هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

ئەو نوخبەیە زیانیان لە كورد دا

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 6-12-2017 - 6055 جار خوێندراوەتەوە

پێشتر بەرنامەی حیزب دوو ئاراستەی هەبوو، یان بەرنامەی نەتەوەیی یان بەرنامەیی ئومەمی بوو. حیزبە شیوعیەكان بەرنامەی ئومەمیان هەبوو. لە وڵاتانی داگیركەری كوردستاندا، خەباتی سەرەكی حیزبە شیوعیەكان دژی ئیمپریالیزم و هەژموونی ئیمپریالیزم و كۆنەپەرست و فیودیالی ناوخۆ بوو، ئەوەشیان وەكو بەشێك لە خەباتی رزگاری نیشتیمان سەیر دەكردو دەیانوویست مەسەلەی رزگاری نیشتیمانی و خەباتی چینایەتی پێكەوە گرێ بدەن.

 واتە خەباتیان دەكرد بۆ وڵاتێكی ئازاد و رزگاربوو لە دەسەڵات و هەژموونی ئیمپریالیزمی رۆژئاواو كۆنەپەرستی ناوخۆ. لەو رووەشەوە مەسەلەی نەتەوایەتی جێگەو پێگەیەكی ئەوتۆی نەبوو لە خەباتی حیزبە شیوعیەكاندا چونكە وڵاتیان وەكو یەكەیەكی یەكگرتوو سەیر دەكردو زیاتر پێیان وابوو لە وڵاتێكی وەكو عێراقدا پێش چەوساندنەوەی نەتەوایەتی، چەوساندنەوەی چینایەتی هەیە و چەوساندنەوەی نیشتیمانی هەیە كە ئیمپریالیزم و كلكەكانی پیادەی ئەو چەوساندنەوەیە دەكەن.

حیزبەكانی تریش هەریەك بە ئاستێك خۆیان بە حیزبی نەتەوەیی دەدایە قەڵەم و بەجۆرێك لە پێناوی مافە نەتەوەییەكاندا خەباتیان دەكرد. هەیانبوو بەرنامەكەی هێندە نەتەوەیی بوو گەیشتبووە ئاستی توونڕەویی، ئەگەر نەڵێن شۆڤێنیزم كەچی ئەم ئاراستە تووندە نەتەوەییە هەرگیز نەبوون بە خاوەنی بنكەی جەماوەری بەهێزو دەوڵەمەند، لە پاڵ ئەمانیشدا ئەو حیزبانە هەبوون كە بەرنامەكانیان بە بەشێك لە رەگەزە نەتەوەییەكان بارگاوی كرابوو، داواكاری مافی سادەی نەتەوایەتی كوردی بوون لە جۆری لامەركەزی، ئۆتۆنۆمی.

 ئەم حیزبانەش بە دوو ئاراستە لە ململانێدا بوون. ململانێی حیزبە شیوعیەكان و ئەو حیزبانەی خۆیان وەكو حیزبی نەتەوەیی پێشكەش دەكرد. هەروەك لە لایەكی تریشەوە حیزبانی خۆ بەنەتەوەیی زان لە نێو خۆیاندا لە ململانێدا بوون.. هاوشێوەی ململانێی نێوخۆی خێل َو عەشیرەتی كوردی. نوخبەی رۆشنبیریش كە لە سەركردایەتی حیزبەكاندا بوون نەیانتوانیووە رۆڵێكی درووست ببینن لە ئاراستەكردنی سیاسەتی حیزبەكاندا بە ئاراستەی ئامانجە نەتەوەییەكان بەڵكو رۆڵی ئاشكرای نوخبە رۆشنبیرە سیاسیەكە زیاتر زەقكردنەوەی ململانێكان بووەو ئەوەش وایكردووە كە حیزبەكان و بزووتنەوەكە بە گشتی لەبری كاركردن لە پێناوی مافە نەتەوەییەكاندا.

خۆیان و بزووتنەوەكەو حیزبەكانیان سەرقاڵكردووە بە كێشەی لاوەكی و ناوخۆوە.. ئەمەش رۆڵی دەوڵەتانی داگیركەری كوردستانی تێدابووەو سەرئەنجام ململانێی ناوخۆی حیزب و رێكخراو و كەس و نوخبەی سیاسی و حیزبی كوردی گەیشتووەتە ئاستێك كە ماوەی دوورو درێژە كورد لە باشووری كوردستان بە تایبەتی باجی ئەو ناكۆكیە ناوخۆییە دەدات كە لە نێوان نوخبەی سیاسی یان بەشێك لە كەسانی دیاری سەرەوەی ئەو نوخبەیەدا هەبووە، كە ئیشكردنی ئەو نوخبەیە ئەگەر بە پێوەری نەتەوایەتی بپێورێت بەداخەوە نەك خزمەتی دۆزی كوردیان نەكردووە بەڵكو زیانی گەورەیان لە دۆزی رەوای كورد داوەو تاكو ئێستاش ژەهری ململانێ نابەجێكانی ئەوان هۆكاری  دابەشبوون و پەرتبوونی كوردە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP