ھاوپەیمانی بۆچی؟

دانای سۆفی برایم - 22-01-2018 - 3539 جار خوێندراوەتەوە

ھاوپەیمانی وەک قەواریەکی سیاسی نوێ   لە پێناو بە دیھێنانی دیموکراسی و بەرپاکردنی دادپەروەری بوونی خۆی راگەیاندوە،  تاوەکو ئەم دوو چەمکە لە سەرجەم ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری خەڵکی کوردستاندا جێبەجێ بکات و لە واقیعدا خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی پێ بکات.

ھاوپەیمانی چەمکی دادپەروەری بۆ خەڵکی کوردستان ھەڵگرتووە بۆ ئەوەی بە شێوازێکی دادپەروەری  و یاسایی خزمەتی خەڵکی کوردستان  بکات و کۆتایی بە کاری نا یاسایی و پاوانکاری دەسەڵات بھێنێت کە ساڵەھای ساڵە ئەم دوو حزبەی کوردستان پیادەی ئەکەن ، دوو حیزبی دەسەڵات داری باشوری کوردستان کە لە ھیچ شتێک کۆک نین، بەڵام لە گەل َیەکتری بران بۆ دابەشکردنی سامانی ئەم میللەتە لە نێوان خۆیاندا، پێکەوە برا بەشی ھەموو سامانی ئەرز و ئاسمان و تەنانەت فرۆشتنی خاک و فرۆشتنی سامانی دەرنەھاتووی ئەم میلەتە بۆ ٥٠ سالی رێک و پێک کە چەند کەسێک نەبێت نازانن ئەمە چۆن کراوەوە داھاتەکەی بۆ کێیە؟

ھاوپەیمانی بە دروشمی دیموکراسی کار ئەکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دیموکراسی کار لەسەر ھەموو جومگەکانی دەسەلاتی کوردی بکرێت ، بۆ ئەوەی ئاڵوگۆری ئاشتیانەی دەسەڵات ببێت بە بنەمای سەرەکی کار و سیاسەت لە کوردستاندا و کەس ھیچ پۆستێک قۆرخ نەکات.


ھاوپەیمانی دامەزراوە بۆ ئەوەی پێکەوە ھەموومان دەست لە ناو دەست بەرەو ئاسۆی چارەسەر ھەناگاو بنێن و ھاوپەیمانی یەکتر بین و کۆتایی بەم ناعەدالەتیە بێنین کە چەندین ساڵە رووی لەم ھەرێمە کردوە ، ھاوپەیمانی و ھاودید و ھاوکاران و بەشێکی زۆری خەڵکی ئەم ھەرێمە لەگەڵ ئەوە نین و بێزارن لەم بارودۆخە دروستکراوەی دەسەڵاتداران کە ئێستا روودەدات کە  شایەنی کوردستانیان نیە، بەڵام بەداخەوە رۆژ بە رۆژ قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوە و ئاسۆی گەیشتن بە چارەسەر لە لایەن ھەندێک لایەنەوە تەسک ئەکرێتەوە.

بۆیە ھاوپەیمانی پێی وایە دەبێت ھەموان لەسەر مێزی گفتوگۆ ھاوکار و برای یەکتری بین بۆ ئەوەی بتوانین بگەین بە دیموکراسی  و داپەروەری.

بۆیە ھەنگاوی گرنگی ئەم قۆناغە ئەوەیە ھەموان ھاوپەیمان بین، لە یەک سەنگەرەوە خەبات بکەین ، بۆ ئەوەی ئەوەی روویداوە روونەداتەوە ، بانگەوازی خەبات ئەکەین و ئەلێین وەرن ھاوپەیمان بین و خزمەتکاری راستەقینەی ووڵات بین، وەرن ھەموومان پێکەوە کوردستانی گەورە دروست بکەین و جێگای ھەموان بێتەوە، لە پێناو کوردستان و خەمی خەڵکی و داپەروەری و بەدیھێنانی دیموکراسی راستەقینە با ھاوپەیمان بین.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP