قودس و کەرکوک، دووشاری داگیرکراو

نەبەز گۆران - 11-12-2017 - 3965 جار خوێندراوەتەوە

لە رۆژھەڵاتدا دوو شاری گرنگ ھەن، ھەردوو شارەکە بە درێژایی مێژوو کێشەیان لەسەر بووە، ئەم دوو شارە لەرووی مێژووییەوە سەر بە دوو نەتەوەی جیاوازن، یەکێک لەم شارانە پیرۆزە و یەکێکیان دەوڵەمەند. شاری کەرکوک پێش دۆزینەوەی نەوت تێیدا، شارێکی گرنگ بوو، گرنگییەکەی پەیوەندی بەوە ھەبوو کەتبوویە ناوەراستی ھێڵی ئاوریشمەوە، ئەو ھێڵەی چەندین وڵات پێکەوە گرێدەدات و بوو بوویە چەقی بازرگانی، پاش ئەوەی نەوتی تێدا دۆزرایەوە، کێشەکانی ئەم شارە زیادیانکرد، ھەڵبەتە مێژوو ئەوە روندەکاتەوە ئەم شارە ھی نەتەوەی کوردە و، کۆمەڵێک ئەرمەنی و پاشان ئاشوری و مەسیحی تێیدا ژیاون، دوای نەتەوەکانی سەر بەم ئەم ئایینانە، لەسەردەمی عوسمانییەکاندا نەتەوەی تورکیش ھاتوونەتە ناوی و بوونەتە بەشێک لەم شارە، پێش دەسەڵاتی عوسمانییەکان و لەسەردەمی (سەلجوقییەکاندا) کەمترین تورکمان لەم شارە ژیاون. پێش (سەلجوقییەکان)یش سەرچاوەیەک نییە باس لە بوونی تورکمانبکات لەناو کەرکوک، ئەوەی ھەیە لە سەردەمی (سەلجوقییەکان)ەوە دەست پێدەکات.  

ھەرچۆن ئەم شارە لەرێگەی ئایدۆلۆژیایی ئاینییەوە لەلایەن نەتەوەی عەرەبەوە داگیردەکرێت و، دەبێتە شارێکی یەکلانەبووەوە، بەھەمان شێوە شاری (قودس_ ئۆرشەلیم) لەرووی مێژووییەوە تا ئەم چرکەساتەش کێشەی ھەیە و لە بنەرەتدا شارەکە وەک مێژوو، نەک دیدگای ئایینی، شاری جولەکەکان_بەنی ئیسرائیل_ ە.  من لێرەدا ھەڵوەستە لەسەر مێژوو دەکەم، لەسەر دیدگای ئایدۆلۆژیی ئایینی ناکەم، ناشمەوێت بە تەواوەتی بچمە ناو رەگوریشە مێژووییەکانی شاری کەرکوکەوە، چونکە بۆ ئێمە کورد مێژووی ئەو شارە کەمێک روونەو دەزانین شارێکی داگیرکراوە، ئەما ھەمان دیدگا بۆ کەرکوک چۆنە، بۆ شاری ئۆرشەلیم_قودسیش ھەمان شتە. چارەنووسی ئەم دوو شارە، چارەنووسێکی لەیەکچووە، یەکیان دەوڵەمەند بە نەوت، ئەویدیان دەوڵەمەن بە پیرۆزی. بەڵام ھەردووکیان شاری داگیرکراون لەلایەن نەتەوەی عەرەبە و شەری مانەوە دەکات لەسەریان.
بۆ ئەوەی زۆر دور نەکەوینەوە. 

لە ساڵی (٥٣٩) پێش زایینی، (کورشی گەورە) ھاوکاری جولەکەکانی کرد بگەرێنەوە قودس و ھەر لەوێ (کنێسە) دروست بکەنەوە. (١) لەو سەردەمەدا جولەکەکان کەوتبوونە بەر ھێرش و ھەندێکیان بە کۆیلایەتی گوازرابوونەوە بۆ بابل. ئێرانییەکانی ئەو سەردەمە کە لەسەر ئاینی زەردەشتی بوون، ھاوکاریی جولەکەکانیانکرد بۆ گەڕانەوە بۆ خاکی خۆیان. بە بروای مێژوو نووسەکان ناوی ئەم شارە_ئۆرشەلیم_  لە دوو بەش پێکدێت. (ئور:بەمانای شار_ شلیم: بەمانای ئاشتی)(٢) بەڵام ھەرگیز ئەم شارە نەیتوانی ماناکەی خۆی بەدەست بھێنێت و شارێک بووە، بووەتە شوێنێک بۆ شەڕی ئایدۆلۆژییە ئایینیەکان.

لە مێژوودا شارەکە (٢) جار بەتەواوەتی وێران بووە. (٢٣) جار گەمارۆ دراوە، (٥٢) جار ھێرشی کراوەتە سەر، (٤٤) جاریش داگیر کراوە. تەواوی شەرەکانیش لەم شارەدا شەڕی ئایدۆلۆژیای ئایینی بوون، چ لە سەردەمی بابلییەکان، چ لەسەردەمی پاش بابلیەکان، پاشان خاچپەرستەکان و، ئیسلامەکان، ھەریەک لە ئایینەکان ئەم شارەی بە شوێنی خۆی داناوەو، بە شارێکی پیرۆز و مەڵبەندی پەیامبەران سەیریانکراوە و ھەوڵی گۆڕینی شوناسەکەیانداوە.

لە ئێستادا پێکھاتەی شارەکەش بریتیە لە سێ جۆر، بەشی مەسیحیەکان، بەشی یەھودییەکان، بەشی موڵسمانەکان. پێش چوونی موسڵمانەکان بۆ ئەو شارە لەرێگای داگیرکردنەوە، ئەرمەنەکانیش بەشێکی پێکھاتەی ئەو شارەبوون، بەڵام لە ئێستادا رێژەی دانیشتوانی ئەرمەن شایەنی باسکردن نییە.

بە بروای ھەندێک لە مێژوو نووسان، پاش کاڵبوونەوەی (ئۆگارێتییەکان) کە کۆمەڵێک بوون زمانەکەیان سەر بەزمانی سامییە، (عیبرانی)ییەکان چوونەتە ئەم شارە و، سەرەتا ناوی (ئۆرشالیموم) بووە، کە بەواتای بنەچەی (شالیم) بەڵام (عیبران)ییەکان ناوەکەیانکردوە بە (ئۆرشلیم) لە زمانی عیبریدا بەواتای شاری ئاشتی دێت.(٣)

 ھیچ کتێبێکی مێژووی نییە بتوانێت نکۆڵی لەوە بکات ئەم شارە پێش (فتوحات)ی ئیسلام  شاری نەتەوەی عەرەب بووبێت. بەڵکو نەتەوەی عەرەب لەم شارەدا ھەتا سەروەختی (فتوحات) یان بە شێوەی بارزگانی سەردانی ئەم شارەیانکردوە، یان بەشێوەیەکی کەم بۆ ئیشکردن رێگەیان پێدراوە لەم شارەدا بژین، ئەما دوای (فتوحات) یەکێک لەو شارانەی نەتەوەی عەرەب بە ھۆی ململانێی ئایدۆلۆژی ئایینییەوە دەستی بەسەردا دەگرێت، ئەم شارەیە و دەیەوێت شوناسی شارەکە بگۆڕێت بۆ شوناسێکی عەرەبی. 

تەواوی کتێبە مێژووییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی، خودی شارەکەو ئەو خاکەی کە (عیبرانی) و پاشان (خاچپەرست)ەکانی لەسەر ژیاون، خاکێکە پەیوەندی بە یەھودییەکانەوە ھەیە. پیرۆزبوونی شارەکە بووەتە بنەمایەک بۆ رووبەروو بوونەوەی ئایدۆلۆژی و رووبەروو بوونەوەی شوناسی نەتەوەیی. ناکرێت مێژووی شارەکە نادیدە بگرین و بەبێ ناسینی راستەوخۆ ببینە بەشێک لەو تەرەفگیرییەی کۆمەڵێک ئایدۆلۆژیست پەیرەوی دەکەن. کۆمیدیا ئەوەیە کەسانێک ھەن لەدونیای شاشەکان قسەلەسەر ئازادی دەکەن و، لەگەڵ داگیرکردنی ئەم شارەدان. گەر بریاربێت بروامان بە مێژوو، بە ئازادی ھەبێت، ئەم شارە لەسەر خاکێکە پەیوەندی بە ئایین و بە نەتەوەیەکەوە ھەیە، ئەم ئایین و نەتەوەیە بە درێژایی ھەزاران ساڵ لەسەر ئەم خاکە ژیاون و موڵکی خۆیانە.

ئەمرۆ کاتێک ھێزێکی گەورەی جیھانی ددان بەوەدا دەنێت ئەم شارە بگەرێتەوە بۆ خاوەنە راستەقینەکەی، تەماشاکردنی ئەم گواستنەوەیە بەشێوەی ئایینی و ئایدۆلۆژیی، ھیچ ناوێکی لێنانرێت جگە لە چاوداخستن لە مێژووی شارێک و نەتەوەیەک. ھەرچۆن بۆ کوردێک خەونە رۆژگارێک کەرکوک بگەرێتەوە بۆ خاوەنە راستەقینەکەی کە کوردە، ھەمان دیدگاش بۆ _ئۆرشەلیم_قودس_ راستە.

ھەردوو شارەکە _قودرس و کەرکوک_ دووشارن لەلایەن نەتەوەی عەرەبەوە لەرێگەی ھێزی ئایینیەوە داگیرکراون، ئەشێت ئەمرۆ یەکێکیان گەرابێتەوە بۆ خاوەنە راستەقینەکەی و ئەویتریان درابێتەوە دەست داگیرکەر. بەڵام پشتکردن لە مێژووی شارەکان و پشتکردن لە حەقیقەتێک لەپێناو ئایدۆلۆژیاییەک و دژی ئاینێکی جیاواز، ناتوانێت مێژووە راستەقینەکە بشارێتەوە. _ئۆرشەلیم_ لەرووی مێژووییەوە شاری یەھودییەکانە، گەر بگەرێتەوە بۆخۆیان، نە دەستکەوتە و نە منەتە، بەڵکو تەنھا ئەوەیە مافێکیان وەرگرتووەتەوە کە پێشوتر لێیان وەرگیرابوو. کتومت ئەم دیدگایە بۆ کەرکوکیش ھەمان شێوەیە. 


سەرچاوە:

-(١) بیت المقدس، شھر در استانە انفجار، بی بی سی فارسی، ٢٠-ابان -١٣٩٣
_(٢)مجمل التواریخ و القێێ، بە تێحیح محممد تقی بھار. تھران، دنیا کتاب. ١٣٨١. 
-(٣) انگلیسی، وب گاە رسمی، بازبینی شدە در مرداد ١٣٨٨.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP