گۆڕان بۆ لە حکومەت کشایەوە؟

رێبوار کەریم وەلی - 25-12-2017 - 6773 جار خوێندراوەتەوە


(١)
کشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەی ھەشتەم شتێکی چاوەڕوانکراو بوو، ئەوان بە کردەیی و لەسەر ئاستی وەزاری و سەرۆکی پەرلەمان لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ ەوە لە دەرەوەی بازنەن، بەڵام بۆ ئێستا کە کاتێکی زۆر کەمی ماوە بۆ ھەڵبژاردنەکان ئەو بڕیارەیان دا؟ راستییەکەی ئەو بڕیارەی گۆڕان ئەگەر بەشێکی زادەی وەبەرھێنان بێت بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو، بەشە ھەرە گرنگەکەی ئەوە بوو کە لەپاڵ کشانەوە لە حکومەتدا، چەند ئامانجێک دەستەبەر بکات.

یەکەم: گۆڕان وەک پاشکۆی یەکێتی و پارتی سەیر نەکرێت و، مادامەکی پڕۆژەکەی بۆ حکومەتی کاتی و رزگاریی نیشتمانی قەبوڵ نەکراوە (کە لە بنەڕەتدا ئەوە بیرۆکەی ئەوان نەبوو)، لە حکومەت بکشێتەوە و ترسی ئەوەشی ھەبوو کە وەزیرە لەکارلادراوەکانی بگەڕێنەوە بۆ ناو حکومەت و ئەو کاتە ھەموو ریسەکەیان لێ دەبوو بە خوری. چونکە تا دێ پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ ئەم حکومەتەی ئێستا زیاد دەکات.

ئەوان سوور ئەو راستییەش دەزانن کە کشانەوەی ئەوان نابێتە ھۆی بێ ئیعتیباربوونی ئەو حکومەتەی ئێستا و بوون و نەبوونی ئەوان لە حکومەتدا ھیچ لە ئەسڵی مەوزووعەکە ناگۆڕێت، بگرە گۆڕان لەو رێگەیەوە بەدووی ھەندێک ئامانجی تەسفیە حیساباتی ناوخۆیی خۆی بوو.
دووەم: خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ئەو شەرمەزارییەی کە لێیکەوتەوە و، ھەستکردن بەوەی کە ناوماڵی یەکێتی ھەڵتەکاوە و پارتی لە ھەموو روویەکەوە لە ھەڵکشاندایە، وای کرد کە کشانەوە لە حکومەت، بیانوویەکی باش بێت بۆ پووچەڵکردنەوەی ھاوپەیمانییان لەگەڵ یەکێتیش کە رەنگبێ ئامانجی سەرەکی ھەر ئەوە بووبێت!

سێیەم: تەسفیەکردنی ئەوانەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان سەنگەریان گواستبووەوە (بەتایبەتیش بە دەستبەرداربوون لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەڕەیان لەژێر پێی یوسف محەممەد دەرھێنا تا پۆستەکە بۆ مەرامی خۆی بەکارنەھێنێ) و ھاندانی حکومەت بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا ھەڵبژاردنی گشتی بکات و یاسای ھەڵبژاردنیش لە پەرلەمان وا ھەموار بکرێتەوە کە بکرێتە لیستی داخراو و خۆیان لە ململانێی نێوان نەوەکان قورتار بکەن.

گۆڕان بەو دروشمانەی پێشتر ھەڵیگرتبوون، مردووە و ئەوەی دەیکات پەلەقاژەی مانەوەیەتی لە گۆڕەپانی سیاسیدا وەک ھێزێکی بەدیل بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانی (کە ئەلبەتە ھەموو ھێزەکانی سلێمانی خەریکی ئەوەن) لەگەڵ پارتیدا.

کاولبوونی ماڵە گەورەکە

(٢)
رووداوەکانی ھەفتەی رابردوو لە زۆنی سەوز و نیلی نیشانی دا کە وردە وردە دەسەڵاتی سەربازی و ئەمنیی یەکێتی لەناوچەکەدا بەرەو داڕمان دەچێت. تەنانەت گەیشتە راددەیەک کە بۆ یەکەمجار یەکێتی داوا لە پارتی یان حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکات، ھێزی زێرەڤانی بۆ گەڕاندنەوەی ئەمن و ئاسایش بۆ ناوچەکە رەوانەی سلێمانی بکات. ھەر بەوەش نەوەستا و ھێزی پێشمەرگەی یەکەی ٧٠ ش ھێنرانە سەر شەقام.

ئەوەی روویدا خۆپێشاندان نەبوو، چونکە ئامانجی ھەندێک لایەن رووخاندنی حکومەت بوو، حکومەتێک کە بنکەکەی لە ھەولێرە نەک لە سلێمانی! ئامانجی ھەندێکی دیکەش تۆڵەسەندنەوەی سیاسی بوو لەو کەسانەی کەرکووکیان فرۆشت و ھەندێکی دیکەش ویستیان لە ئاوی لێڵدا ماسی بگرن! بۆیە سەرباری ئەوەی کە ھیچ لایەنێکی سیاسی جورئەتی ئەوەی نەبوو خۆی لەو خەڵکە بکاتە خاوەن (جگە لە شاسوار عەبدولواحید کە لە کۆتاییدا ئەو دەکرێتە قۆچی قوربانی چونکە دەزگا موخابەراتییەکانی یەکێتی کاریان پێ نەماوە!)، ئەوانی دیکە لە ھەر ناوچەیەک خەڵکیان بۆ مەرامی تایبەتیی خۆیان و تەسفیەی حیساباتی ناوخۆیی بەکار ھێنا.

ئەوەی روودەدات بەشی ھەرە زۆری ئۆباڵەکەی لە ملی ماڵی تاڵەبانیە کە وەزعی کوردستانیان بۆ بەلاداخستنی ململانێی ناوخۆیی خۆیان قۆستووەتەوە و دەیانەوێ خەڵکی دیکەشی تێوەردەن. ھەمووی ھەفتەیەک پێش رووداوەکان بوو کە لاھوور جەنگی، بەڵێنی تەمبێکردنی پارتی دەدا و دواتر بارەگاکانی پارتی سووتێندران و، ئێستاش ھەمان کەس بووەتە فریادڕەسی یەکێتی! پارتی زۆر بە ھێمنییەوە چاودێریی ئەو بارودۆخە دەکات و سەرباری ئەوەی کە بارەگاکانی سووتێندراون، ھیچ کاردانەوەیەکی عەفەویی نییە. بەڵام پارتیش لەو راستییە تێگەیشتووە کە ئیتر لەمەودوا  و بۆ داھاتوو بەپێی قورسایی ھەر باڵێکی ناو یەکێتی، مامەڵەیان لەگەڵدا بکات و لای پارتی، یەکێتی وەکو حزب کۆتایی ھاتووە و بریتییە لەچەند گرووپێک کە ھەر یەکەیان شتێکی بەدەستە، جا ئیشی بەکام لایان بێت لەو لایە نزیک دەبێتەوە.

یەکگرتوو باشی کرد

(٣)
گرەوکردن لەسەر کشانەوە لە حکومەت بۆ ئەوەی کابینەی حکومەت ھەڵوەشێتەوە، خەیاڵ و لێکدانەوەیەکی بێ بنەمایە. پارتی ئەگەر بەتاقی تەنیاش بمێنێتەوە، حکومەت ھەڵناوەشێنێتەوە و ئەوەش لە روانگای ملھوڕیی پارتی نییە بەقەدەر ئەوەی کە پارتی خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و، ئەگەر ئاڵتەرناتیڤێکی بەھێز بۆ ئێستای حوکمڕانیی کوردستان ھەبێت و کەسانێک جورئەتی ئەوەیان ھەبێ شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتی، پارتی لاریی لەوە نییە ھەر سبەی حکومەتیان رادەست بکات. بەڵام ئەوە دە ساڵە باسی پۆستی سەرۆکی ھەرێم دەکرێت و ھەر رۆژەش بیانوویەکیان پێ دەگرت، کەچی کە ھاتە سەر ئەوەی یەکێک ئەو پۆستە وەربگرێت، یان تەنانەت خۆی کاندید بکات، دەرکەوت کەس پیاوی ئەو ئەرکە نییە! 

مەرجەکانی یەکگرتوو بۆ نەکشانەوە لە حکومەت، پتر لەوەی روویان لە پارتی بێت، روویان لە ئیدارەی سلێمانییە، ماددەی وای تێدا نییە کە ئیستیفزازی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکات. مانەوەی یەکگرتوو لە حکومەتدا، ھاندەرە بۆ ئەوەی کوردستان بە خێرایی بەرەو ھەڵبژاردن بچێت و لە پڕۆسەی ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردن و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە یارمەتیدەر بن. بۆیە یەکگرتووش ئیسپاتی کرد کە حزبێکی بەرپرسیارە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP