مەلا بەختیار، یا بەدیار

دانا هەڵەبجەیی - 8-01-2018 - 5604 جار خوێندراوەتەوە

ڕوداو، وەک دەزگایەکی میدیایی، ئەمجارە داوێکی دوو فاقەی بۆ کاک مەلا بەختیار دانا، کە سەرەتاوە؛ یەکەم، ناونیشانەکەی وەک بەرپرسی کارگێڕی مەکتەب سیاسی یەکێتی پیناساندین، کە دەمیکە ئەو پۆستە نەماوە و جگە لە ئەندامیکی سەرکردایەتی زیاتر، هیچی تر نییە. بە ئەنقەست ئەمایان دانابوو، بۆ ئەوەی ڕاستبێژی ئەم پیاوە ( سیاسەتمەدار) بخرێتە ژێر پرسیارەوە.

دووەم، تەڵە و داوەکەی تر لەو خودی پرسیارەکاندا بوو کە لێی ئەکرا.

مەلا بەختیار ئەڵێت؛ من بۆ یەکەم جار دەستەواژەی شانزەی ئۆکتۆبەرم داهێنا و دامڕشتوە!!!.

داهێنان بریتییە لە دۆزینەوەی شتێک کە لەوەو پێش نەبوبێت، دەستەواژەش گوزارشت یا دوو وشەی لێکدراوە، کە مانەیەک ببەخشێت، ئیتر داڕشتنی ڕۆژەکانی هەفتە و مانگ لە کوێدایە، خۆ پەخشان نییە، تا داڕێژرابێت؟.

کاک مەلا بەختیار جگە لە بەکارهێنانی بەروارێک زیاتر، هیچی دیکەی نەوتووە، ئایا کەسێک هەیە بە بەرواری 16/10 بڵێ 16/9 هەموو کەس هەر ئەڵێت 16/10، ئەو لە بری ئەوەی بڵێت؛ شانزەی دە، یا شانزەی تشرینی یەکەم، بە لاتینەکەی وتویەتی شانزەی ئٶکتۆبەر، کە لە وشەیەکی ڕۆمانی  هاتوە مانای ژمارە هەشت دەگەیەنێت .OCTA 
وەک ئەوە وایە کە زۆر کەس ئەڵیت شانزەی سێ، ئەم بڵێت؛ شانزەی مارت، و بە داهێنانی بزانێت، دیارە ئەوەندە باسی شۆڕشی ئۆکتۆبەری سۆڤیەتی کردوە، تازە زانیویەتی کە ئۆکتۆبەر یانی مانگی 10، بۆیە بە داهێنانی دەستەواژەیەکی نوێی ئەزانێت.

گەیشتوەتە ئەو تەمەنە، تازە ئەڵێت؛ تەسکیە، لە بری ئەوەی بڵیت؛ تەزکیە، کە لە وشەیەکی عەرەبی تزکیە وە هاتوە بە مانانی تگهیر یا پاکژکردنەوە دێت، کە لەگەمەی سیاسییەکاندا بەو مانایە دێت، کە کەسێک پشتگیری و پاکئەستۆی بۆ یەکێکی تر بکات و شوێن و پلەیەکی بۆ مسەوگەر بکات.
ڕوداویش بە هەموو عەربی زمانەی وەک ژێرنوسی وتە هەڵبژێرراوەکانی بۆ قسەکانی نوسیبوی تەسکیە!!!.

لەوە گەڕێ کە چەند جارێک نێرگزیانە باسی تواناکانی خۆی ئەکرد، کە خۆی پرۆژەی نوسیوە، خۆی سەرکردەی سەربازییە، خۆی زۆربەی ئەدەبیاتی یەکێتی نوسیوە و یەکەم کەس بووە لە خۆرهەڵاتی ناوین کتێبی لەسەر خۆپشاندان نوسیوە!!!، بەڵام لە هەموی زەقتر ئەوە بوو، کە ڕۆژی 20 تا 25 وتار و لێکۆڵینەوە وەرگیڕاوەکان ئەخوێنێتەوە، هەر خوا ڕەحمی کرد ئەمیشی نەکرد بە بە 22 وتار، چونکە ژمارە 22ی لا جوانە هەر وەک22 کۆپتەرەکە.

ئەمە ئەو هەمووە ئەخوێنێتەوە، ئەوەش ئەنجامەکەیەتی، ئەی ئەگەر نەیخوێندایتەوە، چی بەسەر ئەهات؟.
گۆرەوی، ئاخ کە شەرمەزاربووم، کە لەزاری هاتە دەرەوە، لە هەندێک شوێن بە گورەی ئەوترێت؛ گوێرەوی،،،.
کاشکی کاک بەرهەم (ناوم بۆ گوڵێک بردێت) جوتێک گۆرەی بۆ ئەنارد، ئیتر شایانی ئەوەبوو بکرێتە سەرۆک و سکرتێری یەکێتی، گۆرەی ناردن بۆ شاخ، پێوەرەی عەقلانییەت و زیرەکی و دڵسۆزییە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستا، لای کاک مەل بەختیار.

کاک بەرهەم لە شار و دەرەوەی وڵات و لە حکومەتدا کاری پێ ڕاسپێردراوە، کە پێوێستی بە هۆشیاری و سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی هەبووە نەک گۆرەوەی ناردن، وە تا ئەو شوێەی توانویەتی سەرکەوتوو بووە، بەڵام مادام پێڵاوی لاستیکی نەدڕاندوە و تەقەی نەکردووە، بۆی نیە لێپرسراویەتی پێ بدرێتێ!.. 

یەکێک لە سەمەرەکانی ئەو کەسەی کە لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەرستدا، زۆرترین بەکارهێنەری دەستەواژەی دیموکراسییە لە هەموو قسە باسیکێدا، کاک مەلا بەختیارە، کەچی ئەڵێت؛ ئێمە چەک دانانێن،  ئەگەر یەک کورسیش بێنین.
بەڕاستی پۆستمۆدیرن و سۆسیال دیموکراتەکەی سەلماند، هەروەک لە دوا زنجیرەی تەلەفزێۆنییەکەی، کەوتوەتە سەروگێلاکی ئابوری و دارایی، ئاواش ئەمیش بەقوڕدا ئەبات و لە دوا وتەیدا داوای لیبوردن ئەکات،،،.

یەکێک لە جوڵە خۆکردییەکانی زمانی جەستە، دەستبردن بۆ لوتە، یاخود خوراندنی لوتە، کە هێمایە بۆ درۆکردن، لە شانسی کاک بەرهەمدا خۆشبەختانە کە ناوی ئەوی هێنا، دەستی برد بۆ لوتی، کە ئاماژەیە بۆ ناڕاستی قسەکانی، وە ئەمە جگە لەوەی کە چاوبڕینە لی شانی ڕاست، ئەویش یانی درۆ هەڵبەستن، و بیرکردنەوە لە درۆ دروستکردن، سوپاسگوزارین ، کە لەوەش بی بەشی نەکردین.

هەر بۆیە کاک مەلابەختیار لە دیدارەدا نەک بەختیار بوو، بەڵکو بەخت یاوەری نەبوو و بەدیار بوو، ئەوەی کە ئەئەبوایە نەیوتایە وتی و کەوتە داوەکەی ڕوداوەوە.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP