بۆ دكتۆر به‌رهه‌م
خه‌ڵك زیاتریان لێت ده‌وێ‌

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 24-11-2017 - 4078 جار خوێندراوەتەوە

1
مه‌رج نیه‌ خه‌باتی‌ شاخ و ڕه‌وایه‌تی‌  شاخ ئیدی‌ هی‌ ئه‌وه‌ بن، كه‌ مرۆڤ نه‌بوونی‌ ئه‌وه‌ وه‌ك كێماسی‌ سه‌یر بكات، خه‌باتی‌ شاخ و شه‌رعیه‌تی‌ شاخ و ئه‌و شتانه‌ زۆر خه‌یاڵی‌ له‌ سه‌ر كوردی‌ باشور كه‌وت، له‌ په‌نای‌ ئه‌و خه‌بات و شه‌رعیه‌ته‌وه‌، هه‌ندێك نیشتمانیان له‌ بن هێنا، بۆیه‌ من پێم وانیه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و شته‌ی‌ نه‌بوو ئیدی‌ ناتوانێت رێبه‌رایه‌تی‌ بكات، دیاره‌ دوای‌ 26 ساڵیش ئیتر كاتی‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و خه‌بات و شته‌ وه‌ك دیرۆك باس بكرێت نه‌ك وه‌ك حوكمڕانی‌ بۆ ئێستا، ئیتر ئه‌وه‌ ئارشیفه‌و ته‌واو، بۆ كه‌سانی‌ وه‌ك دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح، شاسوار عه‌بدولواحید، كه‌سانی‌ تر كه‌ دێنه‌ پێشه‌وه‌، نه‌بوونی‌ خه‌باتی‌ شاخ و ئه‌و شتانه‌ هه‌ر گرنگ نین، گرنگ ئه‌وان توانای‌ مادی‌ و رۆڵی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكیان هه‌بێت، چیرۆكه‌كه‌ی‌ كارڵ ماركس بۆ شۆڕش توانا ئابوریه‌كه‌ی‌ ئه‌نگڵس ته‌واوی‌ كرد، ئه‌گه‌ر كاتی‌ خۆی‌ دكتۆر به‌رهه‌م و خه‌ڵكانی‌ تر له‌ نزیكی‌ كاك نه‌وشیروان بان بۆ گۆڕینه‌ سیاسیه‌كه‌ ته‌واو كه‌ری‌ یه‌ك ده‌بوون، بۆ دكتۆر زۆر گرنگه‌ ڕوون و ڕاشكاو توانا ئابوری‌ و میدیاییه‌كه‌ بۆ گۆڕینی‌ دۆخی‌ سیاسی‌ بخاته‌ گه‌ڕ و دڵنیاشم له‌وانه‌ش كه‌ ناوی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرینیان دراوه‌ته‌ پاڵ خه‌ڵكی‌ زۆر هاوسۆزی‌ ده‌بن، دیاره‌ پێشكم وایه‌ چ قه‌واره‌كه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح، چ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و ده‌نگه‌ ناڕازیه‌كانی‌ تر ده‌توانن پێكه‌وه‌ رێبه‌رایه‌تی‌ شه‌قام و خه‌ڵك بكه‌ن بۆ ئه‌مه‌ ئازایه‌تی‌ و بڕیار پێویسته‌ .


2


من وه‌ك خۆم دڵم به‌ هه‌موو جوڵانه‌وه‌یه‌كی‌ نوێ‌ خۆشه‌، پێشم وایه‌ ئاینده‌ هه‌ر به‌ ده‌ست ئه‌مانه‌ی‌ ئێستاوه‌ نابێت، بۆیه‌ ده‌بێت جوڵانه‌وه‌ نوێیه‌كان له‌ ئێستاوه‌ بیر له‌ وه‌رگرتنی‌ ئاینده‌ بكه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م ساڵح و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و ئه‌وانی‌ هه‌ن بیر له‌ وه‌رگرتنی‌ ئاینده‌ ناكه‌نه‌وه‌ و كاری‌ بۆناكه‌ن، كه‌واته‌ بۆ هه‌ن، باڕاستگۆ بین له‌وه‌دا كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ ئێستا، به‌و ناوه‌ نوێیانه‌شه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ 29ی‌ 10 ناویانی‌ برد، شكستی‌ گه‌وره‌یان هێناوه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ دۆخه‌كه‌، من ئه‌مه‌م  له‌ دانیشتنی‌ تایبه‌تا به‌ به‌رپرسه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كانیش وتوه‌، ئه‌وانیش له‌و راستیه‌ تێده‌گه‌ن، به‌ڵام بڕیارو ئازایه‌تی‌ بڕیار دان زۆر گرنگه‌، من تێناگه‌م ئه‌وه‌ چیه‌ كه‌ له‌ ده‌ستی‌ ده‌ده‌ین ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ نه‌بن ، ئه‌وان 51ی‌ خاكی‌ كوردستانیان دۆڕاند ، له‌ بن باری‌ قه‌زرا میله‌تیان چه‌ماندوه‌ته‌وه‌ ، به‌ ملیاران دۆلاریان لێره‌و له‌وێ‌ سپی‌ كردوه‌ته‌وه‌ بۆ خۆیان، هێزی‌ پێشمه‌رگه‌یان هه‌ڵوه‌شاندوه‌ته‌وه‌، چی‌ ماوه‌ بیكه‌ن، تا بڵێین ناكرێ‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌ له‌ ده‌ستی‌ بده‌ین، گۆڕانكاری‌ له‌ پێش هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌ هیچ بیانوویه‌ك نیه‌ بۆ دواخستنی‌ گۆڕانكاری‌.



خه‌ڵك له‌وه‌ زیاتر له‌وانه‌ داواده‌كات كه‌ جیاوازن له‌وانی‌ تر، ده‌كرێ‌ فشاره‌كان زۆر له‌وه‌ زیاتر بكرێن، دكتۆر به‌رهه‌م ده‌توانێ‌ راست و ڕه‌وان به‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداران بڵێت، له‌ ماوه‌ی‌ مانگێك یان زیاترا سیماكانی‌ چاكسازی‌ نیشان بده‌ن، له‌ چاره‌سه‌ر كردنی‌ كێشه‌ی‌ كاره‌با، موچه‌و بودجه‌، ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان، گه‌ر نه‌كرا پێویسته‌ به‌ ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپا بووترێ‌ ئه‌مانه‌ شایانی‌ حوكمڕانی‌ نین، حكومه‌تی‌ به‌دیل دروست بكرێت و داوا بكرێت مامه‌ڵه‌ له‌ ته‌ك ئه‌مانه‌ی‌ ئێستادا نه‌كرێ‌، من سه‌یرم له‌وه‌ دێت ده‌ڵێن ئه‌مانه‌ ئاسایش و پێشمه‌رگه‌یان هه‌یه‌ و چه‌ك و چۆڵیان هه‌یه‌، پێشمه‌رگه‌و ئاسایش هی‌ ئه‌وان نین هی‌ میله‌تن، هه‌ر كه‌س توانیتی‌ به‌ رێكی‌ موچه‌و بودجه‌ دابین بكات هی‌ ئه‌و كه‌سه‌ن، مۆگابیش چه‌كدارو ئاسایش و پاره‌و زه‌برو زه‌نگی‌ هه‌بوو، سه‌دامیش هه‌یی‌ بوو، حه‌مه‌ ڕه‌زا شاش هه‌یبوو، بۆیه‌ ئه‌وه‌ بیانوو نیه.



هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ده‌ستوردا دانیپیانراوه‌، بڕیاری‌ 688ی‌ كاتی‌ خۆی‌ بۆ پاراستنی‌ كورد ده‌ركراوه‌، كوردستان ئێستا وه‌ك جاران بێكه‌س و بێده‌س نیه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌و په‌ڵه‌ نه‌كرێت، عه‌بادی‌ ناتوانێ‌ سوپا ڕه‌وانی‌ كوردستان بكات، بۆیه‌ ئه‌م نیگه‌رانیانه‌ قسه‌ی‌ به‌تاڵن و خه‌ڵك زیاترو زیاتر ده‌خوازێ‌، كێ‌ بتوانێ‌ كه‌شتیه‌كه‌ به‌ره‌و پێش به‌رێت، خه‌ڵك ده‌چێته‌ پاڵ ئه‌و، ئێستا كه‌شتیه‌كه‌ نه‌ك له‌ جوڵه‌ كه‌وتوه‌، بگره‌ به‌رەو دوا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ . 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP