ئەرکەکانی ھونەری کاریکاتێر

هەندرێن خۆشناو - 2-12-2017 - 6188 جار خوێندراوەتەوە


زۆرێک سەبارەت بە ئەرک و کاری ھونەری کاریکاتۆر تووشی ھەڵە و نا تێگەیشتن بوون، بۆیە ئێمە لێرە دەپرسین کە ئایا کاریکاتۆر ھونەرێکی گاڵتەجاڕییە؟ تاکە ئامانجی کات بەسەربردن و دڵخۆشییە، چاندنی پێکەنینە لەسەر لێوان؟ بۆ ئەوەی بینەر یان خوێنەر دوور خاتەوە لە جیدیەتی ھەواڵ و وتار و نووسینی وشکی سەر لاپەڕەکان؟. لە کاتێکدا کە ھونەری کاریکاتۆر بە (میوەی رۆژنامەکان) ناسراوە، کە خوێنەر لە کۆتایی خوێندنەوەی رۆژنامەیەک بەدەستی دێنێت، لەم کاتەشدا دەبێت تام و چێژێکی شیرینی ھەبێت، و ناخی خوێنەر تەژی بکات لە خۆشی؟ یان کاریکاتۆر ھونەرێکی بە گریان ھێنەرە، ئێش و ئازاری میللەتێک بەدەردەخات، و بە ڕووی دەسەڵاتدارانی ستەم و داپڵۆسین و کۆیلایەتی ھاوار دەکات، و ڕەنگەکانی خوێن و بۆنی گەندەڵی و ئاسنی زیندانەکان وەدەردەخات؟.

زۆرێک بە نادروستی لە کار و ئەرکی سەرەکی ھونەری کاریکاتۆر لێیان تێکچووە و تێکەڵیەک دەکەن و جیاوازی لە نێوان ئەرکە سەرەکییەکانی ناکەن، ئەوەی راستی بێت کار و ئەرکە سەرەکیەکانی ھونەری کاریکاتۆر دابەش دەکرێنە سەر سێ ئەرک و ئامانجی سەرەکی.

یەکەمیان: ئەرکی ڕاست و دڵکاریی (جیدی) ھونەری کاریکاتێر، لێرەدا ھونەرمەندی کاریکاتێریست ئێش و ئازار و کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیدارییەکان دەخاتە ڕوو، وەکو ھەر ھاوڵاتیەک کە لەگەڵ ئێش و ئازاری گەلەکەی دەژی. لەمەیاندا ھونەرمەندی کاریکاتێریست بیروڕاگەلێکی وا دەخاتە ڕوو، دوور لە گاڵتە و پێکەنین و خۆشی، دەکرێت کاریکاتۆرەکە یان کارتۆنەکە بە توانج یان بێ توانج بێت.
بینەری ئەم کارانە بەڕاستی تام و چێژی تراژیدیا و خەم و ئازار دەکات لەگەڵ ھونەرمەندەکە، لە کاتێک کە ئەو تابلۆیە پڕ لە گریانە دەبینێت، کە راستگۆترین دەربڕینی ناخ و ھەستی ھونەرمەندەکەیە. ئەگەر ھونەرمەندەکە لەو کێشە و ئێش و ئازارەدا ژیابێت و ھەستی پێکردبێت، ئەوا ھەڵبەتە تابلۆکە ڕاستگۆیانەتر ئەو ھەستە دەگوازێتەوە بۆ بینەر و خوێنەر.

لە بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە سەرەکییە، کاریکاتۆرەکە دوور دەکەوێتەوە لە دۆخی خۆشی و پێکەنین و شادی، چونکە لە دەربڕینی ئێش و ئازار و کێشەیەک بە شێوازێکی کاریکاتێریانە، کە ھونەرمەندەکە لە ڕوانگە و دیدگای خۆیەوە دایدەڕێژێت، ھیچ جێگای پێکەنین و گاڵتە و گەپ نابێتەوە.
دووەمیان: ئەرکی رەخنەی گاڵتەجاڕی ئامانجدار، لێرەدا ھونەرمەندی کاریکاتێریستی بەتوانا کێشەیەک پێشکەش بە بینەر دەکات، بە شێوازێکی رەخنەگرانەی گاڵتەجاڕی دڵخۆشکار، کە تێیدا خۆشی تێکەڵ بە سوود و قازانج دەکات، جا ئەو کێشەیە سیاسی بێت یان کۆمەڵایەتی یان بوارێکی تر بێت، لە ھەمان کاتدا مامەڵە لەگەڵ کێشەیەکدا دەکات کە جێگای بایەخی گشت کۆمەڵگایە. لێرە لەم ئەرکەدا کاریکاتێریست بە توانستی خۆی کێشەیەک و ئامانجێکی دیاریکراو لەگەڵ قۆشمەبازی و گاڵتەجاڕیەکی جوان دەبەستێتەوە.

سێیەمیان: کاریکاتۆر تەنیا بۆ گاڵتە و نوکتەبازی و پێکەنین، لەمەدا کاریکاتۆر تەنیا بۆ کات بەسەربردن و مێشک حەوانەوە و بزە و پێکەنین بەکاردێت، بەبێ ھیچ کێشەیەکی روون و دیاریکراو، ئەم جۆرە کاریکاتۆرەش لە ئاستی کاریکاتۆرەکانی تر کەمتر نیە، بەڵکو ئەمەش جەماوەر و حەزلێکەرانی خۆی ھەیە، لەمەشدا دەبێت کاریکاتێریست سەرکەوتووبێت بۆ بەدیھێنانی ئەو ئامانجە، ناتوانین ئەم ئەرکە یان ئەمجۆرە کاریکاتۆرە یان کارتۆنە بسڕینەوە لە جیھانی رۆژنامەگەریدا، چونکە نەک تەنیا ڕۆژنامەگەریی و ڕاگەیاندن، بەڵکو ھەموو کۆمەڵگاش بە درێژایی مێژوو بەبێ کۆمیدیا و نوکتە و گاڵتە نەبووە و نابێت.

لێرەدا بۆمان روون دەبێتەوە کە نابێت تێکەڵیەک بکەین لە نێوان ئەم سێ ئەرکە سەرەکییەی ھونەری کاریکاتۆر، دەبێت ڕێز لە ھەر سێکیان بگرین، چونکە ھەر یەکیان ئامانجێکی دیاریکراو بەجێدەگەیەنن، تام و چێژ لە ھەموویان وەرگرین و تێیانبگەین، تاوەکو ھۆشیارییەکی رۆشنبیریی تەواو لەلامان گەڵاڵە دەبێت، و ھەست بە پایە و بایەخی ئەو ھونەرە کاریگەرە دەکەین، کە سوود و قازانج، یان قازانج و خۆشی، یان تەنیا خۆشی و پێکەنین، دەبەخشێت بە ھەر یەکێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە، بە گوێرەی ئاستی تێگەیشتنی خۆی.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP