جیاوازی نێوان ھونەرەکانی کاریکاتێر

هەندرێن خۆشناو - 18-01-2018 - 5980 جار خوێندراوەتەوە


زۆرجار گوێبیستی ھەندێک وشە و دەستەواژە دەبین وەکو کاریکاتێر یان کاریکاتۆر، کارتۆن، کۆمیکس، ئەنیمەیشن، بەبێ ئەوەی جیاوازی لەنێوانیاندا بکەین، و زۆربەمان ھەموویمان وەک یەک دێتە بەرچاو، ئەویش لەبەر نەبوونی رۆشنبیرییەکی ھونەرییانە لە نێو زۆرینەی خەڵکدا، بەداخەوە ئەمە زۆرێک لە ھونەرمەندانیش دەگرێتەوە، یان لەبەر لەیەک نزیکی و لەیەکچوونیان، کە ھەمووشیان بە ھونەرەکانی کاریکاتێر دەژمێردرێن، بۆیە لێرەدا بە کورتی باسی جیاوازییە سەرەکیەکانی نێوان ئەم ھونەرانە یان ئەو بەشانەی ھونەری کاریکاتێردا دەکەین. 

* کاریکاتێر: ئەم دەستەواژەیە لە ئەسڵدا لە دەستەواژەیەکی ئیتاڵیایی وەرگیراوە، بە مانای وێنەکێشانی روخسارێک (پۆرترێت)ێک بە زێدەڕۆییکردن لە وێنەکێشانی وردەکارییەکانی سیمای ئەو دەموچاوە، و بایەخدان بەو ئەندامانەی کە بەرچاو و دیارن لە دەموچاوەکەدا، بەبێ شێواندن و بەمەرجێک دەبێت کاریکاتێرەکە لە کەسایەتیەکە بچێت، و ئەو زێدەڕۆییکردنە لە وێنەکێشانەکەدا دەبێت لە خزمەتی کارەکەدا بێت، بۆ نمونە نابێت تۆ لووتی کەسێک گەورە بکەیت، لە کاتێکدا کەسەکە بەخۆی لووتی بچووکە.
لە کاریکاتێردا پێویست بە توانج و قسەکردن ناکات، بەڵام ئەگەر ئەو کەسایەتیە لە کارتۆنێک یان کۆمیکسێک بەکاربێنیت، ئەوە جیایە و لەم حاڵەتدا دەچێتە قاڵبی کارتۆن یان کۆمیکسەوە. دەتوانیت توانج و گفتوگۆ بەکاربێنیت.
دەتوانین لێرەدا باس لە چەند جۆر لە جۆرەکانی کاریکاتێر بکەین وەکو:
• گیگ کاریکاتێر، لەمەدا ھونەرمەند سکێچێکی خێرا (پۆرترێت) بۆ کەسێک دەکێشێت، بە زۆری پێنووسی ماجیک (مارکەر) بەکاردێت، ئێستا زۆرێک لە ھونەرمەندان تابلێتیش بەکاردێنن (دیجیتاڵ)، ئەم ستایلە ئەو ھونەرمەندانە بەکاریدێنن کە لەسەر شەقامەکان بۆ بژێوی ژیان وێنەی کاریکاتێریی خەڵک دەکێشن، یان لە بۆنەکانی بووک گواستنەوە و سوپەر مارکێت و مۆڵەکاندا.
• ستایلایز کاریکاتێر، بریتییە لە ستایلێکی تایبەت لە وێنەکێشانی کاریکاتێردا، لەم ستایلەدا زۆر بە سادەیی و بە چەند ھێلێکی کەم کارەکە بەرھەمدێت، بەبێ بایەخدانێکی زۆر لە وەدەرخستنی ڕووخسار و ڕەنگڕێژکردن و تایبەتمەندیەکانی تردا.

* کارتۆن: ئەو دەستەواژەیە لە ئەسڵدا لە وشەی کارتۆنی (ئیتاڵیایی – ھۆڵەندی) وەرگیراوە، کە بەمانای کاغەزێکی پتەو و بەھێز دێت، کە لە کوردیشدا ھەر کارتۆنی پێدەگوترێت، جا چ ئەو کارتۆنە بێت کە بۆ بڵاوکراوە و ئاگاداری بەکاردێت، یان ئەو کارتۆنەی کە شتومەک و کەلوپەلی تێدا عەمباردەکرێت، ھەر بۆیەش بەو ناوە ناونراوە، چونکە چەند سەدەیەک لەمەوبەر ھونەرمەندان کارتۆنیان بەکارھێناوە، بۆ وێنەکێشان لەسەری لە جیاتی قوماش. ھەر لەبەر ئەمەشە ئەو تابلۆ کاریکاتێریانەی کە باس لە بابەتێک یان رووداوێک دەکەن، کە زۆر جار توانج و گفتوگۆ بۆ دەربڕینی حاڵەتەکە بەکاردێت، بۆ جیاکردنەوەیان لە کاریکاتێرێکی ئاسایی بەناوی کارتۆنەوە ناودەنرێن، نەک بە کاریکاتێر.
• کارتۆنی گاگ، کە لە ناوەکەیەوە دیارە گاگ بە مانای نوکتە، یان گاڵتە، یان گاڵتەیەکی فریودەر دێت، ئەویش  بریتیە لە وێنەکێشانی یەک تابلۆی کارتۆنی بەبێ توانج، یان ھەندێک جار یەک توانج لە ژێرەوەی کارتۆنەکە دەنووسرێت بۆ زیاتر تێگەیشتن لە کارتۆنەکە، جاری واش ھەیە گفتوگۆش تێیدا بەکاردێت، بۆ ئەوەی رووداوێک یان لێدوانێک یان کردارێک بکرێتە نوکتەیەک بۆ گاڵتە و پێکەنین.
• کارتۆنی رۆژنامەوانی، کە زۆر جار بە کارتۆنی سیاسیش ناودەبرێت، لەمەدا بابەتێک کە پەیوەست بێت بە ژیانی ھاوڵاتیەوە ھەڵدەبژێردرێت بۆ ئەوەی بکرێت بە کارتۆن، زۆربەی بابەتەکانیش بابەتی سیاسی زیندوون، کە رۆژانە روودەدەن، دەکرێن بە کارتۆن و لەسەر رووپەڕی رۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاودەکرێنەوە.
• فیلمی کارتۆن، لەسەرەتاکانی سەدەی نۆزدەھەمەوە، ئەو فیلمانەی کە بۆ منداڵان بەرھەمدەھێنران، لە جیاتی ئەکتەر وێنەی دەستکردی تێدا بەکاردەھات، بەناوی فیلمی کارتۆنی ناونراون، ھەر لەو ساتەوە تا ئێستا ئەو فیلمانەی کە وێنەی کاریکاتێریی تێدا بەکاردێت، ھەر بەو ناوە ناونراون، کە مەبەستیش تێیدا بە زۆری خۆشی و پێکەنینە، نمونەش بۆ فیلمی کارتۆنی زۆرن، وەکو فیلمەکانی میکی ماوس، تۆم و گێری، ھیکل و گیکل...
• فیلمی ئەنیمەیشن، پێشتر بەو فیلمانە دەگوترا  ئەنیمەیشن کە تێیدا وێنەی دەستکرد و کاریکاتێریی بەکارنایەت، بەڵکو بووکەڵەی دروستکراو لە قوڕی دەستکرد یان ھەر مادەیەکی دیکە بەکاردێت، لەم فیلمانەدا مەرج نیە مەبەست تێیدا پێکەنین و گاڵتەجاڕیی بێت، بەڵکو گێڕانەوەی چیرۆکێکی درامایی و ئەکشن و کۆمیدیاش دەگرێتەوە، لە سەردەمی نوێدا و بەتایبەتی دوای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و بەکارھێنانی بێ سنووری کۆمپیوتەر لەھەموو بوارەکاندا، ئێستا بە فیلمی کارتۆنی دوو ڕەھەندی و سێ ڕەھەندیش دەگوترێت ئەنیمەیشن.  
* کۆمیکس: ئەم دەستەواژەیە لە ئەسڵدا لە دەستەواژەیەکی یۆنانی وەرگیراوە، کە بە مانای وێنەکێشان و گەیاندنی کۆمیدیایەک یان گاڵتەیەک یان چیرۆکێک، بەھۆی زنجیرە وێنەیەکی یەک لەدوای یەکی کارتۆنی یان کاریکاتێرییەوە، کە کورتە چیرۆکێک یان چیرۆکێک یان رۆمانێک دەگێڕێتەوە، بەبێ توانج یان توانج و سیناریۆش تێیدا بەکاردێت، ئەمجۆرە کاریکاتێرە لە ژاپۆن بە (مانگا) ناودەبرێت، دواییش کە ئەم کۆمیکسەیان بەکارھێنا لە بەرھەمھێنانی فیلمی کارتۆنی لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەم لە ژاپۆندا ھەر بەھەمان ناو ناویان دەبرد واتە فیلمی مانگا، ئێستاش لەسەردەمی تەکنۆلۆژیادا ناویان ناوە (ئەنیمێ) کە کورتکراوەی دەستەواژەی (ئەنیمەیشن)ی ئینگلیزییە. 
نمونەش زۆرن، وەک میکی ماوس، سنوپی، تین تین، مارڤل و چەندینی تر. بەداخەوە لێرە ئەمجۆرە کارانە تا ئێستاش ھەر بە کاریکاتێر ناودەبرێن، خەڵکی ھەست بە جیاکاریی و تایبەتمەندییەکانی نێوانیان ناکات، ڕاستە بەبەشێک لە کاریکاتێر دەژمێردرێن، بەڵام ناو و تایبەتمەندی و شێوازی کارکردنی تایبەت بە خۆیان ھەیە.
سەرچاوەکان:
١. E. Akleman، J، Palmer، R. Logan، "Making Extreme Caricatures with a New Technique"، Mexico City،٢٠٠٠.  
٢. Susan Brennan، The Caricature Generator، ١٩٨٢.. 
٣. To the Source of Anime: Japanese Animation، ٢٠٠٨.
٤. Lowe، Richard; Schnotz، Wolfgang، Learning with Animation ٢٠٠٨.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP