دەتەوێ لە ھاوپەیمانیی دیموکراسی و دادپەروەری تێبگەیت؟

موئمین یاسین زەڵمی - 23-01-2018 - 4147 جار خوێندراوەتەوە

ئەیلولی ساڵی رابردوو کاتی دیاریکراو بوو بۆ چنینەوەی ھەوڵەکان کە ڕاگەیاندنی ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری لێکەوتەوە و سەرەتای ئەم مانگەش لە کۆنگرەیەکی دامەزراندندا "دکتۆر بەرھەم ئەحمەد ساڵح" بە سەرۆکی ھاوپەیمانی ھەڵبژێردرا، تا ئێرە ھەواڵی دامەزراندن و راگەیاندنە، لێرەو لەوێ چەندین پرسیاری جیاواز لەسەر ھاوپەیمانی، فەلسەفەی، دیدگا و دونیابینی، بونیادی، پێکھاتە و ئامانج و ئاڵەنگارییەکانی بەردەمی و چۆنیەتی مامەڵەی یار و نەیاری دەوروژێنرێن و ھەر شیکەرەوەیەکیش بە جیاواز لە ھاوپەیمانی تێدەگات و شرۆڤەی بۆ دەکات. بۆیەش ھەوڵ ئەدەم لە زنجیرە وتارێکدا ئەوەندەی بلوێ وەڵامی پرسیارەکان بدەمەوە.

ھاوپەیمانی ھێزێکی رۆشنگەرییە نەک حزبێکی سیاسی

سەرەتا گرنگە ئەوە ڕوونبکەینەوە کە ھاوپەیمانیی دیموکراسی و دادپەروەری ئەوەندەی ھێزێکی فیکری و رۆشنگەریی و قوتابخانەیەکی سۆسیۆپۆلەتیکاڵییە ئەوەندە حزبێکی سیاسیی نیە، ئەمەشمان لە فەلسەفە و دیدگا و دونیابینی ھاوپەیمانییەوە بۆ رووندەبێتەوە.


دەبێ ئاماژە بەوە بکەین، کە ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری تاکە ھێزی کوردییە کە لە ئەنجامی گفتوگۆ و دیدار و موناقەشەی زۆری نێوان ھێز و لایەنە جیاوازەکانی کوردستان دروست بووە، پرۆژەی ھاوپەیمانی دەگەڕێتەوە بۆ دوو ساڵ پێش ئێستا کاتێک چەند رۆشنفیکر و سەرکردەیەکی سیاسی کوردستان لە پاشخانی سیاسی جیاواز و باکگراوندی مەعریفی و ئایدۆلۆجی جیاوازەوە، دیدگای کاری نیشتیمانی-یان نوسی و لەگەڵ ھێز و کەسایەتی و ڕەوتە جیاوازەکانی کوردستاندا شرۆڤەیان کرد تا دواجار، ژمارەیەکی بەرچاو لەو بەڕێزانە لە ھاوپەیمانی دیموکراسیی و دادپەروەری دا کۆبوونەوە و بڕیاری سەرخستنی دیدگای نیشتیمانی –یان دا و کردیانە پرۆگرامی ھاوپەیمانیی دیموکراسی و داپەروەری.


بۆیەش ھەرجۆرە شیکردنەوەیەک لەسەر ئەوەی کە ھاوپەیمانی حزبێکی سیاسی تەقلیدییە کە خەڵکیتریش تاقیکردۆتەوە ناتەواوە و کەمومورتی زانیارییە. پێویستە ئەوەش بوترێت کە ھەموو ئەو بەڕێزانەی بەشداری گفتوگۆ و دیدار و دیسکەشنەکاندا کردووە خاوەنی ڕوانگەی تایبەتی خۆیان بوون و لە دیدگای نیشتیمانیدا خۆیان بینوەتەوە، بۆیەش ئەم دیدارە فیکری و رۆشنگەرییانە ئەنجامی باشی لێکەوتەوە و بوونە ھۆی پێکھێنانی ھاوپەیمانیی دیموکراسی و دادپەروەری.


ھاودیدی چی بۆ دەمێنێتەوە؟

یەکێک لەو باسانەی لەسەروبەندی کۆنگرەی دامەزراندنی ھاوپەیمانییەوە دەروژێنرێت، بابەتی بونیاد و پێکھاتەی ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەرییە، لە کۆنگرەدا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بەڕێز دکتۆر بەرھەم ئەحمەد ساڵح وەک سەرۆکی ھاوپەیمانی ھەڵبژێردا، بەرھەم ساڵح بە کەسایەتی دەوڵەت و خاوەندی مۆتۆی بەناوبانگی "کردار شەرتە"یە، کە ماوەی حوکمڕانی ئەو بە حوکمڕانییەکانیتر بەراورد ناکرێت و ھاوڵاتیانی کوردستان ئەو ڕاستیانەیان لەیادماوە. پاش سەرۆکی ھاوپەیمانی، ئیتر ھەموو کەسایەتی و بەشداربووانی کۆنگرە و ئەو کەسانەشی لە تەواوی ناوچەکانی کوردستانەوە قەناعەتیان بەم دیدگایە ھەیە بە "ھاودید" و " ھاوکار" دەناسرێن و پەیڕەوی ناوخۆی ھاوپەیمانی پێناسەی ھاودید و ھاوکاری کردووە.


بونیاد و پێکھاتەی ھاوپەیمانی وەک ھێزێکی فیکری و رۆشنگەری رەنگدانەوەی ئەو بیروباوەڕ و دیدگایانەیە کە ھاودیدانی ھاوپەیمانی کردوویانەتە چرای ڕێگایان و کاری پێ دەکەن، کە ئەوانیش بریتین لە: "مرۆڤ سەنتەری، دەربازکردنی تاکی کوردی لە کۆیلایەتی بێ کۆت و حزبیی، گۆڕینی سیستەمی حزبایەتی، پەروەردەکردنەوەی تاکی کوردی لە تاکێکی شوێنکەتووەوە بۆ تاکێکی بیرکەرەوەی پێشەنگ، کۆتاییھێنان بە شەڕی ئایدۆلۆجی و بنەماڵەیی و عەشرەت گەڕایی، گواستنەوەی رۆڵی تاک لە خزمەتگوزاریی حزبەوە بۆ تاکێک کە حزب لە پێناوی ئەودا بێت بەشداری کارای ژنان و گەنجان بە شێوەیەک بتوانن مومارەسەی توانھا و لێھاتووی خۆیان بکەن و کۆکردنەوەی ھێز و کەسایەتی و ڕەوتە جیاوازەکان لەسەر خاڵی ھاوبەشی چەسپاندنی دیموکراسی و بەرپاکردنی دادپەروەری و حوکمڕانی باش و دروست". بۆیەش ھەرکەسێک باوەڕی بەم دیدگایە ھەبێت ئەوە ھاودیدە و شیاوی ئەوەیە پۆست و بەرپرسیارییەتی لە ناو ھاپەیمانیدا وەربگرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە.


کاتێک دەچیتە ئۆفیسەکانی ھاوپەیمانی ئەوەی دەیبینێت کاری ھاوبەش و پرۆژەی ھاوبەش و پێگەی ھاوبەشە لە نێوان ھاودیداندا، بۆیەش لەو ڕووەوە کە ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری ھێزێکە لەسەر بنەمای دیدگایەکی فیکری – فەلسەفی دامەزراوە کێشەی بونیاد و ستراکچەری وەلاناوە و ھاودیدی کە پۆستێکی خۆبەخشە، نە ململانێکی نەوەی کۆن و نوێیە و نە دەبێتە سەر ئێشەی کۆنە ئیسلامی و کۆنە عەلمانی، چونکە ھەموو تێگەشتوون ھاوپەیمانی دیدگایە و قوتابخانەی فیکری و فەلسەفیی و سۆسیۆپۆلەتیکاڵییە نەک حزبێکی تەقلیدی کە لە ئەنجامی باڵباڵێن و تەکەتولاتەوە دروست بووبێت.


ھاپەیمانی دەیەوێ چی بکات؟

وەڵامی ئەم پرسیارە بە ڕوونی لە دیدگای ھاوپەیمانیدا ھاتووە و ئەندازیارانی پرۆژەکە وردتر روونیانکردۆتەوە کە کۆکردنەوەی ھێز و کەسایەتی و ڕەوتە جیاوازەکان لەسەر خاڵی ھاوبەشی چەسپاندنی دیموکراسی و بەرپاکردنی دادپەروەری و حوکمڕانی باش و دروست ئامانجی سەرەکی ھاپەیمانیی دیموکراسی و دادپەروەری، رەنگە لای ھەندێ شرۆڤەکار کێشەکە ئەوە بێت کە بێ گەڕانەوە لە تێگەشتن لە دیدگای ھاوپەیمانی ھاتوون ئامانجەکانیان داتاشیوە، ھاوپەیمانی بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی حوکمڕانی کار دەکات و پێشی وایە گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی کە بیرکردنەوە و پرۆگرامی حزبەکان ھاوکاری گۆڕینی ئەو سیستەمەیە زەمینە خۆشکردنە بۆ گۆڕینی دەسەڵات. 


دیارە پەیوەندییەکانی ھاوپەیمانیی دیموکراسی و داپەروەری لەگەڵ ھێز و تەیار و ڕەوتەکاندا جیاوازترین جۆری پەیوەندیکردنە کە پێشتر پەیڕەو نەکراوە، ئەویش کۆتاییھێنانە بە بنەمای " یەکتر سفرکردنەوە و ھێرشەکردنە سەر کەسایەتی و مێژووی ھێزەکانیتر". ھاوپەیمانی بە چاوی رێزەوە لە کەسایەتی تاک دەڕوانێت جا ئەو تاکە سەرۆکی حزبێک بێت یان تاکێکی ئاسایی، رێز لە مێژوو و خەباتی ھەموو ھێز و حزبێکی سیاسی دەنێت. لەم ڕووەشەوە پەیوەندییەکانی ھاوپەیمانی بێ ڕتووش شەفاف و ڕوون و بێ پەردە دەبن لەگەڵ ھەموو ھێزە ناوخۆیی و ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، ئیتر زیادەڕویی و نەپێکانە ئەگەر وا دابنرێت کە ھاوپەیمانی ناتوانێت باڵانسی پەیوەندییەکانی ڕابگرێت.

گەنج و ژن لە بانگەشەوە بۆ کردار

کۆنگرەی دامەزراندنی ھاوپەیمانی دیمکراسی و دادپەروەری وێنەی یەکەمی ئەلبومە رەنگاورەنگەکەی ھاوپەیمانی بوو، بۆیەش بەشدرای کارای ژنان و گەنجان لە تەواوی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانەوە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە ھاویدیی نە پێشێلکاری رەگەزییە و نە تێپەڕاندنی تەمەنە، دامەزراوە و دەزگاکانی ھاویمانی بوونەتە وێستگەیە مومارەسەکردنی چالاکی و لێھاتووی گەنجان و ژنان و قۆناغێکی نوێی کاری سۆسیۆپۆلەتیکاڵییە ھاتۆتە کایەوە کە ھەمووان بە ھی خۆیانی دەزانن و خەریکن کار بۆ سەرخستنی ئامانجەکە دەکەن.


لە کۆتاییدا بە گرنگی دەزانم راستییەک بخەمەڕوو، کە یەکەمجارە لە کوردستاندا ھێزێک بێتە کایەوەوە کە ترسی لە فروان بوونی ھەوادار و ئەندام و لایەنگرانی نەبێت، ھێزێک نەبێتە پاسێکی نەفەرھەڵگر و شەمەندەفەرێکی چەند واگۆنی، بەرپرسانی ھێزەکە خەمی زیادبوونی ئەندامانیان نەبێت بۆیەش ئێستا ھاوپەیمانیی دیموکراسی و دادپەروەری بەردەوامە و خەریکە لەگەڵ ھێزە ھاودیدگا و ڕەوت و کەسایەتییە جیاوازەکاندا دەرگای کردۆتەوە و خەریکین بەرەی چاکەخوازان و دڵسۆزانی چەسپاندنی دیموکراسی و بەرپاکردنی دادپەروەری فراوان دەکەین.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP