پارتی و بادانەوە بەرەو مالیکی

نەبەز گۆران - 25-12-2017 - 7536 جار خوێندراوەتەوە

دوای شکستە گەورەکەی (١٦) ئۆکتۆبەر و، ھەڵھاتنی ھێزە چەکدارەکانی پارتی و یەکێتیی لەبەردەم سوپای عێراق و میلیشیاکانی (حشد)، چاوەرواندەکرا ھەرێمی کوردستان، وەک ھەرێم، پێکەوە پرۆژەیەک ئامادە بکەن  و لەگەڵ ناوەند بکەونە گفتوگۆوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان و، چارەسەرکردنی ئەو خاڵانەی ناکۆکین لەنێوان ھەردوو لادا. بەڵام دیدگای ئایدۆلۆژی حیزبی و ناکۆکی ناو ماڵی حیزبی لە ھەرێم، تەواوی ھەوڵەکانی گۆڕی و، حوکومەتە پەککەوتەکەی ھەرێم، نەک نەیتوانی بەسەر ئەم ناکۆکییە ناوخۆیانەدا سەربکەوێت، بەڵکو خۆی بوو بەبەشێک لە ناکۆکییەکان و، بەھەمان دیدگا کۆنە ئایدۆلۆژییەکەوە کەوتە ناو ململانێکەوە و لایەنگری ئایدۆلۆژی حیزبی پێباشتربوو لە بێلایەنی.

ئێستا دیمەنەکان بەرەو شوێنێکی دیکە دەچن. گەر پێشتر تارماییەکەی ئێران (قاسم سلێمانی) زیاتر لە یەکێتیی نیشتیمانییەوە نزیک بووبێت و، زۆربەی دانیشتنەکانی لەگەڵ ئەو حیزبەدا بووبن، پاش شکستەکە، لە کۆبوونەوەی مەکتەب سیاسیی پارتی، زۆر بەچڕی بۆچوونەکان لەسەر ئەوە کۆکبوون، پێویستە پارتی سەرلەنوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران دەمەزەردبکاتەوە. ئێستا ئێرانییەکان و پارتی بەردەوام لە گفتوگۆدان. ئەم گفتوگۆیانە گەیاندونیەتە خاڵێکی جەوھەری. (بیرمان نەچێت ئەمە واتای ئەوە نییە، ئێرانییەکان دوربن لە یەکێتییەوە) ھەرچۆن کاتی خۆی (مالیکی) وەک کارەکتەرێکی ئێرانی و نوێنەری ئەو وڵاتە، دەسەڵاتی باڵای ھەبوو لە عێراقدا، ھەوڵدەدرێت ھەمان سیناریۆ کۆنەکە جارێکی دیکە دووبارە ببێتەوە. سیناریۆکان لە عێراق و ھەرێم، زیاتر سیناریۆی ئایدۆلۆژیای حیزبین، نەک تێگەیشتنێکی نوێ بێت بۆ شێوازی پەیوەندی کردنی ھەرێم و ناوەند، یان شێوازی نوێ لە حوکمرانی.

پارتی لە ئێستادا جگە لە گفتوگۆکردن لەگەڵ خودی (قاسم سلێمانی) سەرقاڵی گفتوگۆ و رێککەوتنێکە لەگەڵ (مالیکی). ئەم رێککەوتنە نوێیە ئەگەر سەربگرێت، ھەردوو لا ھەوڵدەدەن لەم ھەڵبژاردنانەدا جارێکی دیکە بێنەوە سەر دەسەڵات و ھەردوو لا دەسەڵاتەکانی ھەرێم و ناوەند بگرنەوە دەست. (مەرج نییە ھەوڵەکە ئەنجامی ھەبێت.)

ئەمریکایەکان پێیان باشە (عەبادی) جارێکی کە شانسی دووبارە بوونەوەی دەسەڵاتی ھەبێت. ئەشێت شەقامی عێراقیش بە دیوێکدا ئەمەی پێباشبێت، بەڵام ناوماڵی شیعەی عێراقی، بەوێنەی ناو ماڵی حیزبە کوردییەکان پەرتەوازەیی پێوە دیارە و، بەروونی بوونەتە دوو بەشەوە. ھێشتا روون نییە لە ھەڵبژاردنەکاندا ئەنجامەکان چۆندەبن، گەرچی (عەبادی) وەک سەرکەوتووێک لەشەڕی دژ بە (دەوڵەتی ئیسلامی_ داعش) و سەرکەوتوێک لە گەرانەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان دەبینرێت و، پرۆژەی نوێی ھەیە بۆ شەڕی _گەندەڵی_پیسخۆری_ بەڵام کێشە سیاسیی و کێشە ئەمنییەکانی حوکومرانییەکەی کەم نین و، لەشکرەکانی بەرامبەری بەھێزن و نادیدەگرتنیان ھەڵەیەکی سیاسییە.

کێشە ئەمە نییە لە عێراقی ژێر دەسەڵاتی ئێراندا چی روودەدات، کێشە تێگەیشتنە بچوکە ئایدۆلۆژییەکەی حیزبی کوردییە. حیزبی کوردی بەردەوام کێشەی لەگەڵ فۆرمدا ھەیە، کێشەکانیشی زۆر تاکەکەسین، نەک جەوھەری. دەیەوێت بە گۆڕینی فۆرمەکان و کاڵکردنەوەی کێشە تاکەکەسییەکانی لەگەڵ ئەویتردا، خۆی بونیاد بنێتەوە! لەکاتێکدا پێویستبوو دوای شکستەکەی (١٦) ئۆکتۆبەر، کورد لەبونیادەوە بیرکردنەوەی خۆی بگۆڕێت. ئەو شکستانەی ھاتنە بەردەم ھەرێم، پەیوەندی بەو عەقڵە کۆن و ئایدۆلۆژیاییەوە بوو لە بناغەوە بە ھەڵە ھەنگاوی نابوو، ئەما لەبری گۆڕینی بونیادی بیرکردنەوەی، سەرلەنوێ کورد_مەبەست حیزبی کوردییە_ گەرایەوە سەر عەقڵە کۆنەکە و، لەبری بیرکردنەوە لە ھەرێم، بیرکردنەوە بۆ پاراستنی بنەماڵە و حیزب شوێنی گرتەوە و، بەھەمان کەرەستەی کۆن سەرقاڵی سەلەنوێ پەیوەندی دروستکردنەوەیە لەگەڵ بێگانەکان.

ئەوەی ئەمڕۆ پارتی و یەکێتیی دەیکەن وەک دوو ھێزی دەسەڵات بەدەست، بێگومان بەرھەمەکەی لەوە باشتر نابێت پێشوتر بینیمان. بەرھەمی ئەم پەیوەندییە نوێیانە و ئەم ھەوڵە ئایدۆلۆژییە نوێیانە، بریتییە لە پاراستنی شوێنێک کە ئەو شوێنە جگە لە دووبارەکردنەوەی ھەمان دۆخی وێران، چاوەروان ناکرێت بەرھەمێکی جیاوازتری ھەبێت.

چ (مالیکی) چ ( عەبادی) چ (قاسم سلێمانی) چ (ئۆردوغان) بەھەر جۆرێک پەیوەندیان لەگەڵ ببەستی، ناکاتە ئەوەی ئەم کارەکتەرانە بونیادی بیرکردنەوەیان دەرھەق بە کورد بگۆڕێت. گۆڕینی ھەریەکێک لەم فۆرمانە، بۆ فۆرمی دیکە و کەسی دیکە، چارەسەری کێشە بنەرەتییەکان ناکات. چونکە ئەو سیستەمەی ئەم کارەکتەرانەی بەم عەقڵەوە بەرھەم ھێناوە، ھەمان سیستەمە جارێکی دیکە کارەکتەری لەم جۆرە لەژێر ناوی دیکە دەھێنێتەوە کایە. وەلێ حیزبی کوردی نایەت کێشە بونیادییەکانی رووبەرووی سیستەمەکە بکاتەوە، چونکە خۆی لە غیابی تێگەیشتنی بونیادیانەدایە، دێت لە یارییەکی روکەشیدا مامەڵە لەگەڵ فۆرمدا دەکات و، پێیوایە پەیوەندییەکانی لەم کارەکتەرەوە بگۆڕێت بۆ ئەو کارەکتەر، ئیدی دەتوانێت سیستەمەکە و عەقڵەکە بگۆڕێت! بێئاگا لەوەی چەند گرێ لەو عەقڵەدا ھەیە کە رووبەرووی ھەرێمە، ھێندەش گرێ لەو عەقڵەدا ھەیە بەم جۆرە دونیای سیاسەت دەبینێت و، خودی بیمارییەکە لە ھەردوو سیستەمەکەیە کە ئەم عەقڵانە دروستدەکات.( ئەشێت حیزبی کوردی بونیادی بۆ گرنگ نەبێت و، تەنھا ئەوەی بۆ گرنگ بێت پەیوەندی دروستبکات بۆ پاراستنی خۆی و مانەوەی خۆی.)

گەڕانەوەی پارتی بۆلای (مالیکی) ناتوانێت ئەو شکستە داپۆشێت رووبەرووی ھەرێم بوویەوە بەھۆی ھەڵەی سیاسەتی ئەو حیزبە و ھاوپەیمانەکانییەوە.  بەتەواوەتی روونە ھەرێم لە کێشەدایە، خەڵکەکە لەدۆخێکی خراپدایە، تەواوی کۆمەڵگەکە بارگاویکراوە بە ئایدۆلۆژیای حیزبی و، بەم بارگاوی بوونەشەوە بەردەوام حیزبی کوردی سەرقاڵی سەرکوتکردن و سزدانی خەڵکە. لەبری ئەوەی ھێزە کوردییەکان بەیەک پاکێج سەیری دۆخی ھەرێم بکەن، ھەریەکە و لەشوێنی خۆیەوە ھەوڵی پەیوەندی نوێ دەدات، پەیوەندییەکانیش بۆخاتری خەڵکی ھەرێم نییە، بۆ خاتری پاراستنی پیرۆزییە پوچەکانی ئایدۆلۆژیای حیزبییە. ئەوەی ئێستا پارتی و یەکێتیی لە کێبرکێدان بۆ نزیکبوونەوە لە ئێران، ھەمان ئەو ھەوڵەیە لە شەڕەناوخۆییەکاندا دەیاندا و ئەمڕۆ بە مۆدێلێکی جیاوازترەوە دووبارەی دەکەنەوە و، بەرھەمەکەشی جیاواز نابێت لەو بەرھەمەی کۆمەڵگەیەکیان تووشی شکستی ئابووری و سەربازی و روخانی ئیرادە کردەوە.

بێگومان ھەتا سیاسەتی کورد لەو دۆخە ئایدۆلۆژییە حیزبییە نەیەتە دەرەوە و، وەک ھەرێم سەیری ئەویتری دەرەوەی خۆی نەکات و، مامەڵە لەگەڵ بونیادی کێشەکان نەکات و، لەپێناو ھەرێمدا نەک حیزبدا بیرنەکاتەوە، چاورواناکرێت بەرھەمێکی باش بچنرێتەوە. 
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP