ده‌نگی بڵندی‌ جه‌ماوه‌رو نوزه‌ی‌ له‌رزۆكی حیزبی

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 8-11-2016 - 2523 جار خوێندراوەتەوە

 

عه‌تا قه‌ره‌داخی


(هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی جه‌ماوه‌رو هه‌ڵوێستی شه‌رمنانه‌ی‌ حیزبی كوردی‌ به‌رامبه‌ر به‌ توركیاو داگیركه‌رانی تری‌ كوردستان)
ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ سه‌ره‌تای بزووتنه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی كورد كه‌ ده‌رئه‌نجامی ده‌ركه‌وتنی جۆرێك له‌ هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی یان ناسیونالیستی كوردی بووه‌ له‌باكوری كوردستان ده‌ستی پێكردووه‌. بزووتنه‌وه‌ی‌ به‌درخانییه‌كان له‌پێش ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا وه‌كو یه‌كه‌مین بزووتنه‌ له‌مێژووی كورددا سه‌یر ده‌كرێت كه‌ هه‌ڵگری به‌شێك له‌داواكارییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد بووه‌. 

هۆكاری ئه‌وه‌ی‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌باكووری كوردستان سه‌ره‌تای هوشیاری نه‌ته‌وه‌یی كورد یان به‌چه‌مكی نوێ ناسیونالیستی كوردی ده‌رده‌كه‌وێت، په‌یوه‌ندی به‌ چه‌ند هۆكارێكه‌وه‌ هه‌بووه‌ له‌وانه‌ش نزیكی توركیا له‌ ئه‌وروپاوه‌ به‌تایبه‌تی له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌دا كه‌ ئه‌وروپا بووه‌ته‌ زه‌مینه‌ی‌ درووستبوونی ده‌وڵه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان‌و ئه‌وه‌ش كاری له‌ تورك‌و كوردیش كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جۆرێك له‌ هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییان له‌لا درووست ببێت. هه‌روه‌ك هاتوچۆی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی به‌درخانییه‌كان بۆ ئه‌وروپاو مانه‌وه‌یان له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی ئه‌وێ‌و پێگه‌ی دیاری خۆیشیان وه‌كو بنه‌ماڵیه‌كی رۆشنفكر ده‌وری كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌وه‌یدا ئه‌وان له‌ مێژوویه‌كی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك زوودا داواكارییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد به‌رز بكه‌نه‌وه‌و له‌و پێناوه‌شدا خه‌باتیان ده‌ست پێكردووه‌‌و دواتریش كاتێ له‌ خه‌باتی چه‌كداریدا سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌ رێگای قه‌ڵه‌م‌و خه‌باتی مه‌ده‌نیان گرتۆته‌به‌ر كه‌ لوتكه‌ی‌ ئه‌و خه‌باته‌ش ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی‌ كوردستان بووه‌ وه‌كو یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی‌ كوردی له‌ مێژووی كورددا.

هه‌ر به‌دوای شكستی بنه‌ماڵه‌ی‌ به‌درخانییه‌كاندا له‌خه‌باتی چه‌كداری به‌ ماوه‌یه‌ك شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هری كه‌ سه‌ر به‌ڕێبازی نه‌قشبه‌ندی بوو، سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه‌یه‌كی تری كردووه‌ كه‌ رووبه‌ری داواكارییه‌كانی‌و ستراتیژی كاركردنیشی به‌راورد به‌بزووتنه‌وه‌ی‌ به‌درخانییه‌كان فراوانتر بووه‌ ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به‌زیاتر به‌هێزبوونی ناسیونالیستی كوردیه‌وه‌ هه‌بووه‌ له‌چاو پێشتردا. هه‌رچه‌نده‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ی‌ شێخ عوبه‌یدوڵاش دووچاری شكستی سه‌خت هات، به‌ڵام له‌ڕووی مێژووییه‌وه‌ بایه‌خێكی گرنگی هه‌یه‌ ئه‌ویش یه‌كه‌م له‌ڕووی رووبه‌ری داواكارییه‌كانیه‌وه‌، دووه‌م له‌ڕووی جوگرافیاو ئه‌و خێڵ عه‌شیره‌ته‌ كوردانه‌ی‌ كه‌ به‌شدارییان تێداكردووه‌. سێیه‌م له‌و رووه‌وه‌ كه‌ تاكو ساته‌وه‌ختی شێخ عوبه‌یدوڵا میرو به‌گ‌و ئاغاكان سه‌رۆكایه‌تی میرنشین‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ناوچه‌ییه‌كانیان كردووه‌، به‌ڵام له‌راپه‌ڕینه‌كه‌ی‌ شێخ عوبه‌یدوڵاوه‌ ئه‌وه‌ی‌ زیاتر سه‌ركردایه‌تی‌و رابه‌رایه‌تی بزووتنه‌وه‌كانیان كردووه‌ سه‌یدو شێخه‌كانی هه‌ردوو رێبازی نه‌قشبه‌ندی‌و قادری بوون كه‌ ئه‌وه‌ش جێگای له‌سه‌ر راوه‌ستان‌و قسه‌ له‌سه‌ر كردنه‌.

بێگومان ئه‌وه‌ش ئاشكرایه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می توركه‌ لاوه‌كاندا ئه‌و نوخبه‌ رۆشنبیرو خوێنده‌واره‌ی‌ كورد كه‌ له‌ ئه‌ستانه‌ بوون یان له‌ سایه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیادا بوون، نزیكی زۆریان له‌گه‌ڵ توركه‌ لاوه‌كان هه‌بوو به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی‌ بارودۆخێكی نوێ بێته‌ ئاراوه‌ كه‌ كوردیش له‌و میانه‌دا بتوانێت به‌شێك له‌ مافه‌كانی به‌ده‌ست بهێنێت، به‌ڵام دیاره‌ توركه‌ لاوه‌كانیش هه‌مان شێوه‌ی‌ پێش خۆیان سه‌یری كوردیان كرد، دواتریش كه‌ له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانیدا ده‌وڵه‌تی ناسیونالیستی تورك درووستبوو، له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی نامرۆڤانه‌ی‌ ده‌وڵه‌تانی بڕیار به‌ده‌ست كوردستان دابه‌شكرا، به‌شێكی فراوان‌و زیندووی‌ كوردستان خرایه‌ سه‌ر توركیای كه‌مالیزم كه‌ له‌كورترین ماوه‌دا كورد له‌مافی سرووشتی به‌كارهێنانی زمانی دایكیش بێبه‌ش كرا. كورد له‌و به‌شه‌ی‌ كوردستان به‌رده‌وام خه‌باتی كردووه‌ له‌پێناوی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیدا.

 به‌ڵام جووتبوونی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌تانی بڕیاربه‌ده‌ست له‌گه‌ڵ توركیادا وایكردووه‌ دنیای بڕیار به‌ده‌ست نه‌گوێی له‌هاواری پڕ له‌ئازاری كورد بێت نه‌چاویشی ئه‌و هه‌موو كوشتن‌و بڕینه‌ ببینێت كه‌ده‌وڵه‌تی تورك‌و داگیركه‌ره‌كانی تری كوردستان له‌كوردستاندا كردوویانه‌و ده‌یكه‌ن. بێگومان له‌دوای زیاتر به‌هێزبوونی ده‌وڵه‌تی تورك‌و پشتگیری كردنی له‌لایه‌ن رۆژئاواوه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌دوای بزووتنه‌وه‌ی‌ سه‌ید ره‌زای ده‌رسیم له‌ سیه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا توانی بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌نگی كورد كپ بكاته‌وه‌، به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی‌ كوردی له‌و به‌شه‌دا به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ده‌ستی پارتی كرێكاران له‌كۆتایی حه‌فتاكان‌و سه‌ره‌تای هه‌شتاكان به‌دواوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌هێز سه‌ری هه‌ڵداو له‌و كاته‌وه‌ تاكو ئێستا ده‌وڵه‌تی تورك به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵده‌دات ئه‌و ده‌نگه‌ كپ بكاته‌وه‌ به‌ڵام رۆژ له‌ دوای رۆژ ده‌نگی ناڕه‌زای كورد له‌ باكوور به‌هێزتر ده‌بێت‌و ئێستا دنیای بڕیار به‌ده‌ست ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر چاویشی بنووقێنێت‌و گوێیشی بگرێت هێشتا ناتوانێت خۆی له‌ بیستن‌و بینین ده‌نگ‌و داواكارییه‌كانی كورد له‌ باكوور دوور بگرێت.

توركیا واخۆی نیشان ده‌دات كه‌ ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتییه‌و ماوه‌یه‌كی دوورو درێژیشه‌ هه‌وڵده‌دات رووی‌ حۆی به‌جۆرێك نیشان بدات كه‌ قه‌ناعه‌ت به‌ كۆمه‌ڵی ئه‌ورپی‌و په‌له‌مانی ئه‌وروپا بهێنێت كه‌ شایانی ئه‌وه‌یه‌ به‌ ئه‌ندام وه‌ربگیرێت به‌ڵام به‌رده‌وام وه‌ڵامی ئه‌وروپا بۆ توركیا نێگه‌تیفه‌ چونكه‌ تاكو ئێستا بنه‌ماكانی دیموكراسی له‌ توركیادا له‌وه‌ لاوازترن شایانی ئه‌وه‌ بێت مافی به‌ئه‌ندامبوونی له‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌دا پێببه‌خشرێت.  هۆكاری سه‌ره‌كیش له‌و رووه‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كوردو مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی كورده‌ كه‌ تاكو ئێستا ده‌وڵه‌تی تورك نه‌یتوانیووه‌ به‌كرده‌وه‌ ئه‌و مافه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ بۆ كورد له‌و به‌شه‌ی‌ كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكات، له‌ناویاندا ئاخاوتن‌و خوێندن به‌ زمانی دایك. 

بێگومان له‌ رابردوودا بڕیار به‌ده‌ست له‌ سیستێمی سیاسی توركیادا جه‌نراڵه‌كان بوون كه‌ ئه‌وان‌و هه‌موو ئه‌تاتوركییه‌كان له‌وساوه‌ بۆ ئێستا ناتوانن دان به‌بوونی كورددا بنێن‌و له‌ مێژه‌ ناویان له‌ كورد ناوه‌ توركی چیایی. له‌دوای هاتنی ئیسلامیه‌كانیش بۆ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات، هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كوردی باكور سه‌ربه‌ پارته‌ ئیسلامیه‌كه‌ی ئه‌ردۆگانن، به‌ڵام وه‌كو ئاشكرایه‌ هیچ هه‌نگاوێكی جیدی له‌له‌لایه‌ن ئه‌ردۆگان‌و حكوموته‌كه‌یه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی‌ كورد نه‌نراوه‌. ئه‌مه‌ش ده‌شێ ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ بێت كه‌ پارته‌ ئیسلامییه‌ سیاسیه‌كان بڕوایان به‌ مه‌سه‌له‌ی‌ نه‌ته‌وایه‌تی نه‌بێت، هه‌ربۆیه‌ سه‌رباری هه‌ندێ به‌ڵێنی سه‌رزاری له‌لایه‌ن ئه‌ردۆگانه‌وه‌ هیچ هه‌نگاوێكی كرداری نابینرێت.

وه‌ك ده‌بینین له‌ماوه‌ی‌ پانزه‌ ساڵی رابردوودا ئه‌مه‌ جاری دووه‌مه‌ بارودۆخی باكووری كوردستان به‌مجۆره‌ هه‌ڵچوون به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت. جاری یه‌كه‌م له‌ كۆتای سه‌ده‌ی رابردوودا بوو كاتێ به‌ پیلانێكی نێوده‌وڵه‌تی سه‌رۆكی پارتی كرێكاران ده‌ستگیر كرا. ئه‌و كات خۆپیشاندانی كوردی باكوور له‌ ناوخۆو كوردی هه‌رچوار پارچه‌ی‌ كوردستانیش له‌ وڵاتانی رۆژئاوا بۆ ماوه‌یه‌كی دوورو درێژ رۆڵی له‌به‌رچاوی هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی تر دنیای سیاسی نووستوو به‌ئاگابێنێت به‌رامبه‌ر به‌ كورد، یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ گه‌لانی ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ هه‌ست به‌ ئازاره‌كانی كورد ناكه‌ن له‌به‌ر خاتری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ داگیركه‌رانی كوردستاندا، زه‌نگی ئازاره‌كانی كورد رۆحی وروژاندن، ئه‌وه‌ش ده‌شێ تا ئه‌ندازه‌یه‌ك كاریگه‌ری نێگه‌تیفی بۆسه‌ر كه‌سێتی مه‌عنه‌وی ده‌وڵه‌تی توركیا هه‌بوو بێت.

له‌ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ رابردوودا حكومه‌تی توركیا به‌شێوه‌یه‌كی نامرۆڤانه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك په‌لاماره‌كانی بۆ سه‌ر كورد زیادكردووه‌ به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی‌ كورد شێوازێكی نوێی له‌ خه‌بات ده‌ست پێكردووه‌، واته‌ سه‌رباری خه‌باتی چه‌كداری پارتی كرێكاران، خه‌باتی دیموكراتی‌و په‌رله‌مانی پارت‌و جه‌ماوه‌رو كه‌سانی سیاسی كورده‌ له‌ توركیا كه‌ ئه‌وه‌ش توركیای زۆر ته‌نگه‌تاو كردووه‌، چونكه‌ ده‌زانێت ئه‌وه‌ چه‌كێكی زۆر كاریگه‌ره‌و ده‌شێ سه‌رئه‌نجام ئه‌و شێوه‌ خه‌باته‌ مه‌ده‌نییه‌ هه‌م له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆو هه‌م له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی پشتگیری بۆ په‌یدا ببێت توركیا ناچاری داننان به‌ مافه‌كانی كورددا بكات. توركیا نایشارێته‌وه‌ كه‌ پێی خۆشه‌ ئه‌وانه‌ی‌ خه‌باتی مه‌ده‌نی ده‌كه‌ن شاره‌كان به‌ جێبهێڵن، ته‌نانه‌ت هانیان ده‌دات چه‌ك له‌ شان بكه‌ن‌و بچنه‌ لای پارتی كرێكاران.

 بۆ ناچاركردنی هێماكانی خه‌باتی مه‌ده‌نی‌و دیموكراتیانه‌ی‌ كورد ده‌وڵه‌ت ئه‌و هێمایانه‌ ده‌گرێت‌و سووكایه‌تیان پێده‌كات‌و زیندانیان ده‌كات، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی كوردی له‌ زیندانه‌كان تووند كردووه‌، كه‌ ئێستا نزیكه‌ی‌ دوو مانگ زیاتره‌ به‌شێكیان مانیان له‌ خواردن گرتووه‌و ده‌وڵه‌تی توركیش له‌ داواكارییه‌كانیان بێده‌نگه‌. به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان هه‌ڵوێستی كۆڵنه‌ده‌رانه‌ی زیندانیانی كوردو بێباكی ده‌وڵه‌تی تورك نه‌ك هه‌ر كوردی باكوور به‌ڵكو كوردی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستانی وروژاندو رووبه‌ری خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زاییه‌كان بۆ هاریكاری زیندانیانی مانگرتووی‌ كورد له‌ توركیا زۆر فراوانبووه‌.

 ئه‌وه‌ش شتێك نییه‌ ته‌نیا ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵچوون‌و سۆزێكی ساده‌ی نه‌ته‌وه‌یی بێت به‌ڵكو به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌وه‌شه‌ كه‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی كورد زیاتر به‌ره‌و به‌هێزبوون ده‌چێت‌و ناسیونالیستی كوردی به‌ره‌و قۆناغی خۆنمایش كردن ده‌ڕوات، كه‌ بێگومان رۆژ له‌ دوای رۆژ ئه‌و خۆنمایش كردنه‌ به‌هێزتر ده‌بێت تا سه‌رئه‌نجام هه‌موو كورد له‌ ده‌وری ناسیونالیزمی كوردی كۆده‌بێته‌وه‌و ئه‌و بزووتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ پێكدێت كه‌ به‌ جۆرێك به‌هێز ده‌بێت، هیچ داگیركه‌رێكی كوردستان ناتوانێت له‌به‌رامبه‌ریدا خۆی رابگرێت‌و درێژه‌ به‌ نكوڵی كردنی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد بدات.

  هه‌نگاوی‌ سێیه‌م له‌ سیاسه‌ته‌ چه‌وت و تۆتالیتاره‌كانی رژێمی ناسیونالیست ئیسلامی تورك ئه‌مه‌ی‌ ئێستایه‌ كه‌ ئه‌ردۆگان سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و به‌ شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌و دوور له‌ ساده‌ترین بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و ئازادی‌ و رووتكراوه‌ له‌ هه‌موو ئه‌ته‌كێتێكی په‌رله‌مانی و ده‌وڵه‌تداری‌، ده‌وڵه‌تی تورك به‌وه‌وه‌ ناوه‌ستێت كه‌ په‌لاماری‌ كوردی‌ مه‌ده‌نی بێ چه‌ك بدات، به‌ڵكو په‌لاماری‌ ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌دات كه‌ به‌ ده‌نگی خه‌ڵك بوونه‌ته‌ سه‌رۆكی شاره‌وانیه‌كان و ئه‌ندامی په‌رله‌مانی توركیا. 

له‌وه‌ش زیاتر به‌ هه‌مان ئه‌و شێوه‌یه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می ئه‌تاتورك خۆیدا چۆن په‌لاماری‌ شیخ سه‌عیدی‌ پیران و هاورَێكانیان داو له‌ سێداره‌یان دان، به‌و شێوه‌یه‌ی‌ په‌لاماری‌ سه‌ید ره‌زای‌ ده‌رسیمیان دا، به‌و شێوه‌ دڕندانه‌ی‌ كه‌ گوندو ناوچه‌ كوردییه‌كان بۆمباران ده‌كه‌ن و وێرانیان ده‌كه‌ن، به‌و شێوه‌یه‌ی‌ خه‌باتگێڕانی كورد به‌ ئاشكرا یان له‌ پشته‌وه‌ تیرۆر ده‌كه‌ن، به‌و شێوه‌یه‌ی‌ كه‌ مافی زمانی دایكیان له‌ كورد سه‌ندووه‌ته‌وه‌، ئه‌مجاره‌یان سیستێمی توركی شۆڤێنی ئیسلامی په‌لاماری‌ سیمبوڵه‌ مه‌ده‌نیه‌ پایه‌به‌رزه‌كانی كورد ده‌دات و راپێچی زیندانیان ده‌كات. بێگومان. 

راسته‌ ئێستا ده‌میرتاش و هاوه‌ڵه‌كانی له‌ زیندانه‌كانی توركیادان، به‌ڵام به‌م كاره‌ی‌ توركیا، جارێكی تر هه‌ستی جه‌ماوه‌ری‌ خه‌ڵكی كوردستانی وروژاندو ئه‌گه‌ر شه‌قامی كوردی‌ به‌ هۆی‌ دابه‌شبوونی حیزبایه‌تی ته‌سكه‌وه‌ ته‌واو دابه‌شبووبێت، به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ نامرۆڤانه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی تورك جارێكی تر جۆرێك له‌ یه‌كگرتوویی‌ له‌شه‌قامی كوردیدا درووستكرده‌وه‌و ئه‌وه‌ش به‌ جۆرێك بریتیه‌ له‌ وروژاندن و بڵندبوونه‌وه‌ی‌ هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی كوردی‌. ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵوێسته‌ش ده‌لاله‌تێكی گرنگی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌و ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ سه‌رباری‌ دابه‌شبوون و نه‌بوونی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كوردی‌ له‌سه‌ر ئاستی یه‌ك پارچه‌ی‌ كوردستان یان كوردستانی گه‌وره‌، به‌ڵام له‌ كاته‌ ترسناكه‌كاندا جه‌ماوه‌ری‌ خه‌ڵكی كوردستان هاوهه‌ڵوێسته‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئاستی هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتیكردنی جه‌ماوه‌رو هه‌ست و هوشیاری‌ نه‌ته‌وه‌یی جه‌ماوه‌رو هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی جه‌ماوه‌ر زۆر له‌پێش كۆی‌ حیزبه‌كانی كوردستانه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌پێی به‌رژه‌وه‌نده‌كانیان هه‌ریه‌كه‌و گۆرانی به‌ باڵای داگیركه‌رێكی كوردستاندا ده‌ڵێت..

 ئه‌مه‌ش ئه‌و ئومێده‌ ده‌به‌خشێت كه‌ سه‌رئه‌نجام هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی جه‌ماوه‌ر به‌سه‌ر هه‌ڵوێستی به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌ی‌ حیزبه‌كانی كوردستاندا سه‌رده‌كه‌وێت و ده‌نگی زوڵاڵی جه‌ماوه‌ر كه‌ ده‌نگی نه‌ته‌وه‌و هاواری‌ نیشتیمانه‌، به‌سه‌ر ده‌نگی ناسازو قرخنی حیزبی بیرته‌سك و به‌رژه‌وه‌ند په‌رست و پاشكۆی‌ داگیركه‌ره‌ جۆراوجۆره‌كانی كوردستاندا زاڵ ده‌بێت. ده‌میرتاش و هاوه‌ڵه‌كانی نوێنه‌ری‌ خه‌ڵكن، ده‌نگی نه‌ته‌وه‌و نیشتیمانن، بۆیه‌ له‌سه‌ر ئاستی كوردستانی گه‌وره‌ پشتگیرییان لێده‌كرێت.       


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP