گەردەن ئازایی و داوای لێبوردنی پێشمەرگەیەک دوای مردنی

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 11-12-2017 - 4446 جار خوێندراوەتەوە


بەڕاستی نازانم لە کوێوە دەست پێ بکەم، بەڵام دەزانم ھەرچی بڵێم لە دووتوێی ئەم نووسینەدا تەواو نابێت و گەر بمەوێ باسی ھەموو ڕووداوەکانی ژیانم بکەم و گشت ڕەھەندەکانی پەنجا ساڵ خەباتی پێشمەرگایەتیم بخەمە روو،  ناچارم شاھنامەیەک بنووسمەوەو زیاتر لە ساڵێکی بۆ تەرخان بکەم.
من لە تافی لاوەتیدا ھیچ کات نەمویست لە دەرەوەی مێژوو و ڕووداوو بەسەرھات و  چوارچێوەکانی، وێنای کەسایەتی خۆم  و بوونم بکەم...ھزری من ھەڵگری کۆمەڵێک خۆرافاتی عەقیدی ئەبستراکت و پارامێتری فەلسەفی و سایکۆلۆژی و ناسیۆنالیزمی لە خاچ دراو نەبوو.. فکرو مەعریفە لای من پێوەر نەبوو بۆ ھەڵسەنگاندنی دۆخی ڕوناکبیری تاک و  کومەڵگە و کۆی گشتی دیسکۆرسەکانی ڕامیاری و پەیوەندیە جڤاکیەکان و دۆزینەوەی ھۆکارگەلی ژێردەستی و دۆخی داگیرکاریەوە.
من بانگەشەی سوسیالیزم و رادیکالیزم و لیبرالیزم و ناسیۆنالیزمی نەتەوەییم نەدەکرد و عەوداڵی وردو خاش کردنی بونیادگەرایی سەقەت و لە خشتەبەری دواکەوتووانە بووم...ئاستی ھۆشیاری بەرھەمھێنراوم لە بازاری سیاسەت بازی و بەرژەوەندیخوازی و ھەلپەرەستی و مشەخۆری، بەرھەم نەھێنابوو، تا بێم و بە نرخێکی گران بە نیشتیمانی بفرۆشمەوەو بانگەشەی نیشتیمان پەروەری بکەم... من ھیچ کات خۆم لە کۆ جیا نەکردەوە، بەڵکو ئەوە کۆ بوو نەیویستوو لە ناخی من تێبگات و دەرکم کات و لەم دواییەشدا زۆر بێ بەزەییانە و دوور لە ھەموو پڕەنسیپ گەلێکی ئاسمانی و مرۆییەوە، پەراوێزی خستم.
ئەو کاتەی من چەکی شەرەفو بەرگریم لە نیشتیمان کردە شانم، دوازدە ساڵێک بوو کۆمارە ساواکەی کوردستان لە مھاباد لەلایەن سۆفیەتەوە ھەرەسی پێ ھێنراوبوو...خەڵکی ناو ناوبانگی پێشمەرگەی نەبیستبوو...پێشمەرگە بە ئەشقیا ناوی دەھات و ھێشتا شۆڕش و بەرخودانی چەکداری سەرتاپای کوردستانی نەگرتبوو و پانتای خەبات و تێکۆشان بەرفراوان نە بوو بوو.
ئێمەی ئەشقیا بریارمان دا مەفرەزەیەکی چەکداری پێک بھێنین و لەو سنوورە جوگرافیا دیاری کراوەی شارەزای بووین، دەستمان کرد بە خەبات و نواندنی چالاکی چەکداری و تەنگ پێ ھەڵچنینی سوپای میریەوە.

من بۆیە بڕیارم دا چەکی شەرەف بکەمە شانم، چونکە نەمدەویست دوای ڕووداوەکانی گۆڕەپانی سیاسی بکەوم و چاوەڕێی جاڕدانی شۆڕش بم...من نەمدەویست لە دەرەوەی میژوو شاھیدی سوتماک کردنی خاکی پاکی نیشتیمانەکەم بم و شەو ڕۆژ بە دەور ڕاڤەکردنی چەمکەکانی ناسیونالیزمی نەتەوەیی و سۆسیالیزمی ئیشتراکی و خەباتی ڕادیکاڵی نەتەوەییەوە کات بکوژم و خۆم سەرقاڵی لێکدانەوەی ئایدیاو ئایدیۆلۆژیە باوەکانی ئەو سەردەمەوە بکەم.

ئێمە بە قەناعەتی تەواوەوە بریارمان دا ناشرینیەکان لابەرین و جوانی بچێنین و پاکی و دادپەروەری بڵاو بکەینەوە و کوردستان لە ژێر پۆستاڵی گڵاوی داگیرکەری شۆفینی دەربێنین و سەرەتای مێژوویەکی پڕشنگداری نەتەوەیی و نیشتیمانی پاک و بێگەرد و دانسقە بنووسینەوە...ئێمە مانان بڕیارمان دابوو کەرامەت و گەورەیی نەتەوە ژێر دەستەکەمان لە ھێرشی و ھەژمونی شەپۆلی شۆفینیزم و ناسیۆنالیزمی نەتەوەی سەردەستەی نکۆڵیکار و داگیرکار و پێشێلکار و دەمارگیر و خۆسەپێن، بپارێزین....ئێمە دەمانویست ئاشتی بڵاو کەینەوەو ڕووناکی بچەسپێنین و تاریکایی سێبەری ستەمی نەتەوایەتی نەھێڵین و ھەژمونی تارمایی دێوەزمەی داگیرکاری لابەرین و شۆفینیزمی قێزەوەنی ڕەگەز پەرەستی ھەژمونگەرا و شۆفینی و چەتە، راوبنێین.

خواردنمان نانە ڕەقە و شوێنی حەوانەمان ئەشکەوت و ئاوی خواردنەوەمان، ئاوی باران و کانیاوەکانی ناو چیاو دۆڵ و پێدەشتەکان بوو...پێڵای پێمان بەرگەی ساردی نیو سانتیمەتر بەفری نەدەگرت و لە چلەی زستانا سەرماو سۆڵە تا سەر ئێسقان ئازاری دەداین...

ئێمە بە دڵسۆزی و پاکی  و خاکی بوون و بڕوای تەواو و یەقینی چەسپاوەوە بووین بە پێشمەرگەی خزمەتکاری کوردستان و لە ئەنجامی ئەو بڕیارەشماندا  لە ماڵ و مناڵ و خاوو خێزان و بنەماڵە و ژیانی ئاسایی و سرووشتی دابڕاین و لە خۆشیەکان دوور کەوتینەوە...خۆشی و لەزەتەکانی ژیان و دونیامان لە خۆمان حەرام کرد و رێباز و ڕێچکەیەکمان ھەڵبژارد، زۆربەمان تیایدا سەرمان نایەوەو گیانمان لە پێناویدا بەخشی.
ئێمەی جیلی ئەو دەم، لە ڕووی دڵسۆزی و برواو متمانەوە ئەم رێبازەمان ھەڵبژارد و تا سەر ئێسقانیش بڕوامان بە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و ئازادیەوە ھەبوو و تەنیا بۆ ساتێکیش لە پێناو دەستەبەر کردنی چەند دەسکەوتێکی مادی و شاباش و پیا ھەڵدان و شەقام و قوتابخانە و بنکەی تەندرووستی و شوێنی گشتی بە ناو کردنەوە، نەبووین بە پێشمەرگە...ئێمە پێش، مەرگ کەوتبووین و دەمانزانی ئەم ڕێگایە بێ کەند و کۆسپ و کێشە و ئاستەنگ و ئاریشە نیە و نابێ...ئێمە پێویستیمان بە لەشکەرێک مامە حەمە و ماستاوچی و دەروێش و چاوەشی پیاھەڵدان و مەدداحی سەماکەری جەماعەتی اشھدوباللە نەبوو..بۆیە کۆڕی خەباتمان ھەڵبژارد، چونکە بڕوامان پێی ھەبوو و کەسیش ناچاری نەکردین ئەم ئاراستەیە بگرینەبەر.

حزبی لای ئێمەی ئەو کات، کۆمپانیای بازرگانی و سەوداخانە وبە دەست ھێنانی دەسکەوتە مادیەکان و دینار و دۆلارو مسۆگەر کردنی ژیانی شاھانە نەبوو، تا خوا نەخواستە لە ڕۆژی ھەبوونی و دەوڵەمەندی و ئازادید، لێمان بگۆڕێت و وامان لێ بێت ڕابردووی خۆمان لە بیر خۆمان بەرینەوەو قێز لە رابردوو بکەینەوە.

سەردەم سەردەمی یەکسانی و برایەتی و دڵسۆزی و یەکبوون و پاکی و یەکدەنگی ویەکڕەنگی و یەکریزی و سازانی راستەقینە بوو...دوور بووین لە پەرتەوازەیی و ناوچەگەرێتی و شارچێتی و گوندچێتی و خێڵ پەرەستی و  ململانێی ناشەریفانە لەسەر پارەو پوڵ و دەسکەوت و پۆست و پلە و پایە وئیمتیازاتەوە.


ئامرازی گواستنەوەمان ھێستر و ئەسب بوو کەوا بۆ گواستنەوەی چەک و تفاق و تەقەمەنیش بەکارمان دەھێنان، جار جار بە ڕێکەوت و بە نھێنیەوە سواری شڕە جێبێکی کۆن دەبووین وبە حەیاتمان گوێمان لە ناوی ئەم سەیارانە نەبووبوو، ئێستا کە خاوەن شکۆکانی کوردستان سواری دەبن و بە ڕیز بەدوای یەکدا لە سەر شەقامەکان ھاتوچۆ دەکەن و جاری واھەیە باڵندەکانیش ئەبێ بەھۆی ھاتوچۆی ئەم بەرێزانەوە بە ئاسمانەوە نەفرن و داروبەرد و  ئاوو کارەبا و مۆبایل و ھەموو گیانلەبەرێکیان بۆ بوەستێنن. 
ناوی تاقم قەنەفەی ئیتاڵی و دیزاینی فەرەنسی و پێڵاوی مارکەی بەریتانی و ئیتاڵی و جانتای فەرەنسی و .......مان نەبیستبوو، ئاخر سەرینی ئێمە تاشەبەردە ڕەقەکانی دۆڵ و چیاو شاخ و داروبەردی ئەو شوێنانە بوو ساڵانێک بوو ببوونە لانە و کاشانەی حەوانەوەو بارەگای شەری پارتیزانیمان...نە مەزرەعەمان لەم لاو ئەو لا ھەبوو، نە عەوداڵ و وێڵی کرینی کۆشک و تەلاری چەند ملیۆن دۆلاری و قەسر و قەمەرەو تەیارەوسەیارەی گرانبەھاوە بووین. نە ھەوڵ و تێکۆشان و پەلەقاژەشمان لە پێناوی دەفتەرە دۆلار و دینار و یۆرۆ بوو.
ئێمە بە ئامانجی کۆ کردنەوەی ماڵی دوونیاو خر کردنەوەی سەروەت و سامانی بێ شومار و لە بن نەھاتووو و داگیرکردنی زەوی و زاری کشتوکاڵیەوە، خەباتمان نەکرد...نەوتمان تەنیا لە ناو فانوس ولامپاکان بینیبوو و نرخی نەوت لای ئێمە بێ نرخترین شت بوو و نەماندەزانی بە بەرمیل و تانکەریش سەوداو بازرگانی پێوە دەکرێ!!
ئێمەی پێشمەرگەی گیانفیدا و گیان لەسەردەست و ڕۆڵە بە ئەمەکەکانی خاکی و پاکی و تاکی و تەنیایی، بە دوای بەشە پڕۆژەو بازرگانی و کێ بەرکێی ناشەریفانە لە پێناوی دەوڵەمەندی و وەسەریەک نانی ماڵ و سەروەت و سامانی دونیاییەوە نەبووین و پابەندی کۆمەڵێک پڕەنسیپی جێگیری ئەخلاقی و ئایینی و کۆمەڵایەتیەوە بووین و لێیانمان لا نەدەدا و تا سەر ئێسقان بڕوامان پێیانەوە ھەبوو.

ھیچ کام لە ئێمە،  لەشکەرێک سکرتێر ومکرتێرو بکەرو بەردەست و پاسەوان و حیمایە و ماستاوساردکەرەوەمان بە دەورەوە نەبوو و ھەموو ھاوڵاتیەک دەستی پێمان دەگەیشت و لەگەڵ ھەموو کەس کۆ دەبووینەوەو لە ھەموو کۆرو کۆبوونەوەیەکیش گوێگری دەردەدڵی ھەژاران بووین  و گوێمان  بۆ داواکاری و گلەیی و گازندەکانیان شل دەکرد.

.ئێمە خۆمان لە بورجی عاج و خەڵکیمان لە بەر پێڵاوەکانمان دانەدەنا..ئەوەی ھەمانبوو لەگەڵ خەڵکی بەشمان دەکرد و پێکەوە سوودمان لێوە دەبینی و ھیچ دیوارێک لە چەشنی دیواری چین، لە نێوان ئێمە و جەماوەردا نەبووو گەر ھەشبوایە، ئەمانرووخاند. ئاخر ئێمە بۆ نەھێشتنی چەوتیەکان و بەرقەرار کردنی دادپەروەری و یەکسانی و نەھێشتنی جیاکاری و زوڵم و ستەمەوە خەباتمان دەکرد و ھەرواش لە لایەن سەرکردایەتیەوە ئامۆژگاری دەکراین و ھەموو کوردستانمان بە موڵکی خۆمان دەزانی و ھیچ شوێنێکمان بە سەر ڕەنگ و زۆندا دابەش نەدەکرد و بەرپەرچی ھەموو جۆۆرە ھەوڵێکی لەمجۆرەشمان دەدایەوە،

ئێمە زۆر سادە دەژیاین و سادە ڕۆژەکانمان بەڕێ ەکرد و زۆر ( سادەش!!) بیرمان دەکردەوەو و زۆر  بە سادەیی و قەناعەتەوەش ملمان دابووە بەر بەرپرسیارەتی و بە نیەت پاکیەوە ھاتبوونیە ناو کۆری خەبات و ژیانی پڕ  لە کۆلەمەرگی و پر لە مەترسی پێشمەرگایەتیمان ھەڵبژاردبوو.
من لە تەمەنی پێشمەرگایەتیمدا دوو جاربریندار بووم و دوو جاریش ئاوارەی یەکێک لە وڵاتە ھاوسێکان بووم..جارێکیان لە ناوەراستی شەستەکان و جاری دووەمیش لە ناوەراستی حەفتاکان.... و ژیانێکی پڕ لە نەھامەتی و دەردەسەری و کوێرەوەری و تەژی زەحمەتیم بەڕێ کردو گشت تەمەنم خستە خزمەت خەبات و تێکۆشان و لێ بڕاوانە و بێوچان لە پێناوی ئازادی و سەرفرازی گەل و نیشتمانەوە تێکۆشام و کۆڵم نەداو سەرم بۆ ھیچ کەس شۆڕ نەکرد و لە ھیچ بەرەیەکی شەریش ھەڵنەھاتم.
ھەر بەھۆی ئەم بژاردەیەمەوە نە داھاتووی مناڵە بێ نازو سەرگەردانەکانم دابین کرد، نە خۆشم بە ئاسودەییەوە ژیانم بەڕێ کرد...بەڵام دڵشادم بەوەی سەربەرزانە ژیام و تەنانەت بۆجارێکیش چیە قسەی ناحەق و ستەمم لە ھیچ کەسێک قبوڵ نەکردو حەق و ناحەقم لە پێناوی بەرژەوەندی و مانەوەی خۆم و دەسکەوتە مادیەکانەوە، نەخستە ناو تای یەک تەرازووەوە.

من ساڵانێکە ئەم جیھانەی سەر دونیام جێ ھێشتووەو لە جیھانی ئەبەدیدا دەژیم، جیھانێک خاڵی لە سەیارە و تەیارەو دەسکەوتە مادیە لەرزۆکەکانی سەر دوونیا...لێرە کەس پرسیاری ماڵ و سەروەت و سامانی لێ نەکردم و تەنانەت نەشیان پرسی چەند شەقام و بنکەی تەندرووستی و شوێنی گشتی و قوتابخانە و کوچە و کۆڵانت بەناوە( کە نەبووەو ناشبێت)...  و ئارامگاکەت کەوتۆتە کوێ و ساڵانە چەند کەس سەردانی دەکەن. بەڵام سەربڵندم بەوەی لە ژیانی سەر دوونیا دڵی کەسم لە  خۆم نەرەنجاندووەو ئەوانەی دەمناسن شاھیدی لەسەر قسەکانم دەدەن.
 بەڵام بە پێویستی دەزانم ئەم چەند دێڕەیش وەک کۆتا دەردەدڵم بۆتان باس بکەم:
کۆی گشتی پڕۆسەی ڕووداوەکانی ژیانی پێشمەرگە بوونم و ساڵانی خەبات و بەرخودان و ژیانی ئاوارەیی و  تا رادەیەک بزر کردنی شوناس وای لێکردم، واز لە دۆزینەوەی بەھەشتی نەمری لەم گەردوونە ناسەقامگیرو پڕلە کێشەو ململانێیە بێنم و شەوو ڕۆژ عەودالی دۆزینەوەی ئارامی دەروونی و پاراستنی کەرامەتی ئینسانی و دان نان بە بوونم بم، وەک ئەوەی ھەم، نەک وەک ئەوەی ھەندێ کەس دەیانەویست لە چوارچێوەی کۆمەڵێک بیروباوەری لەرزۆکی بڕوا پێنەکراوو خاڵی لە متمانە و پیرۆزی، دەستەمۆ بکرێم.

من چیتر لە ڕابردوو بە دوای خۆمدا ناگەڕێم بەڵکو لە ئاییندەدا خەریکی بونیاد نانی خۆم و ئاراستەی ژیانێکی پڕ لە تەناھی و دوور لە ململانێ و ھەڵبەز ودابەزی ڕووداوەکان و ئاراستەکانی ژیانم لە جیھانێکی ترەوە.
من بکەرێکی ئازادبووم لە بیر کردنەوە و بە شێواوی لە دایک نەبوومە.
من لە ھەڵبژاردنی جۆری ژیان و مەعریفە و گرتنی ئاراستەیەکی فکریی دیاری کراوەوو پچڕاندنی ئەو تەوقە کۆمەڵایەتی و خۆرافە ھزریانەی دەبوونە ھۆکاری دواکەوتنم لە گۆڕانکاریە خێراکانی ژیان و دابڕاندنم لە ھێڵە گشتیەکانی بیرو ھزرو باوەڕە سایکۆلۆژیەکانم، ئازاد بووم و ئازادانەش بیرم دەکردەوەو بکەری رۆبۆتی ئاراستەکراو نەبووم. قەناعەتم بە شتێک نەبوایە قەت ئەنجامم نەدەدا.
من ھەمیشە وا ڕاھاتبووم، بێز لە ئاکاری بەدکاری پەت پەتێنی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و سەنگەر گواستنەوەی شەرمھێنەری پڕ لە دەسکەوتە مادیە سەرشۆڕھێنەرەکان بکەمەوە.. فێربووم لە پەیوەندیەکانم تا ئە شوێنەی پێم دەکرێ ڕاستگۆو حەقبێژو ڕاست و ڕەوان و بێ گرێ و گۆڵ بم و خۆم لە دەستەگەریە سیاسیە قێزەوەنە کان دوور بگرم، چونکە ئەمانەم ھەمیشە لە زاکیرەمدابە ھۆکاری پاشکەوتن و دواکەتن و داکەوتن و داڕمانی مۆڕاڵی و بە جێ مان و دۆڕان و پەرتەوازەیی و ترازان و دڕدۆنگی و کاڵفامی زانیوە.
من کە بووم بە پێشمەرگە، نەھاتبووم سەرلەنوێ چەمکە ئابوری و سیاسی وشۆرشگێڕی و بەرخودان و  کۆی گشتی پەیوەندیەکانی نێوان زمان و فکر و ڕۆشنگەری شرۆڤە بکەم و بیاندەمە بەر شنەبای شەن و کەو کردن و دووبارە دایانڕێژمەوە... من نەھاتبووم بونیادو ستراکتۆری کاری سیاسی داڕمێنم و ھەمیسان بە پێی بۆچوون و فکر و نۆڕم و پارامێترەکانی خۆم و پڕەنسیپەکانی پلۆرالیزم دایانڕێژمەوە.
 من بە کۆڵێک ئەزموون و بارێک بۆچوون و دەریایەک لێکچوون و پێشینەیەکی دەوڵەمەندی ھزری و مەعریفیەوە ھاتمە نێو کۆڕی خەبات و تێکۆشانەوە لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییدا، نەک بوون بە بازرگان و ھەڵپە ھەڵپی ماڵی دوونیام لە خۆم دوور خستەوەو خۆم بۆ ماڵی دونیا نەدۆراند.

من نە شاعیربووم نە دھۆڵ ژەن، نە ئەکتەری سینەما نە سەپانی ماڵی ئاغا... بەڵام دەمزانی دڵسۆزی لە خەباتا بە چ مانایەک دێت، ھونەری شەڕ کردن و بە گژ داچوونەوەی زوڵم و ستەمکاری چینایەتی و نەتەوایەتی، چۆن چۆنیە و سەرکەوتنی گوتارو وتار و ڕووبەڕووبوونەوەی سەبازی و خەباتی چەکداری، لە چیدا خۆی دەبینێتەوە و دەمزانی جیاوازی نێوان موستەشار و سەرۆک جاش و مەفرەزە خاسە و پێشمەرگەی ڕاستەقینەی کوردستان لە چیدایەو بۆ چی خەبات دەکەم.
من قەت ئیدیعام نەکرد ئەکادێمیستێکی مۆدێڕنی زانست زانی دەرچووی ئەکادیمیای سەربازی کامڵ و بێ کەموکورتی و خوارو خێچ و فەرماندەیەکی  شارەزای شەری پارتیزانی و خاوەن شکۆیەکی ئەزەلی و مامۆستای وتاربێژیم و سەرەتاو کۆتای ھەموو مەعریفەیەکی ئینسانیم لای خۆم گڵ داوەتەوە.
منی فەرماندە تەنانەت بۆ جارێکیش جاش و پێشمەرگەم نەخستە  یەک ئاستەوەو خانووە قورینەکەی پێشمەرگەی ڕەش و ڕووت و ڕەجاڵ و بە ئەمەکم لە لا، لە دیوەخانی ئاغا و دەرەبەگی ستەمکار و ھەلپەرەست و جاش سیفەت، لا خۆشتر و ئاسودەترو مەزنتر و بەشکۆتر بوو. 
من بەرھەمی خۆڕاگری تفت و تاڵی وسوێری و ھەورازو نشێوو سەختیە نەبڕاەوەکانی ژیان و نەھامەتیە نەبڕاوەکانی ناو ئەشکەوتی کوردایەتی و پێ دەشتەکانی خۆڕاگری و سادەیی و خاکی بون بووم، نەک ھەلپەرستێکی دەسکەوتخوازو سنوربەزێن و چاوچنۆک و چاوەشی ساتەوەختە دەست نیشان کراوو بڕیار لێدراوو دانراوەکان و سەماکەری بەردەرکی کاروانسەرای خاوەن شکۆکان و چاوچنۆکی پۆست و پلەو پایە نا ئەبەدیە فەنابووەکانی ژیان و لە ھەڵپەی سەروەت و سامان کۆکردنەوەدا، ژیانم لەخۆم و دەوروبەرم تاڵ نەکرد و سنوورو ھێڵە گشتیە ئەخلاقیەکانی ژیانم نەبەزاندو و شەرمەندەو چاوشۆڕی ھیچ کەس نیم.

دیسکۆرسی ژیانی من ھەمیشە پەیوەست بوون بوو بە سادەیی، ڕاستگۆیی و ڕەسەنایەتی، کۆڵنەدان و ھەنگاونان بەرەو سەرفرازی و ژیانی ئامانجدار و گەیشتن بە لوتکەی ڕاستگۆیی و دوور کەوتنەوە لە پیاھەڵدانی ناپێویست و سنور دانان بۆ زێدە رۆییە سنور بەزێنە بێ شەرمەکان و لادانی دەمامکی دوووڕوویی و پیس خۆریەوە.

من بونەوەرێکی بچوکی بێ ھێزو لاوازی بێ شوناس و بێ دەسەڵات و دەستەمۆکراوی کولتورو تێگەیشتنە خورافیەکانی سیاسەت و کۆمەڵگە و مەعریفە، نەبووم...مەودای بیر کردنەوەم سنوورو نۆڕمەکانی ھەلومەرجە کاتیەکانی ژیانی داسەپاوی دەبڕی و تا ئەو سەر بەرکەماڵ بوونی مەفاھیمی ئەخلاق و خۆشەویستی گەل و نیشتیمان، بڕی دەکرت.
پانتای بیر کردنەوەم لە چوارچێوەیەکی ژەنگ گرتووی بێزارکەر، قەتیس نەماو چەقی نەبەست، لە بێ ھێزی و بێ ئایدیا بوون و بێ بیرۆکەییدا. 

ئاسۆی  ژیانم لیڵ نەبوو و لە بێچارەییدا چەقی نەبەستبوو و تۆزی ناکامڵی و  مردن و ناکارابوون و پەک کەوتەیی عەقڵ و خەواڵا بوونی مەعریفەی ئینسانی، لەسەری نەنیشتبوو...من شانازی بەوەوە دەکەم ھیچ کات ھەوڵم نەدا ڕاستیەکان لای خۆم مۆنۆپۆل کەم و فاکتە مێژوویی، سیاسی، جڤاکی، ئایینی و کولتوریەکان، لای خۆم گڵ دەمەوە... من بەرھەمی بیر کردنەوەکانی خۆم و ورد بوونەوە لە ژیان و دەرھاوێشتەی زەمەنی کارەساتباری سەختیەکان و تراژێدیای ساتەوەختە ناسک و ھەستیارو چارەنوس سازەکانی ساتەوەختی ئاوارە بوون و چرکە یەکلاکەرەوەکان بووم و قەت نەکەوتمە نێو گینگڵدانی خەون بینین بە جیھانی یۆتۆپیاوە.

کەسایەتیم بەرھەمی بیرکردنەوەکانم بوو و تۆکمەیی ھزروبیرم و لانەدانی لەسەر راستەڕێی بڕوابوون بە کۆمەڵێک پڕەنسیپی جێگرەوە، گەرەنتی مانەوەو درێژەدانم بوو بە ھەلومەرجی ئەو ژیانەی، لەسایەیدا ئاسوودە ژیام و ئەو ئاراستەیەی بە ویستی خۆم ھەڵمبژارد و رێچکە شکێنیم لە پێناوی مانەوەی نیشتیمانەکام کردە سەرمەشقی ئەوانیتر و مانەوەیان.

بۆیە گەر نەمتوانی  بە شایستەیی خۆم بخەمە خزمەت گەل و نیشتیمانەوە، گەر لە ھاوکاری کردن و پشتیوانی کردن و بە جێ گەیاندنی ئەرک و ڕاسپاردەکانەوە بە ھەر ھۆیەوەکەوە بووبێت، کەمتەرخەمیم نواندووەو نەبوومەتە جێی ڕەزامەندی ھاوسەنگەران و ھاوڕێباز و ھاوبیرو ھاوڕێکان و باقی دڵسۆزانەوە و لە گەیاندنی دۆزی ڕەواو بەرحەقی کورد بە کەناری ئارامیەوە باوکێکی دڵسۆز و ئەرکناس نەبوومە بە ھۆی ھەڵبژاردنی پێشمەرگایەتی و خەباتەوە، داوای لێبوردن  لە ھەمووتان دەکەم، بەرلە ھەموو کەسێک لە خێزان و ماڵ و مناڵ و بنەماڵەکەم کەوا بە ھۆی منەوە، ساڵەھای ساڵ لە سۆزو خۆشەویستی و گرینگی پێدانم بێ بەش بوون و بە داخەوە نەمتوانی وەک باوکێکی دڵسۆز بم بۆیان و ئەوانیشم، وەک خۆم، دووچاری سەرگەردانی و نەھامەتی و ناخۆشیەوە کرد و ئاییندەیانم کردە قوربانی کوردستانەوە. 

داوای گەردەم ئازاییش لە خەڵکی گشی شارو گوندو ئاواییەکانی کوردستان دەکەم، ئەوانەی ڕۆژانێک ببوونە پاڵپشت و ھاریکار و داینەمۆی کارای شۆڕش و بە ھۆی ئێمەمانانەوە ڕووبەرووی سەختی و ئازاری زۆرەوە ھاتن و لە یارمەتیدانمان سڵیان لە ھیچ دوژمنێک و دۆخێکی سەپاوو پڕ لە نەھامەتیەوە نەکردەوە.


(دوایی گوێ شل کردن و خوێندنەوەی دەردە دڵ و لێبورین نامە و گەردەن ئازایی ئەم کەڵە پێشمەرگەیە بۆ ماوەی نیو کاتژمێر، سەرم سورما لە نیشتیمانێک کەوا بە ھۆی جێگۆرکێ کردنی پێوەرە عەقڵی و فەلسەفی و ڕامیاری ودڵسۆزی و کولتوریەکان و بازار گەرمی لەنگەفرۆشی کۆمەڵێک ھەلپەرست و مشەخۆرە و بەرژەوەندچی و مالئاوایی کردنی چەمکەکانی دڵسۆزی و مەفاھیمی دەستپاکی و ڕاستگۆیی و دەرکەوتنی کۆمەڵێک کاراکتەر  و بکەری نامۆی بازرگانی چاوچنۆکەوە ، نەتوانراوە زەمینەیەکی فەرھەنگی و کولتوری و کۆمەڵایەتی گونجاوو ژیانێکی شایستە بۆ ئەم کاراکتەرماندووە بە ساڵاچووانە بڕەخسێنرێت و تەنانەت دوای مردنیشیان، بە زیندوویی ھێشتنەوەی ناوو ناوبانگی  ئەم جۆرە کەسایەتیانە بکرێتە مایەی ڕەزامەندی خاوو خێزان و مناڵ و کەس وکارەکانیان و ھەر ھیچ نەبێ قەرەبووی بەشێک لەو بێ مەیلی و کەم لوتفی و سەرنج نەدان و گرینگی پێنەدانەی بەرامبەریان بکرێتەوەو لانی کەم ئەو ھەستەیان لە لای گەڵاڵەبکرێت، شانازی بە ڕابردوو و بوونی ئێستاشیانەوە بکەن و بە سەرکزی و دڵشکاوی سەر نەنێنەوە).
  

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP