سوتاندنی بارەگای پێنج حیزبەکە

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 28-12-2017 - 2228 جار خوێندراوەتەوە


یەکێک لە دیارترین سیماکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە لە ھەرێمی کوردستاندا، سوتاندنی بارەگای پێنج حیزبەکە بوو، لە خۆپیشاندانەکانی پێشوودا ھەموو ناڕەزاییەکان ئاڕاستەی دوو پارتە دەسەڵاتدارەکە بوو، داواکاریەکانیش بۆ گۆڕینی سیستمی حوکم و چارەسەری گەندەڵی بوو، لەبەرئەوەی لەوکاتەدا سێ حیزبی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندا بوون و ھەمووشیان بەشداریەکی چالاکانەیان ھەبوو لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات و سەرای ئازادی، لەبەرئەوە خەڵک ھیوایەکی پێیان ھەبوو کە بە پشتیوانی ئەوان بتوانن گۆڕانکاری لە سیستمی حوکمدا بکەن و لە رێگەی کۆمەڵە پاکێجێکەوە کە پێشکەش بە حکومەتیان کرد، بتوانن رێگە لە زیادبوونی گەندەڵی بگرن و لە ئاستێکدا بیوەستێنن و گەندەڵکارانیش بەسزا بگەیەنن. بەڵام لەگەڵ راگەیاندنی کابینەی ھەشت دۆخەکە گۆڕا ،ھەریەک لە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن ھەڵپەی ئەوەیان بوو کە بەشداری لە حکومەتدا بکەن و ھەریەکەیان ھەوڵی دەدا کە پشکی شێریان بەربکەوێت، حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن لەیەکتر جیابوونەوە پاکێج و ھەموو شتێکیان لەبیرکردو ھەریەکە دەیویست پشکی زیاتری بەربکەوێت، لەکاتێکدا کە پێویست بوو ئەو سێ حیزبە بە پلانێکی ستراتیجیەوە لە نێوان خۆیاندا بەشداری حکومەتیان بکردایە و بەشداریکردنەکە بۆ کۆمەڵێک ئامانجی گرنگی نیشتمانی بوایە، وەک گۆڕینی سیستمی دەسەڵات و ئەنجامدانی چاکسازی و روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی شەفافیەت و دادپەروەری لە دەسەڵاتدا.

پارتە ئۆپۆزسیۆنە کۆنەکان لەگەڵ ھەردوو پارتی دەسەڵاتدار بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ و نیو لەپاڵ حکومەتێکی گەندەڵ  و بێ پلان و بەرنامەدا مانەوە، بەبەرچاویانەوە مووچەی فەرمانبەران پاشەکەوت کرا، سەروەرت و سامانی وڵات قۆرغ کراو بە ھەدەر درا، دەستیانگرت بەسەر ھەموو داھاتی نەوت و خاڵە سنوریەکان، ھەموو پڕۆژەکانی گەشەپێدان وەستا، زۆربەی کۆمپانیاکان ئفلاسیان کرد، بەڵام ئەم حیزبانە بێ دەنگ و بێ ھەڵوێست درێژەیان بە بەشداریەکەیان لە حکومەتدا داو کەس نەھاتە دەرەوەو ھەڵوێستێکی شیلگیرانەی رونیان نەبوو بەرامبەر بەو حکومەتە و ئاوڕێکیان لەو دۆخە ناھەموارە نەدایەوە کە بەسەر گەل و نیشتماندا ھات. لەماوەی سێ ساڵی بەشداری ئەو پارتە سیاسیانەدا وێنەیەک لەبەرچاوی خەڵک دروست بوو کە ئەم پارتانە ھەموویان یەک ئامانجیان ھەیەو بەھەمان ریتمی سیاسی کار دەکەن و کەسیان ئامادە نیە قوربانی بەرژەوەندیەکانیان بدەن لەپێناو جەماوەردا. لە بەرامبەر ئەو وێنەیەدا جەماوەر بەشێوەیەکی گشتی رق و توڕەییەکی بۆ دروست بوو بەرامبەریان و زۆرینەی ھاوڵاتیان دەیانوت بەخوا ئەمانە ھیچیان جیاوازیان نیە و سەگی سپی و رەش ھەر سەگە. لە خۆپیشاندانەکاندا ئەو رق و توڕەییە بوە واقیع و بەرجەستەبوو، چونکە خەڵک بەتایبەتی فەرمانبەران کۆتایی بە ھەموو ئارامی و دان بەخۆدا گرتنەکەیان ھات و رژانە سەر شەقام و لە دروشم و ھاوارەکانیاندا ھەموانیان خستە یەک قاڵب و لە زۆر شوێن ھەموو حیزبەکانیان سوتاند، تەنانەت ئەو حیزبانەش کە ماوەیەکی زۆر خۆیان وا دەردەخەن کە پشتیوانی لە داوا رەواکانی خەڵک دەکەن و دژی حکومەتی گەندەڵی ھەرێمن، لەو ھێرش و سوتاندنە رزگاریان نەبوو.
کەواتە سوتاندنی بارەگای پێنج حیزبەکە پەیامێک بوو لە خەڵکەوە بۆ پارتە سیاسیەکان، کە ئیتر ئێمە ئەو جۆرە فۆڕمەمان لەکاری سیاسی پێ رەوا نیە و بەو ئالیەت و گوتارەوە ھەمووتان چوونە ریزی پارتە سیاسیە تەقلیدیەکان و پێویستە کوردستان بەرەو کرانەوەو گۆڕانکاری و چاکسازی بڕوات بە ھەموو ئەو حیزبانەشەوە کە داوای چاکسازی و گۆڕانکاری دەکەن. چونکە ئەو حیزبانە دوو جۆرن یان حیزبێکن عاشق بە دەسەڵات و ھەموو رێگەیەک دەگرنە بەر بۆ گەیشتن بە دەسەڵات ھەر لە رێکەوتنی ستراتیجی لەگەڵ  دوو پارتە دەسەڵاتدارەکە ھەتا پەیوەندی نھێنی و پاراستنی بەرژەوەندیەکان و وەرگرتنی رشوەو دەیان شتی تر، یان بێ دەنگن لە ئاست دەیان گەندەڵی و پەردەپۆشکردنی ھەتا پۆستێکی باشتریان پێ بدرێت.

چاوی پارتەکانی دەرەوەی دەسەڵات لە کوردستاندا لە سەر بەدەستھێنانی کورسیە نەک بینینی نەھامەتیەکانی خەڵکء بەرژەوەندیەکانی باڵای نیشتمان و ھەوڵدان بۆ چارەسەریان. لە بەرامبەر ئەمانەدا ئەو پارتانەن کە لە دەسەڵاتدان و چارەنووسی گشتی ھەرێمەکەیان بەدەستە، ئەمانە پێیان دەوترێت شێتی دەسەڵات، ئەمانە بەجۆرێک خۆشەویستی دەسەڵات و مانەوە لەسەر کورسیەکانیان چۆتە دڵیانەوە گەیشتوونە ئاستی شێت بوون. لەم ئاستەشدا ئیتر عەقڵ لەکار دەوەستێت و گوێگرتن نامێنێت بۆ کەسانی روناکبیر و دڵسۆز و ئەکادیمی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە سیاسیەکان، لەبەرئەوە لە جیاتی گەڕانەوە بۆ ھێزی لۆژیک، پەنا بۆ بەکارھێنانی لۆژیکی ھێز دەبەن . وا دەبینن ھەموو بەرژەوەندیەکانی گەل و نیشتمان لەسەر دەستی ئەمان دەپارێزرێت و ھەر داوایەک لەدوای ئەمەوە ھەبێت پیلان و ئاژاوەگێڕی و دەستی دوژمنانە، ئەم ھەستەش لەلای دەسەڵاتداران بەھۆی ئەو گروپە بەرژەوەندیخوازانەوە بۆیان دروست دەکرێت لە پیاوانی کار و سەربازی و میدیاکار و رۆژنامەنووس و ئەکادیمیا ،کە زیاتر ھانیان دەدەن بۆ سوربوون لەسەر مانەوەو دژایەتیکردنی ھەموو ئەوانەی داوای چاکسازی و گۆڕانکاری دەکەن. لە ئەنجامی ئەمەشدا لە دەرەوەی عەقڵ ھێزی بازوو  بەکار دەھێنن و بەو رێگە چارە ئەمنیەش رێگە خۆشدەکەن بۆ ئەشکەنجە و ئازاری گەنجان و خۆپیشاندەران و رشتنی خوێنی گەلەکەیان.

دواجار گەل بە شێوەیەکی گشتی بە شوێن فریادڕەسێکی نوێدا دەگەڕێت. لەناو ھەریەک لەو پارتە سیاسیە تەقلیدیانەشدا کۆمەڵێک دەنگی ناڕازی ھەن،کە چالاک و ھوشیارن و ھەموو ئەو راستیانەش دەزانن ،نیگەرانن لە ئاست دۆخەکەو زۆربەشیان دەیانەوێت ھەنگاو بنێن بەرەو نوێبوونەوەو گۆڕانکاری بۆئەوەی لەم قۆناغە ھەستیارەدا گەل بەبێ رابەرایەتی نەمێنێتەوە، ئەگەر ئەو کەسایەتیانە لەم کاتەدا بە ھەڵوێستێکی نوێوە ئەو پارتە تەقلیدیانە بەجێبھێڵن و بتوانن بە بەرنامەیەکی نوێوە بێنەوە ناو خەڵک بە پلانێکی نوێوە کارێکی سیاسی نوێ بنیات بنێن، ئەگەری ئەوە ھەیە کە ھیوایەک بگەڕێتەوە بۆ خەڵک و پشتیوانیان لێ بکەن بۆ ھێنانەدی ئامانجە سیاسیەکانیان کە خۆی لە گۆڕانکاری و چاکسازی و روبەڕوبوونەوەی گەندەڵیدا دەبینێتەوە.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP