هەواڵی ئەمڕۆ

ھاودید.. با خۆ کۆکەینەوە و خۆ سازبدەین

سەپان ئەنوەر - 14-01-2018 - 1611 جار خوێندراوەتەوە

   ئاشکرایە روخسارو بیچمی ئەو تاقمە دەسەڵاتدارە بەناو نوخبەی سیاسیی  کە لە کوردستان بۆ ماوەی بیست و شەش ساڵە حوکم  دەکەن  کۆی بەرپرسیاریەتی  ئەم  حوکمرانیە پڕ شکستە لەئەستۆی ئەو جوت حزبەیە کە لەرابردوو ھاوپەیمانیان دەبەست تەنھا بۆ لەناوبردنی بنەماکانی دیموکراسی و دروستکردنی قەیرانی  قووڵی دارایی تا گەیشتە ئاستی شکەستی نەتەوەیی کە بوە ھۆی  لەدەستدانی نیوەی خاکی ئەم کوردستانە. 

جوڵانەوەیەکی سیاسی نوێ بە ناوی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، رێک لە کات و ساتێکی گوونجاو لەدایک دەبێت  کە لە کاتێکدا کۆی کۆمەڵگە بە دەستی ئەنقەست و بە ستراتیجیەتی ھەردوو حزبی حاکم میللەتیان خستۆتە قۆناغێک  کە لەوەتەی مێژووی کوردایەتی ھەیە گەل بەم شێوەیە نەکەوتۆتە قۆناغی بێ ئومێدی ، بۆیە دەتوانین بڵێن دامەزراندنی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری وەرچەرخانێکی مێژووییە و زەروەتێکی حەتمیە بۆ خەباتی مەدنی و جەماوەری گەلەکەمان لە ئەمڕۆدا، شانبەشانی ئەو بزوتنەوەو حزبانەی کە خاوەنی ئیرادەو بیرکردنەوەیەکی شیاون لە ژێر رۆشنایی دەستور بۆ دیاریکردن و گۆرێنی فەلسەفەی حکومڕانی و سیستەمی سیاسی و ئابوری لە عەقلیەتی شاخ و بنەماڵەو حزب و دەستەو تاقمی قۆرخکارو چاوچنۆک بۆ بەڕێوەبردنێکی شارستانی و مەدەنی دروست و پشت ئەستور بە بنەماکانی  دیموکرسی و دامەزراوەیی و شەرعی بۆ دابەشکردنەوەی داھات و سامانی گشتی بە شێوازێکی شەفاف و دادپەروەر بە پێی یاسا دور لە ئیلھامی حزبی و دەستی ئەشخاسە پیرۆزکراوەکان . 

ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە گشتی و بە تایبەت تر بە سەرۆکایەتی پیاوی گوفتارو خاوەن کردار بەتایبەت کە لە رابردوو ئەم پیاوە لە کاتی حکومڕانی کردنی  ، ئەزموونکراوە و خاوەنی بەناوبانگترین دروشم بووە  وەک خۆی دەڵێت (کردار شەرتە ) ئەمە ش لە وەو پێش بە کردار سەلماندوێتی و ھەر لەو کاتە سەرەتایەکی گرنگ بوو کە ھەنگاوی نا بۆ رووبەڕووبونەووی گەندەڵی دور لە  بەرژەوەندی و خۆسەپێنی و رێکەوتنی ژێربەژێری بۆ دەسکەوتی شەخسی و بە ھەدەردانی قوت و داھاتی ھاوڵاتی ھەر لەوکاتەشدا تاکە کەس بوو وەک سەرۆک وەزیران باسی گەراندنەوەی پارە براوەکانی ئەشخاس و حزبەکانی  بۆ بانقەکانی کوردستان کرد .

ھەنوکەش بە ھۆی خراپی  پیادەکردنی حوکمڕانی جووت حزب ، دۆخی میللەت لەو پەڕی داڕمانی ئابوری و کۆمەڵایەتی دایە  وەک ئەوە وایە کۆمەڵگە خرابێتە ناو تونێلێکی تاریک و داخراو کە ھیچ متمانەیەکی بەم سیستەم و دەسەڵاتە نەماوە، بۆیە ھاوپەیمانی  دەبێتە بڕیارێکی دروست و  پێویستیەکی ھەنووکەیی  بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک لە رێگەی گەرانەوەی ئەو پرنسپ و پێوەرانەی کە بە شورا لەگەڵ بریاری کۆمەڵگە بۆ گێرانەوەی کەرامەتی ھاوڵاتی بوون و دیموکراسی و یەکسانی و یەکسانی سیاسی ودادپەرەوری و دیاریکردنی ئەرک و ماف لە ناو خەڵکدا، بۆیە پیاوی خاوەن داھێنان نایەوێت وەک سەرۆکە تەقلیدیەکان لەناو حزبەکەی وەک بتە پیرۆزکراوەکان دەرکەوێت ، چونکە ھەر لە سەرەتای پەسندکردنی پەیڕەوی ناوەخۆ ، بە پێی پەیڕەو سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ھاوپەیمانی لە بەردەم ئەنجومەنی گشتی ھاوپەیمانی بەرپرسیارە،  ئەمەش مۆرالێکە لە سلوکی دەوڵەتمەدار و خاوەن کردار کە بەردەوام لە کارو ھەنگاوەکانی رەنگی داوەتەوە ، کە لە رابردووی واقعی حوکمڕانی ئەم ھەرێمەدا بە وەزیرو سەرۆکەکانیان نە رەفتارو نە گوفتارو نە کرداریان بووە و لە کاتی حوکمڕانی کردنیان بۆ لە حزەیەکیش پەیڕەو نەکراوە ، بۆیە بەردەوام دەسەڵات و ھاوڵاتی توشی پێکدادان بۆتەوە  بەھۆی شکەستی حوکمڕانی و خۆ سەپاندنی سەرکردە ناشەرعیەکان کە بەردەوام  ئەم ھەرێمەیان  روبەڕووی داروخان و حوکمڕانی نادورست کردۆتەوە ، بۆیە جەوھەری سەرەکی لای ھاوپەیمانی ، دامەزراندنی پەیکەرێکی ھاوچەرخی راستەقینەی حوکمڕانی کە تەواو پڕ بێت لە بە ھاو پرنسیپە دروستەکانی مودێرن  و بریاری گشتی تیا بەرجەستە بێت و دیموکراسی وەک سیستم  بەدی بێت و بەشداری سیاسی کارا  بۆ ھاوڵاتی دەستەبەر بکات ، بۆ ئەوەی کەرامەتی دامەزراوەکان  بەرز رابگیرێت و باڵای یاسا لە باڵای دەسەڵات بەرز تر بێت . 


بۆیە ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی ھاوپەیمانی وەک قەوارە یەکی سیاسی لە ‌کوردستان نەک ھەر ھیوایەک بوو کرا بە بەری بێ ئومێدی ، بەڵکو بووە  ھەوێنی ھاوپەیمانێتی و لێکنزیک بوونەوەی حزبەکان بۆ یەک لیستی بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عیراق کە لەوە پێش بە پێچەوانەوە بەھۆی ململانێی جووت حزب ماڵوێرانی و لێکترازان و لاوازی ‌ زیاتر بەگشتی بەسەر ھاونیشتمانیان و بەتایبەتی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لێکەوتەوە ‌. بۆیە پێویستە ھەموومان خۆمان سازو ئامادە بکەین بۆ ئەوەی لە کاتی ھەڵبژارن کە دەبێتە دوا ساتی ئاوابوونی خۆری زوڵم ستەم و ناعەدالەتی و نادیموکراسی و ھەڵھاتنی خۆری دیموکراسی و دادپەروەی گەڕانەوەی شکۆی ھاوڵاتی و گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ دەستی گەل  بە ئاشتی لە رێگەی ھەڵبژاردنێکی پاک دور لەدەستوەردانی حزب. 
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP