گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن بوون

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 14-12-2017 - 3305 جار خوێندراوەتەوە

١

 بەر لە مەرگی نەوشیروان مستەفا ، بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەر بێدەنگیش بووبێ ، لە لایەن دەسەڵاتەوە سڵی لێکراوەتەوەو ترسی ھەبووە بۆیان ، زۆر جار نەیارەکانی ئەو بزوتنەوەیە ئارەزوی ئەوەیان دەکرد لانی کەم ئەو بێدەنگیە سامناکە بە وتەیەکی رێکخەری گشتی بڕەوێتەوە .

دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا بزوتنەوەی گۆڕان تا ڕادەیەکی زۆر لە کارەکتەرێکی بگۆڕەوە بووە بە کارەکتەرێکی وەستاو ، لە راستیدا ئەمەپەیوەندی بە رێکخەری گشتی  ئێستا و خانەی راپەڕاندنەوە نیە وەک ئەوەی ھەندێک بۆ لێدانی ئەو کەسانە ئەوە دەکەنە بیانوو ، ئەوەپەیوەندی بە دۆخی شێواوی ئێستاوەیە ، کە مرۆڤ ناتوانێ چۆن دەست بەرێت بۆ ئەو ھەموو کەم و کوڕی و کێماسیەی دەسەڵاتی کوردی .

بزوتنەوەی گۆڕان پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ نێو خەڵک ، بۆ چاخانەی مشکۆو چاخانەی شەعب ، بۆ لای میوە فرۆشەکان  و دوکاندارەکانی ناو بازاڕ تا بزانێ لە وڵات چی دەگوزەرێت ، ھەر حزبێت لە ئازاری خەڵک دوور کەوتەوە ، ئاگای لە کێشەو ئاڕیشەکانی خەڵک نەما ناتوانێ رێبەرایەتی و رێنوێنی خەڵک بکات .

٢

ئەگەر بوونە ئۆپۆزسیۆن ، ھەر بۆئەوەیە قسە بکرێت و رەخنە بگیرێت ، ئەوە چ پێویست بە بوونە ئۆپۆزسیۆن بوون ناکات ، ئەوەتا لاھوری شێخ جەنگی و شانازی برایم ئەحمەد و قوباد تاڵەبانیش رەخنە دەگرن ، کەواتە ئەگەر بوونە ئۆپۆزسیۆن بوون تەنیا لە قسەی بێکرداردا چڕبکرێتەوە نەکرێت باشترە .

بوونە ئۆپۆزسیۆن بوون لە ئێستادا پێویستی بە رێبەرایەتی کردنی خەڵکە ، پێویستە سەرکردەکان و ھەڵسوڕاوە دیارەکانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەر بڕیارە ببنە ئۆپۆزسیۆن لە پێش خەڵکەوە بن لە ڕژانە سەر شەقام ، ناوەندی ئەو ڕژانە سەر شەقامەش دەبێت پایتەختی ھەرێم بێت ، ئەو دەم شوێنەکانی تر .

لە ھەولێرو دھۆک خەڵک لە پەل و پۆخراوە ، ئەرکی ھەر حزبێکی ئۆپۆزسیۆن و جوڵانەوەیەکە ئەو کۆت و بەندە بشکێنێت ، ئەو ترسە ڕاو بنێت ، دەمی خەڵک واڵابکات بۆ ھاوار کردن ، ئەگەر ئەمە نەکرێت ئۆپۆزسیۆن بوون چیە ؟.

٣

بزوتنەوەی گۆڕان و ھەر ئۆپۆزسیۆنێکی تر ، پێویستە بە دەنگی بەرز بە نێچیرڤان و جێگرەکەی بڵێن بڕۆن ، ئەوان خۆیان دان بە شکستی خۆیاندا دەنێن ، خۆیان دەستە پاچەن لە بەرانبەر چارەسەری کێشەکاندا ، خۆیان باسی لە ساڵی داھاتووی خراپتر دەکەن، خۆیان نائومێدی بڵاو دەکەنەوە ، ئایە ھەر ئەوە بەس نیە کە ئەم حکومەتە ھەڵوەشێتەوە و حکومەتی سێبەر دروست بکرێت بۆ ئەوەی جێگرەوە بێت .

ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لانی کەم لەو شوێنانەدا کە دەتوانێ  بۆ جێگرەوە ئامادە سازی نەکات ، ئۆپۆزسیۆن بوون ھیچ  مانایەکی نیە .

 من پێشتریش وتومە ، پێویستە ئۆپۆزسیۆنی ئازا مەودایەک بداتە دەسەڵات ، بۆ نمونە  ٣ بۆ ٦ مانگ ئەگەر ھیچ گۆڕانکاریەکی بۆ نەکرا ، لابدرێت ، جا لادان بە ڕاپەڕینە بە خۆپیشاندانە یان ھەرڕێگەیەکی دیکە .

 روحی نەوشیروان مستەفا ت ەنھا بە لادانی ئەم دەسەڵاتە فاشیلە ئاسودە دەبێت .

 ٤ 
ئەمەریکاو ئەوروپاش بەرەبەرە بۆیان دەردەکەوێت کە ئەو دەم و چاوانەی ماونەتەوە  ناتوانن ئیدارەی وڵات بدەن ، ناتوانن سوپای نیشتمانی دروست بکەن ، ناتوانن موچە دابین بکەن ، ناتوانن خزمەتگوزاری بکەن ، ناتوانن نوێنەرایەتی کورد بکەن بۆ گفت و گۆلە گەڵ بەغدا ، کەواتە ئۆپۆزسیۆن پێویستە چی بکات ، وەڵامەکە لای بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو لایەنانەیە کە دەزانن دۆخەکە لە بن بەست تێپەڕیوە .


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP