دوای ئەوەی بوو بە وەزیر

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 27-11-2017 - 8217 جار خوێندراوەتەوە

 

1
خۆ لێگۆڕان 


پێش ئەوەی ببێتە وەزیر، لە ھەموو کۆڕو کۆبونەوەیەکدا بەشداری دەکرد، بە پێداگریەوە باسی چاکسازی و گۆڕینی سیستمی دەکرد، رەخنەی توندی لە گەندەڵی و گەندەڵکاران دەگرت وداوای ڕونکاری و راستگۆی دەکرد، کەسێکی سادەبە مانای وشە ھەر لە دورەوە بە دەم ناسیاوو نەناسەوە پێدەکەنی و دەستی تەوقەو دەستگوشینی بۆ درێژدەکرد. ئەو دوای بوونە وەزیر بەڕادەیەک خۆی لێگۆڕا، کە ئیدی مۆبایلە تایبەتەکەیشی، ئەوەی بەردەوام پێشتر دەیگوت نوکەش بکرێت دەیکەمەوە، دواتر دابوویە دەست یەکێک لە پاسەوانەکانیەوەو ھەمیشە ئەو لە بری خۆی وەڵامی دەدایەوە.

دوای بوونە وەزیر، ئەو بۆنەی دەکرد کە لە فەڕەنساوە بۆی دەھات، باسی قۆندەرە تایبەتەکانی، باسی ئەو بۆینباخەی کە زیاتر لە ١٠٠ دۆلاری پێدابوو، پێش بوونە وەزیر ئەو ھەمیشە باسی نەھامەتیەکانی کوردی دەکرد، کە باسی ئەنفال دەکرا چاوەکانی دەسڕیەوە، ساڵ نەبوو بۆ ھەڵەبجە بخوڕ دانەگیرسێنێت، دوای بوونە وەزیربەردەوام باسی خواردنی ئەو چێشتخانانەی دەکردکە بە تایبەت بۆی دەچوو، لە گەڵ دۆستە زۆرتایبەتەکانیا باسی شەمپانیاو شەرابی سەنگین و سمتی ئەو کچانەی دەکرد کە زمانی پیا دەھێنان، پێش ئەوەی ببێتە وەزیر لە گەڵ دایکی شەھیدا وێنەی دەگرت و بە دەیان جار بڵاوی دەکردەوە، دوای بوونە وەزیریش ھەمیشە خەیاڵی لای ئەوە بوو لە تەک خانمە ئەستێرەکانی ھۆلیۆدا وێنە بگرێت، یان لە تەک گۆرانی بێژەکانی ئەستەنبوڵ و پاریسدا .پێش بوونە وەزیری بەڵێنی قەبە قەبەی بە ھاوڵاتی دەدا، دوای ئەوەی بووبە وەزیربە ھیچ شێوەیەک حەزی بە بینینی ھاووڵاتیانی نیشتمانەکەی نیەو ھەمیشە سەر قاڵە، سەرقاڵە بێ ئەوەی خۆی لە گەنەکانی سەر جەستەی پاککاتەوە، بێ ئەوەی رێگری بکات لەوەی خۆی نەبێتە گەنەیەکی گەورە .

ئەم دۆخە جگە لە خۆ لێگۆڕان ھیچی تر نیە بەو ڕادەیەی لەبەردەم ئاوێنەکەشدا خۆی ناناسێتەوە، خۆی لێبووە بە شتێکی تر، دەعبایەک، لێ خۆی پێ زۆر گرنگە، لای وایە ئەو نەبێت وڵات ئاو دەیبات، مەڕەکان گورگ دەیانخوات، لای وایە ئەو دەعبایەی لە ئاوێنەکەدا دەیبینێت نیشتمان دەپارێزێت و ھەمیشە پاسەوانی نیشتمانە لە کاتێکا ئەو ھەمیشە سەرخۆشەو ھیچی تر، سەرخۆشی بۆن و بینینی دۆلارو سەرخۆشی کۆمپانیاو پاڵاوگەی نەوت و سەرخۆشی شەوە سورەکان .

2
خەڵک لێگۆڕان 


پێش ئەوەی ببێتە وەزیر، باسی یەکسانی و دادگەری کۆمەڵایەتی و وەک یەکی مرۆڤەکانی دەکرد، باسی ئەوەی دەکرد کە خەڵک و دەسەڵات تەواو کەری یەکترن و ناکرێت دەسەڵاتداران خۆیان بە سەروی خەڵک بزانن، ناکرێت حاکم و حوکمڕان خۆیان بە گەورەو خودانی خەڵک بزانن، ناکرێت وەزیرو گزیر خەڵک لە بەر دەرگا ڕابگرن و ئامادەی بینییان نەبن، ناکرێت بۆ ئیمزایەک ھاوڵاتیەک دەجار بچێتە دەرگای ئەم وەزیرو ئەو وەزیر، پێش بوونە وەزیر بە دەک خەڵکەوە لاڵ و پوڵ دەبوەوە، ئامادەبوو لە تەک دەرۆزە کەرێکا بە سەعات وت و وێژبکات، کە بووبە وەزیر، یەکەم بڕیاری ئەوە بوو دەرۆزە کەرەکان شار بە دەر بکات، پاکەرەوەی ژورەکەی لە سەر ئەوەی قونکە جگەرەیەکی کەوتوی نەبینیبوو دەرکرد، دەستەیەک لە جوانترین خانمانی نیشتمانی کردە سکرتێرەو بەردەستی خۆی، مرۆڤی لابووبە کاڵاو کەل و پەل، کە بوبە وەزیر ئیدی خەڵکی بچوکتر دەبینی لە خۆی، لای وابوو ھەموو ئەوانەی بۆ ئیمزایەک، ئیشێک دێنە وەزارەتەکەی بچوکترن لە خۆی، بۆیە دەکرێ بە سەر بچوکەکاندا دەنگ بەرز کەیتەوە، بقیژێنی، ھاوار بکەیت، دەکرێ بچوکەکان لە ژورەکەت دەرکەیتە دەرەوە، دەکرێت بواری قسەیان نەدەی، دەکرێت لە ڕێ و باندا بە ریزە ئۆتۆ مبیلەکەت ملیان پێوە بنەی، ھۆڕینی دورو درێژیان بۆ لێبدەی، بە پاسەوانەکانت بڵێ ی ئاقڵی بکەن .

پێش بوونە وەزیر ھەمان ئەو میوانەی دەکڕی و دەخوارد کە خەڵک دەیکڕی و دەیخوارد، دوای ئەوە چەندین جار پاسەوانەکانی سزای ئەو میوەفرۆشانەیان دەدا کە لە ناردنی میوەکاندا ھەڵەی زۆر بچوکی دەکرد،کە بووبە وەزیر ئیدی خەڵکی لێگۆڕا، کێشە ئەوە بوو یەک جار کەس پێی نەوت بابە تۆ ھەمان شتەکەی دوێنێی ئیدی ئەم خەڵک لێگۆڕانە لە پای چی .

3
رۆژھەڵات و کورسی 
"بازاڕی دەھرە دنیا قیمەتی ئەشیا بە جێگەیە"

 
ئەسڵی نەخۆشیەکە لە رۆژھەڵاتا ھەیە، کورسی پەرستی، کورسی پەسەندی، یان باشترە بگوترێ کورسی خوازی، لە ھەندێک لە چیرۆکە تەنز ئامێزەکانی عەزیز نەسین دا زۆر باسی ئەم بە کورسیەوە گیربوونە کراوە، کێشە ئەوەیە نەخۆشیەکە نە دەرمانی ھەیە نەچارەسەر، نەخۆشەکان سەرکردەو سەرداری ھەموو ئەو حزبانەن کە دەگەنە دەسەڵات، کۆمیدی ترین نوکتەی ئەم رۆژانە ئەوەیە کە مۆگابی بەکورسیەوە نوساوەکەی زیمبابۆی لە بەرانبەر ملیۆنان دۆلاردا کورسیەکە لە قونی دەبێتەوە، لێرەش خودی کورسیەکە داھات و خڕ کەرەوەی ملیۆنان دۆلارە، واتە کورسیەکە داھاتەئەوە بۆیە ئەوەی دەچێتە سەری ئیدی کە س نابێت پێی بڵێ "ئەزبەنی" دابەزە .

شالیاری ملھوڕ کە بەزۆریش دەھێنرێتە خوارەوە ھێشتا دەیان ساڵی دەوێت تابگاتەوە ئەو بڕوایەی کە ئەویش وەک ئەوانی تر ئینسانەو ھیچی تر، کێشە ئەوەیە شالیار لە گەورەی ئینسان و ئینسانی بوون تێناگا بۆیە بە ئاسانی نابێتەوە بە مرۆڤ، لێرە ئەوانەی دەسەڵات وەردەگرن دەیان ساڵیان دەوێ تابکرێنەوە بە مرۆڤ .

 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP