ئێمە لە چی و لە كوێدا سەركەوتووین؟

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 24-11-2017 - 2837 جار خوێندراوەتەوە

گەرەكە هەموو تاكێكی كورد هەڵوەستەیەك بكات و لەم وێستگە هەستیارو چەقبەستووەدا، بە گەڕانەوە بۆ خەیاڵدان و تۆماری بیرەوەریەكانی ژیانی و قۆناغەكانی رابردووەوە، قووڵ بیر بكاتەوە و ئەم پرسیارە لە خۆی بكات:

ئێمە ی كورد لە چی و لە كوێدا سەركەوتووین؟ لە چ بوارێكی گرینگی ژیانی سیاسیمان سەركەوتنی ستراتیژی و گەورەو چارەنوس سازمان خستووەتە سەر خەرمانەی دەسكەوتەكانمان؟ 

پاشخانمان، ڕابردوومان، ئێستا و داهاتوومان و بوون و نەبوونمان چۆن ڕەنگڕێژ كراوە؟ سەركەوتن یا شكست دوای شكست؟ پەند وەرگرتن لە شكستە كانمان یا دووبارە كردنەوەی هەڵەكان و خولانەوە لە بازنەیەكی داخراوی خەفەت بار؟

لە سەردەمی شاخ هەر نووسراو و گوتراو و هاواركرا، لە سەردەمی "پۆست شاخیزم" یش هاوار و نزا وپاڕانەوەكانمان نە بڕایەوە، دواتریش هەمیسان هاوارمان كرد یەكێتی ڕیزەكانمان بپارێزین...ئاخر ئێمە گەلێكی داماوی بێ دۆست و پشت و پەناین و خۆمان نەبین، هیچ كەس و لایەنێك حیسابی تورێكی تەڕیشمان بۆ ناكات... داوا كرا دووركەوینەوە لە پەرتەوازەیی و ناكۆكی و حزبایەتی تەسكی تەقلیدیی ماوە بەسەر چوو...هەر سوودی نەبوو...داوامان كرد ناوماڵی شێواو پڕ لە ناكۆكیمان یەكخەینەوە، ڕێكخەینەوە، ئاوەدانی كەینەوە...بەڵام نەك ناوماڵ، بگرە لەناو حەوشەو سەربانی ماڵەكانیشمان دووچاری درز و لێك دوور كەوتنەوەو دووبەرەكی و ململانێی ناشەریفانە بووین و زیاتر لە هەموو جارێك دژ بە یەكتر وەستاینەوە!!!

تو خوا ئێمە لە كوێ سەركەوتووین، تا بێین باسی دۆڕانەكانمان بكەین؟ 

كامەمان لە چی و لە كوێ و لە كام وێستگەی ژیانی سیاسیدا سەركەوتوو بووە؟ تكایە باكەس خۆی نەكاتە پاڵەوانی نەتەوەو دەسپاكی و دادپەروەری!

ئێمە لە چ بوارێك سەركەوتووین؟ لە دروست كردنی پارتی سیاسی؟ لە جیابوونەوە؟ لە یەكگرتن؟ له تیكدان؟ لە حوكمڕانی تەندرووست؟ لە بەرپاكردنی دادپەروەری و دادی كۆمەڵایەتی و ئابوری و بونیاد نانی ژێرخانی ئابوری؟ لە بە هێز كردنی كەرتی كشت و كاڵ و گەشت و گوزار؟ لە كام كەرت و لە كام بوار سەركەوتووین؟

ئێمە لە كوێ شكۆمان بۆ سەركەوتنەكانمان هیشتۆتەوە، تا بێین و بە دوو قۆڵی و چوار قۆڵی و پێنج قۆڵیەوە، سازان بكەین و بگەینە ڕێكەوتن؟

ئێمە كەی و لە كوێ رێگەمان داوە بیرۆ بۆچوون و دیدگا جیاوازەكانمان ببنە هێوێنی گەڵاڵە كردنی پرۆژەیەكی پتەوو بەهێزی نیشتیمانی و نەتەوەیی، لە پێناوی زامن كردنی مافە زەوت كراوو ڕەوا نەتەوەییەكانمان و مسۆگەركردنی دواڕۆژی نەوەكانمان؟

ئێمە كەی بووینەتە خاوەنی دیسكۆرسێكی یەكگرتووی نیشتیمانی، تا لەم قۆناغە هەستیارو پڕ لە كێشە و ئاڵۆزەدا، هەوڵ بۆ گەڵاڵە كردنی پارادایمێكی ناسیۆنالیستی نەتەوەگەرا، بدەین؟

مێژوومان؟....مێژوومان لێوان لێوە لە ململانێی ناشارستانی و یەكتر سرینەوەو تەنانەت ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری و لێكترازان و پەرتەوازەییەوە...دیرۆكمان پڕیەتی لە چركە ساتە تفت و تاڵە لە بیر نەكراوەكان...ڕێگای خەبات و تێكۆشانمان خاڵی نیە لە هەوڵەكانمان لە پێناوی سڕینەوەی یەكتر و تاقیكردنەوەی گشت ئامرازێك بۆ گەیشتن بە مەرام و ئامانجە تایبەتەكانمانەوە و دۆزینەوەی ناوو تاتۆرەی سەیر سە یرو هێرشی تەخوینگەرایانە و لەكەدار كردنی خەباتی یەكتر و ناوزڕاندنی سەركردەكانمان!!

ئێمەی بێ دەرەتان وهەژار لە رووی مەعریفەی دەوڵەتداری و حوكمڕانیەوە، تا كەی ئەبێ بەدیار كەلە ڕەقی یەكتر و عینادی و سازش نەكردن و خۆ بە زڵ زانینی یەكتریەوە دانیشین و چارەنووسی نیشتیمان بخەینە دەستە شاراوەو ئاشكراوەكانی قەدەر و لوتف و مەرحەمەی داگیركەرانی كوردستان و ڕاگرتنی پارسەنگی بەرژەوەندیە بێ سنوورەكانی زلهێزان و بەرژەوەندیخوازە بێ مۆڕاڵەكانەوە؟

ئێمەی بێ دۆست و یار و دژ بەیەك بۆ دەبێ هەمیشە هەڵپەی زەلیل كردن و ڕەزیل كردن و ملشكاندن و پەنجە شكاندنی یەكترمان بێت؟ بٶ دەبێ دەرفەت وهەل بۆ نەیارانمانەوە برەخسێنین یاری و قومار بە چارەنووسمانەوە بكەن و وەك كارتێكی فشاری سواوو سووتاو دژ بە یەك  بۆ زیاتر داماوكردن و سەركز كردن و بێدەنگ كردن و ئەنفال و تاڵان و بڕۆو هەتكی كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتیمانیمان، دژ بە یەك بەكارمان بێنن؟ ئێمە چی ماوە بە یەكتر نەڵێین...چی ماوە بە یەكتر نەكەین..و چی ماوە بەسەر نیشتیمانماندا نەهێنین؟؟؟


با بەس بێت وابەستەییمان بەم جەمسەر و فیسارە جەمسەر...بە بەس بێت جەرگ سووتانی دایكانمان، خوشكانمان، براكانمان، با بەس بێت هەتیو كردنی جگەرگۆشەكانمان...با كۆتایی بێت ناكۆكیە نەبڕاوەكان و پەتای كوشندەی پەرتەوازەیی و خووی قێزەوەنی ڕووخێنەری یەكترسڕینەوە و سووك كردن و بێ نرخ كردن!

با كۆتایی بێت حیكایەتە پڕ لە تراژێدیاكان، با لێرەوە ئەم ڕۆمانە پڕ لە ڕووداوە ناسۆرو جەرگبڕە ببڕێنینەوە، كەوا ساڵەهای ساڵە سەرقاڵی نووسینەوەین و جگە لە نەهامەتی هیچمان نەدروێتەوە...با، وەك ئەوەی هەندێ كەس خوویان پێوەگرتووە، واز لە هەڵدانەوەی لاپەڕە ڕەشەكانی قۆناغەكانی ڕابردوو بهێنین و چیتر قەتماغەی برینە پڕ لە ئازارەكانی شەست ساڵی ڕابردوو هەڵنەدەینەوە و هەركەسەو لە شوێن خۆی، خۆی نەكات بە پاڵەوانی نەتەوەیی و بێ نرخ كردنی ئەوانی تر...با تەنیا بۆ جارێكیش هەر كامەمان لە پێگەی خۆیەوە بەرپرسیارەتی نیشتیمانی هەڵگرێ تا ئەوەی هەشمانە، نەیخەینە ناو سەبەتەی نەیارانمانەوە.

وەرن قاموسێك بنووسینەوە، هۆنراوەیەك بهۆنینەوە، گشت دەستەواژە نەرێنیەكانی دەستەمۆیی و دەست تێكەڵ كردن و نەهامەتی و داگیركاری و دوژمنداری لەگەڵ ئەمو ئەوی تیادا سرابێتەوە، با قاموسێك بنووسینەوە، هەڵقوڵاوی ویژدانی زیندوومان بێت و لە هەر چی خواری و لاری و دەستەواژەی چەوت و ناڕێك و ڕووخێنەرو نشوست و شكستە، پاك كرابێتەوە...با هیمەتێ بكەین لەمڕۆوە مێژوویەكی تری پڕشنگدار و دەسكەوتی تری نیشتیمانیی بەهادار بۆ نەوەكانی داهاتوومان تۆمار بكەین و بە خۆمان دا بچینەوە و لەمە زیاتر ئەم گەلە خێر لە خۆ نەدیوە، ئازار نەدەین و نەبین بە ئەندازیاری سەركەوتن لە تۆماركردنی شكستەكانمان و بارگاوی كردنی ناخمان به رق و قین هه لگرتن له یه كتر و بن كول كردنی ئه و ده سكه وتانه ی هه زاران شه هید خوینیان له پیناویاندا به خسی و گیانی خویان به خت كرد.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP