بۆ دۆخی ئێستای كوردستان رێگای دووەم ڕاستە

هانا قاسم - 26-12-2017 - 4178 جار خوێندراوەتەوە

 
دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لە ئیدارەدانی مەلەفەكانی سیاسی، و حومكڕانی، و ئابووری شكستخواردووە، لەگەڵ ئەوەشدا تێوەگلاوەن لە گەندەڵی، و بەهەدەردانی سامانی وڵات، و لەدەستدانی بەشێكی گرنگی خاكی كوردستان، نەخوێندنەوەی باش و ڕاست بۆ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بووە هۆی خوڵقاندنی كارەساتە لەم وڵاتەدا. 


لە دەسەڵاتە دیكتاتۆر، و عەسكەرتار، و ستەمكارەكانی دنیا گۆڕانكاری بە دوو رێگا ئەنجام ئەدرێت، كۆدەتای سەربازیی، یاخود بە ڕاپەرینی مەدەنی، بۆ دۆخی ئێستای كوردستان رێگای دووەم ڕاستە، پێویستە خۆپیشاندانی مەدەنی، و مانگرتنی سەرتاسەری دوور لە گرژی و توندوتیژی، و زیان گەیاندن بە موڵكی تایبەت و گشتی ئەنجام بدرێت، بۆ گۆڕانكاری بنەڕەتی لە شێوازی حوكمڕانی.


 راپەرینی گوڵ یان پەمەیی بە دروشمی (ئیتر بەسە) لەدوای ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ كەمكردنەووەی پەرلەمانتارانی وڵاتی جۆرجیا، و لە هەمان كاتدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، بەهۆی ساختەكاری لە هەڵبژاردن لەلایەن دەسەڵاتەوە، ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە داوای خۆپیشاندانی گشتی كرد، لە پاش هەڵبژاردنەكانی  ی٢٢ نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٠٣، ئەدوارد شیفرنادزە، سەرۆكی جۆرجیا هەوڵیدا بچێتە ناو هۆڵی پەرلەمان بۆ كردنەووەی خولی نوێی پەرلەمان، لەو كاتەدا پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و خەڵك بە هەڵگرتنی گوڵ چوونە ناو هۆڵی پەرلەمان، و سەرۆكیان ناچاركرد لە دەرگای پشتەوە هەڵبێت و ڕاپەرین سەركەوتوو، و شیفرنادزە، سەرۆكی جۆرجیا، لەسەر كار لابرا ، و كۆتایی هات بە دەسەڵاتێكی ستەمكار و گەندەڵ .


 بۆ كۆتایی هێنان بەم دۆخە ناجۆرە، لەم دەسەڵاتە ستەمكار  و بێباكە، بۆ هێنانە كایەوەی حوكمڕانی باش و دادپەروەر، بۆ دروستكردنی حومكڕانییەكی شایستە بە قوربانییەكانی گەل، راپەرینی مەدەنی یان سندوقی دەنگدان، و گەڕانەوەوە بۆ بڕیاری خەڵك لە رێگای هەڵبژاردنێكی دیموكراسی و پاك دوور لە فیڵ و ساختەكاری چارەسەرە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP