەون

مەریوان عەلی محەممەد - 27-01-2018 - 7660 جار خوێندراوەتەوە


بەدەر لە موقەدەسیی چوار پارێزگاکەی ھەرێم , پارێزگای کەرکوک بەھاو خەسڵەتێکی دیکەی ھەیە کە جیای دەکاتەوە لە دەستەخوشکەکانی , شاری کەرکوک وەکو خاک بۆ ھەر چوارپارچەکەی کوردستان پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە , لەپێناو دەستبەردارنەبوون لە کوردستانیی بوونیدا , جەنگێکی خوێناویی و خەباتی چەکداریی  دەیان ساڵەی بۆ بکرا , لەو مێژووەشدا و لەکاردانەوە دڕندەییەکانی حکومەتی بەعس لەھەمبەر خەباتی چەکداریی کە لەبنەرەتدا درێژەپێدەری ئەو خەباتە چەکدارییە بۆ  ملنەدانی سەرکردایەتی کورد بوو  لەدەستبەردارنەبوونیان لە شاری کەرکوک , کورد ئەنفالکرا, کیمیا باران کرا, شارەکان چۆڵکران و ڕەوکرا بۆ ئێران و تورکیا ,ھەرلەو مێژووەشدا دوو دانوستانی نێوان رژێمی بەعس و خاوەنانی دروشمی کەرکوک دڵی کوردستان و کەرکوک قودسی کوردستانە لەپێناو کوردستانیی شاری کەرکوک شکستی ھێنا, بۆدەستبەردانەبوونی ئەو شارە ھەزاران پێشمەرگە شەھید بوو , ھەزاران کەمئەندامبوون, ھەزاران خرانە بەندیخانە , سەدان ھەزار منداڵ ھەتیو کەوتن و ھەزاران ژن و دایکیش جەرگیان سووتا. 

مێژووی جاران و ئێستای شاری کەرکوک  خەریکە تێکەڵ و دووبارەدەبێتەوە , لەو سەردەمەی کە حوکمی بەعس فەرمانرەوابوو, بە پرۆسەیەکی بەرنامە بۆ دارێژراو , کەرکوک تەعریب دەکرا, کوردیان دەردەکرد و عەرەبیان لەشوێنیاندا نیشتەجێدەکرد, لەم سەردەمەشدا ھەمان تاوان دووبارە دەکرێتەوە, کەچی زۆر بە ئەسەفەوە خاوەنە رەستەقینەکە لەبەر ململانێی سیاسیی نێوان پارتە کوردییەکان بوونەتە قوربانیی و شارەکەش  رادەستی پێکھاتەی عەرەب کراوە.

پێَویستە راشکاوبین و لایەنی کەمتەرخەم بەئاگابھێنرێتەوە بۆئەوەی چیتر رێگە نەدرێ خۆمان ببینە پردێک بۆ ھێنان و  رادەستکردنی جڵەوی شارەکە بە پێکھاتەکانی دیکە, ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەرێوەیەو چەند مانگێکی کەمی ماوە و لایەنەکانی تورکمان و عەرەبی شارەکەش تەدارەک ئامادەکەن بۆ ئەوەی سوود لە پەرتەوازەیی کورد ببینن و لەھەڵبژارداندا ئاھەنگ بگێرن, ئەگەر خوانەخواستە ئەو ئاھەنگە بگێرن ئەوا ھیچ لایەنێکی کوردی سوود و قازانج ناکات , لەھەڵبژاردنی شاری کەرکوکدا عیبرەت لەیەک لیستیی نێوان لایەنە کوردییەکان نییە بەڵکو عیبرەت لەیەکریزییە , ئاساییە لەمدۆخەی ئێستای کەرکوکدا کورد بەلیستی جیا بەشداری بکات چونکە بەھۆی رووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ھەروەھا خراپبەکارھێنانی دەرھاویشتەکەی لە دژی یەکتردا , ھەندێک لە دەنگدەری شارەکە لەم لایەن  یاخود لەو لایەن نیگەران بوون بۆیەبۆ ئیحتیواکردن و لەدەستنەدانی ئەو دەنگانە ئاساییە چەند لیستێکی کوردی ھەبێ , کەواتە دەبێت ھەرچی زووترە کێشەکانی نێوان پارتە کوردیەکان لەشاری کەرکوک  بەقەبارە گەورەییەکەی خۆیەوە وەلابخرێت و  ھەموو ھەوڵ و تواناکان لەپێناو پرسی نیشتمانیی و نەتەوەیی دۆسییەی کەرکوکدا بخرێـتە گەڕ . دەزانین کێشەکانی نێوان لایەنەکوردییەکان زۆر گەورە و قەبەن و ھیچ لایەنێکیش نەخۆی بە ھەڵە دەزانێت و نە ئامادەشە لێبووردنی ھەبێ و چاوەرێی دەرفەتن بۆ تۆڵە لەیەکتر. 

 بەڵام دەکرێت ئەو کێشانە لەپرس و مەسەلەی دیکەیدا بەکتری برێژن و بیرێک لەو قوربانییە زۆرو زەوەندە بکرێتەوە کە بۆ شاری کەرکوک دراوە چونکە دواجار مێژوو و نفرەتی میللەت لەو لایەنە نابێتەوە کە دەبێتە سەبەبکار بۆ تەعەریب و لەدەستدانی جڵەوی شارەکە
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP