کاریکاتێر .. ھونەری ڕەخنەگر

هەندرێن خۆشناو - 29-12-2017 - 5949 جار خوێندراوەتەوە


ھونەری کاریکاتێر یان کاریکاتۆر پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ  ڕەخنەوە ھەیە، بە تایبەتی رەخنەی گاڵتەجاڕ (النقد الساخر)، تا ئەو رادەیەی کە ھەندێک بە دیوەکەی تری گاڵتەجاڕیی یان داشۆرین ناوی دەبەن، لەوانەیە لەبەرئەوە بێت  کە کاریکاتێر لە ناخەوە ھەڵگری رەخنەیەکی توندی داغکارە بۆ ھەڵسوکەوتی نابەجێ و لەڕێ لادەری مرۆڤەکان. لە کاتێکدا کە ھونەری کاریکاتۆر بریتیە لە وێنەکێشانی سیمایەک بە زێدەڕۆیی لە وەدەرخستنی کەموکوڕییەکان، ئەمڕۆ کارتۆنی سیاسی لە ھەموو بوارەکانی تری کارتۆن بەربڵاوتر و جەماوەری زۆرترە، ئەویش لەبەرئەوەی رەخنە و ھەندێک جار رەخنەی توند دەگرێت لە واقیعی سیاسی و حکومەتی ناوخۆ یان حکومەتان و کەسانی سیاسی جیھانی.
بە بیروڕای من کاریکاتێر بریتییە لە وتارێکی بەپێزی پڕ مانا، لە جیاتی وشە وێنە و ھێلکاریی جێگای خۆیان دەکەنەوە، بریتییە لە دەڕبڕینێک لە رووداوێک یان حاڵەتێک یان بیرۆکەیەک بەھۆی بەکارھێنانی بەھرەی وێنەکێشانەوە، دەربڕینێکی لۆجیکانە کە توانای وەرگێڕانی بیرۆکەکانی ھەبێت بۆ وێنە و ئاماژە، بەمەبەستی سەرەنج ڕاکێشانی بینەر بۆ کارێکی پۆزەتیڤ، کە ئەویش فۆکەس خستنەسەر دیاردەیەکی دزێوە یان کەسێکی نەفس نزمە، کە پێویستیان بە چارەسەرکردن ھەیە.
لەم رۆژگارەماندا ھونەری کاریکاتۆر ھونەرێکی گرنگی شێوەکاریی و رۆژنامەگەرییە، ئەڵقەی گرێدانی ئەو دوو بوارە گرنگەیە، ھۆکارێکی گرنگی دەربڕینە لە زۆرێک لە رەھەندە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، کاریکاتێر ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە وروژاندن و خستەڕووی بابەتە سیاسیەکان و داکۆکیکردن لە مافەکانی تاک و کۆمەڵگە و زەقکردنەوە و وەدەرخستنی کەموکوڕییەکان و ڕەخنەگرتن لێیان، ئەو وێنە کاریکاتێرییەش دەبێتە ھۆی ھێنانەکایەی جولەیەکی کاریگەر لە نێوان نێردەر و وەرگر، بەمەش ئاسۆیەکی نوێ بۆ واقیع و ھەروا بۆ دواڕۆژیش دێتەکایەوە، یان بە ھەوڵدان بۆ گۆڕین و گۆڕانکاریی یان ھەوڵدان بۆ نوێکاریی بۆ واقیع لەسەر بنەما کۆمەڵایەتی ومرۆڤایەتییە نوێکانەوە.
ئەو ھونەرە بەھێز و کاریگەرە خاوەن گیانێکی گاڵتەجاڕە لە وەدەرخستنی کەموکوڕییە دزێوەکانی نێو کۆمەڵگە کە بانگھێشتەی چاکسازی و گۆڕینیان دەکات. ھونەرمەندانی کاریکاتێر توانیان ئەو ھونەرە بکەنە زمانێکی زیندوو، کە پێویستی بە وشە نەبێت بۆ وەدەرخستن و گەیاندنی ئەو ناوەڕۆکەی کە دەیانەوێت.
کاریکاتۆر و کاریکاتێریستان بوونەتە ھۆکارێک بۆ برەوسەندنی بازاڕی بڵاوکراوەکان، تا ئەو ڕادەیەی کە خوێنەر پێش ھەموو شتێک بەدوای کاریکاتێردا دەگەڕێت لەسەر رووبەری لاپەڕەکاندا، بەداخەوە ئەمە کوردستان ناگرێتەوە، کە ھەتا حکومەت و حزب خەرجی ئەو بڵاوکراوانە بکێشن حاڵیان لەوە باشتر نابێت.
بۆ نمونە لە فەڕەنسا کاریکاتێریست و رۆژنامەنووس (چاڕل فیلیپۆن) پێشەنگ بوو لە ھەنگاونانێکی بەرچاو لە مێژووی ھونەری کاریکاتێر لە فەڕەنسا بە وەشانی گۆڤاری (کاریکاتێر) ساڵی ١٨٠٦ کە گۆڤارێکی کاریکاتێری ھەفتانە بوو، دوای ئەویش گۆڤاری (شاریڤاری) بڵاوکردەوە.
نمونەیەکی تر (یەعقوب سەنوع) کە رۆژنامەنووسێکی جووی میسری بوو، ئەویش پێشەنگ بوو لەو بوارەدا، کە رۆژنامەیەکی ھەفتانەی گاڵتەجاڕی کاریکاتێریی دامەزراند ساڵی ١٨٧٧ لە قاھیرە بە ناوی (ئەبو نەزاڕە)، تا ئەو ڕادەیە ئەو رۆژنامەیە کاریگەریی ھەبوو، کە خەڵکی ھەر بە ئەبو نەزاڕە بانگیان دەکرد.
لە کوردستانیش ھەردوو گۆڤاری (سیخورمە) و (مەلامەشھور) کە دووگۆڤاری کاریکاتێریی رەخنەیی بوون لە ساڵی ١٩٩٧، کاریگەریی خۆیان ھەبوو لە بواری رۆژنامەگەریی کوردیدا، و یەکێک بوون لە پڕ فرۆشترین بڵاوکراوە لە  کوردستاندا.
ھەر لەو کاتەوەی دەرگای رۆژنامەگەریی کاریکاتێریی کرایەوە، وڵاتانی جیھان و ناوچەکەش دەرچوونی چەندین رۆژنامە و گۆڤاری کاریکاتێرییان بەخۆوە دیتوە، خوێنەرێکی زۆریان بەدەوری خۆیاندا کۆکردۆتەوە، کە لە وێنەی کارتۆنیدا چێژ و ئەو بابەت و ناوەڕۆکە زۆرانەی کە بەدوایدا وێڵن لە رۆژنامەگەریدا دەیدۆزنەوە. بۆیە رۆژ لە دوای رۆژ بازنەی ھونەری کاریکاتۆر فراوانتر و ژمارەی کاریکاتێریستانی خاوەن بەھرە لەو ھونەرەدا زیاتر دەبن، ئەو ھونەرەی کە بەوە لە بابەتەکانی تری رۆژنامەگەریی و راگەیاندن جیادەکرێتەوە، کە رۆح سوکترە و زیاتر لەلایەن خوێنەر و بینەرەوە ھەرس دەکرێت و کاریگەریشی زیاترە لە گەیاندن و جێگیرکردنی بیرۆکەکان لە ھزری خوێنەردا، تا ئەو ڕادەیەی کە وەرگر وا ھەست دەکات کە زمان حاڵی خۆی و کۆمەڵگایە، بۆیە ئێستا رۆژنامەی سەرکەوتوو بەبێ کاریکاتێر نابێت، ھەر رۆژنامەیەک کاریکاتێریستێک یان دووان کاری بۆ دەکەن.
ئەو کاریکاتێریستانەی کە پێگە و جێ پەنجەیەکی بەرچاویان ھەیە لە بواری رۆژنامەگەریدا، لە زۆربەی وڵاتاندا وەک ئەستێرەی سینەمایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەداخەوە کە لە کوردستاندا وانیە، زۆربەی رۆژنامەکان بێبەشن لە کاریکاتێر، و ئەوانەی کاریکاتێریش بڵاودەکەنەوە، بە شێوەیەکی ناشیرین کارتۆنێک یان کاریکاتێرێکی بیانی لە لاپەڕەکانی ئینتەرنێتەوە دەدزن و زۆرجاریش ناوی خاوەنەکەشی قووت دەکەن و بابەتەکەشی بۆ دەگۆرن، ئەمەش بۆتە دیاردەیەکی دزێو و ناشیرین و پەڵەیەکی ڕەش بە ناوچەوانی رۆژنامەگەریی کوردیەوە.
شارەزایانی شیکردنەوەی ناوەڕۆک، لە توێژینەوە شیکارییەکانیان بۆ ھونەری کاریکاتێر پشتیان بە چەندین بنەما بەستووە لەوانە:
* شێوە: بریتیە لەو شێوە ھونەرییەی کە کاریکاتێر پێوەی بەدەردەکەوێت، ئەو داڕشتنە ھونەرییە لەخۆ دەگرێت کە ناوەڕۆکی پەیوەندی کاریکاتێر بە بینەرەوە پێکدێنێت. شێوەی کاریکاتێریش چوار جۆرە:
   ١-  شێوەی ڕاستەوخۆ: پشت بە ئاماژەیەکی ڕاشکاو و سادە لە داڕشتندا دەبەستێت لەگەڵ توانج.
   ٢-  شێوەی تۆمارکراو: پشت بە وێناکردنێکی نیمچە سروشتی دەبەستێت بۆ چەند دۆخێکی مانابەخشی دیاریکراو.
   ٣- شێوەی سیمبولی: پشت بە بەکارھێنانی سیمبول و ئاماژە دەبەستێت بۆ دەربڕین لە چەندین مانا لە ھەمان کاتدا.
   ٤- شێوەی دابەشکردنی جوگرافی: لەمەشدا شوێنی رووداوەکە کە کاریکاتێرەکە بە ڕەخنە و چارەسەرکردن باسی لێوەدەکات.ئەمەش دەبێتە سێ بەش:
        ڕ_ ناوەخۆ: باس لە کێشە و دیاردە ناوەخۆییەکان دەکات.
       ب_ ناوچەیی: باس لە کێشە و دیاردەکانی ناوچەکە دەکات.
       ج_ جیھانی: باس لە کێشە و دیاردە جیھانیەکان دەکات.
* کەسیایەتییە باوەکان:  بریتییە لەو کەسایەتیانەی کە وێنە کاریکاتێریەکان لە خۆیانی دەگرێت، کە سێ جۆرە:
   ١- کەسایەتی ناوەخۆ: ئەو کەسایەتییە بەوە دەناسرێتەوە کە جلوبەرگی کوردی پۆشیوە.
   ٢- کەسایەتی ناوچەیی: ئەو کەسایەتییە بەوە دەناسرێتەوە کە جلوبەرگی وڵاتانی ناوچەکەیان پۆشیوە.
   ٣- کەسایەتی بیانی: ئەو کەسایەتییە بەوە دەناسرێتەوە کە جلوبەرگی دیاریی وڵاتانی جیھان دەپۆشێت.
* جۆری بیرۆکە: ئەویش یان بیرۆکەی سادەیە، کە وەرگر بە خێرایی وەریدەگرێت و بە سانایی تێیدەگات، یان بیرۆکەی ئاڵۆز و تێکھەڵکێشە، کە وەرگر پێویستی بە وشیاریی زیاترە بۆ تێگەیشتن و زانینی ماناکان و ئامانجەکانی کاریکاتێرەکە.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP