هەواڵی ئەمڕۆ

سه‌رۆك به‌چی ده‌یباته‌وه‌؟

سلێمان عەبدوڵا یونس - 9-11-2016 - 13764 جار خوێندراوەتەوە


سلێمان عه‌بدوڵا یونس

هه‌ڵبژاردنی دۆناڵد تره‌مپ، دوای بڕیاری ده‌رچوونی بریتانیه‌كان له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا، دووپاتی ئه‌وه‌یه‌، كه‌گه‌لانی زیندووی دنیا، ئیتر حه‌زده‌كه‌ن جڵه‌وی سیاسه‌تكردن بده‌ن به‌ده‌ست ئه‌و سه‌ركردانه‌ی، توانای ڕیسكیان هه‌یه‌و ده‌نگیش به‌و حزبانه‌ ده‌ده‌ن ئیراده‌ی وه‌رگرتنی بڕیاره‌ قورسه‌كانیان هه‌یه‌.

ئیتر سه‌رده‌می سیاسیه‌ بوێره‌كان‌و ئه‌و حزبانه‌یه‌، كه‌له‌گه‌ڵ خواستی خه‌ڵكن‌و به‌بێگوێدانه‌ ئیعتوباره‌ ته‌قلیدییه‌كان، پێشڕه‌وایه‌تی گۆڕانێكی ڕیشه‌یی ده‌كه‌ن‌و  به‌پێچه‌وانه‌ی ئاڕاسته‌ی شه‌پۆلی سیاسه‌ته‌ باوه‌كان، ئیراده‌ی په‌ڕینه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مێكی دیكه‌ی جیاواز، تاقیده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌كوردستانیش، بینیمان، خه‌ڵك به‌حزوری سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌ی وه‌كو مام جه‌لال، پشتیان له‌یه‌كێتی كردو چانسی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یان به‌نه‌وشیروان مسته‌فا به‌خشی. چونكه‌ ئاماده‌بوو ڕیسك بكات‌و  وێڕای ئه‌رزو ئه‌من‌و هێزو پاره‌و ده‌سه‌ڵاتی بنده‌ستی یه‌كێتی، سواری شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی گه‌ل ببێت‌و به‌ئیراده‌یه‌كی گه‌وره‌ بڵێ ده‌یگۆڕین.

له‌دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی یاسایی سه‌رۆكایه‌تی بارزانیش، وێڕای ناڕاستی هه‌ندێك له‌سیاسه‌ته‌كانی پارتی‌و په‌كخستنی په‌رله‌مان، كه‌چی دیسان پارتی هه‌ر وه‌كو براوه‌ی یه‌كه‌م‌و حزبی باڵا ده‌ست‌و بارزانیش وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێم مایه‌وه‌. چونكه‌ له‌م پێناوه‌دا توانای وه‌رگرتنی بڕیاره‌ گه‌وره‌كان‌و ڕیسكی پێشووتر ئه‌زموون نه‌كراویان به‌رجه‌سته‌كرد.

لێڕه‌وه‌ ڕاستی‌و ڕه‌وایه‌تی ئیتر به‌ته‌واوی ڕێژه‌ییه‌و خه‌ڵك له‌دنیای ئیمڕۆی سیاسه‌تدا، چیتر له‌سه‌ر به‌هاكان ده‌نگ ناده‌ن‌و له‌سه‌ر مێژوویان، سه‌رۆكه‌كان هه‌ڵنابژێرن. به‌ڵكو ئیراده‌ی ڕیسكخوازی هێزه‌كان‌و بوێری سه‌ركرده‌كان تاقیده‌كه‌نه‌وه‌.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP