سیماو خەسڵەتی ستەمکار

دانا مەنمی - 10-12-2017 - 2666 جار خوێندراوەتەوە


یەکێک لە نیشانە سەرەکییەکانی ناسینەوەی ستەمکار ئەوەیە کە ڕەوایەتی سیاسی و یاسایی و ئەخلاقی نییە , ستەمکار سیستەمێکە ھیچ مەشروعیەتێکی نییە لێوان لێوە لە میرغەزەبی لە زۆرە ملێ و خۆسەپاندن و دژ بە ئیجماع و کار بۆ چاندنی ترس و تۆقاندن دەکات , ھەرھەوڵێک لە پێناو ئەوەی کە بمانەوێت تەعریفی ستەمکار بکەین ھەوڵێکی مایە پووچ و خۆکوژییە , چونکە ستەمکار کورت ناکرێتەوە بۆ پێناسەیەک  یان رەھەندێک ، بەڵکو  ستەمکار مەخلوقێکە ھەرجارەو لە بەرگێکدا  خۆی بەیان دەکات ، ھەربۆیە ناسینەوەو پێناسەکردنی کارێکی زەحمەت و لە ڕوی مەعریفیەوە خۆکوشتنە .


لەناو سیستەمی ستەمکاریدا دەسەڵاتدارێتی و حوکمڕانیەتی  مەشروعیەتی خۆی لە دەستداوە ، یەکەمین وەزیفەی ستەمکار ئیحتیمارکردنی دەسەڵاتدارییەتی و مۆنۆپۆلکردنی سەرچاوەی دارایی و سەرچاوەی ھێزی چەکدارە بۆ سەپاندنی گوتارە سیاسییەکەی کە لە دەرەوەی ئیجماع و لە دەرەوەی یاساو گفتوگۆی مەدەنیانەو عەقڵانیەتە , وەزیفەیەکی تری ستەمکار کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی مەعریفەو دیدو بۆچوون و بیروڕاکانی خەڵکە ,کۆنترۆڵکردنی فرەیی دیدو جیھانبینی عەقڵەکان  ,بە ئامانجی ئەوەی کە یەک دونیابینین و یەک گوتاری سیاسی یەکڕوانین یەک عەقڵ دوور لە عەقڵانیەت و حەکیمیەت  بە بەرگێکی ستەمکارییەوە بەسەر ھەموواندا دەسەپێنێت .
سەپاندنی ڕوانین و عەقڵی ستەمکار بەسەر کۆمەڵگادا بەبێ بەسەربازیکردنی یاسایی کۆمەڵگا ناچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە ,بۆیە ئەگەر یاسایەکیش لەناو سیستەمی ستەمکاریدا ھەبێت , ئەو یاسایە لەھەناوی ستەمکاردا لەدایک بووە و ماکیاژ بۆ ستەمکار دەکات و دژ بە ئازادی و بەھا دیموکراسیەکانە , بڕیارەکانی ستەمکار ھیچ بنەمایەکی یاسایی و سیاسی و ئەخلاقی نییە.


جۆن لۆک لە کتێبی ( فی الحکم المدنی ) دا دەڵێت " لەھەرشوێنێک یاسا کۆتایی ھات ستەم دەست پێدەکات .
ستەمکار لە واتا زانستیەکەیدا بە واتای ڕژێمێکی تۆتالیتاری دێت , بەشێکی زۆری  ڕژێمە تۆتالیتارییەکان بە یاسا دێنە سەرحوکم  ،ھەندێکیش لە ڕێگەی ھەڵبژاردن و شەرعییەتی شۆرشگیرییەوە ھاتونەتە سەرحوکم  ئەدۆڵف ھیتلەر و مۆسۆلۆنی دوو نمونەی زیندوی مێژووی مرۆڤایەتین  , گوتاری سیاسی و دروشمی ستەمکار  گوتارێکی فشەڵەو کار لە سەر جوڵاندنی ھەستی نەتەوایەتی خەڵک دەکات , ئیتاڵیای فاشی و ئەڵمانیای نازیزم و تورکیای نوێ لەسەردەمی ئەتاتورکدا و عێراقیش لەسەردەمی بەعسیزمدا کاری لەسەر ھەست و سۆزی نەتەوایەتی و دروشمی شۆڕش و گەلپیرۆزی بەرز دەکردەوەو لەڕێگەی ھەڵبژاردن و شەرعیەتی شۆرشگێڕیییەوە ھاتوونەتە سەر کورسی حوکمرانیەتی و گەلەکانیان بەرەو لێواری لەناوچوون و جەنگ و قەیرانی برسێتی  بردووە .


گەر سەیرێکی مێژووی کلاسیکی یۆنانی کۆن بکەین کە دوو شاری یۆنانی بە ناوی ( سپارتاو ئەسینا ) سپارتا شارێکی گرنگی یونانی بووە , بەڵام لەژێر حوکم و سێبەری سیستەمێکی سیاسی و سەربازیدا بووە ، یەکێک لە سیماکانی شاری سپارتا زاڵبوونی سەربازگەرێتی بووە ,واتە دانیشتوانەکەی بەسەربازی کراوە یان کۆمەڵگایەکی سەربازی بووە ،ھەربۆیەشە ئەم شارە (سپارتا) خاوەنی فەیلەسوفێک نییە , بەڵام خاوەنی چەندین جەنەراڵ  و سەرکردەی سەربازی یە .


لەبەرامبەردا شاری ئەسینای یۆنانمان ھەیە کە شارێکی دیموکرات و لیبراڵ و مەرکەزی چالاکی فەلسەفی و فەیلەسوفانی سوقرات و ئەفلاتون و ئەرستۆ بووە , لێرەوە دوو وێنا دەبینین وێنایەک کە شاری سپارتا مەرکەزی دروستکردنی جەنگاوەرەکان و سیستەمێکی میلیتاریزمە ناتوانێت ئازادی عەقڵ و راگۆرینەوەو گفتوگۆ بەرھەم بھێنێت , وێناکەی تر وێنای شاری ئەسینای یۆنانە کە فەلسەفە لە ھەناویدا گەشە دەکات و ئازادی فیکرو ڕاگۆڕینەوە فەراھەم دەکات .


ستەمکار لەودیوی سیستەمە سیاسییەکەیەوە ژیان و فۆڕمێکی تر نابینێت بۆ سیاسەتکردن  پێویستی بە ژینگەیەکی شێواو قەیرانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە, ستەمکار کار لەسەر ئەوەدەکات کە بارودۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی خەڵک ناجێگیر بێت و کۆمەڵگا لە دۆخێکی ناجێگری دەرونیدا بژی , ستەمکار ھەمیشە پێویستی بە دروستکردنی کیشەیە و کۆمەڵگاش لەشەڕێکی بەردەوام دا بێت , ستەمکار لە ھێزەوە سەرچاوە دەگرێت و کار لەسەر دروستکردنی تاکێکی بێ ئیرادە بێ وزە و لاواز دەکات , تاکێک کە خاوەنی خودی خۆی نەبێت و خاڵی بێت لە باکگراوەندی عەقلانی و ھوشیاری و ئاگایی , ستەمکار لە پێناو مانەوەیدا پێویستی بە تەکتیک و سیناریۆی نوێ یە و تەنانەت شوێنکەوتەکانی خۆیشی دەکاتە بونەوەری لاوازو بێ ئیرادە و ستەمیان لێ دەکات , ستەمکار کار بۆ کڕینی ئیرادەی کۆمەڵگا دەکات لە ڕێگەی بڕینەوەی موچەو پێدانی خەڵات و پاداشت و دەمچەورکردنیان بۆ ئەوەی تاکێکی بێ ئیرادەو دەستەمۆکراو قوڕوقەپی سیاسی بەرھەم بھێنێت , کۆتا ھەنگاوی ستەمکار گەیشتنە بە ڕاسیزم , چونکە راسیزم دەرھاویشتەی ستەمکارەو ستەمکاریش سەرچاوەی ڕاسیزمە .


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP