بەپەلە

چاکسازی فەرزە و هەڵوەشاندنەوەی حکومەت واجبە

سەپان ئەنوەر - 17-12-2017 - 2906 جار خوێندراوەتەوە

یەکێک لە نیشانە سەرەکیەکانی دەسەڵات (حوکمکردنە) حوکمیش لە ڕووی زمانەوە بە واتای (منع یان ربگ) دێت، حوکمیش دەرەنجامی ئەو کردارو رەفتارانەیە لەئەنجامی پەیڕەوکردن، وەسفێک دەداتە پاڵ دەسەڵات لە کاتی حوکمکردنی بۆ زەمەنێکی دیاریکراو، جا حوکمێکی دکتاتۆری ستەمگەری خۆسەپێن بێت یان دیموکراسی و دادپەروەر و پاک بێت، بەڵام لە هەموویان چاکتر ئەوەیە کە پاڵپشت بێت بە دەسەڵاتی شەرعیەوە کە لە لایەن دەسەڵاتی گەلەوە رەوایەتی پێدرابێت بۆ ئەوەی شەرعیەتی هەبێت و ئیجماعێکی شەرعی وەربگرێت.

بەڵام ئەگەر هەڵسەنگاندنێک بۆ سروشتی ئەم بەناو حکومەت و دەسەڵاتە خۆسەپێن و شکەستخواردوە  بکەین، دەبینین لۆجیکی عقلی تیا نەماوە بە جۆرێک کە هیچ بیانویەک نەماوەتەوە بۆ مانەوەی ئەم مافیانە، بۆیە بە هەموو پێوەرەکان هەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتە بۆتە واجب و چاکسازیش بۆتە فەرز، وە ئەگەر بە پێی بنەماو پێوەری شەرعی بێت ئەم حکومەتە شەرعیەتی لەدەستداوە، بە پێی حوکمی یاساش ئەم حکومەتە تاوانبارە بە هەدەردان و دزینی سامانانی گشتی بۆ بەرژەوەندی شەخسی و حزبی، وە بە پێی پێوەری زارەکیش بێت دەمی هەرتاکێکی کۆمەڵگە بکەیتەوە نارازیە لە ئەداو بەڕێوەبردنی ئەم حکومەتە، هەروها بە پێی پێوەری عقلیش بێت هەموومان پەی پێدەبەین کە بیست شەش ساڵە ئەم حکومەتە بۆتە بەڵاو بارگرانی لە سەر شانی هاونیشتمانیانی خۆی و  لە ماوەی حوکمڕانی کردنی تەنها بەڵای سیاسی و ئابوری کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵگە هێناوە. 

لێرەدا پێویستە لە ئاست ئەو راستیە هەڵوەستە بکەین کە بە رواڵەت هەر گۆڕانێک لە سروشتی ئەم دەسەڵات و حکومەتە بکەین، هەرگیز هیچ هیوایەک بۆ سەقامگیری ئاشتی و گەشەکردنی سیاسی و ئابوری کۆمەڵایەتی بەدینایەت، چونکە ئەم دەسەڵات و حکومەتە لەگەڵ پارتی و یەکێتیی دوو دیوی یەک دراون، بۆیە بۆتە زەرورەتێکی حەیاتی و حەتمی تاک بەتاکی کۆمەڵگە کە گۆرانکاری ریشەیی لە جەوهەری حکومەتدا بکەن، تا ئاستی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بەهێز بێت و پانتایی ئا زادی و دیموکراسییش بەرفراوان  بێت. 

دوای ئەوەی زەمەنێکە لەرووی ئیدارە و بەڕێوەبردن و حوکمرانی شکەستی راستەقینەیان بەخۆیانەوە بینی بەتایبەت دوای ۱٦ ئۆکتۆبەر پێویستە دەسەڵات بوێرانە دان بە شکەستی خۆیان بێنن و واز لە دەسەڵات بێنن بۆ ئەوەی گۆرانێکی راستەقینە و مێژوویی  لە ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە بێتە دی، بۆ ئەوەی بە پێی پێوەرو پرنسیپ و نەریتە شەرعیەکان حکومەتێکی دامەزراوەیی  بێتە ئاراوە کە دەرهاوێشتەی میللەت بێت بۆ بونیاتنانەوەی سەرلەنوێی کۆمەڵگە بە دڵسۆزی دادپەروەرانە ژیانێکی یەکسانی پڕ رێزو کەرامەت لە هەموو روویەکەوە بۆ هاوڵاتی نیشتمانەکەی دەستەبەر بکات .بۆیە هەر فەرزێک واجبە و هەموو واجبێک فەرزە.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP