هاوپەیمانی، یارە یا نەیار؟

دانا هەڵەبجەیی - 14-01-2018 - 2063 جار خوێندراوەتەوە

لە کوردەوەرایدا ، وشەی یار، بۆ دۆست و هاوڕێ و هەندێک جار کە قوڵ ئەبێتەوە وەک هاوڕێی کج و کوڕ بەکاردێت. وە کاتێک ئەبیتە فەرمان بە یاری ناوزەد ئەکرێت، کە مانای گەمە یا پێشبرکێ دەگەیەنێت. وە نەیار بە مانای ئەو کەسەی کە یارییت لەگەڵ ناکات و ڕوبەڕوت ئەوەستێت تا ئەو ئاستەی کە ئەبیتە دوژمنت،،، .
لە مەیدان و گۆڕەپانی یاریی سیاسی کوردستاندا، دوو حیزبی باڵا دەست، پارتی 70 ساڵ و یەکێتی 40 سال، گەمەی خۆیان ئەکەن، گێمی خۆیان بە دەرکردن و کارتی سەوز و زەرد، بە دۆڕاندن و بردنەوە، لێوانپڕ کردووە.


هاتنە کایەی یاریزانانی نوێ بۆ خولی نوێی یارییەکان، پێویستی بە تیم و گروپی نوێ هەیە، چونکە دوو تیمە دێرینەکە، هەموو تە متیم و تواناکانیان ئاشکرایە و کۆتایی یارییەکانیان بۆ خەڵک ڕون و ئاشکرایە.


هاوپەیمانی نەهاتوە بۆ ئەوەی لە تیمێکی چل ساڵە، تیمێکی نوێ دروست بکات، یاخود پێشبرکێ و دوژمنایەتی لەگەڵ هیچ تیمێکی (حیزبێک) تر بکات، بەڵکو بە تەکنیکێکی نوێ و ئەنەرژییەکی بەهێز و توانایەکی سەردەمیانە بەشداری ئەکات لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا.


ئەو حیزب و لایەنەی کە هەست بە لێکردنەوەی پارچەکانی خۆیان ئەکەن، کە هاوپەیمانی خۆی پی دروست بکات، هەڵەیەک لە بیرکردنەوەیاندا هەیە، چونکە ئێستا نەوەیەکی نوی ئەکتیڤن و توانای یارییان هەیە لە هەموو کیڵگەکانی کۆمەڵگەدا، ئەمانە ئەو توانایانەن کە دوو حیزبە بە ئەزمونەکەی کوردستان دەرفەتی پێ نەدان کە بکەونە گەڕ.


هەر بۆیە ئەگەر هاوپەیمانی چەندە پیوسیتی بە گەنج هەیە، ئەوەندە ئەتوانێت سود لە ئەزمون و وانەکانی کەسانی دی لە حیزبەکان وەرگرێت بەو مەرجەی کە خۆیان بگونجێنن لەگەل دید و ئایدیای تازەی هاوپەیمانی،،،.


کەواتە هاوپەیمانی پارچەیەک نییە لە هیچ حیزبێکی تر، هەوڵی دوکەرتبوونی هیچ تیمێکی سیاسی تر نادات، بەڵکو سود لە ئامۆژگاری و ئەزمون و پەیوەندییەکانی، ئەندامە کۆنەکانی حیزبەکانی تر وەردەگرێت، ئەگەر بیانەوێت لەم قەوارە تازەدا بەشداربن و ڕاهێنەرێکی بە ئەزمون بن.


هاوپەیمانی، بۆ جاری دووەم ئاردی بیژراو نابێژیتەوە، بەڵکو گەنمی خۆی لە ئاشی خۆیدا ئەهاڕێت.


ئەوانەی کە ئەیانوسیت یەکێتی بە هەڵدێردا بەرن، وایاندانابوو، کە لە ڕیزی پێشەوەی کورسییەکانی گۆنگرەی دامەزراندی هاوپەیمانی، دەیان کەسایەتی و ئەندامی بەرزی سیاسی و سەربازی یەکێتی دائەنیشن، وە ئەمەش ئەبێتە بیانویەک بۆ لێدانی هاوپەیمانی و کەسە پاکەکانی ناو یەکێتی و مەیدان چۆڵکردن بۆ خۆیان، بەڵام ئەو ڕیسکەش بویەوە بە خوری و ئاواتەکەیان نەهاتە دی.


چەندین سەرکردەی یەكێتی و هەزران کادیری پاکی یەکیتی کە لە گەندڵی تێوە نەگلاون، هەمان هەڵوێستیان هەبووە لە کاتی جیابوەنەوەی ڕەوانشاد کاک نەوشیرواندا، کەئەوەندەی ئەیانەوێت یەکێتییەکەیان پاک و چاک و چالاک بکەن، ئەوەندە خۆیان بە دوژمنایەتی ئەوانی تر خەریک ناکەن.


لە ئێستادا هاوپەیمانی و گۆران و کۆمەڵ، بە تیمیک و توانایەکی نوێیەوە، هاوپەیمانیی نیشتمانیان پێک هێناوە، ئیتر بە ئۆتۆماتیکی یەكێتی و پارتیش بوون بە هاوپەیمانیەکی جودا.


هاوپەیمانی نیشتمان ئەم جارە ئەیەوێت یاری بۆ بردنەوە بکات و بێتە دەسەڵات و هەڵبژاردنێکی پوخت وحکومەتێکی پێگەێشتو بخاتە گەڕ. ئیتر ئەوە یەکێتییە دڵسۆز و ناگەندەڵەکانن، ئەتوانن لە کۆنگرەکەیاندا، جارێکی تر ئەو یەکێتییە بهێننەوە مەیدان و گەمەیەکی نوێ بکەنەوە، بە میتۆد و توانایەکی تازە، بۆ هاوپەیمانیی لەگەڵ چاکسازاند، نەک لەگەڵ دۆراواندا.


هەربۆیە، هاوپەیمانی یار و دۆستی هەموو تیمێکە، نەک سڕینەوە و پارچەکردنی تیمی دیکە.


میلەتەکەشمان هیلاک و بێزار و بێ ئومیدبوون، لەو هەموو دروشم و قسە باق و بریەقەی کە لە ماوەی دەسەڵاتی ئەم 27 ساڵە ئەیبینن و ئەیبیسن.
وە خەڵکی کوردستان، یاری زۆریان بینیوە، ئیتر خۆیان ئەزانن کێ ئەیباتەوە و کێ ئەیدۆڕێنیت، وە حەزیش ئەکەن یارییەکەیش بە خۆشی کۆتایی بێت، چونکە ئیتر میللەت ئەوە پەسەند ناکات چەکدار و تفەنگچی، یارییان بۆ بکات.


پیویست بە فۆبیای هاوپەیمانی و هاوپەیمانی نیشتمان ناکات، کە بخرێتە بەرەیەکی دۆژمن و نەیار، بۆ پارتی و یەکیتی، بەڵکو یارییەکی فەیناڵ ئەکات، و یاری هەموو لایەکە!.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP