پێنوسی ماندوو
گەلی زیندوو

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 24-12-2017 - 1629 جار خوێندراوەتەوە

ئەم كورتە نووسینە باسوخواسی چۆنیەتی هاتنە سەردوونیای حزبی كوردی و هەڵدانەوەی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد و شەن وكەو كردنی، بە پێی تیوری زاناو ئەندێشمەندانی  ڕۆژئاوایی و قوتابخانە فیكریەكان نیە...مەبەست، شرۆڤەكردنی ناسیۆنالیزمی كوردی و دیسكۆرسە جیاوازەكانی شوناس و فكری نەتەوەیی و پارادایمی قۆناغە جیاجیاكانی خەبات و تێكۆشانی كورد نیە لە میانەی پڕۆسەی رزگاری و ئازادی خاك و نیشتیماندا. 

 ئەم وتارە ناپڕژێتە سەر ڕاڤەكردنی چەمكەكانی خیانەت و نیشتیمان پەروەری و خەنجەر وەشاندن لە یەكتری و دەست نیشان كردنی هۆكارەكانی پەرتەوازە بوونی كورد و قوڵ بوونەوەی ناكۆكیەكان و تەوژمی شەپۆلی تەخوین و ناوزڕاندن و هۆكانی كاڵبوونەوەی ئینتیمای نیشتیمانی و بە هێز بوون و باڵاكردنی كاڵای حزبی و ئینتیما حزبیەكان و نائومێد كردنی گەلێكی هیلاك و ماندوو  ستەمدیدەی دەستی داگیركەران و قوربانی ململانێ سیاسیەكان...گەلێك، كەوا یەك سەدەیە لە پێناوی ئازادی و پاراستنی كەرامەتی نەتەوەییدا دەریایەك خوێنی رشتووەو هەزاران ڕۆڵەی لە پێناویدا بەخشیوە و تا كو ئێستاش ئۆقرەی بە خۆوە نەبینیوە و ئاسوودەیی رووی تێنەكردووە...ئەم گەلە ساڵەهایە بە ئومێدەوە دەژی و هەربە ئومێدی ئازادیشەوە درێژەی بە ژیان داوەو بە نەمری ماوەتەوە.

ئەم چەند دێڕە توێژینەوەیەكی زانستی و ئەكادێمی نیە بۆ دیاریكردنی دیاردە كۆمەڵایەتیە نەشازەكان و دەردە كوشندەكانی كۆمەڵگەی كوردی...من نامەوێ لە رێی ئەم نووسینەوە ڕێگە چارەی چارەسەركردنی ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكان بخەمە روو...

ئەم وتارە نایەت باسی ئەوە بكات كێ شایستەی سەرۆكایەتیە و كێ بۆی هەیە ببێتە بەردەست و پاسەوان و سكرتێر و باخەوان و خزمەتكارو سەیارەوان و بەرێوەبەری نووسینگە و دەرگەوان و كۆمبارسی شانۆگەریە سیاسیە نەبڕاوەكانەوە...هەروەك ناشمەوێ باسی ئەوەتان بۆ بكەم كێ خوێنی سەركردایەتی و خاوەن شكۆیەتی و دەوڵەتمەداری و كوێخاوبوونی لە ناو دەمارەكانی دایە و كێش بۆ وەزیراتی دەست ئەدات و كێش دەست نادات.

ئەم وتارە باسی ئەوەتان بۆ ناكات، كابرای كادیری دوێنێی خاكی سیفەت و خۆ بەكەم زانی بێ دەرەتانی حزب و خاڵی لە فكرو مەعریفە و جیهانبینی سەردەم و شێت و شەیدای پۆست وپلە وپایە، بۆ ئەمڕۆ دوای بوون بە وەزیر بوونی، بە سەری پەنجەكانی تەوقە لەگەڵ نزیكەكانی دەكات و بە فیزێكی فیرعەونی و لووتێكی بەرزەوە بە تەنیشتیاندا تێ ئەپەڕێ!!

ئەم نووسینە نەخشە رێگای چارەسەر كردنی كێشە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكان و بنبڕكردنی نادادیەكان و ڕەخساندنی دەرفەتەكان وزەق كردنەوەی مەترسیە ناوەخۆیی و دەرەكیەكان، ناخاتە ڕوو...مەبەست لەم نووسینە مامەحەمەیی و مەدح و سەناو پیاهەڵدان نیە بە هیچ بەنی ئادەمێك..ناشمەوێ لە سبەیەكی پڕشنگداردا بمكەن بە وەزیری ( گەشە پێدانی بنەما هزریەكان !!!) ی تایبەت بە سیاسەت و ئێدارە و ئابوری هاوچەرخ و بوونیادنانی سیستەمێكی تۆكمەی حوكمڕانی شەفاف و دادگەرا...هەروەك ناشمەوێ تیشك بخەمە سەر هۆكارەكانی ژیان و گوزەرانی چینێكی خەنی و كەمینەیەكی گەنی و بێ سەروو شوێن بوونی شوناسی نەتەوەیی و ماڵئاوایی كۆدەنگی نیشتیمانی و یەكریزی نەتەوەییەوە. 

من ناخوازم ڕاڤەی ئایدیا باوەكانی قوتابخانە هزریەكانی مرۆڤایەتی و زانستی كۆمەڵناسی و فەلسەفە و شرۆڤەی ئایدیۆلۆژیاكانی سەربە بەرەی ڕاست و چەپ و سۆسیال دیموكرات و لیبراڵیزمی نوێ و پۆپۆلیزمی ڕەهەندگەرای دەمارگیر و ڕەگەزپەرەست و كۆنسیرڤاتیزمی نەریتگەرا بكەم.

چونكە...دڵنیام پێنوس و نووسینەكانیش لە ئاست دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دۆزی ڕەواو بەرحەقی نەتەوەكەم و دەست نیشان كردنی هۆكارگەلی پەرتەوازەیی و دابەشكاریە ئایدیۆلۆژیە حزبیەكان و فەلسەفەی كاری سیاسی كورد، دۆش داماون و هیلاكی و شەكەتبوون باڵی بەسەردا كێشاون و برستی لێ بڕیون.
گومانم نیە پێنووسیش تا بڵێی لێمان بێزارو سەخڵەتە، بەهۆی كێشە لە بن نەهاتووەكانمانەوە، بەهۆی دابەشكاریە جەبریەكان و حزبیەكانمانەوە.

ئاخر لەوەتەی خەیاڵی ئازادیخوازی و ڕزگاری لە ناخ و دەروونی تاكی كورددا چەكەرەی كردووە، كورد لێبڕاوانە بەردەوام بووە لە نووسین، لە نووسینی

یادداشت نامەی ناڕەزایی، بیرخەرەوەی مافەكان و بە ئاگا هێنانەوەی گەلەكەی و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری سیاسی و نەتەوەیی و ئاشناكردنی تاكەكان بە ماف و ئەركەكان و جۆشدانی خواستی ئازادیخوازانە و دۆزینەوەی شوناسێكی یەكانگیرو تۆكمەی نەوتەوەیی بۆ گەلە دابەشكراوو پەرتەوازەكەیەوە.

كوردی بەشمەینەت، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ لە كێشەو ئاگر و كێشمەكێش و هاوكێشەی زلهێزەكانەوە،  تەنانەت لە درووست كردنی پارت و رێكخراوو گرووپ و دەستەی سیاسی و حزبیشدا، یەكەمی بێ ڕكابەرو سەردەستەی هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستە.

بەڵام دوای سەد ساڵ لە نووسین و نووسینەوەی پەیرەوو پڕۆگرام و بەرنامەی سیاسی و دامەزراندنی لێژنە وكۆمیتە و ژوورو ڕایەڵەی پەیوەندی كردن وپۆلیت بیرۆی سیاسی و جڤات و خانە و ....ڕادەست كردنی سیاسەت بە دەستەبژێرە سیاسی و پیاوەماقولانی سەروەت و سامانەوە، ئێستاشی لەگەڵدابێ نەیتوانیوە هەنگاوێك بە ئاراستەی سەربەخۆیی و ڕزگاریدا بچێتە پێشەوە...هۆكارەكەشی هەمووی ناكڕێ بخرێتە ئەستۆی سیاستەی دوژمنكارانەی نەیاران و داگیركەران و هەڵكەوتەی ژیۆپۆلیتیكەوە، بەڵكو كوردهیچ كات( تەنانەت بە رێكەوتیش) بە یەكگرتوویی دەرنەكەوتووەو تەنیا ماڵوێرانی و بەشمەینەتی و كاولكاری بەرەنجامی خەباتی بووە و هەزاران بڕۆو بیانوی بۆ شكستە یەك لەدوا یەكەكان دۆزیوەتەوە و پەندی لە هەڵەكان وەرنەگرتووەو هەمیشە عەوداڵ و مردووی پاراستنی بەرژەوەندیە تەسكە حزبی و ناوچەییەكانی بووە و پانتای بیركردنەوەی زۆر بچووك و بەرتەسك بووە و جیهانی بیری نەكردۆتەوە و لە شوێن خۆی قەتیس ماوە.

بەم پێیە ڕۆژبەرۆژ لە كانگای مەعریفەی هزری و رۆناكبیری سیاسی دوور كەوتۆتەوەو بەرەو دەریایەكی پڕ شەپۆلی بەردەوامبوونی ململانێ لەسەر دەسەڵات وسامان و بەرفراوان كردنی پانتای قەلەمرۆیی نفوزی تایبەتی و  وێرانكاری فكری و دەروونی هەنگاوی ناوەو هەمیشە بەو ئومێدەوە ژیاوە، هاوكێشە سیاسیە هەرێمایەتیەكان و پارسەنگی بەرژەوەندی زلهێزەكان گۆڕانی بەسەردا بێت و ئەم، لە دۆخ و هەلومەرج وپێشهاتە تازەكا هەڵكەوتووەكاندا، دەسكەوتێكی كاتیش بۆ خۆی مسۆگەر بكات.

ململانێ ناوەخۆییەكان بە داخەوە هیچ جۆرە ئاسۆیەكی ڕووناكی بێ تەمو مژی دڵخۆشكەری لێ بەدی ناكرێت و وا خەریكە هەمیسان لە هەرێمی كوردستانی برینداری باشوردا، هێلەكانی دابەشكاریەكی تازەی هزری و كۆمەڵایەتی و ئیداری و فەلسەفەی حوكمڕانی، تۆختر و بەرچاوتر و زەقتر دەردەكەون و نائومێدی و سستی و خۆ خستن  و دان نان بە ئەمری واقعێكی تاڵی نەتەوەیی و لەدەست دانی نیوەی خاكی كوردستان، دەبنە سیماو مۆركی هەرێمێكی قەیراناوی وپڕ لە كێشەو تەنگژەو تەژی ناكۆكی ئەزەلیەوە. 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP