دەردە کۆمەڵایەتییەکان

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 29-12-2017 - 3048 جار خوێندراوەتەوە

١
خاک نشین کردن


لە زمانی فارسی بۆ وەسفی حاڵی شەپڕێوو گوزەرانی نالەبارو پڕ لە تراژێدیا، دەستە واژەی ( بە خاک سیاە نشاندن) واتا بێ چارەکردن یا ماڵوێران کردن بەکار دەبردرێت. 
من لە سەردێرەکەمدا دەستەواژەی ( خاک نشین کردن) م بە کار ھێناوە وەک ئاماژەیەک بۆ بێچارەکردنی چینی خانەنشینانی راستەقینە و تێکەڵ کردنی کەیسیان بە کەیسی ئەو ھەزاران کەسەی بەشێوەی نایاسایی و نائاسایی و دوور لە ھەموو پێوەرو ویژدانێک، بە پلەی جۆراوجۆر ماف وئیمتیازاتی خانە نشین کردنیان پێ بەخشراوە.


پرۆسەی پاک کردنەوە یا بە واتایەکی تر، پاکسازی خانەنشینانی ڕاستەقینە و جیا کردنەوەیان لە خانە نشینانی ناڕاستەقینەی بەرھەمی دوو ئیدارەیی یا مەحسوبیەت و خزم خزمێنە یا ململانێی سیاسی و حزبی ( یا ھەر ناوێکی تری لێ دەنرێ)، ئەگەر بە پێی ئەنجامی توێژینەوەو دیراسەکردنێکی ڕاستەقینەی دوور لە مەزاج و بەرژەوەندی نەبێ و لە بنەماکانی دادپەروەریەوە دوور بێ، دەرەنجام و ئاکامی ڕێک پێچەوانەی لێدەکەوێتەوەو تەڕو وشک پێکەوە دەسوتێنێ و توێژێکی بەرچاوی خانەنشینانی ڕاستەقینە دەخاتە دۆخێکی نالەبارو گوزەرانێکی لار  و بڕینی تاقە سەرچاوەی بژێوی ژیانێکی مرۆڤانەوە.


 ڕەنگە ھەندێ کەس بەم دوعایەی حکومەت بڵێن ئامین و دەستخۆشی ئەم ھەنگاوەی لێ بکەن، بەڵام نابێ بە ھیچ شێوەیەک کەیسەکان تێکەڵ و حاڵەتەکان تێکھەڵکێش و دۆخەکە سەرەوژێر بکرێت بۆ توێژێکی موستەحق...با حەق و باتڵ لێک جیا بکرێتەوە.

٢
ئێمەی نەوەو نەتیجەو نەوەکانی کەیخەسرەوو مێدیا و سەلاحەدین و ئەی ڕەقیب و بەرخودان، ماشااللە لە داھێنانی ناووناتۆرە دۆزینەوەو ئێرەیی بردن بە ژیان و پلە وپۆست و پایەو حاڵ و گوزەرانی یەکتر لە ناو گەلانی جیھاندا یەکەمی بێ دووەمین ( لە جیاتی بێ ڕکابەر).


زۆر شوورەییە ئەو سێ پرسیارە ئاراستەی ھەر ئەورووپیەک بکەی...بشیکەی وەڵامێکی ڕاست و ڕەوان و درووست وەرناگریەوە:


تەمەنت چەندە؟
کێشت چەندە؟
موچەت چەندە؟
بەڵام بە گوێرەی فەرھەنگی ڕەسەنی کوردەواری ( کەمن گومانم لەوەیە ئەمە بەشێک بێت لە فەرھەنگی کورد) و تێگەیشتنەکانمان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتوری داھێنراو یا ھەڵێنجراو لە بێگانەوە، ئاراستە کردنی ئەم پرسیارانە بەلامانەوە زۆر ئاساییە و ئەگەر بە درووستی و لە شوێنی خۆیدا وەڵامیش نەدەیەوە یا خۆت لە وڵامدانەوەیان بدزیەوە ، ئەوە دوور نیە لە داھاتوویەکی نزیکدا رووبەرووی سزای کۆمەڵایتی و بایکۆتی سەردانیکردن و تەنانەت سڵاو کردن و دواندنیش ببیەوەو ناومان بخرێتە ناولیستی ڕەشی پەراوێز خراوانەوە.


لەوەش خراپتر لەوەتەی تۆڕە کۆمەڵایتیەکان داھێنراون، کەسانێکی بێ شومار شەوو ڕۆژ سەرقاڵی ھاشوھۆش و ھەللای ئیعلامی و کەمپەینن بۆ پەلاماردان و ھێرش کردن و تۆمەت بەخشینەوەی بێ بنەما بۆ یەکتر و بەمشێوەیە جۆرێک لە داڕووخان و فەوزای کۆمەڵایەتی دوور لە ھەموو بەھایەکی کۆمەڵایەتی و ئایینیان ھێناوەتە کایەوەو لە ڕووی سایکۆلۆژیەوە بوونەتە ھۆکاری بێزاری و دڵە ڕاوکێ و لە گۆڕنانی ھەموو جۆرێک لە متمانە و بڕوا بە یەکتری و بەوانی ترەوە...تەنانەت جاری واھەیە بریارێکی سیاسی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ ھۆی فشاری پێگە کۆمەڵایەتیەکانەوە گەڵاڵە کراوە یا گۆڕانی بەسەرداھاتووە و لە دژی توێژ یا چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵەوە بە خراپ کەوتۆتەوە!!!

لە وڵاتی ئێمە، ھەموومان  ئاگاداری ھەموو نھێنیەکانی ژیانی یەکترین و بگرە بڕی موچەی یەکتر و تەمەن و ڕۆژی لە دایک بوون و کێشی یەکتر و ژەمەخۆراکیەکانی ڕۆژانەی یەکتر و جۆرەکانی نەخۆشی یەکتریش دەزانین و ئەم زانیاریانە بە لامانەوە بە داخەوە لە رێنماییەکانی ھاتوچۆ و کاروباری تەندرووستی و ژیانپارێزی و ژینگە پارێزی و شارپارێزی و نیشتیمان پەروەریەوە گرینگتر و پڕ بایەختر و بەھادارترن.


 ھەربۆیەش کاتێک یەکێک موچەکەی لەویتر یا لەوانیتر زیاتر دەبێ، ئەویتر یا ئەوانیتر شەو خەوناچێتە چاویان و ڕۆژانەش لە دوای سووک و ریسواکردنی و تانە و تەشەر و پاشقۆڵ گرتن لەوانی تر، چەندین کاتژمێر لە ژیانی خۆیانی بۆی تەرخان دەکەن و بەشێک لە وزەو توانایان لەم بوارەدا بە فیرۆ دەڕوا.


خولاسە ھەرکامەمان رۆژانە بە شتتێکی بێ مانەوە ( ڕەنگە بۆ ھەندێ کەس ماناداربن) خەریکین و ئەوەی بە داخەوە بە خەیاڵمان دا نایەت خەمی یەکپارچەیی و یەکریزی و کۆدەنگی نەتەوەیی و لادانی چەوتیەکانە  بۆ گەیشتن بە ئامانجە کانمان، جا ئەو ئامانجانە نیشتیمانی و سیاسی، یا ئابوری و تایبەتی، یا کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی بن.


نمونەی تریش لەم جۆرە کەیسانە زۆرن کەوا لە حاڵەتەوە بوونەتە دیاردە و لە دیاردەوە بۆ دەردەکۆمەڵایەتیەکانەوە.  ھەرکام لە ئێمە ش کەم تا زۆر ئاشنایەتیمان لەگەڵیاندا ھەیە و ڕۆژانە ھەستیان پێ دەکەین و دیانبینین و لە ئاستیاندا ھەڵوێست دەنوێنین. بەڵام  من نامەوێ لە میانەی ئەم وتارە کورتەدا بپڕژێمە سەریان و بیانخەمە بەر باس و نووسین و گفتوگۆوە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP