جیاوازی چینایەتی لەنێوان ھاووڵاتی و دەسەڵاتدار ھۆکاری تورەیی خەڵکە
هانا قاسم -
20-12-2017 -
4284 جار خوێندراوەتەوە
(دولة العدل تدوم وإن كانت كافرة ودولة الظلم تزول ولو كانت مسلمة)
لە دوو رۆژی رابردوودا شەپۆلێکی نارەزایی بەشێکی ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، ھاووڵاتی و فەرمانبەران بۆ مافە ڕەواکانیان رژاونەتە سەر شەقامەکان، بەداخەوە دروستبوونی ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنیەکان مایەیی نیگەرانییە چونکە ھەردوولا رۆڵەی ئەم گەلەن.
خۆپیشاندان بۆ داواکردنی ماف کارێکی تەواو مەدەنییە و لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی یەک دەگرێتەوە، بۆیە پێویستە دەزگا ئەمنییەکان ھاووڵاتی و ئاسایش بپارێزن دور لە بەکارھێنانی توندوتیژی، بێ گومان خەڵک لە تاو برسێتی و نادادی لەم ولاتە پڕ خێر و بێرە تورە و نیگەرانە، جیاوازی چینایەتی لە نێوان ھاووڵاتی و دەسەڵاتدار ھۆکاری تورەیی خەڵکە.
سیستەمی حومکڕانی لە ھەرێمی کوردستان توشی داروخانێکی تەواو ھاتووە، گەندەڵی و نا دادی و مافیاگەرایەتی و تاڵانکردنی سامانی وڵات ھۆکاری ئەم شکستە گەورەیە، بۆیە ناکرێت چیتر ئەم وڵاتە ھەروا بێباکانە بەرێوەببرێت و ھەر رۆژە بدریتە دەست قەدەرێک و کارەساتێکی بەسەردا بھێنرێت، کاتی ھاتووە بیرمەندان و دڵسۆزانی وڵات تەکبیرێکی جددی بکەنەوە لە چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان و دابینکردنی بژێوی خەڵک و دەسەڵاتێکی باش و شایستە بھێنینە کایەوە کە شایستەی قوربانییەکانی گەل بێت.
پێویستە خۆپیشاندەران لە پاڵ داوا ڕەواکانیان بۆ گەیشتن بە ئامانج کە خۆی لە دابینکردنی مافە سەرەتایەکان و بژێوی دەبینێتەوە ئارامی کوردستان و موڵک و ماڵی گشتی بپارێزن تا ئەجندای تر تێکەڵ بە داواکارییەکان نەکرێت.
ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی