تەنیا پارتی هەڵبژاردنی دەوێت

رێبوار کەریم وەلی - 27-11-2017 - 7370 جار خوێندراوەتەوە

ئەو نەغمەیەی لە سلێمانییەوە دەبیسترێت، بەتایبەتیش باسكردن لە حكومەتی كاتی و بەپرۆژەكردنی ئەو بابەتە لای بزووتنەوەی گۆڕان، لە چواچێوەی گشتیدا، لە دوو دەلالەت زیاتر هەڵناگرێ: یەكەمیان ئەوەیە كە گۆڕان بیەوێ لەژێر ئەو ناوە و لە ئەگەری قەبوڵكردنی پرۆژەكەی بۆ حكومەتی كاتیدا بێتەوە ناو حكومەت، چونكە پێویستی بەوەیە كە لەو قوناغەدا، لەسەرێك خۆی لە رەوتە سەرلێشێواوە سیاسییەكانی سلێمانی جیابكاتەوە و بەلایەكی دیكەشدا خانەی راپەڕاندنەكەی بیسەلمێنن كە توانای بڕیاردانیان هەیە (واتا لە دەرەوەی بڕیاری كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا). دووەمیان ئەوەیە كە نایانەوێ هەڵبژاردن پێش بخرێت و دەیانەوێ حكومەت وا لێبكەن، سەرقاڵی شتی لاوەكی بێت تا ئەو كاتەی كە هەڵبژاردنەكانی بەغدا دەكرێت و بەوەش، ئەنجام و دەرهاوێشتەكانی هەڵبژاردنی بەغدا، وەكو پارسەنگێك لە سیاسەتی ناوخۆییدا بكەن بە ئەمری واقیع.

پڕۆژەكەی گۆڕان بۆ حكومەتێكی كاتی كە چەند مانگێكی دیكە دەچێتە هەڵبژاردنەوە، هێندە فراوانە كە لەگەڵ واقیعی حاڵدا ناگونجێت و تەنانەت، رەنگبێ ئەگەر ئەو كابینەیەی ئێستا چوار ساڵی دیكەشی لەبەردەمدا بووایە، هەر ئەوەندەی پێكرابایە كە ئێستا گۆڕان داوای دەكات! هەمان ئەو خاڵانانەن بە كەمێك پاش و پێشەوە كە گۆڕان و پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم لەسەری رێككەوتبوون. لەفزی حكومەتی كاتی و رزگاریی نیشتمانی (كە پێشتر لە چوارچێوەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەردا حیسابی نەهێشتنی حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانیی تێدا كرابوو!) لەدەم دەرچوو، بەڵام كە پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ نێچیرڤان بارزانی و جێگرەكەی دەرچوو، ئیتر نازانن چۆن لێی پاشگەز بنەوە و چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بكەن. بە دڵنیاییەوە حكومەت بۆ نەهێشتنی ئەو فەوزا سیاسییەی كە ئێستا هەیە (بەتایبەتیش لە سلێمانی) هەڵبژاردن پێشدەخات. بەڵام تا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، چەند خاڵێكی ناو پڕۆژەكەی گۆڕان هەنە كە قابیلی دانوستاندنن، تەنانەت هەندێكی دیكەش هەن كە دەكرێ لە ئێستاوەڕا  بۆ دوای هەڵبژاردن قسەیان لێ بكرێت و ببنە بناغەی هاوپەیمانیی نوێ (بەتایبەتی كە گۆڕان شانسی مانەوەی وەك حیزبی دووەم ماوە)، ئەگەر هێزەكانی سلێمانی وەك چۆن باوەڕیان بە یەكگرتوویی خاكی وڵاتی بەناو عێراق هەیە، ئاواش باوەڕیان بە یەكگرتوویی خاكی كوردستان هەبێت. ئەگەرنا دەبێ توانای ئەوەیان هەبێ پڕۆژەی ئاڵتەرناتیڤیان بۆ بەڕێوەبردن و دابینكردنی قووتی دەنگدەرانی خۆیان هەبێ.

كۆسرەتی دووجار بریندار

(2)
لە رووداوی 31ی ئابدا، تەنها كەسێك كە لە هەولێر بەرگریی لە یەكێتی نیشتمانی كرد، كۆسرەت رەسوڵ بوو. ئەوانی دیكە یان خۆیان رادەستی پارتی كرد و دوایی بە رێزەوە نێردرانەوە سلێمانی، یان هەڵاتن و خۆیان لە ناوزەنگ و زەڵێ دۆزییەوە! سەیر ئەوەیە كە دوای 21 ساڵ لە كەركووك و لە 16ی ئۆكتۆبەردا، دیسان هەمان كەس جارێكی دیكە لە سەنگەری بەرگری لە كەركووكدا كرایە ئامانج. كۆسرەت رەسوڵ جارێك لە هەولێر و جارێكی دیكەش لە كەركووك بریندار بوو (ئەڵبەتە زامی لەدەستدانی كوڕەكانی چیرۆكێكی دیكەیە)، ئەوەی هەولێر بەرئەنجامی شەڕی ناوخۆ بوو، بەڵام ئەوەی كەركووك كودەتایەك بوو كە هەندێك هەرزەی سیاسیی ناو حیزبەكەی خۆی بەسەریاندا كرد و هەموو دەستكەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی كوردستانیان هێنایەوە سەر خاڵی سفر. ئەوەش تەنها لە پێناوی مانەوەی خۆیان! ئەوان بۆ ئەوە حازر بوون دەستی نەوشیروان مستەفا ماچ بكەن كە حزبەكەیانی هەپڕوون بە هەپروون كرد، بەڵام ئامادە نەبوون رێككەوتن لەگەڵ پیاوێك بكەن كە تا سەر ئێسقان شەڕی پارتی و نەیارانی بۆ كردن و كاتێكیش كار هاتە سەر ئەوەی یەكێتی لەدوای جەلال تاڵەبانی چ ئاراستەیەكی لە مەسەلەی سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسیندا هەیە، بێ دوودڵی ئیسپاتی كرد كە ئەو هەر پێشمەرگەیە، بەڵام ئەوان ئیسپاتیان كرد كە نەوت لە خاك بە قیمەتترە.

ئێستا كۆسرەت رەسوڵ لە جاران نەخۆشترە و رەنگبێ قەت نەتوانێ وەكو پێش ئەو نەخۆشییەش لە گۆڕەپانی سیاسیدا حزووری هەبێ، بەڵام ماڵی تاڵەبانی ئەگەر بیانەوێ لە گۆڕەپانی سیاسیی كوردستاندا بمێننەوە، دەبێ ئەوە باش بزانن كە لەودیو دێگەڵەوە، جگە لە كۆسرەت رەسوڵ و هاوڕێكانی، كەس شتێك بەناوی یەكێتی ناخوێنێتەوە.

هەر حیساب و كتابێك لەسەر نەهێشتنی نفوز و كاریگەریی كۆسرەت رەسوڵ لە هاوكێشەی سیاسیدا، یەكسانە بەوەی كە یەكێتیش دەبێتەوە بە حیزبی گردەكەی دەباشان و كوڕەكانی ئەویش بێ ئیش دانانیشن. ئەگەر تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا میراتگریان هەبن، كوڕەكانی كۆسرەت رەسوڵیش ئامادەن و بەدووریش نازانرێ كە تەنانەت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لیستیان هەبێ، بەوەش ئەوجارەیان یەكێتی خراپ بریندار دەبێ.

قوباد و گۆچانە شكاوەكەی بابی
(3)
بەیاننامەكەی قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە بەستنی كۆنگرەی یەكێتی لەم یەك دوو مانگەدا، پشتئەستوورە بەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی كە بۆ ئەو هەیە (بەدەر لە كێشمەكێشی ناو خانەوادەكەی خۆی) و وەك جێگرەوە و نەسلی دووەمی تاڵەبانییەكان لە گۆڕەپانی سیاسی و ئیداریی كوردستاندا سەیر دەكرێت. ئەوەش لەسەر مەبنای ئەوەی كە حوكمڕانیی كوردستان لە سۆنگەی رەگە مێژوویی و سیاسییەكەی لەدەست دوو بنەماڵەدا بێت. كاری قوباد تاڵەبانی لە ناو حیزبەكەی باوكیدا لە هی نێچیرڤان بارزانی زۆر قورسترە. پارتی یەك بنەماڵەیە و پتر لە سەد ساڵە دەزانن چۆن خۆیان و خەڵك بەڕێوەببەن، بەڵام وەزعی یەكێتی وا نییە، یەكێتی بەرهەمی دوو بنەماڵەیە كە ئێستا بنەماڵەی دیكەشی لێكەوتوونەتەوە و، ئەوەش سەرباری ئەوەی كە هێزە سەربازی و ئەمنییەكەی خەریكە تەحویل دەبێ بۆ مافیایەكی ناوچەیی و كەس كۆنتڕۆڵی بەسەردا نەماوە. گۆچانەكەی باوكی دەمێكە شكاوە، بۆیە بۆ ئیدارەدانی یەكێتی دەبێ شتێكی تازەتری پێبێت. 
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP