کەسێتی بە ئیرادەی تاکی رۆژئاواو بێ ئیرادەیی باشوور!

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 25-01-2018 - 5219 جار خوێندراوەتەوە


سەرباری پرۆسەی بەردەوامی کۆڵۆنیالیکردنی ھەموو کوردستان لە رووی سەربارزی و ئیداری و ئابووری و کەلتووریەوە، جیاوازی ئاشکراش لە نێوان باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستاندا ھەبووە. لە باشوور لە جەنگی یەکەمی جیھانیەوە بزووتنەوەی رزگاری نیشتیمانی بەردەوام بووەو سەرئەنجامیش لە ساڵی ١٩٩١ بەدواوە بەشێکی زۆری باشووری کوردستان لە ژێر چەپۆکی داگیرکەری عێراقی رزگار کراوە، بە پێچەاونەی رۆژئاوا نەبزووتنەوەیەکی دیار لەوێ سەرییھەڵداوە، نە کورد ھیچ مافێکی وەکو مافی قسەکردن و خوێندن و بەدەستھێنانی ناسنامەی ھەبووە کە لە باشوور ئەم مافانەی لە مێژە بەدەستھێناوە. کەچی ئەوەی جێگای سەرنجە تاکی کورد لە باشوور لە بارێکی لاوازو ھەست بەکەمیکردنی تەواوەتیدایەو بەگشتی توانای نیە لەسەر پێی خۆی رابووەستێت و ھەرئەوەش وای لێدەکات لەبەردەمی عەرەب و فارس و تورکدا زۆر لاوازبێت و بچەمێـتەوە، ئەو لاوازیە وایلێکردووە ئینتیمای بۆ خاک و بۆ نیشتیمان و بۆ داھاتووی نەتەوەو نیشتیمانیش زۆر لاواز بێت و دەرئەنجامی ئەو لاوازی و شکستی کەسێتی و ھەست بە بچووکیکردنەی ئەوەیە کە بەردەوام لە باشوور وەکو تراژیدک کۆمیدیا بەردەوام خۆی نمایش دەکات کە زیاترین شێوە ئەوەیە بە دژی یەکتری دەست تێکەڵاوی داگیرکەران دەکەن، ناپاکی لەیەکترو لەخاک و نیشتیمان دەکەن.. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ روخاندنی ئیرادەی تاک لەم بەشەی کوردستان بە تایبەتی حیزب و نوخبەی سیاسی  و دەستەی سەرەوەی حیزبی لە باشوور بێ ئیرادەترین توێژن لە کۆمەڵگەی کوردیداو لە زۆر لەو بنەما و پرینسیپانە رووتکراونەتەوە کە پێویستن بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت لەسەر پێی خۆی رابووەستێت و ملکەچی داگیرکەر نەبێـت و بتوانێت بڵێت نا نەخێر نابێت. شکستەکانی باشوور بەرھەمی ئەم بارەی کەسێتی تاکی باشوورە کە حیزب و سیاسەتی حیزبی نانەتەوەیی و نانیشتیمانی و رۆڵی نوخبەی پاشکۆی داگیرکەران تیایدا ئاشکراو دیارە..

بەڵام سەرباری نەبوونی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە رۆژئاوای کوردستان باری کەسێتی تاکی کورد لەوێ جیاوازی ھەیە لە باری کەسێتی باشوور.  کەسێتی تاکی رۆژئاوا بەوجۆرەی باشوور نەڕوخێنراوەو ھەست ناکات لە عەرەب و تورک و ئەوانیتر کەمترە، ئەوەش وای لێکردووە خاوەنی  ئیرادە بێت و ھەرئەوەش وادەکات لە کۆبانێ بەو ئیرادە پۆڵاینەوە بەرزترین نموونەی پاڵەوانبازی تۆمار بکات، ئێستاش بە ھەمان ئیرادەوە لە عەفرین بەرامبەر سوپای فاشیزمی عوسمانی نوێی داگیرکەری تورک بووەستێت. کەچی لە باشووری بە گەورەترین ھێزەوە ئەوەی بە درۆ ناویان ناوە قودسی کوردستان یان دڵی کوردستان دەدەنەوە دەستی دوژمنی داگیرکەر و پاشساویش بەوە دەھێننەوە کە گوایە ھیزی داگیرکەر زۆر بەھێزەو ئەمان لاوازن دیارە ئەمەش لوتکەی روخانی ئیرادەی ئەم نوخبە حیزبیەیە لە باشوور.  لە رۆژئاوا ھێشتا ئینتیما بۆ خاک و نیشتیمان نەڕوخاوە، ئیرادەی تاک بەھێزەو ھیوادارم بە چەشنی ئیرادەی تاکی کوردی باشووری لێبەسەر نەیەت. 

ھەروەک ھیوادارم فشە حیزبی کارتۆنی و درۆو ساختەی بەناو فرەیی و دیموکراسی درز نەخاتە ناو ھێزی پتەوی رۆژئاواوەو بەدەردی فرەیی درۆزنانەی باشوورو رۆژھەڵاتمان نەبات. دیارە ھۆیەکی شکست و بێ ئیرادەبوونی باشوور ئەوفرەییە ساختەیە کە بووەتە بنەمای دابەشبوون و روخاندنی یەکێتی نەتەوەیی و لە بری داگیرکەر ئامانجی سەرەکی حیزبەکانی باشوور دژایەتی کردنی یەکترە بەوەش پێشمەرگەیان لە پارێزەری نیشتیمان و خاکەوە کردووە بە پاێزەری حیزب و بنەماڵەو کەسەکانی ناو حیزب. واتە لە عەقڵی حیزبی باشووردا نەتەوەو نیشتیمان غائیبن بەڵکو بنەماڵەو کەسەکان و بەرژەوەندی حیزب و بنەماڵ‌کان و کەسەکان ئامادەییان ھەیە. ئەمەش مانای ئەوەیە کە لێرە لای حیزب و نوخبەی سیاسی و حیزبی باشوور نیشتیمان تەواو بووەو ئەوان ھیچ خەمێکی نەتەوەو نیشتیمانیان نەماوەو ھەم لە رووی پەروەردەی حیزبیەوەو ھەم لە رووی رەفتارو ھەڵس و کەوت و بەڕێ,ەبردنی شکستخواردووشەوە جەماوەریان بێ ئومێد کردووەو ئیرادەی خەڵکیان رووخاندووە. بۆیە ئێستا باشوور لەبەردەم مەترسیەکی گەورەدایە چونکە ئیرادەی خەڵک روخاوە. مەترسیترین ھەڕەشە لەسەر کورد روخاندنی ئیرادەی کورد خۆیەتی. ئەو بارە ناھەموارو بێ ئومێدیەی کە ئێستا کوردی باشووری تێدا دەژی بە ھۆی روخاندنی ئیرادەوەیە..

 کە ئیرادە روخا گیانی بەرگریش ھەرس دەھێنێت.. ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا ئەگەری ئەوە ھەیە کوردی باشوور ببێتەوە بە خاوەنی ئیرادەیەکی ئەوتۆ کە ھەم لەسەر پێی خۆی رابووەستێت، ھەم بگاتە ئاستێک بەم حیزبە سیاسیە شکستخواردوانەی ئێستاو بەم نوخبە حیزبی و سیاسیە نەخۆشەی ئێستا بڵێت بووەستە، کاتت بەسەر چوو چونکە مێژوویەکە ئیرادەو رۆحی ئێمە دەکوژن و لەسەر سینی بەرژەوەندییەکانی خۆتان سوکایەتیمان پێ دەکەن و رۆح و ئیرادەمان ھەتک دەکەن.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP