یاریکردن بە یەکریزی کوردەوە

نەبەز گۆران - 11-01-2018 - 3454 جار خوێندراوەتەوە


ئێستا دەنگێک پەیدابووە، داوا دەکات لە ناوچە کێشە لەسەرەکاندا کورد بە یەک لیست بەژداری ھەڵبژاردنەکان بکات! ئەم دەنگە گەر بە دیوە (کورد بوون)ەکەدا تەماشای بکەیت، دەنگێکە شایەنی پاڵپشتی کردنە، ئەما کاتێک تەمی سەر دەنگەکە لابدەیت و ماھییەتە ئایدۆلۆژییەکەی دەخەیتە روو، دەزانی ئەم دەنگە، مانایەکی نییە جگە لە خزمەتکردنی ئایدۆلۆژیای حیزبی، لەژێر گوتاری یەکریزیدا.
نوکتەیەک ھەیە پڕە لە حەقیقەت.دەڵێت: " کوردەکان تەنھا لەکاتی ھەڵپەرکێدا دەستی یەکتری دەگرن." ئەم نوکتەیە بەشێکە لەو کلتوورەی کۆمەڵگەی کوردیی لەسەر بونیاد نراوە. ئەشێت لە دیوێکدا وەک نوکتە سەیری بکەین، لێ دیوە راستەقینەکەی پڕە لەو حەقیقەتەی کۆمەڵگەی کورد مێژووەکەی مێژووێک بووە لە پەرتەوازەیی. کاتێک حیزبی کوردیی دروستدەبێت، ئەم پەرتەوازەییە قوڵتردەبێتەوە و لەشوێنی یەکگوتاری و، یەکریزی، ئایدۆلۆژیا و بەرژەوەندی حیزبی و تاکە کەسی شوێنی دەگرێتەوە.

لە سەرەتای ساڵانی شەستەکانەوە بەشی باشووری کوردستان، لەرێگای حیزبەوە پەرتەوازەییەکەی گەیاندوەتە ئاستێک زۆر قورسە بە کاتێکی کەم سەرلەنوێ بونیادی بنێیتەوە. خۆ کوێرکردنە گەر پێمانوابێت کوردی ئەم بەشە لەھەوڵی یەکریزیدا بووە. دروستبوونی حیزب، بنەوانێک نەبووە بۆ خەمی گشتی، بە پێچەوانەوە بنەوانێک بووە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەو خەمە گشتییە. 

حیزب کە دێت گوتاری گەورە گەورە ھەڵدەگرێت، لەپشت ھەریەک لەو گوتارانەشەوە، بیرکردنەوەیەکی جەھەنەمی خۆی شاردوەتەوە. ھێندەی حیزب کاریکردوە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی یەکریزی، ھیچ کات دژەکانی ئەم کۆمەڵگەیە ئەو کارانەیان نەکردوە. یەکریزی کاتێک دروستدەبێت خەمی گشتی شوێنی خەمی تاکەکەسی و ئایدۆلۆژی حیزبی بگرێتەوە. ڤەلێ کە ئایدۆلۆژیا و بەرژەوەندی تایبەت ھەمیشە لە پێش خەمە گشتییەکانەوەبێت، بەرزکردنەوە و ھاوارکردنی گوتاری یەکریزی، مانایەکی نییە.

حوکومڕانی حیزب لە ماوەی بیست و پێنج ساڵ، مۆدێلێک بوو بۆ دابەشکردنی کۆمەڵگە بەسەر رەنگە حیزبییەکاندا. مۆدێلێک بوو تەنانەت حیزب دەستی خستە ناو (خێزان) کە بناغەی کۆمەڵگەیە و، لە (خێزان)ەوە، تا دەگاتە رووبەری گشتی پەرتەوازە کرا. ئێستا کە باس لە یەکریزی دەکرێت بۆ ناوچەیەک، ئەمە نمایشێکە بۆ داپۆشینی بیرکردنەوە دۆزەخییەکە. ئەرکی ھەریەکێک لە تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە بنەوانی پەرتەوازەییەکە بناسێت و، دەست بخاتە سەر برینە راستەقینەکە، نەک فریوی گوتارێک بخوات بۆ پاراستنی بەرژەوەندی تاکەکەسی و ئایدۆلۆژی حیزبی بەرزدەکرێتەوە.

ناوماڵی کورد _ناوماڵی حیزبی_ لە باشووری کوردستان لەوپەڕی درز تێبووندایە. ئەو ھێزانەی بانگەشەی یەکریزی دەکەن، خۆیان دینەمۆی لێکترازانن. یەکریزی لای ئەوان ئەو کاتە مانای ھەیە حیزب و کەسەکانی بپارێزێت. بۆئەوەی یەکریزی دروستبێت، پێویستە تەواوی بیرکردنەوەی سیاسیی بگۆڕێت. چاوەرواندەکرا پاش شکستە گەورەکەی (١٦ ئۆکتۆبەر) بیرکردنەوەی سیاسیی لە بنەرەتەوە بگۆڕێت، کەچی نەک نەگۆڕا، جارێکی دیکە حیزب بە ھەمان نالۆژیکی و بەھەمان کەرەستەی بەرھەم ھێنانی رق و، دابەشکردنی کۆمەڵگە بەسەر رەنگی حزبیدا کەوتەوە گەڕ. 

ئەم وزە دۆزەخییە لە تێگەیشتنی سیاسیی بووەتە کۆسپێکی گەورە لەبەردەم کۆمەڵگە. باشووری کوردستان لەژێر چنگی دوو حیزبی باڵادەستدا، تەنھا شکستی لە بەرێوەبردن و، شکستی لە پاراستنی ناوچەکانی خۆی نەھێناوە، بەڵکو شکستی لە دروستکردنی پایە راستەقینەکانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستیش ھێناوە.  کاتێک حیزب بانگەشە بۆ وتارێک دەکات، لەپشت وتارەکەوە بەرژەوەندییەک وەستاوە، ئەو بەرژەوەندییە پەیوەندی بە خەمی گشتییەوە نییە و وتارەکە بۆ خزمەتکردنی ئەو بەرژەوەندییەیە، تا ئەو چیرۆکە کۆتایی نەیەت، خەمە گشتییەکە شوێنی خۆی ناگرێت. 
حیزبی کوردی ناتوانێت یەکریزبێت، ئەمە مێژووەکەیان و سروشتیانە. بۆچوونی جیاواز لەسەر خۆ بەرێوەبردن و سیستەم، لەبری یەکتر قبوڵکردن یەکتر سڕینەوە ھاتوەتە جێگای. بڕواکردن بەوەی کە باس لە یەکریزی دەکرێت، ئیشی ئەوانەیە حیزب وەک خۆی ناناسن. پەرتەوازەیی بەشێکی گەورەی پەروەردەی حیزبییە.  شکستانی حیزب نابنە  دینەمۆیەک بۆ سەرلەنوێ بیرکردنەوەی نوێ، لەبری ئەمە دەسەڵات ویستن و، پاراستنی میراسێکی _پیسخۆر_گەندەڵ_ شوێنی کۆی بیرکردنەوە نوێیەکان دەگرێتەوە! 

پاش ئەم دیمەنە خەمبارانە، ئێستا باس لەیەکریزی دەکرێت بۆ ناوچەیەکی لەدەستچوو، کە بەھۆی ھەڵەو بیرکردنەوەی نارێکوپێکەوە دیمەنەکان رویاندا. لەبری گەڕانەوە بۆ بونیادی ھەڵەکان بانگەشەی یەکریزی بۆ پاراستنی حیزب شوێنی دەگرێتەوە! لە کاتێکدا ئەو دەنگەی باس لەم یەکریزییە دەکات ئامادەنییە لە بچوکترین دەسەڵاتی خۆی خۆشبێت! ئامادەنییە سازشێک لەبەردەم حیزبێکی کوردییدا بکات و، ئامادەیە گەورەترین شازش لەگەڵ بێگانەکان بکات! ئەم عەقڵە چۆندەتوانێت یەکریزی دروستبکات؟! کە ئەم عەقڵە بانگەشەی یەکریزی بکات، بێگومان یەکریزی جگە لەیارییەک بۆ کاتێکی دیاریکراو، ئەرکێکی دیکەی نییە. 
 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP