بەپەلە

ڕۆڵی ئافرەت لە کایەی سیاسی دا

چیا ئیسماعیل عوسمان - 23-01-2018 - 5740 جار خوێندراوەتەوە

بەشداری ئافرەت لە کایەی سیاسیدا بریتی یە  لەو چالاکیانەی کە ئافرەت ئەنجامیان دەدات لە پیادە کردنی مافە سیاسی و شارستانیەکانی خۆی وەک مافی دەنگ دان و خۆ کاندید کردن بۆ ئەنجومەنەکانی نوێنەران و ئەنجومەنە خۆجێیەکان، ھەروەھا بەشداری کردنی لە سەندیکاو ڕێکخراوەکانی ژنان و ئازادی ڕادەربڕین و یەکسان بونیان لەگەڵ پیاوان لەبەردەم یاسادا. وە ئاشکرایە کە بنەمای یەکسانی یەکێکە لە گرنگترین بنەما سەرەکیە دەستوریەکان کە ھەمو ماف و ئازادیە گشتی یەکانی لەسەر بەندە لە نێوانیشیاندا مافی سیاسی.

دەستەبەر کردنی مافی سیاسی ھاوڵاتی خۆی بۆ خۆی بەردی بناغەیە بۆ بەدیھێنان و پیادەکردنی سەرجەم ماف و ئازادیەکان، لێرەوە پەیوەندیەکی ڕاستەوانە ھەیە لە نێوان پیادەکردنی مافی سیایی و بەدیھێنانی ئازادیە گشتیەکانی دی.

بە درێژایی مێژو ئافرەتان خەباتیان کردوە بۆ بە دەستھێنانی مافە سیاسی و مەدەنیەکان، ئەم ھەوڵانەش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵتیدا ڕەنگ دانەوەی ھەبوە بۆ نمونە لە جاڕنامەی گەردونی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٤٨ لە ماددەی یەکەمی ئەو جاڕنامەیەدا جەخت دەکاتەوە لە سەر مافی ھەر تاکێک لە بەدیھێنانی گشت ماف و ئازادیەکان بە بێ جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا. وە لە دەرئەنجامی ئەو جاڕنامەیە نەتەوە یەکگرتوەکان ڕۆڵی گەورەی بینی لە ھاتنە کایەی رێککەوتنامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە سیاسیەکانی ئافرەت لە ٢٠ی دیسەمبەری ساڵی ١٩٥٢ کە لە ساڵی ١٩٥٤ چوە بواری جێبەجێ کردنەوە، کە تیایدا مافی ئافرەت لە دەنگدان و خۆ کاندید کردن چەسپێنرا، دوای ئەوەی کە ساڵانێکی زۆر ئەم مافە تەنھا بۆ پیاوان بو، ھەروەھا لەو ڕێککەوتنامەیەدا جەخت کراوەتە سەر مافی ئافرەت لە خۆ کاندید کردن لە ھەڵبژاردنەکاندا و گرتنە دەستی پلەو پۆستەکانی دەوڵەت.

ھەر بۆ ئەو مەبەستەی لەسەرەوە باسکرا جارێکی تر نەتەوە یەکگرتوەکان لە ٧ ی نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٦٧ (جاڕنامەی نەھێشتنی جیاکاری دژی مێینە) ی ڕاگەیاند کە لە ماددەی چواردا بە ڕاشکاوی باس لە ڕێ و شوێنی پێویست دەکات  بۆ یەکسانی نێر و مێ لە مافی دەنگدان و خۆ کاندید کردن بۆ سەرجەم پۆستەکان و وە مافی ئافرەت لە بەشداری لە داڕشتنی سیاسەتی حکومەتدا وە پێویستی بەشداری ئافرەت لە ڕێکخراو و سەندیکاکاندا.

ئایا ئیسلام ڕێگرە لە بەشداری ئافرەت لە کاری سیاسیدا؟ 

کاتێک سەیری قورئانی پیرۆز دەکەین دەبینین تێڕوانینێکی تایبەتی ھەیە بۆ ئافرەت و ھیچ جیاکاریەکی نەکردوە لەگەڵ پیاودا تەنھا لە ڕوی سایکۆلۆجی و فسیۆلۆجیەوە نەبێت کە ھەندێ جیاوازی کەم ھەیە کە ئەویش زانستی سەردەم پاڵپشتی دەکات، بەڵام لە ڕوی مرۆییەوە ھیچ جیاوازیەک بەدی ناکرێت بۆ نمونە خوای گەورە لە چەندین شوێندا لە قورئاندا ھاوشانی پیاوان باسی لە ئافرەتیش کردوە لە سورەتی النساء ئایەتی ژمارە ١ دەفەرموێت (یا ڕیھا الناس اتقوا ربکم الژی خلقکم من نفس واحدە وخلق منھا زوجھا...) وە لە سورەتی الاحزاب ئایەتی ٣٥ دەفەرموێت ( ان المسلمین والمسلمات والمۆمنین والمۆمنات والقانتین والقانتات....) وە لە سورەتی الحجرات ئایەتی ١٣ دەفەرموێت ( یڕیھا الناس انا خلقناکم من ژکر و انپی وجعلناکم شعوبا و قبائل...)، دەتوانین بڵێین گوتاری ئیسلام بۆ ژن و پیاو لە ڕوی تەکلیفەوە ھەمان گوتارەو ھەمان ئەرک و مافیان ھەیە، چۆن دەکرێت ئیسلام ڕێگری لە کاری سیاسی ئافرت بکات لە کاتێکدا ئەگەر سەیری مێژوی ئیسلام بکەین بە ھاتنی ئەم ئاینە شکۆ و کەرامەتی بۆ ژنان گێڕاوەتەوەو میراتی پێ بەخشیوە کە پێشتر ئەو مافەی نەبوە، وە ڕێزی لێ گرتوەو بە تەواوکەری پیاوانی داناوە کاتێک پێشتر وەک کاڵایەک بەکار ھاتوە لەلایەن پیاوانەوە و ھیچ مافێکی نەبوەو تەنانەت لەلایەن ھەندێکەوە بە چاوی شەیتان سەیر دەکرا، پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرمویەتی (انما النساء شقائق الرجال)، ئیسلام مافەکانی ئافرەتی دەستەبەر کرد، وە ئازادی پێ بەخشی کاتێک پێشتر کۆیلە بو کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرا.

جوانترین و زیندوترین نمونە بۆ کاری سیاسی ئافرەت لە ئیسلام دا عائیشەی خێزانی پێغەمبەر و دایکی ئیمانداران، زۆر جار ھەوڵی داوە چارەسەری گرفت و ڕوداوە مەترسیدارەکان بکات و ڕای خۆی ھەبوە لە بارەیانەوە، وە توانیوێتی زیاتر لە ھەزار فەرمودە لە پێغەمبەرەوە بگێڕێتەوە وە لە ڕوی سەربازی و خەباتی سیاسی یەوە ئەو کات ئافرەتان بەشداریان ھەبوە لەگەڵ باوک و براو ھاوسەرە موسڵمانەکانیان.

لە کاتێکدا لە ئێستادا دۆزی بەشداری ئافرەت لە کاری سیاسیدا بە شێوەیەکی بەرچاو لاسەنگەو گرنگی زۆری پێ نەدراوە لە ئەجێندای  حیزبە سیاسیەکاندا لەم سەری چەپەوە بۆ ئەوسەری ڕاست . ئەمەش بەشێوەیەکی گشتی بەھۆی ئەو واقیعە کۆمەڵایەتیە باوەی کە بە چاوی کەم سەیری ئافرەتان دەکرێت، وە بەشداری یەکسانی ژن و پیاو لە بەشداری کاری سیاسی ھێشتا بە جۆرێک لە سڵەمینەوە دەخرێتە ڕوو، ئەمە لە کاتێکدا ئێستا لە وڵاتان و دنیای مۆدێرندا بەشداری کاری سیاسی ئافرەتان بە پێوەری پێشکەوتن و گەشەکردنی کۆمەڵگا دادەنرێت.

بەربەستەکانی بەردەم کاری سیاسی ئافرەتان:

بە ورد بونەوە لە گرفتەکانی بەردەم کاری سیاسی ئافرەتان دەتوانین بەم شێوەیەی خوارەوە دەستنیشانی گرنگترینیان بکەین:

-سەروەر بونی ئەو چەمکانەی کە دژی مافی ئافرەتن و ئەو داب و نەریتانەی لە کۆمەڵگادا باون و دژی کاری سیاسی ئافرەتانن.

-نەبونی ھۆشیاری پێویست لای ئافرەتان خۆیان سەبارەت بە گرنگی بەشداریان لە کاری سیاسیداو ھەوڵدان بۆ بە دیھێنانی مافە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵاتیەکانیان.

-زاڵ بونی پیاو و ڕوانگەی پیاو سالاری بەسەر کایەو جومگەکانی دەوڵەت و دامەزراوەکان و ئابوری وڵات و قۆرخ کردنی پلەو پۆستە باڵاکان لەلایەن پیاوانەوە.

-دابەش کردنی ڕۆڵە تەقلیدیەکان لە نێوان ژن و پیاو لە کاروبارە کۆمەڵایەتی و خێزانیەکاندا، کە ھەمیشە ئافرەتان پشکی شێریان بەردەکەوێت لە پەروەردەی منداڵ و چاودێری خێزان و بەڕێوەبردنی ماڵ.

-ڕۆڵی سلبی ھۆکارەکانی ڕاگەیاندن ئەوانەی کە زیاتر لە ژێر کاریگەری بیری پیاو سالاریدان، ئافرەتیان کردۆتە دیلی ئەو بۆچونە ھەڵانەی کە گوایە کەم توانان  لە بەشداری چالاکیە گشتیەکانی کۆمەڵگاو کاری ئەوان نیە.

-کەمی ڕێکخراوەکانی ژنان کە چالاکن لە بەرگریکردنی ڕاستەقینەی دۆزی ژنان و سەربەخۆ بن و پاشکەوتەی حیزبەکان نەبن، ئەو حیزبە سیاسیانەی تەنھا بۆ ئارایشتی سیاسی ڕوی حیزبەکانیان کەمێک بوار بە ئافرەت دەدەن و لە بنەڕەتدا ھیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نیە و خاوەنی بڕیار نین. 

-بڵاو بونەوەی دوو دیاردەی کوشندە لەسەر ئاستی جیھان  کوردستانیش بێ بەش نیە لێیان، ئەوانیش دیاردەی ھەژاری کە ئافرەتان پشکی شێریان بەردەکەوێت و ھەمو ھەوڵیان بۆ بەدەستھێنانی بژێوی ژیانیانەو دوەمیش دیاردەی بازرگانی کردن بە ئافرەتانەوە کە ئەمیش ھەر بەرھەمی ھەژاریە و گەورەترین ئاستەنگی بەردەم گەشەکردنی ئافرەتانن و گێڕانی ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا. 

-نەخوێندەواری و نزمی ئاستی خوێندن دەردێکی کوشندەی کۆمەڵگە دواکەوتوەکانە بۆ ھەموو تاکەکان بەشێوەیەکی گشتی و بە تایبەت بۆ ئافرەتان.

چی بکرێت بۆ پشتگیری بەشداری ئافرەت لە کاری سیاسیدا؟

خەباتی ئافرەتان پێویستە بەردەوام بێت لە پێناو گۆڕینی ئەو ڕوانگە خراپەی کە ھەیە بەرامبەر بەشداری ژن لە کایەی سیاسی و سەیر کردنی ئەو بەشداریە وەک جۆرێک لە خێر پێ کردن پێویستە کۆتایی پێ بھێنرێت، بۆ ئەمەش چەند ڕێ و شوێنێک پێویستە بگیرێتە بەر لە خوارەوە ئاماژە بە گرنگتینیان دەکەین:

-گۆڕانکاری و گەشەپێدان بە پرۆگرامی حیزبە سیاسیەکان بە جۆرێک کە یەکسانی نێوان ھەردو ڕەگەز بپارێزرێت و پشتگیری ئەندام و کادێری ئافرەتان بکرێت و مافە حیزبی و سیاسیەکانیان پارێزراو بێت.

-کاری ھاوبەش لە نێوان ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی تری کۆمەڵگەی مەدەنی بکرێت کە بەرگری لە یەکسانی ژن و پیاو دەکەن لە مافەکانیاندا.

-کار کردن بۆ زیاتر ھۆشیار کردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە بە ھەردو ڕەگەزەوە لەسەر گرنگی بەشداری ئافرەتان لە کاری سیاسی و پێویستی خەبات لەو پێناوەدا و جیا نەکردنەوەی دۆزی ئافرەت لە کۆمەڵکا بە جۆرێک کە تەنھا پەیوەندی بە ئافرەتەوە ھەیە بەڵکو زیاتر کار کردن لەسەر ئەوەی کە دۆزی ئافرەت دۆزی ھەمو کۆمەڵگایە.

-ھەوڵدان بۆ بە دەستھێنانی پشتگیری تەواو لەلایەن حکومەتەوە بۆ نەھێشتنی نەخوێندەواری و بەرز کردنەوەی ئاستی خوێندن و ھۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری ئافرەتان وە کردنەوەی سەنتەری توێژینەوە بۆ ئەو مەبەستە و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ ئافرەتان شان بە شانی پیاوان .

-ھۆکارەکانی ڕاگەیاندن بە بینراو و بیستراو و نوسراوە وە ڕۆڵێکی مەترسیدار دەبینن لە گۆڕینی ڕاو بۆچونەکان و دروست کردنی ڕای گشتی و ئاراستە کردنی ڕەفتاری تاک، بە تایبەتیش لە توێژی ناوەندی کۆمەڵگا کە بە ئاسانی کاریان تێدەکرێت و دەتوانرێت گۆڕانکاری لە بیر و بۆچونیان بکرێت، ھەر بۆیە پێویستە بەرنامەو بابەتەکانی ڕاگەیاندن بە ھەند وەربگیرێت چونکە بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆیان دەکەوێتە سەرشان لەم بوارەدا بۆ بە گەورە ڕاگرتنی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵکادا و نیاشندانی ئەم ڕۆڵە لە بەرنامەو دراما و ھۆکارەکانی ترەوە ، پێویستە ئافرەت وێنایەکی ڕاستەقینە و جوان بکرێت شایەنی شکۆ و ڕێز و تواناکانی بێت، نەک تەنھا بکرێتە کاڵایەکی ڕیکلام و بەرنامەکانی پێ بڕازێنرێتەوە.

-سەربەخۆ بونی ئافرەتان لە ڕوی دارایی یەوە، پێویستە لەسەر حکومەت پشتگیری ژنان بکات لە ڕوی ئابوریەوە و سەرچاوەی داھاتیان بۆ دابین بکات.

-یەکێکی تر لە گرنگترین خاڵەکان ئەوەیە کە ئافرەتان پێویستە خۆیان بەکەم نەزانن و متمانەیان بە توانا و لێھاتویی یەکانی خۆیان ھەبێت، وە ھەوڵ بدەن متمانەی خێزان و کۆمەڵگاش بە دەست بھێنن و بە جدی کار لەسەر خۆیان بکەن و سور بن لەسەر بەدیھێنانی ئامانجەکانیان.

بە تێڕوانین لە واقعی سیاسی خۆمان لە ھەرێمی کوردستان دەبینین ھەمیشە ئافرەتان سومبولی کار و چالاکی و خۆبەخت کردن بون، چ لەسەردەمی خەباتی شاخ و ژێر زەمینی و بەرەنگار بونەوەی ستەمی ڕژێمە سەرکوتکارەکانی عێراق کە ھاوتا لەگەڵ پیاوان خەباتیان کردوە و تا ڕادەیەک چەکیشیان ھەڵگرتوە بۆ بەرگری لە خاک و ئازادی گەلی کوردستان، لەو پێناوەشدا ھەمیشە ژنانی کورد قوربانی گەورەیان داوە لە ڕابردودا و چەندانیان لێ خزێنراوەتە زیندانە ڕەشەکانی ڕژێمی بەعسەوە و بە دڕندانە ترین شێوە ئەشکەنجە دراون.

لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەھاری ساڵی 1991 ەوە و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە مێژوی گەلەکەمان و سەرەتای ئەزمونی حوکمڕانی کوردی لەم بەشەی کوردستان و ھەڵبژاردنی خولە یەک لە دوای یەکەکانی پەرلەمان، ژنان ھەمیشە بەشدار بون لە کار و چالاکی سیاسی و ڕۆڵی گەورەیان بینیوە لە دەنگ دان بە نوێنەرەکانیان.ھاو تەریب بە بەشداریان لە پەرلەمان و دامەزراوە حکومیەکاندا، بەشداریش بون لە چالاکی و کاری سیاسی لە نێو حیزبەکاندا.

دواتر لە پێشکەوتنێکی کەم وێنەدا بە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بە بڕیارێکی سیاسی ڕێگە درا بە ئافرەتان کە ببنە دادوەر لە دادگاکاندا و بگەنە پلە و پۆستە باڵاکانی دەوڵەت.

پاشان بۆ زیاتر برەو دان بە تواناکانی ئافرەت و چالاک کردنی زیاتری ڕۆڵیان لە بوارە گشتیەکاندا سیستمی کۆتا ھاتە کایەوەو بڕیار درا کە نابێت ڕێژەی ژنان لە (٣٠%) کەمتر بێت لە کۆی نوێنەرایەتی کردنەکان لە ئەنجومەنە ھەڵبژێردراوەکاندا، کە ئەمەش ھەنگاوێکی باش بو لە کاتی خۆیداو تا ڕادەیەک لەو کاتەدا وەڵامدەرەوەی خواست و داواکاری ئافرەتان بو. بەڵام لە ئێستادا بە ھۆی فراوان بون و گەشەکردنی کۆمەڵگا و کرانەوەی زیاتر بە ڕوی جیھاندا و ھاتنە پێشەوەی زیاتری ژنان بۆ کاری سیاسی و چالاکیەکانی بواری گشتی، ژنان پێیان وایە کە ئیتر سیستمی کۆتاش ناتوانێت لە ئاست خواست و مافە ڕەواکانی ژنان بێت و چاویان لەو ڕۆژەیە کە بتوانن بەتەواوی وەک پیاوان  پێکەوە بەشدار بن لە کایە جۆراوجۆرەکانی جڤاتدا.

خۆشبەختانە قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری کۆنگرەی دامەزراندنی خۆی گرێ دا لە بەرواری (١٠/١/٢٠١٨) و ئەوەی جێگەی ئومێدە بۆ ژنان ئەم قەوارەیە لە ژێر رۆشنایی پرەنسیپی (ژنان نیوەی کۆمەڵگاو دایکی نیوەکەی ترە) لە پەیڕەوی ناوخۆ و بەرنامە سیاسیەکەیدا ھەوڵی زۆر باشی تێدایە بۆ بەرز ڕاگرتنی ڕێز و شکۆ و تایبەتمەندی ئافرەتان، وە بڕیاری داوە نابێت ڕێژەی ژنان لە ناو ئەنجومەن و ئۆرگانەکانی حیزبدا کەمتر بێت لە (٣٠%)، ھاوکات ھەوڵ دەدات ڕێژەی ھاوسەنگ لە بەشداری نێر و مێ پەیڕەو بکات و بە کردار بیسەلمێنێت، ئەمەش ئەگەر لە داھاتودا بێتە دی واتای تێپەڕاندنی سیستمی کۆتایە لەم قەوارەیەدا.

ئەمانەو زۆر ھەوڵی تریش کە ھەوڵی نوێن بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی گواستنەوەی کۆمەڵگا لە لە بڕوا نەبون بە تواناکانی ژنان بۆ بڕوا بون و بەرجەستە کردنی تواناکانیان لە بواری بەڕێوەبردن و ناوەندەکانی بڕیار لە ھەر سێ دەسەڵاتەکانی یاسا دانان و جێبەجێ کردن و دادوەری دا.

دەتوانین بڵێین ھەوڵێکی جوان و جێگەی نرخاندن و شایەنی دەست خۆشی و پشتگیری کردنە لەلایەن تاکی کوردی بەگشتی و ژنانی کوردستان بە تایبەتی، ڕۆژانی داھاتوش ڕاستی و دروستی ئەم بانگەشانەی قەوارە ی ھاوپەیمانی دەردەکەوێت، لە کاتێکدا کە ئەم قەوارەیە لە ڕۆژانی داھاتودا لەبەردەم بەستنی کۆنگرەی یەکەمیدایەو تیایدا گرنگترین دوو ئەنجومەنی گشتی و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی قەوارەی ھاوپەیمانی ھەڵدەبژێردێت.

ھیوادارین قەوارەی ھاوپەیمانی لە ئاست ئومێد و خواستی خەڵکی کوردستان بەگشتی و ژنان بە تایبەتی بێت و جێبەجێ کاری پێڕەو و پرۆگرامە جوانەکەی بێت لە پێناو خزمەتی خەڵکی کوردستان و بەدیھێنانی مافە ڕەواکانیان .

*پارێزەر و خوێندکاری دکتۆرا لەیاسای گشتی

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP