چی بکەین بۆ کەرکوک

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 1-12-2017 - 3384 جار خوێندراوەتەوە

سەرەتا :
کورد ئەگەر بە ڕێژەیەکی کەمیش بێت زۆرینەیە لە کەرکوک ، لە ھەڵبژاردنەکاندا ھەمیشە لە عەرەب و تورکمان زیاتر دەنگی ھێناوە ، ئەگەر چی ئەمە بەشێکی پەیوەست بووە ، بە بارو دۆخی ناوچە عەرەبنشینەکانی کەرکوکەوە کە وە ک پێویست بەشداری ھەڵبژاردنیان نەکردووە ، دیارە بشیانکردبا کورد وەک وتم بە رێژەیەکی کەم لە وانی تر زیاترە ، لە دوا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا کورد ٨ کورسی و عەرەب و تورکمان چوار کورسیان ھەیە ، ھەشت کورسیەکە ٦کورسی بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو، واتە کەرکوک رۆڵێکی گەورەی لە ھاوسەنگکردنەوەی یەکێتیدا بینی ، بەڵام یەکێتی لە دوای ھەڵبژاردنەکانەوە ، ھەرگیز بەو شێوەیە دەرنەکەوت کە خاوەنی زۆرترین دەنگی کەرکوکیەکانە ، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەریشەوە یەکێتی نەیتوانی بە قەبارەی رێژەی دەنگدەرانی لە خزمەتی ئەو شارەدا بێت ، یەکێک لە کێشەو گرفتە گەورەکانی یەکێتی لە ریفراندۆمی ٢٥ی ٩دا ئەوە بوو ، کە لانی کەم پێش ریفراندۆم راپرسیەکە نەکرد کە بزانێت ئاخۆ خەڵکی کەرکوک لە گەڵ ئەو ھەنگاوەدان یان نا ، بە بڕوای من ئەوە کرابا یەکێتی زیاتر بەر چاوی ڕووندەبوو ، لەوەی بە زۆرو بە رێگای جۆراو جۆر ناچاری بەشێکی زۆری سەرکردایەتیەکەی بکەن مل بۆ ریفراندۆم بدات و رێگەکانی " فەن و فنون " و تەزویر کردنی دەنگی کەرکوکیەکان لەو گەمە دۆڕاوەدا بگیرێتە بەر ، کەرکوک بەر لەوە ی لە کیس ھەر لایەک چووبێت لە کیس یەکێتی چووە ، ئیدی ئەوانەی باسی خەنجەری ژاراوی و سیاسەتی کاڵفامانەوخیانەت دەکەن کورد گوتەنی با ھەر سینگ بکوتن و فرمێسکی تیمساحانە بڕێژن .
 لیستی برایەتی کەرکوک :

لە کۆی ٤١ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لیستی برایەتی کەرکوک لەھەڵبژاردنەکانی ٣١-١٢-٢٠٠٥ ، ٢٦ کورسی بردەوە ، لەو ھەڵبژاردنەدا تورکمان ٩ کورسی و عەرەب ٦ کورسیان ھێنا ، تا زە ھەرگیز لە ھیچ ھەڵبژاردنێکی دیکەدا کورسیەکان بەو جۆرە دابەش نابن ، لە کۆبونەوەکانی سەرەتای ئەنجومەندا لە بری باسی ئاوەدان کردنەوەی گوندەکان و پرسی ئەنفال و چارەسەری کێشە زۆرو زەوەندەکانی موڵکدارێتی و گێڕانەوەی پارێزگای کەرکوک بۆ دۆخی بەر لە ھاتنی بەعس ، دانیشتنەکانی لیستی برایەتی کە ھەڵبەت " زۆرینەیان دۆست و ئاشنامن " لەسەر بەنزینی ئۆتۆمبیلەکانی خۆیان و تایە کڕین و نەسریەو شتی وابوو ، دەقی مەحزەری کۆبونەوەکانم لایە و کاتی خۆیشی لەسەریم نووسیوە ، ئەوە لە کاتێکا تا چەندین کۆبوونەوە ھەر جارە بە بیانوویەک عەرەب و تورکمان بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنیان ناکرد ، بە ژمارە عەرەب و تورکمان بە یەکیشەوە نزیکەی یەک لە سێی ئەندامانی ئەنجومەن بوون ، بەڵام بە ھەڵوێست و داکۆکی و شەڕ لە پێناوی خۆیاندا ھەمیشە زۆرتر دیاربوون لە کورد ، ٢٦ ئەندام نە بەغدا وەک پێویست ھاوکاری دەکردن ، نەحکومەتی ھەرێم و پارلەمانی کوردستانیش وەڵامی خواستەکانی دەدانەوە ، تەنانەت کاتێ بە ئیمزای خۆیان داوای ئەوەیان کرد کەرکوک بخرێتە سەر ھەرێمی کوردستان لە ھەرێمەوە پشتگوێ خران ،ئەوانەی داوای ئەوەیان کرد ھەر محەمەد کەمال و رێبوار تاڵەبانی و ئەوانی تر بوون کە ئێستا ئامادە نین کۆبونەوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ کەرکوک بکەن .

١- ئەولیستە بۆ یەکجار لەسەر دیاردەی حزبایەتی و دابەشکاری حزبایەتی نەھاتە دەنگ لە کەرکوک کە تەنانەت مودیری قوتابخانەکانیشی گرتبوەوە ، لە کاتێکا بەشێکی زۆرلە حزبەکانی نێو لیستەکە لەو سیاسەتەی پارتی و یەکێتی قەڵس بوون . 

٢- لە تەواوی ئەو ماوانەدا بە یەکەوەو بە ناوی لیستی برایەتیەوە بە یاننامەیەکیان نیە ، کە بڵێن ناکرێ دوو ئاسایشی یەکێتی و پارتی لە کەرکوک ھەبن ، ناکرێ کەرکوک بە دەردی کوردستان ببرێت لە ڕووی دابەشکاری حزبیەوە .

٣- بۆ یەکجار ئەو لیستە وەک نوێنەری پێکھاتەکانی تریش دەرنەکەوت لە پرسی ئەو پێشێلکاری و نادادیانەی لە کەرکوک بە ڕێوە دەچوون .

٤- لە بری وەک نوێنەری کەرکوکیەکان و نێنەری دەنگدەرەکانیان دەرکەون ھەمیشە زۆربەیان بە تایبەت پارتی و یەکێتیەکان وەک نوێنەری حزبەکانیان دەردەکەوتن ،پارێزگاری ئەوسای کەرکوک " عەبدولڕەحمان مستەفا " چەندین جار ئەو گلەیی و گازندانەی لای خۆم کردووە .

لیستی برایەتی کەرکوک لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بە تەواوەتی لە یەکتر دابڕاون ، بەرژەوەندی حزبەکان و خۆیان خستوەتە سەرو بەرژەوەندی کوردو کەرکوک و دەنگدەرەکانیانەوە ، کەرکوکیان بۆ حەشدی شەعبی و تۆڵەکردنەوەی کوێرانە بە جێھێشتووە ، بە یەکەوە یەک نامەیان نیە بۆ حکومەتی عێراقی و عەبادی و لایەنە عێراقیەکان لە سەر ڕەوشی کەرکوک و تەواوی پارێزگاکە .
یەکێتی کە زۆرینەی دەنگدەرانی کەرکوکی ھەیە لە نێو ئەو لیستەدا ھیچ رۆڵێکی ئەو تۆی نیە ، ناتوانێ بچوکترین ھەنگاو بنات ، شەش ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانیشی تا ئێستا نەیانتوانیووە ڕون و ڕەوان بە عەبادی و حکومەتی عێراقی بڵێن ئەوەی لە کەرکوک دەگوزەرێ پێەوانەی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەو خواستی ڕەوای کەرکوکیەکانە .
لایەنەکانی تر لە کوێن ؟

لە دەرەوەی یەکێتی و پارتیدا یەکگرتوو ، کۆمەڵ ، حزبی شیوعی ، ئێستاش بزوتنەوەی گۆڕانیش ھەیە ، ئەم لایەنانەھیچ رۆڵ و کاریگەریەکیان نیە ، تەنانەت ناتوانن لە کەرکوک پارێزگاری لە خۆیان بکەن ، تا ئێستا ھیچ پڕۆژەیەکی جیاوازیان بۆ کەرکوک نەخستوەتە ڕوو ، نەبەیەکەوە نەبە جیاجیا ، لە دەرەوەی یاریەکانی یەکێتی و پارتیدا نەیانتوانیووە، نوێنەرایەتی خەڵک بکەن بۆ سەردانی بەغدا ، عەبادی ، باڵیۆزخانەکانی ئەمەریکاو ئەوروپا ، نەتەوە یەکگرتوەکان ولایەنە پەیوەندیدارەکان ، تەنانەت نەیانتوانیووە نامەیەک ئاراستەی دادگای فیدراڵی بکەن لە سەر ئەوەی لە پارێزگای کەرکوک و خورماتوو دەگوزەرێت ، سودیان لە کەوتن و بۆشای یەکێتی و پارتی وەرنەگرتووە ، تا ئێستا بە دووی سیاسەتی یەکێتی و پارتیەوەن ، خۆیان بە خاوەنی کەرکوک نەزانیووە وەک ئەوەی بتوانن ھەنگاوی جیاواز بنەن ، سودیان لە پەیوەندی و نوێنەرەکانیان لە بەغدا نەبینیووە ، بۆ دەرخستنی جیاوازیەکانیان لە گەڵ پارتی و یەکێتی، ئەمەش وای کردووە ، خەڵک زۆر ئومێدی پێیان نەبێت .

لە راستیدا لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لایەنەکانی تر بونیان نیە لە کەرکوکا ، ناتوانن ھیچ ھەنگاوێک بنەن بە ئاراستەی لانی کەک داکۆکی کردن لە خۆیاندا سەریان کز کردووە ، حەشدی شەعبی و سوات  پێنەخەنە سەر سەریان ، نەیانتوانی ھەزار کەس بێنە سەر جادەو خۆیان نیشانی عەبادی و حکومەتی عێراقی بدەن .

چی بکرێت ؟
ئێستا لە ھەرکات زیاتر دەنگی ناڕەزای کەرکوکیەکان ھەستی پێدەکرێت ، دەنگەکە گەرچی کزو بێکاریگەریشە، بەڵام ھەیە ، لە ناو کەرکوکیەکاندا قسەو باسی جیا جیا لەو بارەیەوە ھەیە ، لێرەو لەوێ دانیشتن و گفت و گۆی ئەوە ھەیە کە تاکەی ئاوا بین ، ئەمە پێویستی بە رێکخستنە ، پێویستی بە دانیشتن و کۆبوونەوەو خۆ نیشاندانە ، پێویستی بەوەیە بەغداو ئەمەریکاو لایەنگەلی دیکە تێبگەن کە خەڵکی تریش لەو شارە ھەن ، ئەم قسەو قسەڵۆکانە لە پاڵ دیوارو لە فەیس بووک و لە دانیشتنی دووقۆڵی و سێقۆڵی ئەو کاریگەریەی نابێت ، ئەو دەنگانە پێویستە کۆبکرێنەوە ، ماوەیەکی زۆر بەسەر ١٦ی ئۆکتۆبەردا تێپەڕیووە ،کەرکوکیە ھەقیقیەکان کاتی قسە کردنیانە ، لەو بارەیەوە پێویستە بیر لە شوێن ، کۆبوونەوە ، ھەنگاو نان ، خۆرێکخستن  بکرێتەوە .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP