فشاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ستراتیژی نوێی ئەمریکا

دانا مەنمی - 21-12-2017 - 2585 جار خوێندراوەتەوە


ئایندەی کوردستان ھەرێمی کوردستان ڕۆژ لە دوای رۆژ بەرەو شکست و پاشەکشەو لەدەستدانی متمانەی ھاونیشتیمانیان دەروات بە دەسەڵاتی کوردی ، تەقینەوەی دۆخی کوردستان و زۆربونی تورەیی زیاتری خەڵک دەکەن کە رەنگە کۆنترۆڵکردنی ئەستەم بێت ، ئێستا نەک دۆخی ئابوری و وەزعی موچەخۆران چارەسەر ناکرێت ، بەڵکو دۆخی سیاسیش ھیوای تێدا نەماوەو قەیرانی سەرکردایەتی ناو حیزبەکان کە ھەر حیزبێک سەرقاڵی قەیرانی نێوماڵی حیزبەکەی خۆیەتی و قەیرانی کۆمەلگای کوردیان پەراوێز خستووە و ھاونیشتیمانیان بێ ئومێد کردووە ، ھاوڵاتیان لە دۆخێک دەگەرێن بۆ دەربازبون رەنگە خۆپیشاندان ئەو ئۆپشنە بێت کە پەنایان بۆ بردووە ، ھەرچەندە رووداوی نەخوازراوی لێکەوتووەتەوەو ڕەنگە تا ئێستاش کۆنترۆڵ نەکرابێت .

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی فشاریان خستووەتە سەرلایەنەکانی ھەرێم بۆ کۆتایھێنان بە قەیرانی سیاسی لە نێوان ھێزە سیاسییەکاندا ، پاشان چارەسەرکردن قەیرانی ئابوری و ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی ئەویش لە رێگەی ریفۆرمی ئابوری و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پاک و بێگەرد بۆ ئەوەی بەر لە تەقینەوەی ئەو بورکانە بگیرێت کە ڕەنگە ھەرێمەکە بەخۆیەوە بسوتێنێت.

کۆمەلگای نێودەوڵەتی فۆکسیشی خستووەتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ( ھەولێرو بەغداد ) تا ئێستا کۆمەلگای نێودەوڵەتی لەگەڵ عێراقێکی یەکپارچەو یەکوەحدەی خاوەن سەروەری یە و پشتیوانی لە کوردستانێکی بەھێز دەکەن ، کوردستانی بەھێز مەبەستیان چەسپاندنی پایەکانی دیموکراسی و رێزگرتن و چەسپاندنی ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵگایە ، کۆمەلگای نێودەوڵەتی کار بۆ فیدراڵیزمێکی ئەکتیڤتر لە ژێر چەتری دەستوریدا دەکات و کوردستان وەک بەشێک لە عێراق بمێنیتەوە .

لە دوای داعش لەعێراق پلان و ستراتیژێکی نوێ خراوەتە بەر دەست ترەمپ و تیمەکەی ، رۆژی ٢ی ١٢ی ٢٠١٧ کۆشکی سپی ستراتیژی نوێی ئاسایشی نەتەوەیی ئاشکرا کرد ، ستراتیژی نوێی ئاسایشی نەتەوەیی ئاراستەی کارکردنی سەرجەم دامەزراوەکانی واشنتۆن دیاری دەکات، ستراتیژی دارێژراوی ئەمریکا تایبەتە بە چارەسەرکردنی میلیشیای کۆنترۆڵ نەکراوی حەشدی شیعی و سونی و تورکمانی و تۆکمە کردنی سوپایەکی نیشتیمانی راھێنراو پاشان رێگریکردن لە گوتاری توندڕەوانەی قەومی و تائیفی لە نێوان کورد و عەرەب ، دواتر بوژانەوەی ئابوری بەکاری پێشینەی خۆیان دەزانن ، ئەکتەرو بکەرە سیاسییەکان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان توانای ئەوەیان نییە ستراتیژی ئەمریکا بگۆڕن ، بەڵکو پیویستە ھەوڵی ھەماھەنگی بدەن .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP