بەپەلە

هاوپەیمانی لەقۆناغی ترازانا..

دەلیل جەمال - 31-12-2017 - 1460 جار خوێندراوەتەوە

دوای پێكهێنانی كابینەی  ۸ و بەشداری هێز، و لایەنە ڕكابەرەكان و كۆبوونەوەیان لەژێرچەتری حكومەتێكی بنكەفراوان ،دوابەدوای هاتنی داعش و دروستبوونی قەیران، وئەوبریارەی كە ناونرا سەربەخۆیی ئابووری ولەوێوە بەجۆرێك ناشەفافی، وشاردنەوەی داهات، و كێشەوگرفتەكان گەورەتربوون، بەجۆرێك كەدواجار لەگەڵ خۆیدا درزی ترازانی لایەنەكانی زیاتردەكرد. ئەمە وێڕای كێشە یاساییەكان وپێشێلكردنی یاسا و مانەوەی بارزانی لەسەر كورسی سەرۆكی هەرێم و دەرئەنجام پەرلەمانی لەسەر پەكخرا، و شیرازەی ناوماڵی كورد زیاتر تێكچوو، بەجۆریك دۆستی دوێنێ بووە بەخیانەتكار، ئەم ترازانە گەشتە لوتكە، و چارەسەری ئەستەمبوو. لەڕیفراندۆمی مانگی ئەئلوولدا بەتەواوەتی هەست بەم شێواوی و ترازانە كرا، بەڕادەی ئەوەی نیوەی خاكی كوردستان درایەوە بەحكومەتی عێراق و بەشێكی زۆر لەداهاتی هەرێمیش لەدەستدرا.

گەر سەیری واقعی سیاسی، و ئابوری وحوكمڕانی هەرێم بكەین تێدەگەین ئێستا پێویستە هاوپەیمانییەك تەواوی ئەوهێز، و كەسایەتیانە كۆبكاتەوە لەسەر دوو بنەمای گرنگ كە، دەكرێت ڕاجیا، و بیرەجیاواز و ئایدیا جیاكان كۆبكاتەوە، كەئەوانیش بنەمای دیموكراسی و دادپەروەرییە.

ئەم دووچەمكە، دوو چەمكی گرنگ وكردارین بۆئەم قۆناغە هەم دیموكراسی سیستمێكە دەتوانێت هەمووان لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە، چونكە تائێستا دیموكراسی ڕاڤەی دروستی بۆنەكراوە بۆناو حوكمڕانی و زۆرجار دیموكراسی لەكەدەركراوە،و بەكارهاتووە بۆمانەوەی ستەمكاریی. دیارە كەدەڵێین دیموكراسی بەهەموو ڕەهەند،و ڕێساكانی دیارە ئەمەش دەستەجەمعی و هاوپەیمانییەتی دەوێت بۆ چەسپاندنی دادپەروەریی، بەمانای هەلی چونیەك لەتەواوی كایەجیاكان، و دوبارە ڕێكخستنەوەی كۆمەڵگە و بونیادنانەوەی تاك لەسەربنەمای ئەرك و ماف سز او پاداشت لە تەواوی بازنەكانی سیاسەت و ئابوری و كۆمەڵایەتیدا.

لێرەوە هاوپەیمانی هەمووان لەقۆناغی شكستی ئەوانی دیكەدا زەرورەتی ئەمڕۆیە، لەبەرانبەر بێباكی دەسەڵاتێكی شكستخواردو، یان داڕمانێكی گەورەی حیزبی كە دواجار لەگەڵ خۆیدا ئەزمونەكەشی داڕماند، تەنها بژاردەی دروست بۆ هێز و كەسایەتییە دیموكراسی و دادپەروەرەكان، و ئەوانەی خواستیان داڕشتنەوەی كۆمەڵگەو حكومەتە بۆ بەسیستەمبوون، ئەوا هاوپەیمانی هەم ڕێگایە هەم میكانزمی دروستی واقع و قۆناغەكەیە، چونكە بەئیفلیجبوونی ئابووری هێز و كارەكتەرە بازرگانەكانی ناو سیاسەت پەرتدەبن، لێرەوە پێویستە باشەكانی ناو خەونی دیموكراسی و دادپەروەری پێویستە زیاتر كۆدەنگ و هاودیدی حوكمڕانییەكی شایستەبن.

كەوەلامگۆی خواستی میللەت بێت، كەپێموایە هەڵبژاردن تەنها ڕێگەی دەربازبوونە لە سیستەمی گەندەڵ وستەمكار.

دەبێت ئەوەش بزانین پەرتەوازەیی ئەم دیدە خزمەت بەدووبارە ئەوانە دەكات كە ئەمڕۆ هەڵگری ڤایرۆسی گەندەڵین ، بۆبنبڕكردنی ئەم ڤایرۆسە هاوپەیمانی هەموانە بۆقۆناغێكی نوێ ....


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP