ھەڵبژاردن خاڵی دەسپێکردنە نەک ئامانجی کۆتایی

سەپان ئەنوەر - 23-01-2018 - 4957 جار خوێندراوەتەوە

بەزەرورەت لەگەڵ واقعی ئەمڕۆدا ،پرۆسەی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێ گەرد باشترین چارەسەرە بۆ تێپەڕاندنی دۆخی سیاسی وئابوری وکۆمەڵایەتی ئەم ھەرێمە ، لەبەر ئەوەی کلتوری سیاسی ئێمە بەدروستی دانەمەزراوە و ھەروھا موتەمەسیک نیە بە دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە ئاشتی ، بۆیە ھەرێمی کوردستان لە دوای ڕاپەرین و بەتایبەت دوای بیست و شەش ساڵ حوکمڕانی ئەم ھەرێمە لە ناسەقامگیری سیاسی و سەربازی ئابوری کۆمەڵایەتی دەگوزەرێت ، سەڕەرای لەبەرچاوگرتنی دۆخی ھەرێمایەتی و کرچ و کاڵی ناوەخۆیی بە ڵام ھێشتا  کورد لە ناوەخۆ و دەرەوە دژایەتی دەکرێت . 

دیموکراسی شەپۆڵێکە دەکرێ لە ناو ھەموو کۆمەڵگەیەکدا ھەندێک کەس لەگەڵ ئاراستەی شەپۆلەکە و ھەندێکی تر پێچەوانە مەلە بکەن و بگرە  ھەندێک کەس و ھێز و لایەن سەرەرای ھەڵگرتنی دروشمی قەبەو گەورە و ئیدیعا کردنیان بۆ دیموکرسی بەڵام لەجەوھەردا دژی دیموکراسین ، بۆیە ھەڵبژاردن ئامرازێکی دیموکراسیە پیادەکرێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگە ڕای خۆی بە ئازادانە و بەئازادی بەشداری سیاسی وبڕیاری سیاسی بکات بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆی و کۆمەڵگە لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدان ، ئەوەش دەبێتە ھۆی ھەل ڕەخساندن بۆ ھێنانە دی سیستەمێکی تەندروست ، پاڵپشت بە دەستور و یاسا بۆ گۆڕینی دەسەڵات بەشێوازێکی ئاشتیانە ، بەڵام لەم ھەرێمە ھەڵبژاردن بۆتە گەمەیەکی درۆینەی ھەردوو پارتی دەسەڵات ، چونکە فرسەتیان نەڕەخساندوە بۆ حزبی تر بگەنە دەسەڵات یان وەک ئۆپۆزیسیۆنێکی راستەقینەو کارا کار بکات ، ئەوەش بەھۆی بەرتەسک کردنەوەی بواری ئازادی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابوریش ، ھەمووی ئەوانە قۆرخکرا لە پێناو بەرژەوەندی حزبی و کەسی لە پێناو بەرھەمھێنانی تاکێکی بێ بەرھەم و بۆ کۆیلەکردنی کۆمەڵگە ، بۆیە ھەر پارتێکش وەک ئۆپۆزسیۆن ھاتبێتە مەیدانی سیاسی ڕستەوخۆ خیتابی توندی ئاراستەی ھەردوو حزبی خاوەن دەسەڵات کردوە ، چونکە ھۆکاری تێگدانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری کۆمەڵگە بوون ، لەبەرامبەردا دەسەڵاتیش ئەوانی بەنەیاری خۆی و پەنجەی تەخوینی بۆ درێژ کردون ، بۆیە لەم نێوەندەدا بوونی دیموکراسی و عقلانیەتی دەسەڵات و رەخنەی بونیاتنەر وون بووە . 

بە پێی روانگەی (روبورت دال) ھەڵبژاردنێکی (پاک و ئازاد) خاڵی دەسپێکردنە نەک ئامانجی کۆتایی بێت لە سیستمی دیموکراسیدا، راستە ھەڵبژاردن تاکە چارەسەرە بۆ چاکردنی ئەم دۆخە دروستکراوەی کە بە سەر کۆمەڵگە سەپێنراوە ، بەڵام پرسیارەکە لێرەیە ھەرێمی کوردستان تاچەند دەتوانێت ھەڵبژاردنێکی پک بێ گەرد و ئازادانە ئەنجامبدات و دەسەڵات بە ئەنجامەکەی بە راشکاوی قبول بێت و دەسەڵات وئیرادەی خەڵک بگاتە ئامانج و ببێتە ھۆی دە ستاودە ستکردنی ەسەڵات بە ئاشتی .  

چونکە ھەردوو حزبی حوکمڕان ، دەسەڵاتیان پیادەکردوە بۆ بەردەوامی و ڕەوایەتی خۆیان لە رێگەی بەکارھێنانی ئەو توانا ماددی و مەعنەویانەی لە بەردەستیان بووە  بۆ خۆڵ لە چاوکردنی خەڵک بە دروشمی نیشتمانی و شەرعیەتی شۆرشگێری و گۆرینی وەلائی نیشتمانی بۆ وەلائی حزبی و لەوەش خراپتر بۆ وەلائی ئەشخاس پەرستی ، بۆیە ھەڵبژاردن لەم قۆناغەدا ئالیەتێکی ھەزمنەکراوە بە ھۆی زانینی پێشوەختەی ھەڵویستی کۆمەڵگە لەمەڕ دەسەڵات ، چونکە تەواو ترسیان لە شەقام و دەنگدەر ھەیە بەھۆی  چۆنێتیەکی خۆسەپێنی دانپیانە نراو دور لە غیابی شەرعیەتی کۆمەڵایەتی و یاسایی ، چونکە لایان روونە نابنەوە خاوەن دەسەڵاتێکی شەرعی لە رێگای سندوقەکانی دەنگدان ، ھەر بۆیە  بەردەوام زیادەڕەوی و ناھەقییان کردوە دەرھەق بە پرۆسەی ھەڵبژاردن و ئەنجامی ھەڵبژاردن ، وەلێ دەزانن ئەنجامی رستەقینەی ھەڵبژاردن  دەبێتە پاراستنی ماف و چارەنووس و کەرامەتی ھاوڵاتی .
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP