هەواڵی ئەمڕۆ

چارەسەرییەک بۆ قەیرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان

هانا قاسم - 23-01-2018 - 4426 جار خوێندراوەتەوە

ئاشکرایە عێراقی پاش 2003 لە ڕووەکانی، سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەوە شکستی ھێناوە، لە ئێستاشدا لە دوای نزیک بوونەوەی کۆتایی ھێنانی یەکجاری رێکخراوی داعش و ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچە جێ ناکۆکەکان رویدا عێراق لەقۆناغێکی نوێدایە، ئەگەر دەرفەتی باش نەرەخسێت بۆ گفتوگۆی جددی و ئاشتەوایی نشتیمانی و چاکسازیی بنەڕەتی و بونیات نانەوەی ڕاستەقینە، ئەوە گومانی تێدا نییە تەنگژە سیاسی و ئەمنیەکان بەردەوامی دەبێت و عێراق لەھەمان بازنەدا دەخۆلێتەوە .

ئەمە بۆ ھەرێمی کوردستانیش ڕاستە، لە ئەنجامی نەخوێندنەوەی باش و ورد بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و سیاسەتی ھەڵەی سەرکردایەتی کوردستان و حوکمڕانی شکست خواردوو و ستەمکاری و بەکەم خوێندنەوەی بەرامبەر ھۆکاری ئەو دۆخەی ئێستایە .

پاش لە دەستدانی پشتیوانی نێودەوڵەتی و ھەرێمی و نێوخۆیی و جەماوەری لە بەرامبەریشدا لە دەستدانی بەشێکی گرنگی خاک و سامانی وڵات، تائێستاش دەرفەتێکی گونجاو ماوە بۆ خۆکۆکردنەوە و دووبارە بنیاتنانەوەی وڵات و ڕاستکردنەوەی ھەڵەکانی رابردوو، خۆ ئەگەر ئەمە نەکرێت ئەوە مەترسی گەورەتر لە پێش کوردستانە .

بۆیە پێویستە سەرکردایەتییەکی تازە، بۆ دەستپێیکردنی گفتوگۆی ھەمە لایەنە، بێ ئەم لاولا لەگەڵ بەغدا، دووبارە گەڕانەوەی ئاشتەوایی لەگەڵ عێراقی دیموکراسی و فیدراڵی، عێراقێک کە پێکەوە ژیانی تێدا بەرجەستە بکرێت و دەستەبەری سەرجەم مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد بێت، باشترین چارەسەرە بۆ ئەم قۆناغە، بەمەرجی زامنکردنی مانەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان .

بۆ نێوخۆیی ھەرێمی کوردستانیش ھەڵبژاردنی پاک، دور لە ساختەکاری و دەستاودەستکردنی دیموکراسییانەی دەسەڵات و چارەسەرکردنی قەیرانی حوکمڕانی و ھێنانەدی حوکمڕانی باش و دادپەروەر و گەڕانەوەی سامانی وڵات بۆ خزمەتی تاک، دور لە پشک پشکێنە و برابەشی حزبی و ھەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ کارێکی دروستە .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP